په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١١

قەیرانی ئابووری و سەدەی شکستی سەرمایە.


ئازاد بەکر     


لەسەدەی بیستویەکدا نیشانەکانی ‌پووچ سیستەمی سەرمایەداری جیھانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زێتر ‌دەردەکەوێت، سەختی و چڕبوونەوەی قەیران و شکستی ئابووری سەرمایەداری ئەم چەند ساڵەی دوایی، سەرمایەدارانی ئەوروپا و ڕۆژئاوای ناچارکرد، ھەوڵێکی بێوچان لە کۆمەک و ھاوکاری پێشکەش بە دامەزراوە و بانک و کارگە پیشەسازی و بازرگانیەکان بدەن، بەڵام ھێشتا نەیانتوانی گرفتەکانیان چارەسەربکەن و لەو قەیرانە ئابووریە گەورەیەی تێی کەوتوون ڕزگاریان ببێت. چونکە بۆرژوازی جیھانی دەیەوێ چارەی گرفت و قەیرانەکانی ھەناوی خۆی لەسەر شانی کرێکاران و ستەملێکراوان بکات، ئەویش بە لێگرتنەوەی ئابووری و ‌کەمکردنەوەی زیاتری کرێی کرێکاران و لەسەر کار دوورخستنەوەیان. یان چینە ‌دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێ بەشێوازی ‌توندوتیژی و پەلاماردان وەڵامی داخوازیە ڕەواکانی کرێکاران بدەنەوە تا ‌بارودۆخی نالەباری ئابووری لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە. سەرەڕای ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان و بێ وەڵامی چەند ھەفتەی مانگرتووانی ووڵ ستریتی نیویۆرک و ست پۆڵسی لەندەن، لە یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و پورتوگال زۆر ووڵاتانی تری ئەوروپا ناڕەزایەتیەکان بەردەوامە، ھەر لە سۆنگەی ئەم بارودۆخە تەنگەژە ئابووریەشدا دیکتاتۆرە ھاوکار و دۆست و ئەڵقە لەگوێکانی ووڵاتە زلھێزەکانی جیھانی سەرمایەداری یەک بە ‌دوای یەکدا لەناو دەچن.

دوای شکستی سەربازی و سیاسی دەسەڵاتی ئەمەریکا و ھاوپەیمانە بۆرژوا‌کانی لە عێراق و ئەفغانستان، بۆرژوازی جیھانی لەپێناوی بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانیدا جارێکی تر دەستیان وەردایەوە کاروباری ئەو ووڵاتانەی کە ڕاپەڕین و شۆڕشی جەماوەریان تێدا بەرپابووە، بۆ لەباربردنی ئاڕاستە و ئامانجەکانی جوڵانەوە جەماوەریەکان و کەنارخستنی بەرەی سکولار و مۆدێرن و کرێکاری و سۆسیالیستی، خەریکی ھێنانە پیشەوەی باڵە کۆنەپەرستەکانی بەناو میانڕەوی ئیسلامی سیاسین لە کێشمەکێشەکانی ناو کۆمەڵگەدا. بەڵام سەرمایەداری جیھانی ناتوانێت شکست و تێکشاندنەکانی خۆی بشارێتەوە. ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان ڕۆژانە لەزیادبووندان، لەگەڵ گەشەسەندنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای جیھانی بۆرژوازیدا کاروانی بێکاران زیاد دەبێت و لەگەڵ زۆری بەرھەمھێنانی سەرمایەداراندا لەسەرجەمی جیھاندا برسێتی زیاتر پەرەدەسێنێت، لەگەڵ دەسەڵاتی بەرینی بۆرژوزی و زلھێزەکانی بەسەر دنیادا شەڕ و جەنگ و نائارامی و پشێوی زیاتر پەرەدەسێنێت. لەگەڵ فراوانبون و باڵاکردنی قەیرانەکاندا، کرێکاران زیاتر ھۆشیاردەکاتەوە لە شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری و ھۆکاری ئەو قەیرانانە و ناکۆکی نێوان ھێزی بەرھەمھێنانی پێشکەوتوو لەگەڵ پەیوەندیەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایەداریدا.

میژووی ڕەفتار و کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری جیھانی بەرانبەر مرۆڤایەتی، پڕیەتی لەتاوان و پێشێلکاری و چەوسانەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر سیاسەت و حوکمی بۆرژوازی جیھانی داناوە و تووشی ھەرەس و شکستھێنانی کردووە. ئەمڕۆش ئاکامی ناڕەوایی سیستەمەکە،‌ شۆڕش و ڕاپەڕین و مانگرتن و ناڕازایەتی جەماوەری و کرێکاری سەرتاپا جیھانی گرتۆتەوە، ھەر ئەمەش بۆتە ھەوێنی شەڕی چینایەتی کۆمەڵگاکان. شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئەم ساڵی تونس و میسر و ووڵاتانی تر، ھەنگاوێکی گرنگ بوو لە دەرکەوتنی خەباتی چینایەتی کرێکاران، وە سەرھەڵدانی بزووتنەوەیەکی ھۆشیار بەبەرژەوەندیە چینایەتیەکانی کرێکاران. بۆرژوازی جیھانی بەبازاڕی ئازاد و گڵۆباڵیزم و بیروباوەڕە لیبرالیەکانیەوە تووشی ھەرەس و داخورانی ناخی خۆی ھاتووە. لەلایەک شکستی کۆمپانیا و دامەزراوە ئابووری و بازرگانیەکانی و لەلایەکی دی رەفتار و ھەڵوێستەکانی بەرانبەر بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و چەوسانەوەی زیاتری کرێکاران و ھەژارکردن و سەختکردنی ھەلومەرج و باری ژیانی کۆمەڵگە بەگشتی. ئەم قەیرانەی ئێستای سەرمایەداری جیھانی گشتگیرە و لەڕووی ئابووری و سیاسیەوە لەسەدەکانی پێشتر گەورەتر و قوڵتر خۆی دەردەخات.

نزیک بوونەوەی ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری مەترسی لای بۆرژوازی جیھانی دروستکردووە، لەم سەردەمەدا بەھا مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان تووشی ھەڵوەشان و لەناوچوون ھاتووە، دیاردەکانی ئاوارەیی و ھەژاری و بێکاری و گەندەڵی و تاڵانی و دەسکەوتنی قازانجی خەیاڵی لەسەر ڕەنجی چینی چەوساوە بونەتە بەشێک لە سیماکانی سیستەمی سەرمایەداری چاوچنۆک. لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریدا لەناو ماڵی بۆرژوازی ئەوروپی و ئەمریکایشدا دەنگی ناڕەزایەتیەکان بەئاشکرا دەبیسترێ و ئێخەی سەرمایەداران ڕادەکێشرێ. قەیرانی یۆرۆ و قەرزەکانی ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو قەرزانە ووڵاتانی زلھێزی سەرمایەداری بەرەو شەڕ و گۆڕانکاری نوێ کێش دەکات، ھەروەک چۆن قەیرانی ئابووری و سیاسی حکومەتەکانی یۆنان و ئیتالیا و میسر و تونس و لیبیا ووڵاتانی تر لە ڕووخان نزیک خستەوە. دەرکەوتنی قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ ، درۆ و فێڵی تیۆری سەرمایەدارانی ئازادی ئابووری بازاڕی ڕیگان و تاتشەری زیاتر ئاشکرا کرد، نەک تەنیا نەیتوانی زۆر درێژە بکێشێ ، بەڵکو دەلاقەیەکی گەورەتری خستە نێوان سەرمایەداران و چینی کرێکار و لە گەرمەی قەیرانەکەدا حکومەتەکان بەدەنگ سەرمایەدارانی دامەزراوە دارایی و بانک و کۆمپانیاکانەوە چوون، لەکاتێکدا لە ٩٩% ی دانیشتوان لەوپەڕی ھەژاریدا ژیان دەگوزەرێنن.

بۆ ئەوەی بەدیدێکی نوێوە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەچنگی چەوسانەوە و ستەمی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری ڕزگار بێت و کاڵا پێویستەکانی ژیان و گوزەرانی خۆی دابین بکات، پێویستی بە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی دادپەروەرانە و مرۆڤپەروەرانە ھەیە لەڕێی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و خەڵکی ستەمدیدەوە. تێگەیشتن لە بنەڕەت و ڕیشەی قەیرانی سەرمایەداری تێگەیشتنە لەگۆڕینی ‌ڕیشەیی ‌سیستەمی سەرمایەداری و ھێنانەکایەی سیستەمێکی دادپەروەر و ئازاد و یەکسان لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە. سەرتاپاگیری و بەردەوامی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری لەقۆناغەکانی مێژوودا، سەرمایەداری لە شکست و ھەستانەوەدا ڕاگرتووە، ھەر سەرمایەداری خاوەن شارستانی و ھەڵگیرسێنەری شۆڕشی پیشەسازی لە قۆناغێکی مێژوویی ئەوروپا، دوایی بووە ئیمپریالیزم و داگیرکار، ھەروەک لینین ووتی، قۆناغی مێژوویی خۆی تێپەڕاند و ئێستە بۆتە بەربەست لەڕێی گەشەو پێشکەوتن و ئارامی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. سەرمایەداری لە چارەسەر و دەرچوون لە قەیران و ناکۆکیە ئابووری و سیاسیەکانیدا تووشی بێ ھیوایی ھاتووە، ھەر ئەمەشە وایکردووە بۆ داپۆشینی قەیران و تەنگەژە ئابووری و سیاسیەکانی، بەپاساوی بێ بنەما و ناداپەروەرانە پەنا بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕ و داگیرکاری ببات.

دیارە سیستەمی سەرمایەداری بەخۆشی و لەخۆیەوە ناڕوخێت ھەرچەندە قەیرانەکانی گەورەبێت، بەڵکو لەڕووی شیکردنەوەی مێژوویی سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژیەوە دەرکەوتووە، تەنھا بەیەکگرتوویی خەباتی کرێکاران و چەوساوان لەڕێی ڕێکخراوی چینایەتی خۆیانەوە دەتوانن شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکەن. ڕاپەڕینی خەڵکی ھەژار و برسی دوا وەڵامی گونجاوە بە سیاسەتە نامرۆڤانەکانی سەرمایەداری قەیرانگرتوو، پێش ئەوەی جارێکی تر دەستبخەنەوە بینەقاقای کرێکاران دەبێ لەم قەیرانەدا خۆیان بخنکێنرێن، دەبێ پەلاماری بەھێزی کرێکاران سنورێکی یەکجاری بۆ سەرمایەداران دابنێت. یەکگرتنی کرێکاران و خەباتی جەماوەری چەوساوە دەتوانێ شکست بە پیلان و ھێرشەکانی سەرمایەداران بھێنێ و دنیایەکی باشتر و کامەران و بێ چەوسانەوە بێنێتەکایەوە.


١٦\١١\٢٠١١‌
ماڵپەڕی ئازاد بەکر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک