په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١١\٢٠١٣

رۆشنبیرە ئابڕوومەندەکان کامانەن؟
پاسکال بونیفاس، لە پەرتووکە نوێکەیدا هێرشدەکاتە سەر

ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی کە راگەیاندنەکانی پایتەختی فەرەنسایان داگیرکردوە.

                                                                                                

    هاشم ساڵح                                                                                            وه‌رگێڕانی: جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم


ئەم پرسیارە توند و هەڵەشەیە دەخەمە روو: کێ دەتوانێت لەسەر رۆشنبیرە ئاژاوەچیی و ساختەچییەکان لە جیهانی عەرەبیدا پەرتووکێک بنووسێت؟ کێ بوێریی بونیفاسی هەیە بۆ نمایشکردنی ناوی ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیران؟ تا ئێستا دایک کەسێکی وای دروستنەکردوە! لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی یاسایی نییە بۆ پاراستنیی کاتێک چاویی لێسوردەکرێتەوە و چەندین لایەن ئامانجیانە پاکتاوی بکەن!


جارێکیتر پاسکال بونیفاس سەلماندیەوە کە ڕۆشنبیرێکی گەورەیە و ڕێز لە راستینە دەگرێت. حەق وایە فەرنسا شانازیی بەم جۆرە ڕۆشنبیرانەیەوە بکات. مەڵێن بوونی ئەم جۆرە رۆشنبیرە گەورانە کە ڕاستیی خۆشدەوێت و رێزی لێدەگرێت سروشتیی و ئاساییە، نەخێر پێچەوانەکەی راستە، چوونکە ژمارەی رۆشنبیرانی ساختەکارو چەواشەکار، یان رۆشنبیرە ماکیاڤیلییگەراییەکان کە مەبەستییان کردوە بە پاساو بۆ ڕەفتارەکانیان زۆر زیاترن لە ژمارەی ڕۆشنبیرە پاک و بێگەرد و ئابڕوومەندەکان.


بێگومان رۆشنبیرێک نییە پێمان بڵێت من دژی ڕاستییم و ناشەریفم! بە پێچەوانەوە خۆی زۆر بە ڕۆشنبیر و خەباتگێرێکی گەورە و شۆرشگێرێکی مەزن پیشاندەدات، بەو پەڕی خۆ بە زلزانین و خۆ بە گەورەزانین بەسەر هەموو ئەوانەشدا کە گیانی خۆیان دەبەخشن و خۆیان و ژیانیان دەخەنە بەردەم ریسکەوە لە پێناوی خۆشەویستیی و ڕێزگرتن لە راستیی. بەمەش دەتوانن ساختەکاریی و چەواشەکاریی خۆیان بشارنەوە. ئەم کردەوانەش ڕاستییەکان دەسرێتەوە و ئەوی سوکە قورس دەبێت و ئەوی قورسە سوک دەبێت و سپی دەبێت بە ڕەش و ڕەش دەبێت بە سپیی.


ئەو پێوەرە کامەیە کە بتوانیین ڕۆشنبیری پاک و ڕۆشنبیری ناپاکیی پێ بپێویین؟ تەنیا یەک شتە: ئەویش، ئەو نرخ و لەسەرکەوتنەیە کە داوێتی لە پێناویی هەڵوێستەکانیدا. بۆ هەڵسەنگاندنی هەر شۆشنبیرێک دەبێت بپرسین، ئایا ڕۆشنبیرییەکەیی و هەڵویستەکانی هیچ کەوتوە لە سەریی یان نا؟ ئایا ساتێک لە ساتەکانی ژیانی کەوتوەتە بەردەم هەڕەشەلێکردن یان نا؟ ڕاستەوخۆ ـ خودی خۆی ـ تووشیی هیچ شتێک بووە؟ جگە لە هەموو ئامانە، قسەکردن و زۆربڵێیەتیی خۆش و ئاسانە و بە دەم هیچی تێناچێت، هەرکەسێک دەتوانیت وەک گەورەترین خەباتگێر خۆی نمایشبکات، دەشتوانێت بە گوتار و لێدوان ڕۆژنامەکان پربکاتەوە، لە کاتێکدا لە یەکێک لە جوانتریین پایتەختی ئەوروپادا دەژیی و بە بێ ئەوەی هیچ زیانێکیی کردبێت و هیچ زیانێک بکات. ژیان و تەندروستی وەک خۆی بە خۆشیی و بەختیاریی دەباتەسەر و تووشی هیچ ریسک و دوژمنایەتییەک نابێت، لەوانەشە خۆی دەوڵەمەندبکات و ببێت بە ملوێنەر لە پشتیی ئەم خۆ نمایشکردنانەیەوە! خەڵکیش وا بیردەکەنەوە کە گەورەترین خەباتگێر و شۆرشگێرە لە مێژوودا، تەنانەت وانەی ئەخلاق و نیشتیمان پەروەریی لێوە فێردەبن! ئەمە حاڵەتی بەرزترین لوتکەی ساختەکاریی و چەواشەکاریی ڕاستییەکانە. لێرەوە دەگەینە ئەو حاڵەتەی کە بە مانای وشە پێیدەوترێت بێ ڕەوشتیی وئابرووبردن و بێ بەهاکردنیی فکریی سیاسیی. بەڵام خۆشبەختانە ئەم حاڵەتە هەموو خەباتگێڕ و شۆرشگێرە سیاسییەکان ناگرێتەوە. خەباتگێر و شۆڕشگێرە راستینەکان ئەوانەن کە بە بێ بەرامبەر کاردەکەن و هەوڵدەدن دژی سیستەمی گەندەڵ و ستەمکار و داگیرکار.

ئەوەی تێبینیدەکرێت، بە درێژایی مێژوو ڕۆشنبیرە گەورەکان ئەوانە بوون کە راونراون و دەربەدەرکراون و تەنانەت توشیی پاکتاویی جەستەیش بوون. کاتێکیش کە دەمردن گیرفانیان بەتاڵ بووە و پەلێکی تێدا نەبووە. گەورەترین نموونەشیان سوقرات بوو، کە گۆرا بۆ"بارادیغم ی مەزن" لە ڕۆشنبیریی و وشەی ئازاد دا، واتا بوو بە "نموونەیەکی باڵا" یان سیمبولی گەورەی شەرفی فکر. سوقرات نەوەی زۆری هەبوو کە کەمتر نەبوون لە مەسیح، یا جان جاک روسۆ، یان مارتن لوپەر و نیلسون ماندیلا..هتد. ئەرستۆ کاتێک هەستی بە ترسناکییکرد لە ژێر باڵی تاریکی رزگاری بوو، ئەم گوتە بەناوبانگەی دەربریی: "وازییان لێناهێنم چیتر تاوان بکەن بەرامبەر بە فەلسەفە".

هەرچەندە لە مێژووی بەشەریەت وردبینەوە لە رۆژئاوا و لە رۆژهەڵاتدا ڕۆشنبیرێکی راستینە نادۆزینەوە کە لەسەر نووسینەکانی و پەرتووکەکانیی و هەڵوێستەکانی نرخی زۆری نەدابێت و زۆر لەسەری نەکەوتبێت. مەرج نییە پاکاتاوی جەستەیی کرابێت! بەڵکو ئەگەر لەوەشکەمتر بەر شاڵاو و پەلامار کەوتبێت بەردەوام ئازاری پێگەیشتوە و بە رێکەوت رزگاریبووە لە کوشتن. ئەم جۆرە لە رۆشنبیران بە درێژایی چەندین ساڵ توشی راونان و تەنگەژە و ئازار و ئەشکەنجە بوون، بە زیندانییکردن، یان بە شەریی دەرونیی و مەعنەویی لە رێگەی تۆمەت خستەنەپاڵ و جنێودان و سوکایەتیی و هەڕەشەکردنەوە تووشی شکستی دەکەن... هتد. چەندین جۆری چەوساندنەوە و شەریی فیزیکی و دەرونیی لەگەڵ دەکەن.


بیرمەندی فەرەنسی، میشیل سیر دەلێت: بیرمەندێکی گەورەیی ئەوروپیی نەبووە کە بە ئارامیی توانیبێتیی چاوی لێکبنێت پێش سەرکەوتنیی مۆدێرنە و دەوڵەتی یاسا.

هەموو فەیلەسوفەکانی ئەوروپا نرخێکی گەورەییان دا و خەبات وتێکۆشانیان زۆر لەسەر کەوت، هەر لە غیوردانو برینو وە تا دەکات بە غالیلۆ، لەویشەوە بۆ دیکارت، کە لە دواجاردا دەرکەوت کە مردنەکەی بە کوشتن بووە نەک بە مردنێکی سروشتی، بە پێچەوانەی ئەوەی کە حیکایەتە ڕەسمیەکان بۆ ماوەی سێ سەدەو نیو خەڵکیان پێ چەواشەکرد. تەماشاکەن چۆن ڕاستییەکان دەرکەوت دوای نزیکەی چوارسەد ساڵ! ئەمەش بەو مانایە دێت کە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە، دەسرێنەوە، بەڵام نامرن و زیندودەمێنەوە! ئێستا کاتی ئەوەیە بچینە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، بزانین باسکاڵ چیی نووسیەوە و چیی دەڵێت لە ساڵی ٢٠١١ دا بە ناونیشانی:"ڕۆشنبیرە چەواشەکارەکان.. سەرکەوتنی راگەیەندنەکان بۆ پێدانی هەواڵی درۆ و شاردنەوەی راستیەکان" پەرتووکی دووەمی باسکاڵ کە لە پاریسدا چاپکرا و بڵاوکرایەوە بەم ناونیشانە ساکارەوە:" ڕۆشنبیرە ئابڕوومەندەکان"،یان " ڕۆشنبیرە بیگەردەکان"، ئەگەر بمانەوێت وەک خۆی تەرجەمەی بکەین، کامانەن؟

بونیفاس، لە پەرتووکی یەکەمیدا ‌هێرشێکی تووند دەکاتە سەر کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆژنامەنووس کە روخساریی راگەیاندنەکان و شاشەی تەلەفزوێنەکانیان لە پایتەختی فەرنسادا قۆرخکردوە. یەکێک لەوانە ڕۆژنامەنووس ئەلکسەندەر ئادلێر بوو، لێکۆرەوەی سیاسی و فریدریک ئانسێل و توێژەر فرانسوا هیزنبرغ و، ڕۆژنامەنووسی جەزائیریی محەمەد سیفاوی و، چەندینی تر جگە لە (لیفی) کەگەورە و سەرۆکەکەیان بوو. کە یەکێک بوو لە ڕۆشنبیرە چەواشەکارە گەورەکان لەو سەردەمەدا، وە دیارترین ئەستێرەی نێو شاشەیی تەلەفزوێنیی فەرنسیی بوو.


کێشەی گەورە لەوەدایە کە: ڕۆشنبیریی ڕاستینە هەندێک جار سەرکەوتوونابێت لە تەلەفزوێندا، یان لەسەر شاشەکەن بە کەمیی نەبێت دەرناکەوێت، یان خۆی نایەوێت خۆی دەربخات و ڕادەکات لە خۆ دەرخستن و خۆپیشاندان لە شاشەکانەوە. بەڵام ڕۆشنبیریی درۆزن و ساختەکار و چەواشەکار وەک پاڵەوان هەموو حەفتەیەک یان هەموو رۆژێک لە شاشەکانەوە دەردەکەوێت و وەک کەسی سەرکەوتووی نێو شاشەکان پیشاندەدریت!

بۆ ئەوەی بە باشی لە هەڵوێستەکە تێبگەین: من نامەویت هێرش بکەمە سەر هنری لیفی و بیکەم بە بابەت بە هۆکارێک یان بە بێ هۆکار، ناشمەوێت چاکە و سودەکانی ئەفرۆزەبکەم و رەتیبکەمەوە. ئەمە هەڵوێستێکی نەشیاوە و بابەتییان نییە، ئەوە باسکاڵە کە ئەو هێرشە دەکات نەک من. نەک هەرنامەوێت هێرش بکەمە سەری بەڵکو بە میتۆدە سەرنجڕاکێشەکانیش لە نووسینەکانیدا سەرسامم. زۆرجاریش بابەتەکانی لە گۆڤاری هەفتانەی"لوبوان"دا دەخوێنمەوە. پەرتووکە گەوەرەکەشیم لەسەر سارتەر خویندوەتەوە، هەندێک پەرتووکی ترییم خوێندوەتەوە و چێژم لێوەرگرتوە. بۆچی نەفیکردنی ڕاستیی؟ بەڵام ئەوەی من تێبینیدەکەم زیاد لە پیویست سیاسییە، وە میکاڤیللییگەراییەکی زۆر چالاکیی جددیە وەک بونیفاس دەڵێت.

ئەو ڕۆشنبیرە شەریفانەی کە بونیفاس لە پەرتووکە نوێکەیدا باسی لێوە دەکات ئەم ڕۆشنبیرانە دەگرێتەوە: ریجیس دوبریەی زۆر بە ناوبانگ، جان بوبیرو تایبەتمەند لە عەلمانەیت و بروتستانیەتدا، دۆست و هاورێم موحەمەد ئارگۆن. کە لەسەر دانەری ئەم پەرتوکە دەڵێت: ئەگەر من بیریی درۆزنانەم بەکاربهێنایە و گەشم پێبدایە، یان لە وانە وتننەوە گشتیەکانمدا فێڵمبکردایە و جەماوەرم بەو فروفێڵانە قایلبکردایە لە دوای نووسینی پەرتووک و نووسینەکانی بونیفاس لە ڕووم نەدەهات لە ئاوێنەشدا سەیریی خۆم بکەم. بۆ هەتا هەتایە لای خەڵک خەجاڵەتیم دەکێشاو و لە ڕوومنەدەهات خۆم پیشانبدەم. ئەم قسانەی ئارگۆنیش نیشانەی پاکیی و بێگەردیی و شەرییفیەتییە لە فکردا.


پێویستە لێرەدا ئاماژەش بە جان زیغلیری بیرمەندیی سویسریش بدەین کە هەموو تەمەنی خۆی لە پێناویی بەرامبەروەستانەوە و ڕەخنەگرتن لە عەلمانیەتی رۆژئاوادا بەسەربرد کە عەڵمانیەتێکی دۆرزنانەیە چوونکە وڵاتانی باشور برسیی دەکەن. هەروەها ئولیفییە مونجان وتیی: ڕۆشنبیرانی دەرەوەی شاشەکانی تەلەفزوێن رەگەزێکە خەریکە دەسرێتەوە و نامێنێت ئەگەر گەورەترین و بلیمەتتریین ڕۆشنبیرانێکیشبن لە جیهاندا!، ئادغارد موران، تودوروف، ستیفان هیسیل.. و چەندینیی تر. پاسکال بونیفاس دیالۆگی لەگەڵ پانزە ڕۆشنبیردا بە قوڵییکردوە لەم پەرتووکە دەگمەن و گرنگەدا.


کێ دەیەوێت پشوویی هاوینەی بەسەر بەرێت لەگەڵ پەرتووکدا، نەک ڕاکردن بە دوای کچاندا، با ئەم پەرتووکە بکرێت و بیخوێنێتەوە و پەخشی بکات و لەگەڵ خۆی بیبات بۆ کەنار دەریاکان و سەر لوتکەی شاخەکان.

پاسکال بونیفاس لە پرۆژەکەیدا دەڵێت: لەگەڵ لایەنی نەرێنیی گۆڕەپانی ڕۆشنبیریی فەرەنسیدا، من ویستومە لایەنە ئەرێنێکەشی پیشانبدەم. دەمەوێت بە نەوە خوێندەوار و بە دواداچووەکان بلێم: هەموو گەندەڵ نیین! ڕاستە کۆمەڵە رۆشنبیرێکیی درۆزن و چەواشەکار و ساختەکار هەن کە زیانیان داوە لە شەرەفیی ڕۆشنبیریی و فکر. بەڵام کۆمەڵە رۆشنبیرێکی ڕێزداریش هەن کە شایستەی خۆشەویستیی و شانازیین. کەواتە ناکرێت هەموویان لە سەبەتەیەکدا دابنێین. ئەمە ستەمە. ناکرێت لە لایەکەوە برنار هنری لیفی دابنێین و لە لاکەی ترەوە واتا بە تەنیشتێوە ریجیس دوبریە یان ئادغار موران یان ستیفان هیسیل دابنێیین، لە هەمان جێگە و شویندا!.

ئەوەی کە ڕۆشنبیرە گەورەکان تیاییدا هاوبەشن لەگەڵ جیاوازیی بیر و ئاراستەکانیاندا ئەوەیە کە بێ چەندوچوون ئەم گوتەیە ڕەتدەکەنەوە کە دڵێت: لە پێناوی ئامانجدا هەر ڕێگەیەک پاساوە. ڕۆشنبیریی بە بێ ئاکار یان بە بێ ئاسۆیەکی مۆراڵیی و مرۆیی فراوان یەک پول ناهێنێت، هەروەها سیاسەتیش. بە مانایەکی تر ڕۆشنبیریی بە ڕەوشت و مۆراڵبەرز و خاوەن ئاسۆیەکی مرۆیی مکیاڤیلییانە کار ناکات، وەک ڕۆشنبیرە هەلپەرستە چالاکەکانی نێو شاشەی تەلەفزوێنەکان.

رۆشنبیریی گەوەرە، ئەوانەن کە بەردەوام بە ئاراستەیەکدا کاردەکەن و دەڕۆن دژ بە شەپۆلە باوەکە، یان دژ بە ڕای گشتیی کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و حەشاماتی میللی فەرنسیی گەشیپێدەن و لەگەڵیدا هانگاودەنێن. ڕۆشنبیری گەوەرە بەرژەوەندی کەسیی خۆیان ناخەنە سەرو بەرژەوەندیی گشتییەوە، یان بەرژەوەندیی ڕاستیینەوە. ڕاستیینە لای ڕۆشنبیریی پاک و بێگەرد شتیکە کە هەستیپێدەکریت، واتا دەتوانرێت مامەڵەی لەگڵدا بکرێت لە ژیاندا بە پێچەوانەی ڕۆشنبیرە هەلپەرستەکانەوە. بۆەیە ڕۆشنبیری گەورە ئامادەیە لە پێناوییدا گیانی خۆی بەختبکات.

ئاردغار موران توشی دەردەیسەریبوو بە هۆی بەرگریکردنی لە ڕاەوایەتی مافی فەلەستینیەکان و داواکاریی بۆ ئاشتییەکیی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکاندا، یان بە شێوەیەکی گشتیی لە نێوان عەرەب و یەهودیەکاندا. هەمان دەردیسەریش توشی بیرمەندی سیاسیی گەورە ستیفان هیسیل ـیش هات.

لە دواجاردا، ئەم پرسیارە توند و هەڵەشەیە دەخەمە روو: کێ دەتوانێت لەسەر رۆشنبیرە ئاژاوەچیی و ساختەچییەکان لە جیهانی عەرەبیدا پەرتووکێک بنووسێت؟ کێ بوێریی بونیفاسی هەیە بۆ نمایشکردنی ناوی ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیران؟ تا ئێستا دایک کەسێکی وای دروستنەکردوە! لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی یاسایی نییە بۆ پاراستنیی کاتێک چاویی لێسوردەکرێتەوە و چەندین لایەن ئامانجیانە پاکتاوی بکەن!

______________________________
http://www.aawsat.com/details.asp?section=28&issueno=12692&article=741444

 

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک