په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠١١

پرسى جەستە لە یارییەکى بوونگەرایى.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا


(مۆریس بلانشۆ) ئەزموونى ئەدەبى و ئەزموونى مەرگ بەیەکدەچووێنێ، هەرگیز بەدواى دەلالەت و ماناوە نییە، وەک چۆن نکۆڵى لە تاک خوێندنەوەیى دەکات و پێیوایە یەک خوێندنەوەیى ناتوانێ راڤەکردن بسازێنى. زمان لاى بلانشۆ دەبێ پەیوەندى دوورکەوتنەوە لەگەڵ شتەکان، لەگەڵ ئەو شتانەى دەیەوێت ناویان لێبنێ، دابمەزرێنێ. بابەت رەتدەکاتەوە، چونکە ناونانى ئەو لەپێناو بە بابەبتکردنى شتەکان نییە، بەڵکو لەو ساتەى کە ناو لە بابەت دەنێ، دەیەوێ حەقیقەتى ماددى لێبسێنێتەوە، کەواتە ناونانى ئەو لەپێناو حەقیقەتیش نییە، بەڵکو لەپێناو ونبوون (مەرگ) دایە.[i] بەو مانایە دەتوانین بڵێین نووسین لاى ئەو پەنمانى بێدەنگییە لەنێو وشەدا. بەڵام پرسى ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئایا پەنمانى زمان دەتوانێ وەک پێویست کردەیەکى ئیبداعى بەرجەستە بکات؟


زمان کۆمەڵێک وزەى جۆراوجۆر و ئەویدیکەى لەخۆدا هەڵگرتووە و لە ناوەوەى خۆى نوێنەرایەتى ئەو هێزانە دەکات. بەڵام چۆن دەتوانین جیاوازییەکانمان لە میانى بونیادى تاکە فیکرێکى دامەزراوى رەها (واتە زمان) دابمەزرێنین؟ ئایا عەقڵ دەتوانێ کۆى پێکهاتەکانى ئەو تاک لایەنییە، یان ئەو چەشنگیرییە هەڵوەشێنێتەوە و بۆشاییەک لەو نێوەدا درووست بکات، یان ئەوە جەستەیە لە راکردنە بەردەوامەکانیدا دەتوانێ ئەو جێگیربوونە بروخێنێ؟ لەنێوان زمان وەک دامەزراو و جەستە وەک راکردنى بەردەوام بەرەو نادیار، دەگەینە ئەو سەرەتا مەحاڵەى کە بلانشۆ ئاماژەى بۆ دەکات، یان دەگەینە ئەوەى کە نایگەینێ. ئەوەى کە نایگەینێ دەبێتە شوێنى لێوردبوونەوەى بەردەوام و بیرکردنەوە و پرسى بەردەوام.


کەواتە ئەوە بیرکردنەوەى بەردەوام و پرسى بەردەوامە دەشێ نادیار یان ئەوەى کە نایگەینێ رووناک بکاتەوە، ئەوە پرسى بەردەوام و لێوردبوونەوەیە لە گومانى بونگەرایى، خەونەکانمان رەنگینتر و جیاوازییەکانمان نیشان دەدات.


بەڵام پرسیارکردن هەر تەنها دەرئەنجامێکى مەعریفى ئەو سەرنج و تێبنیانەى پێشوو نییە، لەمیانى ئەو پەندو قسە نەستەقانەوە هەڵناقووڵێ کە رۆژانە پرۆسیسەیان دەکەین، درەوشانەوەى چەمکى ئاگایى قەیرانە وجودییەکەمان، یان راکردنمان بەرەو نادیار نییە... پرسیارکردن لەسەر دەمەتەقێى جێبەجێکردن و هەرەسهێنان راست نابێتەوە، بەڵکو پرسیارکردن جەستەى رووتى ئێمەیە، جەستەى رووتى ئێمەش کیمایى لەدایکبوون و مردن، سنوورەکانى دیارى دەکات. بەبێ پرسیارکردن، بوون جگە لە یارییەکى قێزەوون شتێکى دیکە نییە، بەبێ پرسیارکردن، بوون جگە لە سەفەرکردنێکى زەبوونانە شتێکى دیکە ناکێشێ.


لەنێوان رەتکردنەوەو تەجاوزکردندا مەسافەیەکى زەمەنى هەیە، پرسیارەکان دادەڕێژێ و بناغەى چەمکەکان هەڵدەنێت، ئەزموونى رەتکردنەوە و تەجاوزکردن تەوەرەى هەموو بیرکردنەوەیەکى ئایندەخوازانە دادەمەزرێنێ. گرنگ ئەوە نییە بتوانین وەڵامى یەکلاکەرەوە بخەینە بەردەست، گرنگ ئەوەیە تواناى پرسیارکردنمان هەمیشە سەوزبێ.


پرسیارکردن هەر تەنها روخسارى تراژیدى تاکە کەسیمان (لە پەیوەندى بە زەمان و مەرگ) هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکو لە ئاستى مەعریفیدا ئەوە ناوکۆیى (context) بونگەراییە وامان لێدەکات لەڕێگەى کۆمەڵێک مەرجى بیرکردنەوە و لێوردبوونەوە بگەینە بۆشاییەک کە سەرەتا و کۆتایى حەقیقەتى خودى مرۆیى دادەمەزرێنێ.


کەواتە کاتێ پرسیار دەکەین، مردن بەبیر خۆمان دەهێنینەوە، بەڵام نەک وەک یارییەک بۆ بێدەنگ بوون، بەڵکو وەک ئاسۆیەک بۆ دامەزراندن. دامەزراندنێک کە لەڕێگەى تەجاوزکردنەوە مەیسەر دەبێ، دامەزراندنێک کە تەواوى زمانى بیۆلۆژى و فیزیکى و ئایینزا و کەش و چارەنووس تەجاوز دەکات، دامەزراندنێک کە نوێنەرایەتى بۆشاییە بوونگەراییەکەمان دەکات. دامەزرانێک کە مردن دەکاتە پەراوێزى جیاوازى.[ii]


پرسیارکردن ئاسۆیەک بۆ زمانێکى دیکە دادەمەزرێنێ، رێچکەیەکى نوێ دەکێشێ، ئەو رێچکە نوێیە بەدواى میکانیزمى پەیوەستبوونى نێوان خود و پرسیار و مردندا دەگەڕێت. بەمجۆرە بۆشاییەکانى بوون لەنێوان تەقلیدى زمانەوانى کە وەک لۆژیکى نوێنەرایەتیکردن ماوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ هەرەسهێنان و تەجاوزکردنەدایە. کەواتە هیچ مەرجێک بۆ خود لە دەرەوەى پرسیارکردن بوونى نییە، ئەگەرچى مردن بەرەو کۆمەڵێک جێبەحێکردنى جیاواز و بێ کۆتایى جەستە دەبێتەوە. بەو مانایەش ئەگەر ناوکى فەلسەفە پرسیارکردن بێ، ئەوە بۆشایى ماهیەتەکەى پێکدەهێنێ، هەر لەڕێگەى پرسیارکردنیشەوە دەگەینە ئەوەى کە لەگەڵ بوون کۆمان دەکاتەوە، دەمەوێت بڵێم ئەوەى لەگەڵ بوون کۆماندەکاتەوە، جگە لە بێدەنگى شتێکى دیکە نییە. بۆیە وەک چۆن لە جەستەى رووت دەترسین، سڵ لە بێدەنگیش دەکەینەوە، لە رووتى دەترسین چونکە ژیان لەوپەڕى رووتى دامەزراوە، لە بێدەنگیش دەترسین چونکە ماهیەتەکەى لە بۆشاییەوە هەڵدەقوڵێ. جەستەى ئازاد لەڕێگەى زمانى دابڕاو لە ناوکۆیى گشتى لە بوون نزیک دەبێتەوە، هەر ئەو زمانەشە کە گۆمى مەنگى یەقینەکان دەشڵەقێنێ و دامەزراوەکان دەروخێنێ و تەجاوزى بەڵگەنەویستەکان دەکات، هەر لەوێشەوە زمان بە ئازادییەوە پەیوەست دەبێ و تەعبیرەکانى فەزاى ئازادانەى داهێنان لەخۆ دەگرێ، فەزاى ئازادیش لەڕێگەى مرۆڤى ئازادەوە نەبێ مەیسەر نابێ.


(جیل دۆلۆز) دەڵێ: ئێمە ناتوانین پرسیارى فەلسەفە چییە بخەینە روو، تەنها ئەو کاتە نەبێت، کە پێشوازى لە پیرى دەکەین و بەشێوەیەکى دەستلێدراو لەگەڵیدا دەدوێین. ئەوەش بۆ ئەوەیە تاکو وەک پێویست بە وردى قسەى لێبکەین، نەک وەک گوزەرکەرێک. هەڵبەتە وەک لە کتێبى (فەلسەفە چییە) لە نووسینى (دۆلۆز و گیتارى)دا هاتووە، فەلسەفە داهێنانى چەمکە (فەلسەفە هونەرى پێکهێنان و داهێنان و درووستکردنى چەمکەکانە).


ئەمڕۆ فەلسەفە رێسا و یاسایەکى جێگیر و چەسپاوى نییە، بەڵکو رەفتارێکە بەدواى دۆزینەوە و داهێنانى کۆمەڵێک چەمکدا دەخولێتەوە.. دۆلۆز پێیوایە فەلسەفە (نە لێوردبوونەیە و نە بیرلێکردنەوە و نە گەیشتنە، بەڵکو لە چوارچێوەى داهێنانى چەمکە تایبەتەکاندا دەخولێتەوە) بیرکردنەوە نییە، چونکە کەس پێویستى بەوە نییە فەلسەفە لە هیچ شتێک بیرى بۆ بکاتەوە... لێرەوە هەستدەکەین ئێمە زۆر شتمان پێشکەش بە فەلسەفە کردووە کاتێک دەمانەوێت تەنها بێتە هونەرى بیرکردنەوە و لە هەموو شتێکى دیکەى دەکەینەوە. فەلسەفە گەیشتن نییە (چونکە فەلسەفە دوا پەناى بۆ بەیەکگەیشتن ، لە پێناو کۆبوونەوەدا نییە) پێویستە بزانین کە (لێوردبوونەوە و بیرکردنەوە و گەیشتن) پانتایى مەعریفى پێکناهێنن، بەڵکو لە ناو هەموو پانتاییەکاندا ئامرازى گشتین بۆ پێکهێنان.[iii]


فەلسەفە بە پرسیارەوە بەندە، فەلسەفە نابەخشێ، بەڵکو دادەهێنێ، دەبێ دابهێنێ، پێکناهێنێ، بەڵکو بۆخۆى تێزێکى خودییە.. وەک دەزانین داهێنان و تێزى خودى وەک یەک دەکەونەوە. هەموو داهێنانێک بۆخۆى وەک پێویست تێزێکى خودییە. کاتێک وەک بەهایەکى مەعریفى پرسیار تەجاوز دەکەین، دەگەینە بازنەیەک کە یەکلاکردنەوەى قوڕس دەکەوێتەوە، ئەویش پەیوەندى جەستە و پرسیارکردن و پەیوەندى فەلسەفەیە بەو نوێنەرایەتیکردنانەوە. جەستە بە پرسیارەوە دادەمەزرێ، وەک چۆن لە هەمان کاتتدا هەڵگرى پرسیارە و کۆى رووداوەکان لەڕێگەى پرسیارەوە لەخۆ دەگرێت. کەواتە پرسیار جەستەیەکى ونە و جەستە پرسیارێکە پێویستى بەدیاریکردن هەیە. بەمجۆرە دەشێ لەڕێگەى فەلسەفەوە بەهاى سرووشتى خود و جەستە بخەینە بەرچاو.


ئەگەر گۆشەگیرى چڕبوونەوەى جەستە لەخۆ بگرێت، ئەوە مردن ئەو تەوەرەیە کە بەدەورى جەستەدا دەخولێتەوە. لێرە لەنێوان مردن و گۆشەگیریدا دەشێ کەشفى ئەو پرسیارانە بکەین کە نکۆڵى لە هەموو ئەو بەها و بابەتانە دەکەن، کە کۆمەڵێک مرۆڤ دەیسەپێنن.


بەیەکگەیشتنى یەکەم لەڕێگەى جەستەوەیە، ئەوە جەستەیە ساتەوەختى لەدایکبوون و مردن وەک رێچکەیەکى ئەنتۆلۆژى وێنە دەکات، بەڵام دەشێ بپرسین ئەو پێوەرە چییە کە دەتوانێ لەنێوان شیاوى فەلسەفى و ئەویدیکەدا دابڕان بسازێنێ؟ لەبەر ئەوەى هەموو مرۆڤێک دەکەوێتە ژێر هەمان دەسەڵاتى بایۆلۆژییەوە. ئیتر جیاوازییە کردە فەلسەفییەکان و ئەوانیدیکەى کردە فیزیکیەکان، لە بنەڕەتدا لە سرووشتى بۆشاییەوە هەڵدەقوڵێن، بۆشاییەک کە جەستە لەگەڵ خۆ دەبات، بەڵام نەک وەک بارستەیەکى ماددى کە کۆمەڵێک خەسڵەتى ماددى لەخۆدا هەڵگرتووە، بەڵکو وەک سرووشتى تەوزیفکردنێکى نوێى بایۆلۆژى، وەک بوونێکى خودییانە، ئەوەش هەر تەنها مەسەلەیەکى ئاگاییانەى بوونگەرا نییە، یان هوشیارییەک کە لەنێوان هەستەکانەوە بلەرێتەوە، چونکە بوونى خود تەواوى ئەوانە تەجاوز دەکات، بەڵکو ئەوە مەسەلەى هەڵوێست و چارەنووسە، نەک هەر هێندە بەڵکو دابڕانێکى گەورەیە لەگەڵ بوون (لەدایکبوونى بایۆلۆچى). هیچ فەلسەفەیەک بەبێ جەستە نییە، بەتایبەتى جەستەیەک، کە لە فەلسەفە رادەکات.[iv]


فەلسەفە لەڕێگەى دووبارە درووستکردنى پەیوەندى ئەنتۆلۆژى نێوان جەستەو پرسیارەوە دەشێ گرفتەکان چارەسەر بکات، بەو مانایەش خەسڵەتى مردن لە بیرکردنەوەى نافەلسەفیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان بەندە بە کۆمەڵێک کۆنتێکستەوە (سیاق-context) کۆمەڵێک کۆنتێکست کە لە خودى خۆیان جیاوازن، کۆمەڵێک کۆنتێکست کە بەهایەکى فرە و جیاواز بە چەمکى ناسنامە دەبەخشن. کەواتە پرسى جەستە پرسێکە دەکەوێتە دووتوێى لۆژیکى گومانى فەلسەفییەوە، لەسەر تەجاوزکردنى بەردەوامى دامەزراو و چەسپاو خۆى دەنووسێتەوە، هەموو شیانەکانى خۆى لە مردندا کەشف دەکات، بەڵام وەک داهێنان و خەلقکردن.


مردن کۆتایى نییە، وەک چۆن دابڕان نییە لەگەڵ بوون، بەڵکو کۆنتێکستى خودە و لەڕێگەى خۆیەوە کۆمەڵێک چەمک بە زەمان و مەکان دەبەخشێت و خۆى لە وێناکردنى فیزیاییانە جیا دەکاتەوە و وا دەکات ئەوانیدیکەى جیاواز بەڵگەیەکى رێژەیى بن بۆ بوونێکى هەڵە. مردن دەلالەتى خۆى بە فرەیى رەها دەبەخشێ. مەرگى فەلسەفە تێزى مەرگى بیۆلۆژى بەهێزتر دەکات، بەپێچەوانەشەوە پرسى فەلسەفە مەرگ وەک میکانیزمێک بۆ بوون دەخاتەوە.
_________________________________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:

[i] - رولان بارت، مغامرة في مواجهة النص، تاليف، فرانك ايفرار و اريك تينه، ترجمة، د. وائل بركات، دار الينابيع، ديمشق، ط1 2000، ص82.

[ii] - سعيد بوخليط، سـؤال الـفـلسفـة! في أفق لعبة وجودية صميمية، برِوانة: سايتى طوطول.

[iii] - أمل فؤاد عبيد، جيل دولوز والسؤال الفلسفي، شبكة النبأ المعلوماتية-الجمعة 8 /كانون الأول  /2006 -16 /ذي القعدة /1427

[iv] - ه.س.ث.

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک