په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ڕاپۆرتى ڕێکخراوى ئاسک ــ ASK

بۆ چاودێریکردنى ڕێژەى هەڵاوسان لەهەرێمى کوردستاندا

بۆ مانگى ئابى ساڵى 2008
 

ئا: بەشى ئابوورى


بەپێى ئەو داتاو زانیارییانەى بەشى ئابوورى ڕێکخراوەکەمان دەستى کەوتووەو لەو نەخشەیەدا دیارە کە هاوپێچەو تێیدا چاودێرى ڕێژەى گۆڕانى نرخەکان دەکرێت لەکۆمەڵێک گروپى وەکو خۆراک و جگەرەو خواردنەوەو قوماش و جلوبەرگ و کەل و پەلى ناومال و سوتەمەنى و ڕووناکى و گواستنەوەو گەیاندن و کەل و پەل و خزمەتگوزارى جۆراوجۆر و کرێ و دەرمان و خزمەتگوزارى پزیشکى. بۆیە لێرەدا ژمارەى پێَوانەیى نرخەکانى بەکاربەر لەمانگى ئەیلولى 2008 لەکوردستاندا دەخەینە ڕوو.

یەکەم: شارى هەولێر


لەمیانەى تێبینیکردنى نەخشەى کۆتایى CPI ) Consumer price index)، دەگەینە ئەو ئەنجامانە:


1) کۆمەڵێک گۆڕانکارى بەسەر نرخەکاندا هاتووە لەمانگى ئەیلولدا، بەڵام تێبینى ئەوەش دەکرێت کە نرخەکان بەگشتى لەماوەیەکى کورتدا جێگیر بوون، لەماوەى نیوەى مانگیشدا (15) ڕۆژ گۆڕاون.
2) بەگشتى ڕێژەى نرخەکان لەشارى هەولێر لەماوەى ئەو مانگەدا دابەزینى بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتیش لەگرووپى قوماش و پۆشاک و جلوبەرگ بەڕێژەى (0.064%)، هەروەها کرێى گواستنەوەو گەیاندنیش بەڕێژەى (0.0145%).
3) کۆمەڵەى خۆراک و خواردنەوە بەشى هەرە گەورەى گۆڕانى بازاڕى بەرکەوتووەو بەرەو بەرزبوونەوە چووە، بەجۆرێک ئەو گرووپە بەڕێژەى (1.469%) بەرزبۆتەوە. لەکاتێکدا گرووپى سووتەمەنى و ڕووناکى بەڕێژەى (0.0448%) لەسەدا بەرزبۆتەوە. هەروەها کۆمەڵەى کاڵاو شتومەک و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان بەڕێژەى (0.0042%) بەرز بۆتەوە. هەروەها شتومەکى ناوماڵیش بەڕێژەیەکى کەمتر لەماوەى ئەو مانگەدا بەرز بۆتەوە کە دەگاتە (0.0168%). لەکاتێکدا کۆمەڵێک شتى تر هەیە وەکو کرێ و دەرمان و پێداویستى پزیشکى و جگەرەو خواردنەوە هەر وەکو خۆیان ماوەنەتەوەو بەرز نەبوونەتەوە بەراورد بەمانگى ئاب، بۆیە بەگشتى بازاڕ بەرزبوونەوەیەکى بەخۆیەوە بینیوەو گرانتر بووە بۆ هەموو گرووپ و کۆمەڵە شتەکان بەڕ]َژەى (0.4563%)، تاوەکو ئەنجامى کۆتایى بەرزبوونەوە بەراورد بەمانگى ئاب دەگاتە (1.4563%).
4) بەرزبوونەوەى پێوەرى (CPI) بەڕێژەى کەمتر لە (1%) ماناى ئەوە نییە کە پێوەرى هەڵاوسان لەشارى هەولێردا بەرز بۆتەوە، تاوەکو بۆماوەى شەش مانگ لەسەر یەک ئەو ڕێَژەیە لەبەرز بوونەوە تۆمار نەکرێت.
5) دەشێت بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک و خواردەمەنى بۆ نزیکبوونەوەى جەژنى ڕەمەزان بگێڕینەوە، چونکە بازاڕ بەگشتى جۆرێک لەداخوازى زیادى لەسەر بوو و خەڵک لەماوەى مانگى ڕەمەزاندا داواى خۆراکى زیاتریان هەبووە. بەڵام لەبارەى سووتەمەنى و ڕووناکییەوە، دەشێت هۆکارەکان بریتى بێت لەبەرزبوونەوەى گشتى نرخى نەوتى جیهانى بەتایبەتیش بەهۆى ئاڵۆزى کێشەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ڕەوشى ناوخۆیى عێراقیش لەلایەکى ترەوە سەبارەت بەبازاڕى ناوخۆیى. بەڵام هۆى بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا و شتومەک و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان، ئەوە دەشێت بۆ هۆى داخوازى لەسەر کەل و پەلى قوتابخانە بگێڕینەوە، چونکە لەو مانگەدا دەرگاى قوتابخانەکان کرانەوە.

دووەم: شارى سلێمانى


لەمیانەى تێبینیکردنى نەخشەى کۆتایى CPI ) Consumer price index)، دەگەینە ئەو ئەنجامانە:


1) ئێمە پێشتر لەڕاپۆرتى مانگى ئابدا ئاماژەمان بۆ ڕێژەى هەڵاوسانى شارى سلێمانى نەکردبوو بەهۆى بەدەست نەکەوتنى داتاى پێویست، بەڵام بەگشتى لەمانگى ئەیلولدا سلێملانیش وەکو هەولێر گۆڕان و جێگیرى بەخۆیەوە بینیوە.
2) ژمارەى پێوانەیى گشتى نرخەکان لەو مانگەدا ڕووەو دابەزینە بۆ هەندێک گرووپى وەکو جل و بەرگ و پۆشاک بەڕێژەى (0.0161%)، هەروەها خۆراک و خواردەمەنیش بەڕێژەى (0.575%).
3) بەشى هەرە زۆرى بەرزبوونەى بازاڕ بەر کۆمەڵەى سووتەمەنى و ڕووناکى کەوتووە لەشارى سلێمانیدان چونکە بەڕێژەى (0.268%) بەرزبۆتەوە، هەروەها کۆمەڵەى گواستنەوەو گەیاندنیش بەڕێژەى (0.0213%) بەرزبۆتەوە، لەکاتێکدا پێوەرى نرخى کۆمەڵەکانى تر جێگیرن.
4) بەرزبوونەوەى پێوەرى (CPI) بەڕێژەى کەمتر لە (0.3018%) ماناى ئەوە نییە کە پێوەرى هەڵاوسان لەشارى سلێمانیدا بەرز بۆتەوە، تاوەکو بۆماوەى شەش مانگ لەسەر یەک ئەو ڕێَژەیە لەبەرز بوونەوە تۆمار نەکرێت.
5) بەگشتى تێبینى دەکرێت کە هەماهەنگى نییە لەجووڵەى نرخ و بازاڕو پێوەرەکانى بازاڕ لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا.

سێیەم: شارى دهۆک


لەمیانەى تێبینیکردنى نەخشەى کۆتایى CPI ) Consumer price index)، دەگەینە ئەو ئەنجامانە:


1) ئێمە پێشتر لەڕاپۆرتى مانگى ئابدا ئاماژەمان بۆ ڕێژەى هەڵاوسانى شارى دهۆک نەکردبوو بەهۆى بەدەست نەکەوتنى داتاى پێویست، بەڵام بەگشتى لەمانگى ئەیلولدا دهۆکیش وەکو هەولێر گۆڕان و جێگیرى بەخۆیەوە بینیوە.
2) بەگشتى ژمارەى پێوانەیى نرخەکان لەشارى دهۆک لەمانگى ئەیلولدا بەرەو دابەزین چووە لەلایەنى کۆمەڵەى وەکو جگەرەو خواردنەوە بەڕێژەى (0.02%)، هەروەها خۆراکیش بەڕ]َژەى (0.429%) دابەزیوە لەپاڵ دابەزینى گرووپى دەرمان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەڕێژەى (0.0373%).
3) بەشى هەرە زۆرى بەرزبوونەوەى بازاڕ لەشارى دهۆک پێوەندى بە بەرزبوونەوە نرخى پۆشاک و جلوبەرگ بووەو بەڕێژەى (0.3487%)، هەروەها کرێ بەرزبۆتەوە بەڕێژەى (0.1958%) و کۆمەڵەى کاڵاو کەل و پەلى ناوماڵیش بەڕێژەى (0.026%) بەرزبۆتەوە، هەروەها کاڵاو شتومەکى جۆراوجۆریش بەڕێژەى (0.0157%) بەرز بۆتەوەو گرووپى سووتەمەنى و ڕووناکیش بەڕێژەى (0.0033%). لەکاتێکدا نرخى شتومەکەکانى تر جێگیر بووە.
4) بەرزبوونەوەى پێوەرى (CPI) بەڕێژەى کەمتر لە (0.3018%) ماناى ئەوە نییە کە پێوەرى هەڵاوسان لەشارى دهۆکدا بەرز بۆتەوە، تاوەکو بۆماوەى شەش مانگ لەسەر یەک ئەو ڕێَژەیە لەبەرز بوونەوە تۆمار نەکرێت.
5) بەگشتى تێبینى دەکرێت کە هەماهەنگى نییە لەجووڵەى نرخ و بازاڕو پێوەرەکانى بازاڕ لەنێوان هەولێرو دهۆکدا.

چوارەم: هەرێمى کوردستان


لەمیانەى تێبینیکردنى نەخشەى کۆتایى CPI ) Consumer price index)، دەگەینە ئەو ئەنجامانە:


1) ئێمە پێشتر لەڕاپۆرتى مانگى ئابدا ئاماژەمان بۆ ڕێژەى هەڵاوسانى گشتى هەرێمى کوردستان نەکردبوو بەهۆى بەدەست نەکەوتنى داتاى پێویست، بەڵام دەشێت تێبینى دوا ستوون بکەین لەنێو نەخشەکەدا کە ئاماژەیە بەڕێژەى هەڵاوسان لەهەرێمى کوردستاندا.
2) بەگشتى ژمارەى پێوانەیى نرخەکان بەرزبۆتەوە لەبازاڕەکانى هەرێمدا بەڕێژەى کەمتر لە سەدا یەک (0.6438%)، ڕەنگە هۆى ئەو بەرزبوونەوەیەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارانەى خوارەوە:
- خۆراک: نرخى خۆراک لەشارى هەولێر بەرزبۆتەوە.
- سووتەمەنى و ڕووناکى: بەگشتى لەهەرێمى کوردستاندا بەرزبۆتەوە.
- کاڵاو کەل و پەلى جۆراوجۆر: تەنیا لەشارى هەولێردا نرخەکەى بەرزبۆتەوەو لەشارەکانى ترى هەرێمى کوردستان جێگیر بووە.
- کرێ: بەشێک لەوەى کە نرخى کرێ لەشارى دهۆک بەرز بۆتەوە پێوەندى بەکۆچى مەسیحییەکانى موێلەوە هەبێت بۆ شارى دهۆک، هەروەها بەرزبوونەوەى ڕێژەى گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانى شارى دهۆک.
- کوتاڵ و جلوبەرگ: بەشێک لەوەى کە نرخ بەرزبۆتەوە پێوەندى هەبووە بە زۆرى گەشتیاران و هاموشۆکەران بۆ ناو هەرێمى کوردستان و خۆشتر بوونى بازار، هەروەها هاتنى جەژنى ڕەمەزان و کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان لەهەرێمى کوردستاندا.

تێبینى: کۆمەڵێک کێشە هەیە لەکاتى کۆکردنەوەى داتاو نرخەکان لەبازاڕدا و، هەندێک هەڵەش هەیە لەوەرگرتن و دانانى نرخەکانداو دووبارە بوونەوەى کە بەجۆرێکە دەگاتە (300%) و بەو شێوەیە هیچ جۆرە رێکەوتنێک نییە لەبارەى پێوەرەکان، چونکە بۆ نموونە لەهەندێک شاردا فرۆشتنى شیر بەکیلۆیەو لەهەندێکى تریشدا بەقوتووە. یا نرخەکان بەشێوەیەکى سەیر گۆڕانیان بەسەدا هاتووە و بەرزبوونەتەوە کە پێناچێت واقیعى بێت، بۆ نموونە لەشارى هەولێر لەهەفتەى یەکەمدا نرخى تۆ چاى غەزالێن تەنیا (1000) دینار بووە، کەچى لەهەفتەى سێیەم و چوارەمدا بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە (4500) و (5000) دینار. هەروەها لەشارى سلێمانیشدا نرخى قۆماش و کوتاڵ لەنێوان هەفتەى یەکەم و هەفتەى چوارەمدا زۆر گۆڕاوە.


نەخشەى کۆى گشتى ڕێژەى هەڵاوسان لەشارەکان بەتایبەتى و لەهەرێمى کوردستانیش بەگشتى: