په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٩\٢٠١٨

سێ بابەت سەبارەت بە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی منداڵان و مێرمنداڵان.

 

مەنسوور جیهانی

 

پاڵپشتیی یونیسێف لە ئۆڵەمپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵان لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان.

یونیسێف لە ھاوکاری لەگەڵ ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران، بەشێک لە تێچووی فێرکاری فیلمسازیی پیشەیی بە مێرمنداڵانی وەرگیراو لە دووھەمین ئۆڵەمپیادی فیلمسازی دابین دەکات.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی ئۆڵەمپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵانی ئێران، دوابەدوای بەڕێوەچوونی دووھەمین ئۆڵەمپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵان وەکوو یەکێک لە بەشەکانی سی‌ویەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، نوێنەری یوونیسێف لە ئێران پێشنیاری کرد بۆ ئەوەی کە بە مەبەستی پاڵپشتیی کردن لە رەوتی گەشەی فیلمسازانی مێرمنداڵی بەھرەمەند لەم بوارەدا، لە ھاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران، بەشێک لە تێچووی فێرکاری فیلمسازیی پیشەیی بە وەرگیراوەکانی ئەم ئۆڵەمپیادە دابین بکات.

ھاوکاریی یوونیسێف لەگەڵ ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران بەشێکە لە بەرنامەی کاری ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی رۆشنبیری ئێران و یوونیسێفدا و ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێرانیش لە ھەوڵ دایە کە لە تەنیشت ئەم رێککەوتننامەیەدا، بارودۆخی شیاو بۆ ئامادەبوون و ھاوکاریی یوونیسێف لە بەشی ئۆڵەمپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵان پێک بھێنێت.

دووھەمین ئۆڵەمپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵان بە ھاوڕێیەتی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران و دامەزراوەی سینەمایی فاڕابی لە سی‌ویەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان بەڕێوەدەچێت. ئەم ئۆڵەمپیادە لە دوو بەشی "فیلم" و "سیناریۆ" بە وەرگرتنی فیلمە ٣ خولەکییەکان بە بابەتی سەربەست لە گروپی تەمەنی ٩ تا ١٦ ساڵ بەڕێوەدەچێت.

 

 

 

داریووش مێھرجوویی: پێم خۆشە دیسان لە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵدا فیلم دروست بکەم.
 


"داریووش مێھرجوویی" دەرھێنەری ناسراوی سینەمای ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەستپێکردنی کارەکانی سی‌ویەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان، ئەم رووداوەی لە بواری نمایش کردنی کورتە فیلمەکاندا، بە چالاک و زیندوو زانی و رایگەیاند: پێم خۆشە دیسان لە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵدا فیلم دروست بکەم، بەڵام تا ئێستا ھەلێک نەڕەخساوە.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی‌ویەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "داریووش مێھرجوویی" Dariush Mehrjui نووسەر و دەرھێنەری بەئەزموونی سینەمای ئێران بە بیانووی دەستپێکردنی کارەکانی سی‌ویەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان بەم رووداوە نێونەتەوەییە پەیامیدا. لە دەقی ئەم پەیامەدا کە لە کتێبی پێداچوونەوەی ٣٠ ساڵ سینەمای منداڵ و مێرمنداڵدا چاپ کراوە، ھاتووە:

"پێشینەی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ لە ئێران بۆ چەند دەیە لەوە پێش دەگەڕێتەوە و ھەڵبەت بە سەردەمی چالاکیی بنکەی ھزریی بارھێنانی منداڵان و مێرمنداڵان، یەکێک لەو رێکخراوانەی کە لە ساڵانی بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، لەم بوارەدا فیلمی بەرھەم ھێناوە و لە سەرەتاکانی دامەزراندنیدا، بەرھەم گەلێکی زۆر باشی ئاراستە کردووە. سینەماکارانێکی زۆر بۆ ئەو بنکەیە فیلمیان دورست کردووە و ئەم رێکخراوەیە لەو ساڵانەدا یەکجار پڕ لە جووڵە و چالاکی بووە و لە بواری چاپ کردنی کتێبەکانی منداڵان، فیلمە سینەماییەکانی تایبەت بەم گروپەی تەمەن، ھەروەھا چاپ و بڵاوکردنەوەی کاسێتی موزیکەکانی منداڵان ھەنگاوگەلێکی فەرھەنگیی باشی ھەبووە. لە راستیدا، سینەماکارانێکی بەرجەستەی وەکوو کۆچکردووی ھەردەم لەیاد "عەباس کیارۆستەمی" لە ناو دڵی بنکەوە ھەڵستاون و بە یارمەتی ئەم رێکخراوەیە، توانیویانە بەرھەمە درێژەکانی خۆیان چێ بکەن. من ‌کارەکەم بە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ دەست پێنەکرد، بەڵام لە ساڵەکانی سەرەتای دوای شۆڕشی ئێران، فیلمێکم بۆ ئەو بنکەیە ئامادە کرد کە لە دوای ٥ ساڵ لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان نمایش کرا؛ لە ساڵی ١٩٨٥ی زایینی رێکەوتی ١٣٦٤ی ھەتاوی.


لەو خولەدا، فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان، وەکوو بەشێک لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر دەھاتە ئەژماردن و لە دوای پێنج، شەش خولی بەڕێوەچوونی بە شێوەیەکی جودا و سەربەخۆ بەڕێوەچوو. بەرھەمەکەی من "ئەو قوتابخانەیەی کە دەچووین" بوو؛ ئەو فیلمەی کە بەردەنگی تایبەتی خۆی ھەبوو و بە دواکەوتنێکی چەند ساڵە نمایش کرا. بە پێی چیرۆکی "حەوشەی پشتەوەی قوتابخانەی عەدڵی ئافاق".

دواتر لە بواری منداڵ و مێرمنداڵدا فیلمێکی دیکەم بە ناوی "شیرەک" بەرھەمھێنا کە لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان بەشداری کرد. دەبێ بڵێم ئەم فێستیڤاڵە رێگایەکی باشە بۆ سینەماکاران. پێم خۆشە دیسان لە بواری سینەمای منداڵ و مێرمنداڵدا فیلم دروست بکەم، بەڵام تا ئێستا ھەل و دەرفەتێک نەڕەخساوە.

ئێستا سیستەمی سینەمای ھونەری و فێستیڤاڵی بە نسیبەت ساڵەکانی بەر لە شۆڕش گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، بەڵام ھەر دەڵێی سینەمای ھونەری حەشار دراوە و لە جیاتی ئەو فیلم گەلی خافڵێنەر بەرھەم دێت. لەم نێوەندەدا فێستیڤاڵی منداڵان و مێرمنداڵان لە بواری نمایش کردنی کورتە فیلمەکاندا چالاکە و بەرھەم گەلێکی باش لە وڵاتانی بیانی نمایش دەکات. چۆنییەتی نمایش کردنی بەرھەمەکانی بەشداربوو باش و رێکوپێکە و ھەروەھا لە حاڵی پێشکەوتن دان؛ ھیوا دەخوازم کە ھەر بەم جۆرە درێژەی پێ بدەن و باشتر بن."


پووران درەخشەندە: جیھان، سینەمای ئێرانی بە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵەکەی ناسی.
 


"پووران درەخشەندە" دەرھێنەری ناسراوی سینەمای ئێران لەو بڕوایە دایە: جیھان، سینەمای ئێرانی بە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵەکەی ناسی و ئۆڵەمپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵان لە سی‌ویەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان، پلانێکی باش و بەرز کە دەتوانێت قوتابیانی شایستە کە پێویستییان بە ھاوڕێیەتی، ھاوکاری و خەرج کردن لە لایەن دەوڵەتەوە ھەیە، بدۆزێتەوە.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی‌ویەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "پووران درەخشەندە" نووسەر و دەرھێنەری بەئەزموونی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ لە دەستپێکی کاری سی‌ویەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، لە پەیامێکدا بەم رووداوە نێونەتەوەییە گوتی: ھەموو ساڵێک کە "فێستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان" بەڕێوەدەچێت، جودا لەوەی کە لە نێو سینەماکارانی ئەم بوارە جووڵانەوەیەک وەڕێ دەکەوێت، جۆش و خرۆشێکی تایبەتیش لە منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھاندا دەبیندرێت. جۆش و خرۆشێکی کە راستەقینەیە و ھەڵبەت دەبێ جیدی بگیرێت. بەڵام ئەگەر بتوانین لە پارێزگاکانی دیکەش فیلمەکان بە شێوەی ھاوکات نمایش بکەین، ھەموو منداڵانی ئەم نیشتمانە لەگەڵ فێستیڤاڵەکە ھەستێکی نزیکیان دەبێت.

درەخشەندە رایگەیاند: ئەمساڵ دووھەمین خولە کە پلانی پڕبایخی "ئۆڵەمپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵان" ھاوکات لەگەڵ فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت. پلانێکی باش و بەرز کە دەتوانێت قوتابیانی شایستە کە پێویستییان بە ھاوڕێیەتی، ھاوکاری و خەرج کردن لە لایەن دەوڵەتەوە ھەیە، بدۆزێتەوە. ئەم مێرمنداڵانە کەسانێکن کە لە خولی رابردوودا ھاوتەمەنەکانی خۆیان سەربەرز کردووە و بە جوانی درەوشانەوە. کەوایە ئەمساڵ دەبێ زیاتر بیری لێ بکەینەوە و بەرنامەداڕشتنێکی دروستیان بۆ ئەنجام بدەین.

ئەم دەرھێنەرەی سینەما لە درێژەدا رایگەیاند: سینەمای منداڵانی ئێران لە ساڵانی رابردوودا لە فێستیڤاڵە بیانییەکاندا چەندین سەرکەوتنی بەرچاوی ھەبووە و زۆرترین خەڵاتەکانی سینەمای ئێران لە چوار دەیەی رابردوودا تایبەت بە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ بووە، بەڵام بەم دواییانە ئێمە لەم بوارەدا بەو شێوەیە سەرکەوتوو نەبووین و لە لایەکی دیکەوە سەرنجدان بە نمایش کردنی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانیش لە درێژایی ساڵدا یەکجار کەم بۆتەوە.

"پووران درەخشەندە" رایگەیاند: دەبێ جەخت بکەمەوە کە جیھان، سینەمای ئێرانی بە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵەکەی ناسی. بەڵام بەداخەوە ئێمە بە پلەیەکی نزم گەیشتووین و سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ وردە وردە خەریکە دەکووژێتەوە. لەم نێوەندەدا فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان ھەوڵ دەدات، چراکە بە رووناکی رابگرێت و رێگاکە نیشان بدات.

درەخشەندە ھیوای خواست لەوەی کە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ بە شێوەیەکی جیدیتر پاڵپشتی لێ بکرێت، راشیگەیاند: سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ پێویستیی منداڵانی ئەمڕۆی کۆمەڵگایە و منداڵانی ئەم نیشتمانە کە دەبێ داھاتوو دروست بکەن. بەم روانگەیەوە دەبێ سینەماکانی تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵان لە شارە جۆراوجۆرەکان دابمەزرێت کە ئەم کارە نە تەنیا نیازە، بەڵکوو پێویستە. مەگەر دەتوانرێ منداڵ و مێرمنداڵ لە کۆمەڵگا جودا بکرێتەوە و وەلا بنرێت؟ ئەوان دەبێ فیلمەکان و کاڵا فەرھەنگییەکانی تایبەت بە خۆیان ھەبێت و ژمارەیەک لە سینەماکان لە شارە جۆراوجۆرەکان لەبەر دەستی ئەوان دابندرێت.

‌"پووران درەخشەندە" رایگەیاند: بەداخەوە ئەمڕۆ، فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان بە ترسەوە نمایش دەکرێن و بە گشتی بەرھەمھێنەرەکان و بڵاوکەرەوەکانی فیلم نیگەرانن لە گیشەی فرۆشی فیلمەکان سەرکەوتوو نەبن. ئێمە دەبێ لە ھەموو پارێزگاکان سینەماکانی تایبەتی منداڵ و مێرمنداڵمان ھەبێت و ئەمە ئاواتی دڵی ئێمەی سینەماکارانی منداڵ و مێرمنداڵە.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک