په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٢

قوربانى، بووە قوربانیى راى ئازاد.

هیوا رەش        

 

خوێندنەوەى چەند وتارێکى ئەم دواییەى کاک (عارف قوربانى)، بە تایبەتى لە سەروبەندى هەڵکسشانى قەیرانى نێوان حکومەتى شۆفیتیستى بەغدا و گەلى کوردستان و دانەجیڕە و هەڕەشەکانى مالکى، سەرمسوڕمابوو لە هەڵوێستەکانى قوربانى کە تەواو پێچەوانە بوو لەگەڵ هەڵوێستى حیزب و سکرتێرەکەى.

یەکێتى نیشتمانى کوردستان هەمیشە و تایبەت جەختى لەسەر ئازادى ڕادەربڕین و مافى چارەى خۆنوسین کردۆتەوە و لە پڕۆپاگەندەى حیزبیدا بەکاریانى هێناوە بەڵام لە بەرامبەر قوربانیدا هەناسەسوار بوو پێى، گوایە ناوبراو لە (دیسپلین)ى حیزبەکەى لاى داوە و بە هەڵوێستەکانیەوە پەیوەست نەبووە، حیزبەکەى قوربانى ئەوەى بیرچۆتەوە هەر کاتێک باس لە مافى چارەنوسى گەلى کوردستان کرابێ خۆى وەکو کەواسوور پیشان داوە و شانازى بەوەوە کردووە کە خۆى یەکەم ڕێکخراوى سیاسى و تاکە حیزب بووە ئەو دروشمەى بەرز کردۆتەوە ، کەچى کاتێک قوربانى هەمان ڕێبازى سیاسەتى دوورمەوداى حیزبەکەى دووپات دەکاتەوە دوچارى سزاى دەکەن! حیزبەکەى قوربانى لە باسى مافى ئازادى ڕادەربڕیندا تەواوى حیزبەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسیى کوردستان بە شاگرد ڕاناگرێ و شانازى بەوەوە دەکەن گوایە لە بەشەدەڤەرەکەى ئەواندا ئەو مافە بەرقەرارە کەچى قوربانى دەکاتە قوربانیى ڕادەربڕین!

سەربەخۆیى کوردستان نە خەونە و نە خەیاڵ، بەڵکو ئاواتێکى ڕەواى گەلى کوردە بۆ دەربازبوون لە ژێردەستەیى، هەر کەس و لایەنێک ڕاگەیەنەرى بێ من وەکو تاکێکى کورد پشتیوانى لێدەکەم، جا ئەگەر بە مەرامى گەمەى حیزبى بێ ئەوا پێویستە هێزى فشار دروست بکرێ بۆ ئەوەى بگوازرێتەوە بۆ ئەمرى واقیع و ئەگەریش ڕاستگۆیانە ڕەفتارى لەگەڵدا بکرێ پێویستە پشتیوانییەکى میللى بۆ بەرپا بکرێ، ئەو کەس و لایەنانەش بارزانى و پارتى یا تاڵەبانى یەکێتى بن گرفتێک نییە، (تارق هاشم)یش دانى پێدا بنێ لە پێناوى بەرژەوەندیى باڵاى نەتەوەکەم ئامادەم کڕنوشى بۆ ببەم ! تەنانەت لەوە پێش قێزم لە سەروسیماى موقتەدا سەدر دەبۆوە وەلێ ئێستا بە سۆنگەى هەڵوێستەکانى ئەم دواییەوە ئەویشم لێبۆتە فریشتە! پێموایە عارف قوربانیش وەکو هەر تاکێکى کورد لە پێودانگى دڵسۆزیى بۆ نەتەوەکەى ملکەچى ئەو داوایانە نەبوبێ کە دژە لەگەڵ خواستى لە مێژینەى گەلەکەى بۆیە پۆستى کردۆتە قوربانیى هەڵوێستى.

کاک (عارف) دەبوو ببێتە نێچیرى هەڵوێستى سازشکارانەى خۆڕەپێشخەران چونکە ئەو پێینەدەکرا وەکو هەندێ پەرلەمانتارى گوێڕایەڵى حیزب و داشۆراو لە هەستى نەتەوەیى ڕۆبۆتئاسا لە کۆنترۆلەوە ئاماژە وەربگرێ بۆیە چاوەڕوان دەکرا لە کارەکەى دوور بخرێتەوە، بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایى (سزا)کەى لێدەکەم کە لە پێناوى هەڵوێستى جوامێرانەیدا پێشکەشى کرا، ئەمە پڕبایەخترین میدالیاى شەرەفە و نابێ پێى دڵگران بێ.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک