په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٦\٢٠١٠

راگەیاندنی کەمپینی

''سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەربڕین''

لە شاری هەولێر.


 


ئاشکرایە کە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی(سەردەشت عوسمان) یەکێکە لەو هەوڵە ترسناکانەی کە دەدرێت بۆ سنوردارکردنی ئازادی را دەبڕین لە هەرێمی کوردستاندا. هەر لە سەرەتاشەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان و نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندان و خەڵکانی ئازادیخوازی کوردستان لەسەر ئەم تیرۆرکردنە ناڕەوایە هاتنە دەنگ، بەڵام ئەوەی هەست دەکرێت هەوڵەکان تا ڕاددەیەک پەرش و بڵاوی پێوە دیارە. بۆیە پێمان باش بوو کە هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی کەمپێنێک رێکبخەین، بۆ کارکردنی بەردەوام لەسەر کەیسی شەهید(سەردەشت عوسمان).


ئێمە وەکو دەستەیەک نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسانی ئازادیخواز لە شاری هەولێر کەمپینێکی نوێ رادەگەیەنین بەناوی(کەمپینی شەهید سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی را دەربڕین) و هەموو هەوڵەکانمان چڕ دەکەینوە بۆ کارکردنی بەردەوام لەسەر ئەو کەیسە و ئازادی بیروڕا لە سەرانسەری دونیا بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.


ئاشکرایە کە تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی ئەوتۆ نەدراوە بۆ ئاشکرا کردنی بکوژانی شەهیدی رۆژنامەنووس و خوێندکار(سەردەشت عوسمان)، ئێمە جگە لەوەی نیگەرانین لەو کەمتەرخەمییانەی دەزگاکانی ئاسایشی و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ و تەواوی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، پێمانوایە مەترسی لەسەر ئازادی را دەربڕین هەیە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت هەموومان کار بۆ فراوانترکردنی ئازادییەکان بکەن. هەروەها هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆئەوەی کەیسی تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) بە کراوەیی بمێنێتەوە تا ئاشکراکردن و بە سزا گەیاندنی تاوانباران.


لێرەوە بانگەوازی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و رۆژنامەنووسان و هەموو کۆمیتە و کەمپینەکانی (سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی) لە دەرەوە و ناوەخۆی کوردستان دەکەین هەموومان هەوڵەکانمان لە یەک کەمپین و رێکخراوی سەرانسەری و فراوان چڕ بکەینەوە لەپێناوی بەئەنجام گەیاندنی دۆسیەی شەهیدی رۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان) و بە ڕەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕین لە کوردستان.


لەڕێی ئەم راگەیاندنەوەی ئەوە رادەگەینین کە ئامانجی سەرەکیمان ئاشکراکردن و دادگایی تاوانباران و بکوژانی شەهید سەردەشت عوسمان و بە رەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕینە لە کوردستاندا کە ئەوە ئامانجێکی سەردەشت و هەموو سەردەشتەکانی ترە. هەروەها ئامانجێکی دیکەمان کارکردنە بۆ تەواو بوونی پەیکەری (ئازادی شەهید سەردەشت عوسمان) و دواتریش لەسەر بەچاپ گەیاندنی پەرتوکێک کار دەکەین کە تەواوی نووسینەکانی شەهید سەردەشت و ئەو نووسنانەش کە لەسەر تیرۆرکردنەکەی نووسراون لەخۆ دەگرێت. جگە لەمانەش چەند پرۆژەیەکی دیکەمان دەبێت بۆ داهاتوو. سوپاسی هەر کەسێکیش دەکەین ئەگەر هاوکاریمان بکات. جا چ لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ پەیکەرەکە یاخود لە کارەکانی دیکەمان.
¬


کەمپینی"سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەبڕین" لە شاری هەولێر
26\6\2010