په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٧\٢٠١٠

قاچاخچێتى دەسەڵات.

شاسوار مامە   


بە قاچاخ بردنى سەروەتى نیشتیمانى بابەتێکى نوێ نیە و وەک دیاردەیەک کە سیاسییە گەندەڵ و دەست ڕۆیشتووەکانى هەرێمى کوردستان ئەفراندوویانە دەناسرێتەوە، قاچاخچێتى دەسەڵات لە باشورى کوردستان مێژوویەکى هەیە و سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ دواى ڕاپەڕینى 1991، پاش ئەوەى باشورى کوردستان لە سەدامییەکان پاککرایەوە چەندین سامانى نیشتیمانى لەجیاتى پاراستنیان لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە بە قاچاخى ئاودیوى هەرێم دەکران و داهاتەکەشى بۆ گیرفانى خۆیان بوو، دەسەڵاتى باشورى کوردستان لەهەر کاتێکدا دەرفەتى ئەوەى هەبووبێت مۆڕاڵى قاچاخچێتى درێژە پێداوە و تاکو ڕۆژگارى ئێستاش بەردەوامە و قاچاخچییەکانیش چونکە جگە لە بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان باکیان بە هیچ شتێکى دیکە نیە، هەرگیز بیریان لە دەرئەنجامەکانى نەکردۆتەوە.

 

ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت پارتى و یەکێتى بە لێشاو و بەشێوەیەکى نایاسایى سوتەمەنى هەرێمى کوردستان ئاودیوى ئێران دەکەن و داهاتەکەشى ناخرێتە سەر بودجەى گشتى هەرێمى کوردستان و ڕۆشن نییە بۆ کوێ دەچێت، وروژاندنى ئەو بابەتە پاش ئەو ڕاپۆرتانە هات کە میدیاى ئەهلى ناوخۆ و جیهان بڵاویان کردەوە و دواتریش کاردانەوەى حکومەتى ناوەندى عیراقى لێکەوتەوە، ئاشکرابوونى ئەو دیاردەى بە قاچاخ بردنەى سوتەمەنى لەکاتێکدایە کە کە چەند لایەنێک وەک باشترین کارتى سیاسى بەکاریدەهێنن و تەنها لایەنى کورد زەرەرمەندى یەکەم دەبێت و باجى ئەو داهاتەش کە دەچێتە گیرفانى بەرپرسانەوە گەل دەیدات.

 

چەندین ساڵە ئەمریکا و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى سزاى جیاجیا دەسەپێنن بەسەر ئێراندا بەهۆى بەرنامە ئەتۆمیەکەى و تاکو ئێستاش ئەو سزایانە بەردەوامن، ئاودیو کردنى سوتەمەنى هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانى هەرێم ئەمریکا وەک پێشێلکارییەک بەرامبەر بەرنامە و بڕیارەکانى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى سەیرى دەکات و سەرەڕاى نیگەرانییەکانى، سود لەو کارتە دەبینێت کە کورد بە ئاسانى دایبەدەستەوە و پێشبینیش دەکرێت بەوهۆیەوە حکومەتى عیراق زووتر پێکبهێنرێت، چونکە ئەمریکا بە مەبەستێک جۆن بایدنى نارد بۆ عیراق بۆ ئەوەى حکومەت بە زوویى پێکبهێنرێت، بۆ سەرخستنى هەوڵەکانیش پێویستە کورد و سوننە و شیعە لە یەکتر نزیک بکرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لایەنێک سازش لەسەر بەشێکى داواکانى بکات، ئەو بە قاچاخبردنەى سوتەمەنى لەلایەن بەرپرسانى هەرێمەوە هەنگاوەکانى ئەمریکاى کورتکردەوە و زۆر زوو ئەمریکا لە هەوڵەکانى سەردەخات و حکومەتى ئایندەى عیراق بە سازش کردنى کوردەکان پێکدەهێنرێت، ئەوەش نەک بە تەنها خزمەت بە ئەمریکا دەگەیەنێت، بەڵکو سودى زیاترى بۆ عەلاوى و مالیکى دەبێت، چونکە ئەو قاچاخچێتییەى دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان هیچ کاتێک هێندەى ئێستا نرخى نەدەبوو و سودى نەدەگەیاند بە یاریکەرانى پڕۆسەى سیاسى عیراق و دەسەڵاتى کوردیش بە ناچارى دەبێت پەسەندى هەر پێشنیارێک بکات کە ئەمریکا پێشکەشى دەکات و ڕەتکردنەوەى داواکانى ئەمریکا کە سیاسییەکانى کورد بە پشتیوان و فریادڕەسى خۆیان دەزانى ئەستەمە.

 

لاوازى فەرهەنگى سیاسى سەرکردەکانى دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان لەو ساتانەدا دەردەکەوێت کە بەرژەوەندییە نەتەوەیى و نیشتیمانییەکان دەکەنە قوربانى گیرفانە زەبەلاحەکانیان و لەو ناوەندەدا ئەداى بەرپرسان لە وێناکردنى ئەداى بازرگانانى ئازاد و قاچاخچییەکان هیچ وێنەیەکى خەیاڵ کردى دیکەمان نیشان نادا.

 
Shaswar.press@yahoo.com