٧\٥\٢٠١٣
چیرۆک بۆ منداڵان:
رەنگەکان.
رەزا ساڵح
رۆژێک رەنگەکان لە شوێنێکدا بە یەکتری
گەیشتن .. هەر رەنگە و بە شان و باڵی خوێدا هەڵیدا و ، خۆی بە جوانترین
رەنگ دەزانی.
سـوور: من رە نگی لاوی و جوانیم ، رەنگی
راپەڕین و شۆڕشم ، رەنگی خوێنم ، رەنگی گەرمی و ئاگرم ، رەنگی گوڵە
ئەرخەوان و گوڵاڵە سوورەم ، دیارە من لە هەمووتان جوانترم.
زەرد: من لای خەڵکی رێزێکی تایبەتیم هەیە
، چونکە رەنگی گەنم و گەنمە شامیم ، رەنگی زێڕم ، رەنگی لیمۆم ، رەنگی
گوڵە زەردەم ، بە شانازیشەوە دەڵێم ، کە رەنگی رۆژەکەی سەر ئاڵای
کوردستانم.
سەوز: جا ئەگەر ئێوە وەک من جوان بن
چیتان دەوێ ، من رەنگی بەهارم ، رەنگی چیمەن و گیا و سەوزەم ، رەنگی
هیوا و ئومێدم ، رەنگێکی پیرۆزم ، یەکێم لە چوار رەنگەکەی ئاڵای
کوردستان.
شین: من لە هەمووتان زیاترم ، رەنگی
ئاسمانی بێ کۆتاییم ، رەنگی ئاو و رووبار و دەریا و دەریالۆشەکانم ، لە
لای زۆر کەس پەسەند و جوانم.
سپی:
من رەنگی ئاشتی و دڵپاکیم ، رە نگی کراسی بووکێنیم ، رەنگی لۆکە و زیوو
و بەفرم ، رەنگی پەلکە جوانەکانی گوڵە نێرگز و حاجیلەم ، رەنگی شیر و
شەکرم ، رەنگی ... هتد.
هەریەکەش لە رەنگی
مۆر و پەمەیی
و قاوەیی و
پورتووقاڵی و رەشیش ، کەمیان نەوت و ، بە هەوەسی خۆیان بە شان و
باڵی خۆیاندا هەڵیان دا.
رەنگەکان لەسەر ئەوەی کە کامیان شایانی نازناوی (شاڕەنـگ)ـە ، بوو بە
هەرایان و ، لە یەکتری زویر و لووتەلا بوون .
لەم کاتەدا منداڵێکی چاوگەش ، هاتە نێوانیانەوە ، لە جانتاکەیدا
پەڕەیەکی کاغەزی سپی و قووتوویەک بۆیەی ئاویی دەرهێنا ، چوو ئاویشی
هێنا . بە پێنووسێکی رەش لەسەر دیوێکی لاپەڕەکەدا ، دیمەنێکی جوانی
کوردستانی کێشا .. کە بریتی بوو لە گوندێکی قەشەنگ لە پاڵ چیایەکی
زنجیرە چیایەکدا ، چەمێکیش کەوتبووە ناوەڕاستی گوندەکەوە .. وەرزیش
بەهار بوو.
منداڵەکە دەستی کرد بە رەنگکردنی دیمەنەکەی .. چیاکانی دەوروبەری
گوندەکەی قاوەیی و سەوز کرد ، سەر لووتکەکانیشیانی سپی کرد ، دەشتی
دامێنی چیاکانی سەوز کرد و ، بە گۆڵاڵە سوورە و نێرگز و ، بە چەندین
گوڵی هەمەجۆرەی رەنگاوڕەنگ رازاندییەوە .. ئاوی چەمەکە و ئاسمانی
سەرووی شاخەکانی شین کرد .. دار و درەختەکانی رۆخی چەمەکەشی سەوز کرد
.. لە نێوان دوو لووتکە چیای زنجیرە چیاکەدا خۆرێکی گەش و تیشک زێڕینی
بە رەنگی زەرد کێشا .. لە ئاسمانی گوندەکەشدا ، بە رەنگی رەش پۆلێک
باڵندەیەکی هەڵفڕیوی کیشا .. خانووەکانی گوندەکەشی هەریەکە بە ڕەنگێک
رازاندەوە .. لە سەر قوتابخانەی گوندەکەشدا ، بە ستوونێکی درێژەوە ،
ئاڵا چوار رەنگییەکەی کوردستانی شیرینمانی کێشا .. منداڵەکە تابلۆیەکی
زۆر جوان و رەنگینی رازاندەوە .. هەر هەموو رەنگەکانی لە خۆ گرتبوو.
رەنگەکان کە ئەو تابلۆ رەنگینەیان بینی.. سەرسام بوون.. هەستیان بەوە
کرد، کە راستە هەر رەنگێک جوانی و حەزلێکردەی خۆی هەیە.. بەڵام پێکەوە
جوانتر و رەنگینترن. رەنگەکان ئاشتبوونەوە و، دەستیان خستە ناو دەستی
یەکترییەوە و، داوای لێبووردنیان لە یەکتری کرد.. دەستخۆشیشیان لە
منداڵە هونەرمەندە کرد و، چەپڵەیەکی درێژ و قاییمیان، بۆ خۆی و بۆ
تابلۆ رەنگینەکەشی لێدا.
نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|