وردیله‌چیرۆک.
قوتابییه‌کی نێرینه!
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
((به‌م جۆره، له باسی ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌ی مرۆڤ بووینه‌وه، ئێستاش کێ له‌ئێوه پرسیاری هه‌یه؟))
مامۆستا وه‌های وت و سه‌راپایی چاوێکی خێرای به‌پۆله‌که‌دا گێڕا.
((به‌ڵام هێشتا ئه‌ندامی دیکه ماوه باسمان نه‌کردبێت، مامۆستا!))
قوتابییه‌کی نێرینه به‌نه‌زاکه‌ته‌وه ئه‌مه‌ی وت و مامۆستاش پرسی:
((وه‌کو چی سه‌رکۆ؟))
سه‌رکۆ، سه‌ری داخست، چاوی قوتابیانی پۆله‌که‌شی به‌نێرو مێیانه‌وه له‌سه‌ربوو. به‌زۆر له‌خۆکردنه‌وه سه‌ری هه‌ڵێناو وتی:
((وه‌ک ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی، بێ که‌م و زیاد که‌توونه‌ته نێوه‌ڕاستی باڵای هه‌ر مرۆڤێکه‌وه!))
ئه‌مه‌ی وت و ڕووشی پتر سوورهه‌ڵگه‌رابوو، به‌تایبه‌ت کاتێک به‌کاژه شه‌رمی ڕوویه‌وه سه‌رنجێکی خێرای پۆله‌که‌ی دا. خواخواشی بوو پێش کاتی دیایکراوی خۆی زه‌نگ لێ بدات.
مامۆستا قه‌ده‌رێک تیاما، بیریشی له وه‌ڵامێکی گونجاو ده‌کرده‌وه. هه‌ندێک له قوتابییه نێرینه‌کان بزه گرتبوونی و ژماره‌یه‌کیشیان ده‌ستیان به‌زاریانه‌وه گرتبوو نه‌بادا پڕمه‌یان له‌ده‌م ده‌ربچێت. خوێندکاره مێینه‌کانیش ئه‌و سه‌ره‌ی خستیانه نێو کۆشیان هه‌ڵیان نه‌بڕی تا...
((کێ له‌ئێوه دوو ساڵه‌یه، با هه‌ڵبسێته سه‌رپێیان؟))
مامۆستای وانه، له‌منه‌ی دۆزینه‌وه‌ی کوێره ڕێیه‌کدا بوو، بۆ خۆ ده‌ربازکردن، بۆیه به‌خه‌یاڵیدا هات و ئه‌مه‌ی پرسی. به‌شوێن یه‌کدا، چوار قوتابی کوڕ‌و سیانی کچ ڕاست بوونه‌وه. کوڕه‌کان سه‌یری نینۆکی په‌نجه‌کانی خۆیان ده‌کردو کچه‌کان چه‌ناگه‌یان له‌قووڵکی به‌رگه‌ردنیان چه‌قاندبوو، خواخوایان بوو زوو زه‌نگ... مامۆستاش به‌ده‌ر له (سواره) ئاماژه‌ی به‌هه‌موو ئه‌وانی دیکه دا دابنیشن. ئه‌وجا پرسی : ((سواره، ئه‌گه‌ر له‌یادت مابێ، ده‌توانی پێم بڵێی، مامۆستاکه‌ی پارتان چلۆن باسی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی بۆ کردن که ده‌که‌ونه نێوه‌ندی جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه؟))
(سواره) به‌ڕووی سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌وه وتی:
((به‌ڵێ مامۆستا له‌یادم ماوه!))
ئه‌و قوتابییه کیژانه‌ی یه‌ک ساڵه بوو‌ن ته‌واو سه‌ریان داژه‌نده نێو کۆشیان. چاویشیان نووقاندبوو. وه‌لێ به به‌راورد له‌چاو وانه‌کانی پێشوودا گوێیان کاراترو ڕوونتر قسه‌کانی ده‌بیست. کوڕه یه‌ک ساڵه‌کانی پۆلیش توند ده‌ستیان به زاریانه‌وه گرتبوو، له ژێریشه‌وه تیله‌ی چاویان له هاوپۆله‌کانیان بوو، زه‌رده به‌گۆشه‌ی چاوو سه‌ر ڕوومه‌تیانه‌وه دیار بوو. (سواره) له‌سه‌ری ڕۆی، وتی:
((به‌ڵێ مامۆستا، پار ست دره‌خشان ئه‌م وانه‌یه‌ی پێ ده‌وتین، کاتێک گه‌یشتینه ئه‌و شوێنه، وتی: داخڵ نییه، لێی بنووسن ته‌رک!))
له‌و ده‌مه‌دا زایه‌ڵه‌ی زه‌نگه گه‌وره‌که‌ی داڵان گه‌یشته‌فریای مامۆستا‌و نێر‌و مێی قوتابییان. به‌شوێن مامۆستای وانه‌دا خوێندکاره کیژه‌کان به‌پڕ‌تاو له‌پۆل ده‌رپه‌ڕین و له پێش حانووتدا له‌ڕیزدا وه‌ستان. قوتابییه نێرینه‌کانیش ئێره‌ییان به‌زات و چاوقایمی (سه‌رکۆ) ده‌هات که ئه‌م پرسیاره له‌ناکاوه‌ی ورووژاند.
کۆبنهاون ٨\١١\٢٠٠
|