په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠١٠

 رەمەزان مانگی خێر و خۆشییە یا پێشیلکاریی ماف و ئازادییە...؟!
- دەربارەی ڕەمەزان و هیرَشی دەسەڵاتداران بۆ سەر ماف و ئازادی یەکانی جەماوەر -


موزەفەر عەبدوڵا


مانگی ڕەمەزان هەروەک موفتی و مەلاو ئیمام و سەرانی دەسەڵاتداری سەرمایەو ڕژێمە سەرکوتگەرە ئیسلامی یەکانو لایەنگرانی ئیسلامی دەڵین، جێگەو ڕێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە لە سیستەمی فکری و عەقیدەیی و کۆمەڵایەتی ئایینی ئیسلامدا.


دیارە ئەوان لەم پڕوپاگەندەیەیان بۆ فریودانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و هەژاران، بە تایبەتی مناڵان، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی یە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکانی خۆیانەوە، بە تەواوی ڕاست دەکەن.ئەوانە ئەگەرچی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی گەندەڵی ئەم ڕۆژە دەشارنەوە بە پۆشاکی مۆراڵی و سایکۆلۆژی یەوە،و لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵانەدا کەمپەینێکی بەرین لەسەر ئاستی جهان بەرێ دەخەن، هەموو بۆ ئەوەیانە تا ناوەڕۆکی واقعی کەڵک و سودە سیاسی و ئابوری و ئایدیۆلۆژی یەکانی چینی باڵا دەستی ئەمڕۆی پێ بشارنەوە، کە چۆن چینی بۆرژوای دەسەڵاتدار بە هاوکاری مەلا و شێخ و موفتی و پیاوە ئیسلامی یەکانی تر لەم مانگەدا چ سود و قازانجێک دەگەیەنن بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان.


هەموو ئەو خوتبەو وەعزو ئامۆژگاری و هەڕەشەو گوڕەشەو ترس و تۆقاندن و خورافاندن و وەعدو بەڵێنانەی کە موفتی و مەلاو شیخ و پیاوە ئیسلامی یەکان پێنج فەرزە لە بڵندگۆی مزگەوت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و فیرَگەکان و کۆڕو کۆبونەوەو شەقام و ماڵان و دیوەخان و تەکیەو هەموو جێگاکانی تر دەیکەن، گوایە ئەم مانگە بۆ ئەوەیە تا دەوڵەمەندو خواپێداوەکان خیرَو بێر بکەن بە هەژارەکان، و بەزەییان پیایاندا بێتەوە، و هەست بە سکی برسی هەژاران بکەن، و خوداوەند لە گوناهیان خۆش بێت و بەهەشتیان پێ ببەخشێت. یاخود ڕۆژو گرتن وەرزشی جەستەو دەرون و گیانی مرۆڤەکانە لە نەخۆشی یە جۆراوجۆرەکان دوریان دەخاتەوە. ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە تا بیروهۆشی و دەرونی جەماوەری ستمدیدەو ژێر دەستەی پێ لەخشتە بدەن.وەبەو جێگەو ڕێگە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی یەی بەسەریاندا سەپاوە لە لایەن دەسەڵاتی ئیسلامەوە قەبوڵی بکەن و هیچ ناڕەزایەتی یەک دەرنەبڕن. و بەوە قسە پوچە ئاینی یە دواکەوتوانەیە ڕازییان بکەن کە دەڵێت دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت باوکی میللەتە و نوێنەری خوداوەندە لەسەر زەوی.بۆیە پێویستە میللەت گوێرایەڵی هەموو ئەو ڕێساو یاساو بڕیارو ئامۆژگاری یانە بێت کە لە لایەن دەوڵەت و حکومەتەوە دەردەچێت. بە تایبەتی ئەگەر دەسەڵات ئیسلامی بوو.


بەڵام هەر مرۆڤێکی وشیار و بە ئیرادە بۆ بەرژەوەندی یە چارەنوسسازەکانی خۆیان ئەگەر کەمێک سەرنجی واقعی بدەن لە جێگاو ڕێگای خۆیان ، و ورد ببنەوە لەو هەموو هیرَش و پێشێلکاری یانەی تەنها لەم مانگە دەکرێتە سەریان ئەو کاتە بە ئاسانی بۆیان دەردەکەوێت چۆن هەموو ئەو قسانەی دەکرێت لەو شوێنە گشتی و دەزگا جۆراوجۆرانەی دەسەڵاتەوە تەنها بۆ زیاتر خورافاندن و گەندڵ کردنی بیرو هۆشیاری جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشەو بەس.


بۆ سەلماندنی ناوەرۆکی پوچی ئەو قسەوباسانەی کە گوایە ڕۆژو گرتن کەڵک و سودی هەیە بۆ جەستە و سایکۆلۆژی مرۆڤەکان پێویست ناکات ئارگیومەنتی زۆر وردی زانستی تەندروستی بێنینەوە .ئەوەندە بەسە کە بڵێین خواردن نەخواردن و ئاو نەخواردنەوە بۆ ماوەی 10-12 سەعات ،بە تایبەتی لە هاوینداو ،بۆ کەسانێک کە کار دەکەن ،یاخود نەخۆشن، یاخود ژنانی دوو گیانن، یاخود مناڵ و هەرزەن، چەند زیانبەخشە، ئەوە خودی ئەوانەی کە بەهەر بەهانەیەکەوە بێت بە ڕۆژو دەبن زیانەکانی باشتر دەزانن لەوانەی کە بەڕۆژو نابن.هەروەک چۆن کەسێکی جگەرە کێش و قومارچی باشتر زیانەکانی جگەرە کێشان و قومارکردن باشتر دەزانن لەوانەی لەو خووانە دورن .دیارە ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕۆشنە کە بەشی هەرە زۆری ئەوانەی کە بە ڕۆژو دەبن لە ئاکامی ترس و تۆقاندن و سوکایەتی و گاڵتە پێکردنەوە لە لایەن دەسەڵاتو پیاوان و دەستەو تاقمە ئیسلامی یەکانەوەن، یاخود ترس لە خورافەی ئەودونیاو سزاو ئاگری دۆزەخ و ئەم جۆرە خورافانەوەیە.


تا ئەو جیگەیەش پەیوەستە بەو هیرش و پیشیلکاریانەوە کە دەکرێنە سەر ماف و ئازادی یەکانی جەماوەر لەم مانگەدا بە بەهانەی ڕێز دانان بۆ ئەم مانگەو بۆ ئەوانەی بەڕۆژو دەبن، ئەوە زیاتر ناوەڕۆکی پوچەڵ و گەندەڵی هەموو ئەو پڕوپاگەندانەمان دووبارە بۆ دەردەکەوێت کە لەم مانگەدا بەڕێ دەخرێت لە دژی خەڵکی.


گەر گوێ ڕادێرین یاخود چاوێک بخشێنین بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خودی دەسەڵاتدارانەوە،بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن لە لایەکەوە بە کۆمەڵ بڕیار دەردەکەن و هەڕەشە دەکەن لە خەڵکی کە نابێت کەس سەرپێچی ئەو یاساو بڕیارو ئامۆژگاریانە بکات کە بۆ ڕێزگرتنی مانگی ڕەمەزان دەردەچێت .وە هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزای توند دەدرێت.بۆ نمونە زۆر جار جگە لە ئازار دان و سوکایەتی پێکردن زیندانیش بۆ ماوەی چەند رۆژ و هەفتە دەکرێن .لەم بارەیەوە هەر یەک لە بەڕێوەبەری پۆلیس و ئاساییشی هەولیرَ و سلێمانی و دهۆک و شارۆچکەکانی تر هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕەمەزانەوە دەستیان کرد بە هەڕەشەو خۆ گیڤ کردنەوەو چاو سور کردنەوە لە جەماوەر.هاوکات سەرانی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی مەلاکانیش لە پاڵ ئامۆژگاری و تکاو ڕجاکانیان هەڕەشەو گوڕەشەیان تەخشان و پەخشان دەکرد و وا دەزانن جەماوەر مێگەلە مەڕەو هەر دەبێت بە هەڕەشەو ترس و تۆقان فیرَی ڕێز گرتن بکرێن.


بەڵام لە بەرامبەر هەموو ئەم هەڕەشەو ترس و تۆقاندنانەی سەرانی دەسەڵاتو ئیسلامی یەکان بە یاساو بڕیارو دۆزەخ ،هەروەها وەعز و ئامۆژگاری و وەعدو بەڵێنانە بە بەهەشت، هەر کەسێکی سادە ئەو پرسیارەی بە بیردا دێت باشە ئەگەر ئەم مانگی ڕەمەزان و ڕۆژ گرتنە ئەوەندە لای مرۆڤەکان ڕێزدارو خۆشەویست بێت بۆ دەبێت بە زەبری هەڕەشەی لێدان و سزاو زیندان ڕێزی بۆ دابنیرێت و خۆشەویست بکرێت؟؟!


لە ڕویەکی تریشەوە ئەگەر سەرنجی کۆمەڵێ دیاردەی تری کۆمەڵایەتی و ئابوری تر بدرێت لەم مانگەدا، ئەمەش هەر بە پێی ڕاپۆرتی خودی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی دەسەڵات، دەبینین چۆن هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانەوە هەموو پێویستی یە سەرەکی یەکانی ژیان لە ڕادە بەدەر نرخەکانیان بەرز دەبێتەوە. بگرە زۆرجار بە نرخی چەند قات زیاتریش دەست ناکەوێت.ئەمەش ئەوە دەردەبڕێت کە چۆن ئەم مانگە بە کردەوەو بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانیان نەک مانگی خێرو خۆشی و هەزرانی نی یە بەڵکو مانگی گرانی و هەژاری و قاتو قڕی زیاترە.


تەنانەت بەهۆی یاساو بڕیاە قەرەقوشی یەکانی دەسەڵاتەوە بە داخستنی زۆربەی ڕیستۆران و یانەو چایخانەو مەیخانەکانەوە بێکاری زیاتر دەبێت. وە هەزاران کەس لەم مانگەدا کار لە دەست دەدەن و بێ بەش دەبن لەو دەستهەق و پارە کەمەی کەبەهۆی فرۆشتنی هێزی کاریانەوە دەستیان دەکەوێت بۆ بژیوی خۆیان و ماڵو مناڵایان.


جگە لە هەموو ئەمانەش کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، لەم مانگەدا فەزایەکی لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرستی و دژی ئازادی یە فەردی یەکان بەرێ دەخرێت هەر لە قەدەغە کردنی خواردن و خواردنەوە لە خەڵک ،تا دەگاتە هێرش بۆ سەر ماف و ئازادی یە فەردی یە سەرەتایی یەکانی تر. بە تایبەتی هێرش بۆ سەر ماف و ئازادی یەکان ژنان و لاوان و ڕێگە گرتن لەهەر خودەرخستنێکی لاوانەو گەنجانەو مۆدێرنانەو تێکەڵاو بون.


لەم بارەیەوە مزگەوتەکان و فەرمانگەو شوێنە گشتی یەکان دەبنە مەیدانی سوکایەتی و ترس و تۆقاندو گاڵتە کردن بە هەر کەسێک کە ناڕەزایەتی دەرببرێت بەرامبەر بەو فەزایە.هەموو ئەمانەش دیارە دەسەڵاتی سیاسی و باندە ئیسلامی یەکان لە پشتی یەوە رادەوەستن .چونکە قازانجی هەمە لایەنەی تیا بەدی دەکەن بۆ مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان.


بۆیە لە بەرامبەر ئەو فەزایەو بەرامبەر هەر یاساو بڕیارێک کە ماف و ئازادی یەکانی خەڵکی پێشێلدەکات کە لە لایەن دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و دەستەو تاقمە قومی و عەشیرەتی و ئیسلامی یەکانەوە دەردەچێت، پێویستە جەماوەری ئازادیخواز، لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و قوتابیان و ژنان و ڕۆشنبیرانەوە، ناڕەزایەتی دەرببڕن و سەرپێچی لەو یاساو بریار و ئامۆژگاری و ڕێوڕەسمانە بکەن کە لە دژی جەماوەر دەردەچێت. وە ڕێگە نەدەن بەسەریاندا بسەپێنێرێت.


لە کۆتایی دا پێویستە ئەوە بڵێین کە ناوەڕۆکی ئیسلام بە وێنەی یەک سیستەمی فکری و سیاسی و ئابوری، وەک پیشەسازی و بازرگانی یەکی بەکەڵک بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان لەم مانگەدا لەهەر کاێکی تر زیاتر ئاشکرا دەبێت. بۆیە دەرخستنی ناوەڕۆکی گەندەڵی ئەم پیشەسازی و بازرگانی یەی سەرمایەداران و دەسەڵاتە قومی و ئیسلامی یەکەیان لە لایەن کۆمۆنیستەکان و کەسانی رۆشنبیری یەکسانیخوازو ئازادیخوازەوە ئەرکی گەورەو دەسبەجێمانە بۆ زیاتر وشیار کردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەری ئازادیخواز بۆ بەدی هێنانی دونیایەکی ئازاد و یەکسان و دابڕینی ئیسلام لە دەوڵەت و خوێندن و فێرکردن و پەروەردە کردن.


15\8\2010

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا