په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٦\٢٠١٢

قووتی خەڵک بۆ حیزب!


شوان سدیق        


ئەوەی لە پرۆژە پێشنیازکراوی بودجەی ساڵی (٢٠١٢)ی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە. بڕەکەی (١٥ ترلیۆن ‌و ٢٤٥ ملیارد ‌و ٧٩٧) ملیۆن دینارە. لەو ڕێژەیەش (٢٠٠) ملیارد بۆ حیزب و رێکخراوەکان تەرخانکراوە، ھەروەھا بڕی ‌(١٠ ترلیۆن ‌و ٧٤٥ ملیارد ‌و٧٩٧) ملیۆن دینار بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن تەرخانکرابوو و بڕی (٤ ترلیۆن ‌و ٥٠٠) ملیارد دیناریش بۆ خەرجی پرۆژەکانی وەبەرھێنان.


بەگشتی قسە لەسەر خەرجییەکانی بەکاربردن و خەرجی پرۆژەکانی وەبەرھێنان ناکەین. یان بە تەنیا باس لەو داھاتە زۆرە ناکەین کە بۆ دەزگا ئەمنییەکان تەرخانکراوە ئەم ساڵ، ھەروەک باس دەکرێت "وەزارەتی دارایی لە رۆژی (٢٧/٥/٢٠١٢) داوای زیادکردنی بودجەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە، بۆ (٣١٨ملیارد ‌و ١٥٠) ملیۆن دینار، ئەو پارەیەش بۆ دەزگای زانیاری ‌و پاراستنە".


بێگومان ئەو پارەیەی بۆ دەزگا ئەمنییەکان تەرخانکراوە، لەسەر داھاتی گشتیە بەناوی دەزگای نیشتیمانی پارەی خەڵکیان بۆ خەرج دەکرێت، کەچی ئەم دەزگایانە ھەرکاتێک حیزب و بنەماڵەی ناو حیزبە فەرمانڕەواکان تەنگە تاوبوون لەگەڵ بەرانبەرەکانیان، یان بەرژەوەندی مادی و کورسی و پۆستەکانیان کەوتە مەترسی. ئەم ھێزانە بۆ ویست و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار دەھێنن.


خاڵی گرنگی بابەتەکەمان سەبارەت بەو بڕە پارەیە کە بۆ حیزب و بزووتنەوە و رێکخراوەکان دابینکراوە، بەتایبەتی حیزبەکان کە لە بڕە پارەیە سێ بەشیان بەر دەکەوێت، ئەوەی بینراوە ھەر لەیەکەم دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمانی کورستان، لەسەر بودجەی ھەرێمی کوردستان، لەو رۆژەوە رەخنەی جیاواز جیاوازمان لەلایەن ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بینیوە، بە بیانووی ئەوەی بودجەی ھەرێم کەموکوڕی زۆری تێدا بووە.


بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ زۆربەی زۆری ئەو رەخنەو تێبینیانەی پەرلەمانتارانی کوردستانم، ھاوڕاشم لەگەڵ ئەوەی دەگوترێ پارتی و یەکێتی قووتی خەڵکیان بردووە، ئەوە حکومەتە حیزبییەکەی ئەوانە وایکردووە، کە بۆ ھەشت مانگ بچێ پرۆژە یاسایی بودجە دوا بکەوێ، ھەر ئەوەش وایکردووە چەندین مانگە سلفەی ھاوسەرگیری و عەقار و کشتوکاڵی ھاوڵاتیان رابگیرێت.


ئەوەی جێگەی تێرامانە لەسەر بێ ھەڵوێستی ھەموو فراکسیۆنەکانی کوردستان بەتایبەتی ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیان لە خۆیان ناو ناوە، ئەم فراکسیۆنانە ھەرچیان وتووە لە بارەی پرۆژە جۆراو جۆرەکانی ناو پرۆژە یاسایی بودجە بە ھەموو کەمووکوڕییەکانیان، یان ھەندێ جار بەبێ فاکت و ئاماریش قسە دەکەن، لەگەڵ ئەوەش جێگای دەستخۆشین.


ئەوەش راستە کە ھەندێک لەو ھەڵوێستانەی ئۆپۆزسیۆن، بەشێکی رەنگدانەوەی ململانێی سیاسی و شەخسین، بەڵام ھەقیقەتی ئەوەش ھەیە بەشێک لە ھەڵوێستەکانی ئەوان لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەیە کە بە ئاشکرا و لەڕوو درۆ دەکرێت، راستییەکان بە ئاراستەیەکی کەدا دەبرێت، پارتی و یەکێتی دەیانەوێ بە ھەمان سیاسەتی چەقبەستووی ساڵانی پێشوو ئەزموونی دەسەڵاتداری بۆرجوازی خۆیان زیاتر بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن.


پێدانی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ حیزب و رێکخراوەکان، لە بودجەی ساڵی ٢٠١٢ نەک تەنیا بۆ پارتی و یەکێتی بەڵکو بۆ ھەموو حیزبەکانی تر بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، ھەقی ئەوەیە ھەڵوێستی لەسەر وەربگیرێت، چوونکە بۆ داھاتی خەڵک بۆ حیزب بڕوات، لەکاتێکدا ھەموو حیزبەکان زۆرینەی ئەندام و لایەنگرانیان موچە خۆری حکومەتن، زۆرێک لە حیزبەکان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، موچەی مانگانەی پاسەوانەکانیان لە گیرفانی حکومەت دەردەچێت.


ئەوەی لەم حیزب و بزووتنەوانەمان بینیوە کە لەسەر داھاتی گشتی سیاسەتی خۆیان دەکەن، لەڕووی بەرنامە و سیاسەتەوە ھەموویان لە دوکانی جیاجیا دەچن، بەڵام لە بازاڕێکی گەورەدا کۆکراونەتەوە و سیاسەتی خۆیانمان نیشان دەدەن، سیاسەت و کاری ئەوانیش تەنیا جیاوازییەکەیان ئەوەیە کە ئەوانەی لەسەر کورسین بەئاشکرا سامان و داھاتی گشتی دەبەن و دژایەتی ئازادییەکانی کۆمەڵگا دەکەن، جگەلە لە شوێن کەوتوو ھەوادارەکانیان ئەگینا دەرگا بەڕووی خەڵک دادەخەن بەخاتری ئەوەی لەسەر کورسی بمێننەوە.


ئەوانەی ئەمڕۆ ھێشتا نەگەیشتوونەتە کورسی دەسەڵات، خۆیان بە نوێنەر و بەناوی ئەو کەسانە دادەنێن کە لەگەڵ "نا" بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتین، ھەربۆیەش بە ھەڵپە ھەڵپ و پەلامار و سیاسەتی رادیکاڵانەیان وا خۆیانمان لا نمایش دەکەن، کە نوێنەری خەڵک.


لەراستیدا ئەو ھێزانەی کە لەو ٢٠٠ ملیاردەی داھاتی خەڵک بەشیان دەدرێتێ ھیچیان خاوەنی پرۆژەیەک نین بۆ کۆمەڵگا یان بەدیلێکیان پێ نیە بۆ دەسەڵاتی دوای پارتی و یەکێتی بەپێچەوانەوە، ھەموویان سیاسەتیان لەسەر ئەو تاکە تێکشکا و بێ ماف و پەراوێزخراوەی نێو کۆمەڵگەیە کە ساڵانێک بوو بەدەست سیاسەتی شۆڤێنی بەعسی عەرەبی دینیەوە گیرۆدەبووبن، دەیان ساڵیشە لە ژێر سێبەر و ھەیمەنەی سیاسەتەکانی حیزبی ناسیۆنالیستی بنەماڵەی کوردی چارەنووسیان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە زۆرینەیان موعجیب بن بەوانەی کە ھەندێکیان تا دوێنی لەناو حیزبێکدا بوون، بەس ئەنفالییان نەکرد، یان ئەو ھێزانەی ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست دووروو نزیک ئەو کارە باشەی کە پارتی و یەکێتی نەیان کردووە، ئەوان خراپتر بکەن!!

_______________________________________
سەرچاوە:
دەزگا ئەمنییەکان. ژووری ئابووریی بزووتنەوەی گۆڕان.
حیزب و رێکخراوەکان، بریکاری وەزارەتی دارایی "سڤیل" ژ، ١٣٠.

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک