په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠١٢

رۆمان لە نێوان هزر و شاردا.


سەدیق سەعید     


رۆمان وەک ژانرێکى ئەدەبی مۆدێرن، بە بەراورد لەگەڵ ژانرەکانى دیکەى ئەدەب، مێژووێکى هێندە کۆنى نییە، لە رووى سەرهەڵدان و دەرکەوتنیەوە. تەنانەت زۆرجار رۆمان بە بەرهەمى شۆرشی پیشەسازى و دەرکەوتنى سەرمایەدارى و چینى بۆرژوازى دەناسرێت. بەوپێیەى ژانرێکى نوێیە و دەرەنجامى سەرهەڵدانى چەمکى شار و ململانێ کۆمەلایەتیەکانى کۆمەڵگەیە. بەدەربرینێکى تر زۆرجار ژانری رۆمان بە تەنیا وەک بە رهەمى شار دەناسرێت و لە گەڵ دەرکەوتن و پەیدابوونى شار سەری هەڵداوە.لێرەوەش ئەوەندەى ئەو ژانرە وەک بە رهەمى مۆدێرنێتەو شۆرشی پیشەسازى وێنا دەکرێت، ئەوەندە وەک بەرهەمێکى هزرى مرۆڤ کە رەنگدانەوەى دنیابینى و خەیاڵ و ئەندێشەکانى نووسەرە وێنا ناکرێت. بەڵام پرسیاری سەرەکى لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەو گریمانەیە بۆ رۆمان راست بێت و بە رهەمى شۆرش و شار و دیاردە نوێکانى سەردەمی مۆدێرنێتە بێت، ئایا رۆمانەکانى بەر لەو قۆناغە کە لە چوارچێوەی فۆرمێکى سادە دانە،چ پێناسەیەک هەڵدەگرن؟ بۆ نموونە وەک دۆنکیشۆت؟ بەدەربرینێکى تر ئەگەر رۆمان بەتەنها هونەری نووسینی شار بێت و دەرەنجامى رادەی پەرەسەندوویی پێشکەوتنى کۆمەلگا بێت، ئایا دەکرێ ئێمەى کورد بڵێین ژانری رۆمانمان هەیە؟ یاخود هەر کۆمەلگایەکى دیکەى سەرەتایی؟ بۆیە ناساندنى رۆمان وەک هونەرێکى شاری، یاخود پیشەسازی و تەکنەلۆژی بە بۆچوونى من، پێناسەکردنێکى نالۆژیکیە. بە تایبەتیش چ لەو سەردەم و چ لە سەردەمى بەر شۆرشی پیشەسازیش ئێمە هونەرێک بە ناوی نووسینى رۆمان، لە مێژووى فەرهەنگى مرۆڤایەتیدا دەبینین.


بێگومان نەک تەنیا رۆمان، بە لکو کۆی ژانرە ئەدەبی و داهێنانە زانستى و فیکری و مرۆڤایەتیەکانیش، بەر لەوەى بەرهەمى دیاردەى پێشکەوتنى کۆمەلگەو پەرەسەندوویی هزری مرۆڤایەتى و نوێکاریەکانى سەردەم بن، ئەوا لە بەراییدا بەرهەمى هزرى مرۆڤن بە تەنیا. بەو مانایەى هەردیاردەیەکى مۆدێرن و تازەى نێو کۆمەڵگا دەرکەوتە سەرەتایەکانى، بۆ هزری مرۆڤ دەگەرێتەوەولەوێوە چەکەرەدەکات و وەک بیرۆکەیەک بونیاد دەنرێت، دواترلە چوارچێوەى ژینگەی کۆمەڵگاو پێشکەوتن، فۆرمى نوێتر بە خۆوە دەگرێت. بۆ یە هەرداهێنان و نوێکاریەکى مرۆڤایەتى، لە هەر روێکەوە بێت بە رلەوەى بەرهەمى شۆرش و دیاردەی شارگەرایی و مۆدێرنێتە بێت، بیگومان بە رهەمى هزرى مرۆڤە. کاتێکیش بە مێژووى مرۆڤایەتى لە هەموو روەکانەوە دادەچینەوە دەبینین، کۆی داهێنانەکان سەرەتا وەک بیرۆکە مرۆڤ کاری لە سەرکردوە، بە شێوەیەکى ساکار.

 

دواتر لە گەڵ پێشکەوتن و پەرەسەندنى کۆمەڵگەو کرانەوەى زیاتری هزری مرۆڤەکان، بوەتە داهێنانێکى مۆدێرن و تازەى کۆمەڵگە. لەو روانگەیەوە بە بۆچوونى من رۆمان وەک ژانرێکى ئەدەبى بە رلەوەى بەرهەمى هزری شارگەرایی و هەر شۆرشێک بێت، ئەوا بەرهەمی هزری سادەو ساکاری مرۆڤ بوە لە سەرەتادا. بە تایبەتیش کە بە رلە رۆمان، کە هەمیشە وەک ژانرێکى نوێ دەناسرێت، چەندین ژانری دیکەى وەک داستانی میللی و چیرۆکى فۆلکلۆری دەبینرێن، کە تەنانەت بونیادى هەندێکیان پێکدێت لە هەزارەها بەیت.بەومانایەى بەرلە رۆمان داستان هەبوە، کە هونەرێکى زۆر کۆنترە لە رۆمان و هەمان ئەو بنەمایانەى تێدایە کە تەکنیکى رۆمان پێکدێنن، بە شێوەیەکى ساکار.

 

کەواتە لە نێوان هزر و شاردا دەکرێ بڵێین رۆمان بەرهەمى هزرە بە رلەوەى بەرهەمى شاربێت. لە لایەکى ترەوە ئەگەر لە پەراوێزى ئەو لێکدانەوەو بروانینە رۆمان و بەبەرهەمى کۆمەڵگەى پیشەسازی و شاری بناسێنین، کەواتە چۆن دەتوانین بە رهەمى ئەدەبى ئەو کۆمەڵگایانەى هێشتا نەچوونەتە نێو قۆناغی پێشکەوتویی ژیاریەوە بە رۆمان بناسێنین؟ بە تایبەتیش کاتێ سەرنجى ئەو رۆمانانە دەدەین دەبینین هێندێکیان شاکاری جیهانین لە رووى داهێنانەوە،کە چی نووسەرەکانیان لە نەتەوەیەکن، هێشتاش خێڵەکى دواکەوتوون. بۆ نموونە شاکارەکانى وەک(هەزار خۆری درەوشاوە/منداڵانى گەرەک/وەرزى کۆچ بەرەو باکور/نانى رووت/کۆلارەباز/خوانێک بۆ گژو گیاى دەریا/ پەڕ/هەرەس/ تۆڵە /شار/ پێدەشتى کارمامزە کوژراوەکان/شاری مۆسیقارە سپیەکان..تد)ئەو رۆمانانەن کە بابەتەکانیان رەنگدانەوەى کێشە کۆمەڵایەتى و مرۆیی و پەروەردەیەکانى کۆمەڵگا دواکەوتوەکانن و بابەتەکانیان گوزارشت لە خەم و ژیانى ساکارى ئەو مرۆڤانە دەکات کە لەو کۆمەلگایانە دەژین، کە چی دەبینین ئەو بەرهەمانە نەک هەر بەرۆمان هەژمار دەکرێن، بگرە وەک وتمان شاکاری جیهانیشن.ئەگەر بەوپێوەرەبێت و رۆمان تەنها لەو زەمینانە بنووسرێت،کە پێشکەوتوو پیشەسازی و مۆدێرنن، ئەی چۆن ئەو رۆماننووسانە توانیان ئەو شاکارە ئەدەبیانە بنووسن؟

 

ئاخۆ ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەو ئاماژە یە ناگەیە نێت،کەرۆمان بەرلەوەى بەرهەمى شارو هەر شۆرشێک بێت،بەرهەمى هزری مرۆڤە، بەدەر لەوەى لە چ ژینگەو شوێنێک دەژیت، پێشکەوتوو یادواکەوتو.ناوەرۆکى ئەو رۆمانانەى ئاماژەمان پێدان، هەموویان دەلالەت لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانى کۆمەلگەو دیاردە دواکەوتوەکان دەکەن. وێناکردنێکى دیکەى کۆمەلگایە، لەفۆرمى تێکستێکى ئەدەبیانەى جوان کە ژانری رۆمانە. ئەو رۆمانانە هەولێکن بۆ خوێندنەوەى کۆمەلگە لە چوارچێوەیەکى ئەدەبیانەى جوان. بە رادەیەک کاتێ دەیانخوێنینەوە ئیدى ئاشناى واقیع و ژیانى ئەو کۆمەلگایە دەبین.

 

لە راستیدا هیچ ژانرێکى ئەدەبى وەک رۆمان، ناتوانێ ببێتە ئاوێنەى کۆمەلگا. بەو مانایەى رەنگدانەوەى کێشەوگرفتەکانى ژیانى مرۆڤ بێت. لە رۆماندا چونکە پانتایی دەق بەبەراورد لە گەڵ ژانرەکانى تر لە ئاستێکى بەرفراوانتر دایە.بۆیەشە ئەو دەرفەتە دەرخسێنێت، کە بەوردى و چڕی تیشک بخرێتە سەر بابەتەکان. لەو سۆنگەیەشەوە، رۆمان دەلیڤەیەکى چاکە کە لێیەوە مرۆڤ، واقیعى کۆمەلگاکانى دنیای لێیەوە بخوێنێتەوە. دەشێ لە رێی رۆمانەوە خەمە کانى ژیانى مرۆڤ لەو کۆمەلگایانە ببینین و پێیەوە ئاشنا بین.بۆنموونە رۆمانەکانى وەک (هەزارخۆری درەوشاوە)و(وەرزى کۆچ بەرەو باکور)ئەو رۆمانانەن کە لە کێشەو گرفتەکانى ژن دەدوێن و باسی مەینەتى و نەهامەتیەکانى ئەو رەگەزە دەکەن، لە کۆمەلگاکانى خۆیاندا. کاتێ خوێنەر ئەو رۆمانانە دەخوێنێتەوە،هەست دەکات کە ژن چ بوونەوەرێکى چەوساوەو ستەم لێکراوە. ئەو رۆمانانە نە خشاندنى وێنەى ژیانى ژنە وەک مرۆڤ، کە لە چ نەهامەتى و مەرگەساتێک دەژیت.

 

بە تەنیا خوێنەوەى ئەو رۆمانانە بەسن بۆ ئەوەى ئێمە لەواقیعى کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی ژیانى ژن بگەین لەو کۆمەڵگایانە.لە کاتێکدا ئەو رۆمانانە لە ئاستى ژینگەى نووسیندا،بەرهەمى خودى ئەو کۆمەلگا دواکەوتوانە خۆیانن و رۆماننووسەکانیان لەوێ دەژین. کەواتە دەکرێ بڵێین رۆمان بەرهەمى شارێکى پێشکەوتووی پیشەسازی مۆدیرن نییە بە تەنیا، بە قەد ئەوەى بەرهەمى هزر و دنیابینى مرۆڤە لە چوارچێوەى ئەو شوێنەی تیایدا دەژیت.کۆی ژانرە ئەدەبیەکان و لە نێویشیاندا رۆمان بەرلەوەى بەرهەمى ژینگەیەکى بابەتى بن، لە سەرەتادا بەرهەمى هزرو بیرکردنەوەى مرۆڤە بۆ دەوروبەرو رووداوەکانى ژیانى. هەموو ئەو رۆمانانەى ئاماژەمان پێکردن، نووسەرەکانیان بە رهەمى ژینگەیەکى مۆدێرن و پیشەسازی و پێشکەوتوونین، بە پێچەوانەوە تەنانەت ئەو رۆماننووسانە بەرهەمى کۆمەلگایەکن، کە کۆمەلگایەکى خێلەکى و دواکەوتوو ناپەرەسەندوون و هێندێکیان هێشتاش بروایان بە چەو سانەوەى ژن هەیە. ژیان لەو کۆمەلگایانەدا ژیانێکى سادەو ساکارەو، بە رەنجامى پێشکەوتوویی پیشەسازى و سەرمایەداری و شاریی نییە،کە چى ئەو رۆمانانە کەوەک شاکارێکى ئەدەبی وێنا دەکرێن بە رهەمى ئەو کۆمەلگایانەن. کەواتە بە بۆچوونى من لۆژیکى نییە رۆمان ببە ستینەوە بە ژینگەى شارو ژیانى نوێ. یاخود بۆ چوونمان وابێت بۆ ئەوەى نەتەوەیەک رۆمانى وەک ژانرێکى ئەدەبى هەبێت، ئەوا دەبێ ئەو نەتەوەیە مۆدێرن و پیشە سازى و پێشکەوتوو بێت. ئەی ئەو کۆمەلگایانەى لە قۆناغی پێشکەوتووی پیشەسازی دانینەو رۆمانیشیان هەیەچ پێناسەیەک هەڵدەگرن؟ بە بۆچوونى من لەو جۆرە کۆمەلگایانەدا چونکە کێشە کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی و مرۆییەکان زۆرن، ئیدى هەموو ئەو بابەتانە دەبنە کەرستەى سەرەکى نووسین و جێگەى رامانى نووسەرانەوە.بەو مانایەى لە دووتوێی رۆمانەکانیاندا تیشک دەخەن سەر ئەو بابەتانەو لە بونیادى دەقدا بە رجەستەى دەکەن.ئەوەى لە نووسینى هەر ژانرێکى ئەدەبیدا گرنگە، سەرەتا دنیابینى و هەڵوەستەو روئیاکانى نووسەرە بۆ دیاردەکانى ژیان، نەک ژینگە کۆمەڵایەتى و ژیارییەکان.

 

ئەو رۆمانانەى لە خەم و خولیا و کێشەکانى مرۆڤ دەدوێن، لە رووى ژینگەى نووسینەوە بە رمەبناى ژینگەیەکى ژیاریی و پیشەسازى پێشکەوتوونین،کە چى ئەوەندە ئستاتیکى و بابەتیانەش نووسراون کە لە کاتى خوێنەوەیاندا، خوێنەر رووبەرووى هەزارەها پرسیار و گومان و لێکدانەوە دەکەن. وێراى ئەمەش کە خودى ئەو رۆمانانە وەک شاکارێکى جیهانى دەناسرێن و بۆ سەدان زمانى زیندووى دنیا وەرگێردراون. کەواتە ئەوەى لەرۆمان و هەر ژانرێکى دیکەى ئەدەبى گرنگە، بابەتى نووسینە نەک ژینگەو هەڵومەرجى نووسین لە ئاستێکى پێشکەوتوو یادواکەوتوودا.بۆنموونە دوو سەدە بەرلە ئێستا رۆماننووسى بە ناوبانگى جیهانى(فیکتۆرهۆگۆ) رۆمانێکى بە ناوى (کورەکەی نوتردام)نووسیوە. ناوەرۆکى ئەورۆمانە باس لە مرۆڤێکى بچوک و بستە باڵا دەکات کە خاوەن پێداویستى تایبەتە. واتە بونیادى فسیۆلۆژی و بایۆلۆژی بە شێوەیەکە جیاواز لە مرۆڤە ئاسایەکان. ئیدى بەو هۆیەوە دەکەوێتە بەر نەفرەتى مرۆڤەکانى تر و گاڵتەى پێدەکەن و توانجى تێدەگرن. وەک ئەوەى مرۆڤ نەبێت و جیاوازبێت لە ئەوان. ئەو رۆمانە لە رووی ژینگەى نووسینەوە، بەرهەمى کۆمەلگایەکى پێشکەوتوونییە بە مانا مۆدیرن و پیشە سازیەکەى، کە چى هۆگۆ ئەوەندە مرۆڤدۆستانەو هونەریانە ئەو رۆمانەى نووسیوەولە خەمى ئەو مرۆڤانە دواوە کە کەموکورتیەکى جەستەیان هەیە، کە خوێنەر حەز دەکات چەندین جار ئەو رۆمانە بخوێنێتەوە.لەرووى ژینگەى نووسینەوە، رۆمانێکى لەوشێوەیە، پەیوەست نییە، بە قۆناغێکى پێشکەوتووی ژیاری و مرۆڤایەتى،کەچى ئەو رۆمانە یە کێکە لەو شاکارە جیهانیانەى، ئێستاش لە ئاستى خوێنەوەوچێژی ئەدەبیدا، خوێنەران بە تاسەوە دەیخوێنەوە. واتە وێرای چەندین ساڵ بە سەر نووسینیدا، کەچى لە ئێستاشدا دەخوێنرێتەوە. کەواتە رۆمان پەیوەستە، بە هزر و دنابینى نووسەرەوە، نەک ژینگەو شار.


رۆماننووسی بە ناوبانگى جیهانى و براوەى خەڵاتى نۆبل، لە ئەدەبیاتدا(گابریل مارکیز) لە دیمانەیەکدا، کە لە بارەى ئەزموونى ژیان و سەرەتاکانى نووسینى خۆی دەدوێت، دەڵێت( سەرچاوەى هەموو چیرۆک و رۆمانەکانم، داپیرەم بوو! کە بە منداڵی داستان و چیرۆکى بۆ دەگێرامەوە، منیش بە کاتژمێر گوێبیستى دەبوم. بێگومان مارکیز، کە یەکێکە لە رۆماننووسە هەرە بە ناوبانگەکانى جیهان و شاکارەکانى، بۆ دەیان زمانى زیندووى دنیا وەرگێردراون، بەم شێوەیە باس لە ئەزموونى نووسینى خۆی دەکات. لە پەراوێزى ئەو بۆ چوونەى مارکیزەوە درک بەوە دەکەین کە رۆمان وەک هەر ژانرێکى دیکەى ئەدەبى، لە بنەرەتدا بەرهەمى خەیاڵ و ئەندێشە و تێروانینەکانى مرۆڤە بۆ ژیان، نەک بە رهەمى پێشکەوتن و مۆدێرنە. ئەزموونەکانى مرۆڤێکن کە لە ژیاندا بینیویەتى، لە دەرەنجامى ئەو ژینگە کۆمەڵایەتى و ژیاریەى تێیدا دەژیت. ئەو بۆچوونەى مارکیزى رۆماننووس دەیسەلمێنێت، کە رۆمان ئەزموونێکى خودیە بەرلەوەى بابەتی بێت. تێروانین و دنیابینى نووسەرە بۆ هەموو ئەو کردار و رووداوانەى، لە دەوروبەرى ئەودا روودەدەن و دواترشێوازێکى چیرۆک بە خۆوەدەگرن. لێرەوە ئێمە بەو راستیە دەگەین، کە رەگەزە ئەدەبیەکانى وەک، چیرۆکی ئە فسانەیی و داستانى میللى و حیکایەتى مێژوویی لە رووى دەرکەوتن و سەرهەڵدانیانەوە زۆر دەکەونە پێشەوەى رۆمان. بەومانایەى هەموو ئەو رەگەزە فۆلکلۆری و ئەدەبیانە، رۆَلیان هەبوە، لە دەرکەوتن و سەرهەڵدانى رۆماندا. ئەمە لەلایەک لە لایەکى ترەوە، ئەگەر رۆماننووس وەک کارەکتەرێک، لە بنەرەتدا خۆی بەهرەو ئەندێشەى نووسینى نەبێت،ئەوا ئەستەمە بە تەنها ئەزموونەکانى ژیان فێری رۆماننووسینى بکەن.مارکیز لە کاتێکدا ئەو رۆماننووسە بەناوودەنگە جیهانیەیە و رۆمانەکانى بە شاکارى جیهانى دەناسرێن، کەچی خۆی دانى پێدا ئەنێت، کە سەرچاوەى رۆمانەکانى لە سەرەتادا داپیرەى بوە.وێراى ئەمەش مارکیز وەک رۆماننووسێک زادەوبەرهەمى کۆمەلگایەکە کەنەک هەر پێشکەوتووپیشەسازى نییە، بگرە دواکەوتوشە. مارکیز بەرهەمى کۆمەلگایەکى حەشیشە خۆر و تلیاک خۆر و تەنانەت مرۆڤ کوژیشە، کەوڵاتێکى ئەمریکاى لاتینە. کە چى ئەو رۆماننووسە بە ناوبانگەى جیهانیشە.

 

رۆمانەکانى ئەو نووسەرە گوزارشت لە جوگرافیا و سروشت و رووداوبە سەرهاتەکانى کۆمەلگایەک دەکات،کە دەیان کێشەى سیاسی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتى و جڤاکى هەیە و بە هەموو پێوەرەکانەوە، ناچێتە نێو خانەى کۆمەلگایەکى پیشەسازی و بۆرژوازی پێشکەوتوو. کەچى دەبینین رۆمانەکانیشى سنوورى لۆکاڵیانەى خۆیان بریوەوبوونەتە شاکارى جیهانى و بە ملیۆنان خوێنەریان هەیە. کەواتە دەکرێ بپرسین نهێنى ئەو سەرکەوتنەى رۆماننووس لە کوێدایە لە نووسینى ئەوشاکارە جیهانیانە؟ لە کاتێکدا وەک باسمان کرد، رۆماننووس لە رووى ژینگەى کۆمەڵایەتی و ژیاریەوە زادەى کۆمەڵگایەکى مۆدێرن و پێشکەوتوونییە. بێگومان ئەمە دەریدەخات کە ئەزموونى نووسینى رۆمان زادەو بەرهەمى خەیاڵ و دنیابینى رۆماننووس خۆیەتى. وەک چۆن ژانرەکانى دیکەى ئەدەبیش، بە رهەمى دنیابینى و ئەندێشەى نووسەرن. مەرج نییە بە تەنها، لەو کۆمەڵگایانەى پێشکەوتوو ژیارین، بە ماناتەکنەلۆژی و پیشەسازیەکەى رۆمان بوونى هەبێت. بە پێچەوانەوە ئەمە پەیوەستە بە ئەزموونى نووسین و داهێنانى ئەدەبیەوە. بۆ نموونە هەموو وڵاتانى کیشوەرى ئەوروپا کە لەو پەڕی پێشکەوتن و کرانەوەوژیاریدان، بە قەد وڵاتانى ئەمریکاى لاتین، شاکارى جیهانیان لە بواری رۆماندا نییە و رۆماننووسی هەڵکەوتوویان تێدا نییە.کە چى ئەدەبى وڵاتانى ئەمریکاى لاتین، بەیەکێک لەو ئەدەبیاتانە دادەنرێت، کە زۆرترین خوێنەریان لە ئاستى جیهانیدا هەیەو شاکارى بە ناو بانگن و بۆدەیان زمانى زیندووى دنیا وەرگێردراون. لە کاتێکدا ئاستی پێشکەوتنى ئەو وڵاتانە، بەبەراورد لە گەڵ وڵاتانى رۆژئاوادا زۆر لە دواوەیە. وەلێ شاکارو داهێنانى ئەدەبیان نموونەیەکى هەرە دیارو زیندووى ئەدەبیاتى جیهانن. کەواتە لە پشت رۆمان و هەموو ژانرە ئەدەبیەکان وداهێنانە زانستى و فیکریەکان، هزرێک ئامادەیە کە بە رهەمى خەیاڵ و ئەندێشە و دنیابینى مرۆڤە،نەک ژینگەى شار و پێشکەوتنى پیشە سازى و تەکنەلۆژی...

 


sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک