په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

رێگاى وڵاتى خەونەکان.

کەریم سمکۆ   

 

هەمیشە ئەم وتەیەم لەمێشکدا دەخولێتەوە کە دەڵێ" بەرد لە شوێنى خۆى بەسەنگە" رەنگە زۆرجاریش لەلاى خۆمانەوە هەستمان بەوە کردبێت، ئەمما زاڵبوونى فشارەکانى هەوەس و خواستە کاتیەکانى دڵ بوونەتە هۆکارێک کە بیرکردنەوەکان و کارپێکردنى ئەقڵ لە زۆربەى جارەکاندا بارگەیان بەرەو مەملەکەتى مەنفا بپێچنەوە...

 

هەموو کەسێک حەز ئەکات زۆرترین وڵات ببینێت و گەشتى بۆ ئەنجام بدات، نەخاسمە گەنج و لاوەکانى لاى خۆمان خولیاى هەرەگەورەیان چوونە بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان و لەوێ لە تەرانتێللا شەوانە سەما بکەن لەگەڵ کچۆڵە رەشپێست و چاوشینەکاندا، یا ساتێک لەکەنار دەریادا کاتەکانیان بەڕێ بکەن دوور لە خەمى کرێى خانوو و ئەو هەموو نەهامەتیانەى بەسەریاندا کەڵەکە بووە. چەند خۆشە بێ رشتنى ئارەقەى ماندوو بوون و شەکەتى رێگاى سەخت و ریسوابوون لەدەست قاچاغچیە بێبەزەییەکانى نێوان سنورەکان و لوول بوون لەنێو شەپۆلە توڕەییەکانى دەریاو بەهەدەرچوونى پارەیەکى خەیاڵى، ڤیزەیەکت بۆ لە پاسپۆرت بدرێت و هەنگاو بۆ سەر پلیکانەکانى فڕۆکەیێکى نەفەر هەڵگر بنێیت و تا دەگەیتە شوێنى مەبەست، ئیدى خەیاڵەکانت بگەن بەو هیواو ئاواتانەى کە ساڵەهاى ساڵە خەونیان پێوە ئەبینى. ئینجا گۆرانی"خوایە وەتەن ئاواکەى، چەند دڵگیرو شیرینە" بۆ وڵات بڵێیت و نامەیەک تژى غەریبى بۆ خاک و خزم و دۆستان بنێریتەوە.

 

" رۆژێ دادێ دەگەمە ئەمریکاو ئێوەش هەر لێرە بژین، منیش تەلەفۆنتان بۆ دەکەم و بەسەرتان دەکەمەوە..!!" ئەم وشانە هەمیشە لە براکەم دەبیستم کە ئێستا ناوى خۆى نوسیوە لەگەڵ ئەوکەسانەى کە پێشتر لە رێکخراوێکى بیانى بوون. گوایە ئەوان چەند کەسانێک لەو ئەندامانەى کە خۆیان ناونووس کردبوو ناویان گەڕاوەتەوەو "بەقسەى خۆیان" هەرچى زووە وڵات جێدەهێڵن و بارگەیان دەپێچنەوە بۆ وڵاتى خەونەکان و لە (واشنتۆن دى سى) لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئامریکا ژیانى هاى لایڤ بەسەردەبەن و گوزەران دەکەن.

 

 هەموومان بینیمان کە ئێستە ئەو کەسانەى تەنیا خولێکیشیان بەسەرپەرشتى رێکخراوێکى بیانى بینیوە بە لێشاو روویان کردە شارى دەهۆک و چەند شوێنێکى تر.. بۆ ناونووس کردنیان تا گەشتى یەکجارەکى بۆ هەندەران ئەنجام بدەن، بێگومان ئەمەش بەلاى منەوە نەک دوورە لە راستى، بەڵکو تەنیا گەرەکیان بوو چەند فۆڕمێک پڕبکەنەوەو شتێک بە شتێک بکەن لە ڕووى ماددیەوە. چەند نهێنیەکى تریش بەلایەکدا، چونکە زۆرجار بەناوى کەسى چەندین گروپ و رێکخراوى نهێنى دادەمەزرێن و کەسیش ئاگاى لێ نیە. ئەگینا هیچ سیحرێکى تر لەم تەلسمەدا بەدى ناکەم. چەند ساڵێک لەمەوبەر بەهەمان تاس و حەمامى ئێستە چەند کارمەندێکى ئەو ڕێکخراوانە بەهەمان شێوەو ڕیتمى نوکە خۆیان ناونووس کرد بۆ گەشتى راستەوخۆى تاهەتایى بۆ هەندەران، چەند خانەوادەیەک ئەناسم ئەوکات خواحافیزیان لە خزم و دۆستان کردو شەو و ڕۆژیان بە فرمێسک رشتن بەسەر برد، چونکێ دەبوونە ئاوارەى وڵاتێکى تاراوگە، کەچى ئێستەش هەر لە مەملەکەتەکەى ئێمە خەریکى کاسبین. جگە لەمەش رۆژ لەدواى رۆژ واخەریکە ئەوانەى لە تاراوگە دەژین، هێور..هێور.. لە رێگاى قونسووڵخانەکانى عێراق و لە رێگاى باڵەفڕگەى بەغداوە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەمان. ئیتر ئەم روئیایانە چین کە ئێمەى خەریک کردوە بە چەند کارێکى ساکارى لەم جۆرە؟ بۆ دەبێ بەقسەى لەم جۆرە هەڵخەڵەتێین؟ برادەرێک بۆى باس کردم کە هاوڵاتیەک گوایە ناوى دەرچووبوو تاکو بە خانەوادەوە بڕوات بۆ هەندەران لەڕێگاى رێکخراوێکى بیانى، هەروەکو ئەوانەى ئێستا، ئەو برادەرەم دەیگوت" ئەو هاوڵاتیە خانوو و هەموو کەل و پەلێکى ماڵەوەى هەراج کرد و فرۆشت، بۆ ئەوەى لەدواى خۆى هیچ شتێک جێنەهێڵێ، بەڵام دوایش هەر بۆى ڕوون بوەوە کە ئەمە تەنیا خافڵاندنى تاکەو کابراش لە ساجى عەلى مایەوە و بە ناچارى دەستى کردەوە بە خانوو دروست کردن و کڕینەوەى کەل و پەلەکانى نێو ماڵ" بەراستى منیش ترسم لەوەیە ئەوانەى ئێستاش خۆیان ناونووس کردووە بە دەردى ئەم هاوڵاتیە بچن و گومڕاببن. بۆیە لێرەوە پێیان دەڵێم وەرن با هەموومان پێکەوە گۆرانى هونەرمەند دیارى قەرەداغى بچڕین کە دەڵێ" زەڕەیەک خاکى وەتەن نادەم بە قەسرى قەیسەرى، جۆگەلەو کانى وەکو کەوسەر هەواى وەک جەننەتە" .

 

چۆمان

Kerim_smko@yahoo.com