په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٨\٢٠١٦

روانگەیەکی نادیاری منبج.

جەمالی عەلیالی   


چەند ڕۆژێک بە سەر رزگاری منبج لە دەستی داعەش تێپەڕیوە، هێشتا برینی شەڕڤانان و تێوەگلانی ئەو شەڕە سارێژ نەبووە کە هێرشیتر لە لایەن داگیرکەرانەوە کرایە سەر بەشەکانیتر وەک حەسەکە، کرمانشان و ناوچەکانیتر. هۆکاری چڕبوونەوەی ئەو هێرشە دڕەندانانە لە لایەن داگیرکەران زۆرن بەڵام چەند لەوان زۆر زەق و بەر چاون. مەبەستی ئەو کورتە نووسراوەیە شیکردنەوەی بەشێک لەو هۆکارانەن لە ڕوانگەی نووسەرەوە.


منبج ئازاد کرا، ئەوە مینایەکی بەرچاو لە کاری رێکخەری و بێ وچان بە مەبەستی ئاشکرا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەییە، واتە دەکرێ بە وەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی و بە کاری ریکخستنی بنچینەیی، سەرکەوتنی مەزن وەدەست کەوێ. رزگارکردنی منبج زەنگێکی خەتەربوو بۆ داگیرکەر، ئەوە "بە مشووری" لانی کەم بەشێک لە سازەکانی نەتەوەی کوردی مسۆگەر کرد، واتە داگیرکەر پێویستە لێی خافڵ نەبێ و هەڵوێستی لەهەمبەرا بگرێ! بە گۆێرەی شایەتی مێژوو، هەرکات ئاستی خەباتی نەتەوەی کورد بۆ دێمۆکراسی و ڕزگاری بەهێزتر بووە، داگیرکەر هەڵوێستی وەحشیانە و دڕەندانەی خۆی زیاتر نیشان داوە.


بەڵام ئەوە تەنیا لایەنی گرینگی پرسەکە نیە. لایەنێکیتری ئەو پرسە تۆزێک نامۆیە و بەو هۆیەوە پێویستە چرکەیەکی مێژوویی بگڕێینەوە دواوە. یەکەم جار کە داعەش مەجبوور بە پاشەکشە لە ناوچە عەربییەکان بوو، چەند جار و بە کەمی بینیمان کە ژنە عەرەبەکان پۆشەی ئیسلامیان لە سەر لادا. کاتێک کوردە یەزیدیەکان ڕزگاریان دەهات، ئەو دیمەنانە تۆزێک زیاتر بوون. ئێستا کە منبج لە چەنگی چەپەڵی داعەش ڕزگاری دەبێت ئەوا دەبینین کە ئەو دیمەنانە زۆر زیاتر دەبن. ئیتر ئەوە تەنیا چەند ڕووداوی لێک جیاواز نین! ئەوە دیاردەیەکە کە هەتا دێت و پەرە دەستێنێت. ئەو دیاردەیە گوزارە لە لاواز بوونی پێگەی ئیسلام لە ناو خەڵکی خۆی دایە! خەڵکی منبج بە زۆری عەرەبن، ئیسلام وەکوو ئایین لەناو ئاڵاهەڵگرانی خۆیدا وەلەرزە کەوتووە. ئەوەیە کە داگیرکەر زیاتر دەترسێنێ! هەر بۆیە بە دەڕەندەیی زیاتر پەرە بە هێرشەکانی خۆی دەدات!


ئەوە دیاردە نۆێە وەکوو پرسێکی گرینگ پێویستە لە لایەن هێزەکانی سیاسی کوردییەوە مامەڵەی دەگەڵ بکرێت. هەڵوێست گرتن لە سەر ئەو دیاردەیە زۆر هاسان نیە بەڵام کارێک نیە کە لە دەست فەرهاد بەرنەیە. دەکرێ بە داڕشتنی پڕۆگرامێکی ڕێک و پێک بە ڕووحی ژیانی سەربەست بۆ گشت مرۆڤەکان لە سەر بنەمای "کەسایەتی بوونی" ئایین، واتە هەر کەس سەربەستە لە سەر بژاردەی خۆی لە لایەک و، بە پەرە پێدان بە بیر و هەستی "کەسایەتی بوونی ئایین" لە لایەکیترەوە، بژاردە کە بکرێتە بە ئەرکی مرۆڤەکان وەکوو تاک و کەس. کاتێک ئەو پرسە مامەڵەی بەو شێوازەی دەگەڵا کرا، ئەوسا بیری مرۆڤەکان تەنانەت خۆی هەر کەس وەکوو تاک، رێگەی گونجاو دەگەڵ خوی هەڵدەبژێرێ.

 

٢١\٨\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک