رۆشنگه‌ریی و پارادۆکسه‌کانی چه‌مکی له‌سێداره‌دان له هه‌ڵوێستی (تاڵه‌بانی)دا.
سیروان بابه‌عه‌لی
(کانت) ده‌ڵێت: {بیر له زۆرشت ده‌که‌مه‌وه، که به دروستیان ده‌زانم و ناتوانم بیانڵێم... به‌ڵام هه‌رگیز شتێك ناڵێم که به‌دروستی نه‌زانم!}. وارسکه‌ی مرۆڤویستیی (هیومانیزم) له ئه‌وروپا؛ زیاد له‌هه‌ر چاخێك قه‌رزداری دوو گوژمه‌ی مێژوویی ئاراسته‌کردنی ژیار‌و ئاوه‌زاندنی پانتاییه‌کانی بیرکردنه‌وه‌و بڕیاردانی مرۆڤه... که چاخی (ژیانه‌وه - رێنایسانس) گرنگترین و بنه‌ڕه‌تییه‌و ((له‌نووسینێکی دی دا به‌شداری باسکردنی ده‌بم))... وه (رۆشنگه‌ری- رێکۆنایسانس) که کاریگه‌رترینه‌و، لێره‌دا به‌مه‌به‌ستی له‌مه‌حه‌کدانی هه‌ڵوێستێکی (تاڵه‌بانی- گه‌وره ڕامیاری کورد) باسێکی کورتی ده‌که‌م... رۆشنگه‌ریی؛ قۆناخی په‌ڕینه‌وه‌ی هزرو سایکۆلۆژیایه، له باوه‌ڕگیریی(دۆگما)و، گریمانه‌ی به‌رزه‌فته نادیاره‌کان و، خود به‌که‌م و که‌مینه زانی مرۆڤ... به‌ره‌و ئاوزان و، ئه‌رزشبه‌خۆدان و، دژی تاکسالاریی(مۆنارکیی) و، ده‌سه‌ڵاتی گشتگری دێر و، قۆرخکردنه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان... له رابه‌رانی رۆشنگه‌ریی؛ له ئینگلته‌را (فرنسیس بیکۆن "باکۆن" 1561- 1626) و (تۆماس هۆبز 1588- 1679) و (جۆن لۆك 1632- 1704)... له فه‌ره‌نسا (فرانچۆیس ڤۆلتاریی"ڤۆلتێر" 1694- 1778) و (جان جاك روسۆ 1712-1778) و (دێنیز دیتریۆت 1713- 1784) و (چارلس مۆنتسکویو 1689- 1755)... له ئه‌لمانیا (گۆتهۆلد لێسینگ 1729-1781) و (ئیمانوێل کانت 1724- 1804) و (فریدریك ڤۆلف 1759- 1824) رۆشنگه‌ریی له‌ئه‌وروپا، پاشخان(باگراوند)ێکی رۆشنبیریی "ئاکاریی- هزرزانیی" فره‌ڕه‌هه‌ندو به‌ربڵاو بزواندی... كه له‌ئاڕاسته‌ی دووردا بووه رووگه‌ی گۆڕین و پاکژکردنه‌وه‌ی مۆرالی "تاك" و په‌یوه‌ندییه به‌ژه‌نگ ئالووده‌کانی مرۆڤ به مرۆڤ... ئه‌وکاته‌ی ئاوه‌زاندن(ڕاسیۆنالایز)ی چه‌مکه فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر سایکۆلۆژیای "تاك" ی کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌وروپاو دیدگا ژیارییه‌کانی دانا، واته که دیالێکتیکی کۆی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌ره‌و ئاقارێکی ته‌ندروست و ئاوه‌زمه‌ند به‌رهه‌ڤ کرد... له ره‌هه‌ندی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی هزردا، مرۆی ئه‌وروپی گه‌یانده مۆرالێك که هه‌رئه‌وه‌نده‌ی باوه‌ڕی به "نوێ" یه‌ك هێنا، کۆرپه‌خۆ له‌هه‌ناویدا ببێته جێگره‌وه‌و... هیچ بوارێك بۆ په‌ڕگریی(تطرف)ی هه‌سته‌کان نه‌هێڵێته‌وه... وه تێز‌و ئایدیا نوێیه‌کان به‌رده‌وام نۆژه‌ن و ده‌مه‌زه‌ردی په‌یوه‌ندییه "ماتریال - سۆسیۆلۆژییه‌کان" بکه‌نه‌وه‌و... ئاوه‌زی مرۆڤ ببێته پاڵنه‌ر(مۆتیڤ)و بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی هه‌ڵوێستی تاك(ئیندیڤیدیوم)و له‌کۆی گشتیی‌دا هه‌ڵوێستی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاو گه‌شه‌سه‌ندنی... دواجار ئه‌و ئاکاره به‌رهه‌مهاتووه بووه خه‌سڵه‌تی هه‌ڵویستی تاك له‌پانتایی "رۆشنبیریی جه‌ماوه‌ریی" کۆمه‌ڵگا بۆرژوازییه‌کان... وه خه‌سڵه‌تی هه‌ڵوێستی کۆی کۆمه‌ڵگا له‌پانتایی "رۆشنبیریی گه‌لیی" کۆمه‌ڵگا سۆسیالیستییه‌کان سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌ڵاته گشتگر(تۆتالیتا‌ر)ه‌کانیان... وه به ئاستێکی زه‌قتر له‌نێو توێژی کرده‌نه‌خواز(پاسیڤیست)ی نێو هه‌ردوو پێڕۆ(سیستم)ه‌که. هه‌ر (کانت) ده‌ڵێت: {ئه‌وه‌نده ئازایه‌تیت هه‌بێت، که ئاوه‌زت به‌ڕێوه‌ت ببات!}... له‌راستییدا دواتر ده‌توانین فراژۆی ئه‌و مۆراله مرۆڤویسته به‌ره‌و جوانبوونی مرۆڤ، به فه‌لسه‌فه‌ی (جوانیی په‌یوه‌ست the dependent beauty) ی (کانت) پێناسه بکه‌ینه‌وه که جوانی مرۆڤ په‌یوه‌ستده‌کات به کۆمه‌ڵێك جوانیی به‌ده‌ستهاتوو نه‌ك خۆزا... ((که ڕاڤه‌ی ئه‌وه‌یش نووسینی تایبه‌تی پێده‌وێت))... وه‌لێ، ته‌نانه‌ت سه‌رده‌مانێك پێش تێز‌و پره‌نسیپه پراکتیزه‌بووه‌کانی (کانت)یش، له‌واری فه‌رهه‌نگییدا هه‌ر له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده، بزووتنه‌وه‌ی داکۆکی مرۆڤ له‌بیروڕای "خود" له‌ئاستی تاکدا گه‌شه‌ی کردبوو بۆ مۆرالی داکۆکی له بیروڕای "تاکی به‌رامبه‌ر"... بۆیه جێی سه‌رسوڕمان نییه له‌کاتی سووتاندنی په‌ڕتووکه‌کانی (رۆسۆRousseau ) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و دێر(که‌نیسه)، نه‌یارێکی هزریی خۆی که (ڤۆلتێر Voltarie)ه، سه‌ره‌ڕای ناچونیه‌کیی و ناکۆکیی تێز‌و لێکدانه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانیان بۆ کۆمه‌ڵگا، هێشتا ئاماده‌ده‌بێت له‌پێناوی هه‌ر ووشه‌یه‌کی تابۆکراوی "رۆسۆ" خۆی به‌کوشتبدات... وه دروسته بۆ ساته‌کانی پرۆسێسی دوور به‌ڵام نه‌وه‌ستاوی خه‌مڵینی ئه‌و مۆراله له‌کاره‌کته‌ری تاکی (خۆرئاوا- ئۆکسیدێنت) بڵێین؛ که تاکی رۆژئاوا چه‌نده له دژواریی ئه‌و ململانێیه‌ی ئاوه‌ز له‌به‌رامبه‌ر سایکۆلۆژیای خودی خۆی تێده‌گه‌یشت... ئه‌وه‌نده‌یش ره‌هه‌ندی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئاوه‌زو له‌به‌رژه‌وه‌ندی مروڤ به‌هه‌ند وه‌رده‌گرت... ئێستا بۆکه‌سێکی ڕۆژئاوایی زۆر ئاساییه؛ که ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆیش "که‌سێك- پارتێك- بزووتنه‌وه‌یه‌ك" به‌نوێنه‌ری خواسته‌کانی بزانێت، سبه‌ینێ ئه‌وده‌نگه‌ی لێوه‌ربگرێته‌وه‌و رسوای بکات و بیداته "که‌سێك- پارتێك- بزووتنه‌وه‌یه‌ك" ی دی... وه دواجار هه‌ر ئه‌و ئاکاره دانه‌یه‌که له خه‌سڵه‌ته زێده گرنگه‌کانی نێو په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سیستمی دێمۆکراسی، که له‌کۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا له‌سۆنگه‌ی ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌و پاشخانه ئاوه‌زییه، وه له‌کاتی هاوردن (Import) ی دێمۆکراسی، سیسته‌می گه‌وجو گۆجو ناقۆڵای رامیاریی وه‌ك له‌مه‌ڕ ئێمه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه ((دیاره لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر مه‌رجه سۆسیۆ-ئه‌نثرۆپۆ"کانی تری گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ دێمۆکراسییبوون نییه)). به‌ڕای من گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ و دژه‌ن(پارادۆکس)ی پانتایی رۆشنبیریی ئێمه، له‌و بۆشایی(دیستانز)ه بیابانییه‌ی، نێوان هزرزانیی(ئه‌پستمۆلۆژیا)ی، رووناکبیرانی کۆمه‌ڵگاو... چۆڵیی هزرو دیدگای ده‌سه‌ڵاتداران له "به‌ئاوه‌ز بڕیاردان" دایه... که‌ته‌نها فه‌رمانڕه‌واکان جڵه‌وی توانسته‌کانی گۆڕینی کۆمه‌ڵگایان له‌مشته‌و پانتایی گۆڕانیان پاوانکردووه... هه‌ربۆیه هه‌ڵه‌یه‌کی هزرزانییه که زۆرکه‌س خه‌وشه‌کانی ده‌سه‌ڵات له (بێمۆرالیی) ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بینن… له‌کاتێکدا به‌مۆرالکردنی په‌تیی، په‌تایه‌کی کوژه‌ری ئاوه‌زی کۆمه‌ڵگایه‌و... هه‌رچی [به‌شکۆ گه‌یاندنی سه‌رکرده- ستایشی کوێرانه- ملکه‌چیی بێمه‌رج- خۆبه‌کوشتدان- پیرۆزاندنی کوژراوه براکوژه‌کان بۆ هه‌ڵپه‌ی زیاتر به‌کوشتدان] ده‌ره‌نجامی پابه‌ندیی رووتی مۆرال و دوورکه‌وتنه‌وه‌ن له ئاوه‌زمه‌ندبوون!... وه سامناکییه‌که له‌وه‌دایه؛ که له کۆمه‌ڵگاکانی (رۆژهه‌لات- ئۆرێنت)، وه‌ك رۆژئاوا مۆرالی کارله‌سه‌رکراو به‌ئاوه‌زی ته‌ندروست چێ نه‌بووه... ته‌نانه‌ت ئاماده‌بوونی خودی ئاوه‌زی ته‌ندروست نیشانه‌ی پرسیاری له‌سه‌ره! من له‌و روانگه‌یه‌وه ده‌مه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر پرسی (له‌سێداره‌دان) بکه‌م؛ ده‌سه‌ڵاتی له‌سێداره‌دان ته‌نها وێنای هه‌ژموونی فیزیکی مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه نییه بۆ له‌ناوبردن... به‌ڵکو پارادۆکسی دیدگای مرۆڤێکی "هه‌بوو" ه، به‌رامبه‌ر مانای "هه‌بوون"ی هاوتوخمه‌که‌ی له پانتایی کۆمه‌ڵایه‌تییدا... له‌ناوبردنی هه‌بوویه‌کی هاوشێوه‌ی خود، په‌سنێکی بۆماوه‌یی سه‌رده‌می به‌ر له ئاوه‌زمه‌ندیی مرۆڤه، که مرۆڤ وه‌ك هه‌ر گیانله‌به‌رێك له‌پێناوی مانه‌وه‌دا ده‌بوو له‌خۆیبگرێت... به‌سروشتی و ساکارزانیی له‌ناوبردنی "مرۆڤ بۆ مرۆڤ" له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی هۆشمه‌ندیی و پێگه‌یینی شارستانییه‌ته‌کان کاڵده‌بێته‌وه‌و… له ڕۆشنگه‌رییه‌وه خورتتر کار بۆ نه‌هێشتنی ده‌کرێت و، له ئاکارناسیی(ئێتیك)دا، وه‌ك یه‌کێك له‌په‌سنه جیاکاره‌کانی مرۆڤ به‌گیانله‌به‌ری تر چاوی لێده‌کرێت. منیش دژی له‌سێداره‌دان (کوشتنی یاساییم)... به‌و باوه‌ڕه‌ی که ره‌وانییه هیچ یاسایه‌ك بۆ ره‌واپێدانی کوشتن بمێنێت... ئه‌و هه‌ڵوێسته په‌یوه‌سته به به‌رزه‌فت(کۆنترۆل)ی ئاوه‌ز بۆ سه‌رله‌به‌ری (فیزیۆ- بیۆلۆژیا)ی خود‌و دوورکه‌وتنه‌وه له‌بڕیاردان به مۆرال... چونکه کاتێك مرۆڤ ده‌گاته ژیروێژ(لۆژیک)ی باوه‌ڕ به پره‌نسیبێکی زۆر ساده؛ که هه‌رگیز مرۆڤ نابێت ڕێگا به‌خۆی بدات، هاوتوخمێکی هۆمۆسایپێنس له‌ناوببات و هیچ پاساوو میکانزمێکی له‌ناوبردن ره‌وایه‌تی به‌و له‌ناوبردنه نادات... له‌کاتێکیشدا ئێمه ده‌زانین که هۆشمه‌ندیی مرۆڤ، له‌واری ئه‌نثرۆپۆلۆژییدا، ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته ڕاده‌ی دوانه‌سایپێنس (سایپێنس سایپێنس)و به‌ره‌و پله‌ی زۆربڵندی سیانه‌سایپێنس (تریپڵ سایپێنس) گه‌شه‌ده‌کات... وه گشت تانوپۆ ئاوه‌زییه‌کانی ئاکار‌و ڕه‌وشت، به‌هزرو هۆشمه‌ندیی مرۆڤ ئاشنابوون... ئیتر مرۆڤ کۆرپه‌خۆو به‌بێ هیچ مه‌رج و پاساوو ئه‌گه‌رو به‌ڵامێك، له‌ناوبردنی هه‌رجۆره هاوتوخمێك به‌بێ مشت‌ومڕ ره‌تده‌کاته‌وه... جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه که مرۆڤێکی ئه‌وروپی ئه‌و هۆشمه‌ندییه له‌به‌ر دوو هۆکاری "چۆنیه‌تی و سات"، واته ته‌ندروستیی له ئاوه‌زمه‌ندبوون و ئه‌و ره‌وته درێژه مێژووییه‌ی پیایدا تێپه‌ریوه، به مۆرالی موتوربه بووه‌و... پێویستی به هزرزانیی و شڕۆڤه‌ی ئاوه‌زیی نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیارێکی له‌وجۆره بدات و، ئیتر بنه‌مای باوه‌ڕه ساکاره‌کانی به ژیاریی پێکدێنێت... له‌کاتێکدا ئه‌وه له‌لای مرۆڤێکی رۆژهه‌ڵاتیی ته‌واو پێچه‌وانه‌یه ((بۆنموونه؛ هه‌رچه‌نده من به‌هه‌ست، تائاستی هه‌نجنکردن له‌گه‌ڵ له‌ناوبردنی "صدام" بووم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ئاوه‌زی مرۆڤویستیی ته‌نانه‌ت دژی له‌سێداره‌دانیشی بووم)). له‌ئێسته‌وه، قسه‌م له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانی به‌ڕێز (تاڵه‌بانی) ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌و پرسه؛ ئه‌و ئه‌وکاته‌ی خۆی له بڕیار‌ی له‌سێداره‌دانی (صدام) دزیه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی "جێگره‌کانی سه‌رکۆماره‌وه" ئه‌و پرسه‌ی دیزه‌به‌ده‌رخۆنه کرد، ئه‌و وه‌ك "رامیارێکی ئاوه‌زمه‌ند" نه‌ك " ئاوه‌زمه‌ندێکی رامیاریی" ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نواند!.. ئه‌و به‌هۆی ئه‌ندامبوونی له سۆسیال‌دیموکراتی جیهانیی، هاوشێوه‌ی ئه‌وروپییه‌کی ئاوه‌زمه‌ند بڕیار‌ی ئه‌و فێڵه یاساییه‌ی نه‌دا... به‌ڵکو به‌ئاوه‌زی ئه‌وروپییه‌کان هه‌ڵوێستی وه‌رگرت... واته نه‌په‌رچه‌کرداری مۆرالیی دژه (صدام)یی خه‌ڵك و، نه ئاوه‌زمه‌ندیی ژیاریی و، نه بڕوا‌بوون به پره‌نسیبه مرۆییه‌کان پشکیان له‌وێدانه‌بوو، به‌هێنده‌ی ئه‌وه‌ی پراگماتیی زیاده‌ڕه‌وو به‌رژه‌وه‌ندخواز " به‌مانا مایکیاڤیلیه‌که‌ی" ئه‌وهه‌ڵوێسته‌ی نواند، دروست وه‌ك نموونه‌ی [ملدانی "تورکیا" به هه‌بوونی کورد له‌و وڵاته له‌ژێر فشاری ئه‌وروپییه‌کان!]. له‌به‌رئه‌وه‌یه ئه‌وکاته‌ی سه‌رکرده‌یه‌ك ناتوانێت، نه به‌ئاوه‌زی که‌سیی "خود" و نه به‌مۆرالی ئازارچه‌شتووی رۆژهه‌ڵاتیی میلله‌ته‌که‌ی بڕیاربدات... ئه‌وا گه‌وره‌ترین خه‌مساردیی به‌رامبه‌ر ئاوه‌زمه‌ندکردنی کۆمه‌ڵگا خۆیده‌نوێنێت!. که‌ده‌نگۆی له‌سێداره‌دانی (سلطان هاشم)ی قاره‌مانی جینۆساید که‌وته نێو شڕۆڤه‌کانی راگه‌یاندن، به‌ڕێز تاڵه‌بانی هه‌ڵوێستێکی " ناچیزتر و ناجۆرتر" ده‌نوێنێت که دژی له سێداره‌دانه‌که‌یه، به‌پاساوی په‌یوه‌ندیی ڕابوردووی (سلطان هاشم) به تاڵه‌بانی... که دوایی ده‌رکه‌وت هه‌ڵوێسته‌که‌ی ته‌نها په‌یوه‌ست و سێبه‌ری خواسته‌کانی ئه‌مه‌ریکا بوو! ... ئه‌وکاته خواسته‌که‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی کرایه پڕۆژه‌ی ده‌ستکاری بڕیار‌ی سزادان و پێشکه‌ش به‌په‌ڕله‌مانی عێراق کرا، به‌ڵام مۆرالی رۆژهه‌ڵاتیی شیعه‌کان نه‌یهێشت به "ئه‌رێ" بڕیار‌ی له‌سه‌ربدرێت و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تکرایه‌وه... که ده‌بوایه ئه‌وه زه‌نگێکی وریاکه‌ره‌وه بوایه بۆ تاڵه‌بانی و زۆر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه مکوڕ نه‌بوایه. من وایده‌بینم که‌ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی تاڵه‌بانی زۆر مرۆڤانه‌تر ده‌بوو، گه‌ر بهاتباو به‌باوه‌ڕه‌وه بیگووتایه؛ [له‌به‌ر دژایه‌تی بۆ سزای له‌سێداره‌دان و کوشتنی مرۆڤ "ئه‌و مرۆڤه هه‌رکه‌س بێت" دژی ده‌وه‌ستێت]، نه‌ك ده‌ربڕینی وا هه‌ڵه... به‌ڕێز تاڵه‌بانی له‌و که‌سانه‌یه که له‌کاتی ده‌ربڕینه رامیارییه‌کانی، که‌مترین کات، بایه‌خ به میتۆدی کار‌و کاردانه‌وه (ئاکسیۆن و ڕیئاکسیۆن) ده‌دات... وه چه‌مکه رامیارییه‌کانی ئه‌و، که‌متر وه‌ڵامن بۆ پرس و خواستی خه‌ڵك و هه‌میشه زۆرترین پرسیار ده‌وروژێنن! ئه‌گه‌ر ئێمه خواستی ئه‌مه‌ریکای لێده‌ربکه‌ین و قسه‌مان ته‌نها له‌سه‌ر شڕۆڤه‌ی بیروڕاکه‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی بێت بۆ ئه‌و که‌یسه... ناگووته‌نه که‌بڵێین (سلطان هاشم) ی " ئه‌وسا وه‌زیر"، په‌یوه‌ندی به تاڵه‌بانی " ئه‌وسا سکرتێری پارتێکی له ده‌وڵه‌ت قاچاخ " هه‌بووبێت، به‌ڵکو پێچه‌وانه‌که‌ی به لۆژیك ئاشناتره!.. سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی، سه‌ره‌ڕای تراژیدیا‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌یش، جار هه‌بووه وه‌ڤدی به‌رزیان ناردۆته لای رژێم، که تێیدا به‌لای زۆرییه‌وه "گه‌مار" ێکی وه‌ك (علي کیمیاوی)یان بینیوه!.. جگه‌له‌وه‌یش بۆ خودی به‌رێز تاڵه‌بانی، ئازایه‌تیه‌کی پاسیڤی زۆر به‌جه‌رگانه‌یه که داکۆکی نابابه‌تیی و نائاوه‌زیی و نامۆرال له تاوانبارێکی سه‌ره‌کی تراژیدیایه‌کی وه‌ک (ئه‌نفال) ده‌کات... که ئێمه ده‌زانین؛ تاڵه‌بانی راسته‌وخۆ سه‌رکرده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی قوربانیه‌کانه‌و ته‌نانه‌ت پاساوی تراژیدیاکه‌یش لای ڕژێمی به‌عس له‌پله‌ی یه‌که‌مدا زاده‌ی هه‌ڤبوون و خه‌باتی پارته‌که‌ی خودی تاڵه‌بانی بوو... که ئه‌و هه‌ڵوێسته له‌باری ئاوه‌ژوودا ده‌کاته ئه‌وه‌ی [ که که‌سێك هۆکاری راسته‌وخۆی کوژرانی که‌سێکی بێتاوانی نزیك به‌خۆی بێت و دوایش به‌رگری له‌بکوژ بکات] که دواجار ناراسته‌وخۆ، ئه‌و ره‌فتاره کار بۆ وێناکردنی هه‌ماهه‌نگی و دینامیه‌تی پره‌نسیپه‌کانی ئامرازی کوشتن و هۆکاری کوشتن ده‌کات و له‌مۆرالی قوربانییدا ده‌چنه خانه‌یه‌که‌وه!... ته‌نانه‌ت له چخزی بێگوناهترین مه‌به‌ستدا ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی ده‌چێته خانه‌ی، خوێ به‌زامه‌وه‌کردن و ئه‌نفالکردنه‌وه‌ی زیندووانی ئه‌نفال... ئه‌مه جگه له‌وه‌ی یه‌کلابوونه‌وه‌ی ئه‌وپرسه به‌پێوه‌ره‌کانی دادوه‌ریی، چاری نیوه‌لا (compromise) له‌خۆناگرێت و (سلطان هاشم) له به‌ره‌ی داکۆکیکاراندا له تاوانکاره‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ پاڵه‌وان (Hero-Held)، که ئه‌وه‌ش جارێکی دی ڕه‌وان(روح)ی خاوه‌نقوربانیی زامدارده‌کات. هه‌رچی پاساوی سۆسیالدیموکراتیی جیهانییه، که جووته (سوپه‌رسۆسیال و پاندیموکرات!) ه‌که‌ی یه‌کێتی و پارتی ئه‌ندامن تیایدا، مه‌گه‌ر هه‌ر رێکخراوه‌که خۆی پێکه‌نینی پێنه‌یه‌ت! ئه‌گینا له کوردستان هه‌مووکه‌س ده‌زانن؛ که به‌ڕیزان تاڵه‌بانی و با‌رزانی، له ساڵانی پێشوودا، ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆیش بڕیار‌ی ره‌شه‌کوژیی نه‌یارانیان نه‌دابێت، ناڕاسته‌وخۆ ئاگاداری زۆربه‌ی کوشتوبڕه‌کانی "به‌جیا دژی یه‌کترو پێکه‌وه دژی خه‌ڵكن" ... چه‌نده خۆیشیان بێبه‌ریی بکه‌ن هه‌مووکه‌س ده‌زانێت که له‌نێو پارته‌کانیان (وما تسقطوا من ورقة إلا یعلمون). ... که بڕیار‌ی له‌سێداره‌دانه‌که خرایه په‌ڕله‌مانی عێراق بۆ پێداچوونه‌وه به‌خواستی گۆڕین، (108) که‌س له‌په‌ڕله‌مانی عێراق به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ی " تاڵه‌بانی" لایه‌نگری ده‌ستکاریی یاسای سزادانه‌که بوون، به‌ومه‌به‌سته‌ی (سلطان هاشم) رزگاربکه‌ن... که‌واته جگه له نه‌ژادپه‌رسته‌کانی عه‌ره‌ب "پارتییه‌کانیش" ده‌نگیان بۆ داوه... ئه‌مه ئه‌وه‌ده‌گه‌یه‌نێت؛ که چه‌نده ئه‌و کوردانه دوورن له‌مۆرال، وه بێڕێزی به‌و میلله‌ته ده‌که‌ن!. ئه‌گه‌ر ئه‌وه جه‌ختکردنه‌وه‌ی چاپلووسی بێسنوورو یه‌کسه‌ره‌و زیاده‌ڕه‌و نه‌بێت بۆ ئه‌مه‌ریکاو... کاره‌کته‌ری ئه‌وانیش وێکچووی تاوانکاران نه‌بێت، وه به‌مه‌حه‌کی ئاکاری رامیاریی خۆیان و چه‌شه‌بوونی ڕابوردوویان نه‌خه‌مڵێنرابێت، چۆن توانییان به‌لایکه‌مییه‌وه بێده‌نگی هه‌ڵنه‌بژێرن و بڕیار‌ی وابده‌ن؟! ئه‌فلاتۆن (پلاتۆن 427-347 پ.ز) ده‌ڵێت: {هه‌رشتێك به زیاده‌ڕۆیی "إفراط" خۆی له‌ناوده‌بات}... زیاده‌رۆیی له ده‌سته‌ونه‌زه‌ری و چاپلووسیی ڕامیاره‌کانی کورد بۆ ئه‌مه‌ریکا، زیانی زۆر بۆ دۆزی نیشتیمانیی هاوپێج ده‌کات... ئێمه‌یش ده‌بێت وه‌ك هه‌میشه له‌سه‌ر ته‌ختی " تاوڵه‌ی" رامیاریی، له‌ترسی " زارفڕێدان و جووتگرتنی" سه‌رکرده‌و، هۆشیاری دوژمنان ده‌ست له‌سه‌ر دڵ بین... وه مه‌گه‌ر مێژوو بتوانێ بۆ هه‌ڵوێسته دوور له ئاوه‌زمه‌ندیی و مۆراله‌کانی سه‌رکرده‌کانمان ناوێکی سه‌یری پڕ به‌پێست بدۆزێته‌وه!.
sirwanb@t-online.de
|