په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٨\٢٠١٧

رۆشنبیر و بوێریی.

ئاری محەمەد سابیر  


رۆشنبیرانی کۆمەڵی ئێمە کە کۆمەڵێکی کراوە نییە و دوورە لە کۆمەڵێکی پێشکەوتوو، ڕیژەی پێشکەوتوویی کەمە! ھیچ لە بوارەکانی پێشکەوتن و ژیان نایگرێتەوە نە پیشەسازیی نە کشتوکاڵیی بە ڕووکەش شارستانیی! سەربەخۆش نییە لە ڕوویی ئابووریی و تەواو ڕووخاو لەو بەشەی باکووری عێراق کە ھەرێمی کوردستانە ئەمەش بووتە ھۆی ئەوەی تەواو کاریگەریی خۆی بەسەر دام و دەزگاکان و بواری ژیان ھەبێت زیاد لەمەش کورد لە زۆربەی قۆناغەکانی ژیان شوناسی تەواو و ددیاریکراوی خۆی نەبووە بەردەوام لەبەردەم ھەڕەشەی لەناوچوون و توانەوە بووە! تا ئێستا کۆمەڵی کوردی بە داخراویی و بەردەوام لە خۆ بچووککردنەوە و پەراوێزدایە.

 

لێرەدا رۆشنبیرەکان لە قۆناغەکان ڕۆلی کاریگەریان نەبووە بەپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵ و پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان و کەلەپوور و کەلتوور و ھۆشیاریی تاک، رۆشنبیر زادەی ئەم کۆمەڵ و کەلتورەیە و ڕەوڕەوەیەکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەیە ئامادەبوونێکی سەرتاسەری ھەیە لە ژیانی خەڵک ، لێرەدا دەگەینە ئەوەی ئەرک و بوێریی (رۆشنبیر) لە کۆمەڵدا چیە؟ لەسەر گەشەکردنی ژیانی خەڵک و سیاسەت و کەلتوور، بەڵێ رۆشنبیر دەتوانێ تۆی یاخیبوون لە ناخی خۆی وتاکی کۆمەڵگە بچێنێ، ڕەخنەی ھاوچەرخ و سەردەمیانەی بێ ترس و دوور لە تڕادیسۆن و کاریگەر بخوڵقێنێ، رۆشنبیر بە ھەڵسوکەوتیش دەبێ بیسەلمێنێ کە مرۆڤەکی ھوشیارە و تا بوونی خۆی جێگیر بکا.

 

رۆشنبیری بوێر خاوەن دیدگایەکی هزریی و رەخنەییە و چاودێرە و ھەردەم لە تێڕامان و بیرکردنەوەیە. رۆشنبیرانی ئێمە دەبێ سەرەتا گشت ژیان و گیانی خۆی بۆئەم پیشەیە تەرخان بکات ئامادەی ئەوەبن تیڕۆر و سەرکوت بکرێن! بۆیە دەبێ بێ دوو دڵی دژی ستەم و زۆرداریی بوەستنەوە، پێویستە رۆشنبیران مامەڵە لەگەڵ ئەزموونەکان بکەن لە پێناوی دادپەروەری و سەربەخۆیی،وتەکانیان بەرھەمەکانیان ئاڕاستەی حکومەت و دەوڵەت بکەن و بۆچوونی خۆیی بۆ ھاوڵاتی روونبکاتەوە لە ھەر شوێنیک بێت. لەم قۆناغەی ئێستادا رۆشنبیرانی ئێمە نازانن باسی چیدەکەن!؟ پەیامی رۆشنبیریان چیە؟ ڕەخنە ون بەرھەمە ئەکادیمیەکانیان کامانەن؟

 

رۆشنبیرانی کورد لە دۆخێکی نالەباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەژین !بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێ پەیامێکی ڕاستەقینە و بوێرانەی ھەبێت شێلگیرانە لایەنە شاراوەکانی ئەم باروودۆخە ئاشکرا بکەن ھەمیشە خوازیاری دۆخێکی باشتربن بۆخۆیان و کۆمەڵگە بەڵام تێبینی دەکرێ رۆشنبیری کورد نەگەیشتۆتە خۆ یەکلایکردنەوەی ئەکادیمی و بوێرانە بۆ دونیایی رۆشنبیری ئەمڕۆمان ئەمەش زیاتر بە ھۆی ئەو ناتەبایی و نائومێدیی و لێکدابڕانە نەتوانراوە دیراسەیەکی کۆمەڵگەی کوردی بکرێت لە ڕوویی سیاسی و فەرھەنگیی و کەلتووریی.

 

جا پێویستە رۆشنبیری کورد دیالۆگی عاقلانەو بەویستی خۆی کەلێنەکان پڕبکاتەوە بەرەوئاڕاستەیەکی ڕوون ھیچ پاساوێکی نامێنێت دەتوانێ بە ئاسانی پەیوەندیی و گفتوگۆ لەگەڵ جەماوەر و جیھان بکات و خۆی بناسێت و ناسنامەی خۆی بە ڕوویاندا ڕابگری کە ئێستا سەردەم سەردەمی تەکنۆلۆژیایە. جیاوازی ڕۆشبیری نەریت و ڕۆتیناوی و رۆشنبیری بوێر خاڵی یەکلاکەرەوەیان ھەیە بە ھەڵوێستەکانیان، چونکە ئەو شتانەی داکۆکی و پاڵپشتی دەکەن کۆمەڵێ پێوەرن بۆ ڕ ۆشنبیری ڕاستەقینە! ڕۆشبیری ڕاستەقینە تووشی باری تۆقان و لێدان و سێدارە دەبنەوە. ھەر ناوچە و شوێنێک رِۆشنبیری تایبەت بە خۆی بەرھەم ھێناوە. لە مێژووی نوێدا ھەر شۆڕشێک کرابێ بە بێ رۆشنبیر نەکراوە، رۆشنبیر دایک و باوکی کۆمەڵگەی زیندوون ئەم ئامادەیەش لەوەدا گرنگە کە ئازایانە و خۆڕاگرانە پابەند بن بەوەی کە ناتوانن لەگەڵ ژیانێکی ڕۆتین و بێزارکەر خۆیان بگونجێنن.

 

 

areezendiny40@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک