په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٥\٢٠١٤

روونکردنەوەیەک لە لایەن سەرپەرشتیارانی کەمپینی
''ھەموومان بۆ داکۆکیی لە ئامەد دەنگ ھەڵدەبڕین''.

 


لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا پاش بەڕیخستنی ئەم کەمپینە کۆمەڵێک ڕاستی ئاشکرابوون کە ھەموویان دۆخی کارەستباری یاسا و مامەڵەی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان لەلایەک و دەزگای دادوەری کوردستان لەلایەکی ترەوە ئاشکرا دەکەن.


١- لە ٢٣-١٠-٢٠١٣ دا ئەحمەد مێردمناڵێکی چواردەساڵ بووە کە باوەڕی باوی کۆمەڵگای قەبوڵ نەبووە و پرسیار و ڕەخنەی لە ئیسلام گرتووە. یاساکانی کوردستان و عیراق کە مناڵ بە موڵکی خێزانی دەزانێت، ڕێگەیان داوە بە باوکی کە مناڵەکەی ڕادەستی مامەڵەی بێ بەزەییانەی پۆلیس و دام و دەزگای گوایە پارێزەری یاسا لە کوردستان بکات. ھەرچەندە ئەو قوربانی مامەڵەیەکی زۆر نامرۆڤانە بووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ناچارە بۆ سەندنی مافی خۆی لە رووی یاساییەوە لە ڕیگای باوکیەوە ھەوڵ بدات، باوکێک کە خۆی سکاڵای لە کوڕەکەی لە کردووە و بۆتە ھۆی ئەو ھەموو پێشێلکاریەی درھەق بەو کراوە. واتە ئەحمەد ناتوانێت ھیچ ھەنگاوێکی یاسایی، لە سکاڵا و گرتنی پارێزەر و ڕەتکردنەوەی حوکم و داوای ئیستیئناف یان تەمییز، ھەڵبگرێت بە بێ ڕەزامەندی باوکی.


٢- ئەحمەد لەژێر گوشاری ئەشکەنجەدا ناچارکراوە باسی مەوادی ھۆشبەر بکات، بەڵام ھەموو پشکنینەکانی ڕۆژی دواتری دەستگیرکردنی نیشانیان داوە کە ئەو ھیچ ئاسەوارێکی مەوادی ھۆشبەر لەخوێنیدا نییە. بە پێی بەدواداچوونەکان ھێنانە پێشەوەی باسی ئەلکھۆل بۆ ئەوە بووە کە گوایە ئەحمەد لە سزا قورسەکانی بێ باوەڕی بپارێزرێت، واتە ئەحمەد بۆ ئەوەی گیانی بپارێزرێت، کەسایەتی تیرۆرکراوە. دیارە ھەموو ئەم تۆمەتە ناڕاستانە لە ڕۆژی ١-٦ ئاشکرا دەبن و بە بەڵگەوە ئەحمەد شێروان نیشانی دەدات کە بێ بنەمان، ھەربۆیە ئێستا گوشارێکی زۆری لەسەر دروست کراوە لەلایەن چەندین کەسەوە کە لە ڕۆژی دادگا ئامادە نەبیت.


٣- تەواوی پرۆسەی لێپێچینەوە و تۆمەتبارکردنی ئەحمەد تەنانەت بە پێی یاسا کۆڵەوارەکانی عیراق و کوردستانیش نایاساییە. ھێشتنەوەی لە زینداندا بە حوکمێک کراوە کە حاکم لەبەردەم ماڵی خۆی نەک لە دادگای خەفەر ئیمزای کردووە؛ بۆ ئەوەی کەیسەکە کۆتایی پێ بھێنرێت بە ھۆی ئامادەنەبوونی سکاڵاکارەوە، دادگا لەبری ئەوەی دوابخرێت پێش خراوە؛ دادگایی بە شیوەیەکی نھێنی ئەنجام دراوە لەحاڵێکدا ھیچ موجباتیکی یاسایی بۆ ئەو کارە نەبووە؛ ھەموو ئەمانە و تۆمەتی بێ بنەمای مەوادی ھۆشبەر و ئەلکھۆل کە پشکنینەکان نیشانیان داوە بێ بنەمایە، ھەموو ئەم پرۆسەیە دەکاتە خەوش و پێشێلکاری یاسایی بێ وینەی دەزگای قەزایی کوردستان. لەم بابەتەوە ئەرکی بەدواداچوونی ئەم پێشێلکاریانە دەکەویتە سەرشانی داواکاری گشتی، کە وادیارە لەبەرھۆکاری زانراو، سەرەڕای بایەخی گەورەی وەک دەزگایەک کە دەبێ نوینەرایەتی مافەکانی خەڵک بەگشتی لەبەرانبەر دەزگاکانی حکومەتدا بکات، بەڵام لە کوردستان ناکاراترین بەشی دەزگای قەزاییە و بە تەواوی سست کراوە.


٤- سەرەڕای ئەوەی کە ئەحمەد ئەشکەنجە دراوە و شوێنەواری لێدان بە جەستەیەوە بووە تەنانەت پاش ئەوەی لە زیندان بە کەفالەت ئازادکراوە، بەڵام چونکە ئەحمەد تەمەنی یاسایی نەبووە نەیتوانیوە بە بێ ڕەزامەندی باوکی سەردانی خەستەخانە بکات و ئەمانە وەک بەڵگەی یاسایی تۆمار بکات. ئەمە جگە لەوەی لەکاتی ئەشکەنجەدانیدا کامێراکانی چاودێری لەناو زینداندا بە شیوەیەکی نایاسایی کوژێندراونەتەوە و ھیچیان لەسەر ئەم ڕوداوە تۆمار نەکردووە. ھەربەو بۆنەیەوە ھەرچەندە تێڕوانینی کەس وکاری ئەحمەد لەبارئەشکەنجەدانی ئەوەوە گۆڕاوە، بەڵام ئێستا ناتوانرێت لەم بابەتەوە بە شیوەی یاسایی ھیچ شتێک بسەلمێنرێت. شایانی باسە پێشتر لەبەردەم دادوەردا باوکی ئەحمەد گوتوویەتی بۆیە لەدژی ئەشکەنجەدانی کوڕەکەی سکاڵای تۆمار نەکردووە، وای زانیوە کە ئەوە مافێکی پۆلیسە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ کوڕەکەی بکەن.


٥- ئێمە لێرەدا وێڕای سووربوونمان لەسەر درێژەدانی ئەم کەمپینە بۆ داکۆکی کردن لە ئەحمەد و مافەکانی وەک ئینسانێک و مێردمناڵێک. کەمپینێک کە تا دیت فراوان دەبیتەوە و وەڵامی پۆزەتیڤ لە ناوەندە جیھانی و ناوخۆییەکان وەردەگرێتەوە، داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکار لە مافەکانی مناڵان و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین، کە گوشاری خۆیان بۆسەر حکومەت و دەزگای قەزایی چر بکەنەوە و نەھێڵن ئەم ھەموو ناھەقیە بێ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە تێپەر ببێت. بە تایبەت گوشار بۆ داواکاری گشتی بھێنن کە بە ئەرکی خۆی لە لێپێچینەوە لە ئاکارە نایاساییەکانی پۆلیس و دادگا ھەڵبسێت.


ئەحمەد شیروان تەنھا مێردمناڵێک نییە کە لە باوەڕ و نۆرمە داسەپیندراوەکان یاخی بووە، بەڵکو ئەو نموونەی نەوەی نوێی کوردستانە، کە ئەگەر دەمانەویت ئەم کۆمەڵگایە ئایندەیەکی پرشنگداری ھەبیت، دەبێ لە تەعەسوف و ستەمی سیستەمی باڵادەست بپارێزرێن.
____________________________
بۆ پەیوەندیی و زانیاریی پتر: ٠٠٤٦٧٣٧٠٣٨٦١٢

 

 

دەستەی سەرپەرشتیاری کەمپین
شەماڵ عەلی، لاوژە جەواد، گۆنا سەعید، بەھار مونزیر
٢٥\٥\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک