په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٥\٢٠١٠

      رەنگی زیکری چرا.

تەیب قادر

بە مەراقی جێمان و سەفەری ڕۆیشتن بۆ نەهاتنەوە
لە بەرخۆم منجە منجمە و گلەیی لە کتێبی تەمەن دەکەم
کە منداڵیمی لە بەر خۆری پیربوون جێهێشت
هاتوومەوە بەر دەرگای سەرەتا
سەر بە یەکە یەکە ژوورەکانی تەمەنمدا دەکەم
روخسەتی چونەژوورەوە
لە تووڕەییەکانی باوکم وەردەگرم و
دەڵێم:
شتیکم لێرە جێهێشتوە خۆمم ، ڕووخسەت هەیە خۆم ببەمەوە
بۆ لای دەنگی دڵخۆشیی ؟
یان ڕەنگی زیکری چرا ؟

لە شکانی پێڵاوەکانمەوە دەست پێدەکەم،
کۆڵان پڕبوو لە گەوەرەبوون
تۆ گوتت : شەڕی زەمانەم پێناکرێ
من گوتم : جێمبێڵە خۆم فڕێدەدەمە نێو لاپەڕەکانی ژیان بزانم چی ڕوودەدا
تۆ بە تووڕەییەوە پێڵاوەکانت لێ وەرگرتم و فڕێتدایە کۆشی هیلاکەت.

2
تا ئەستۆم غەرقی ونبوونم ،
لە خۆم بزربوویمە و لە نێو کتێبەکانی دونیا لە خۆم دەگەڕێم ،
پرسیاری خۆم لە کۆڵانەکانی منداڵیشم کرد نەیبینیبوو
من نە لە ڕابردوومە و نە لە ئێستا و نە لە خەونەکانی داهاتوو ،
تۆ بڵێ : ئەی ئەوەی شتێک لە بارەی منەوە دەزانی
من لە کوێم ؟

3
وەک ئاو تەڕم
وەک بێدەنگی کڕم
وەک غەریبی شڕم
هیلاکییم بکوژە و
پەنجەرەیەک تەنها پەنجەرەیەکم ڕووەو دەریا بدەرێ.


8\5\2010 - هەولێر
taibeqadir@gmail.com