په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٠

سەدەیەک جێنۆسایدی بەردەوام و، چارەنووسی بزووتنەوەی باکووری کوردستان
لە سایی رێبەریی پارتی کرێکارانی کوردستاندا!

سیروان کاوسی  

مەحموود ئەسعەدبەگ وەزیری دادی تورک(١*) :


بڕوا و تیۆری من ئەمەیە: ''با دۆست و دوژمن، تەنانەت با چیاکانیش بزانن کە تورک سەرداری ئەم وڵاتەیە و، ئەوەی لە خوێن و رەگەزدا تورک نەبێ، لەمافێک زیاتر ھیچی تری نییە، ئەویش ئەوەیە، دەبێ نۆکەر و کۆیلەی تورک بێت. ئێمە لەوڵاتێکداین، لەھەموو دنیا زیاتر ئازادیی تێدایە، ئێرە تورکیایە! ھیچ دەرفەتێک لەمە زیاتر و گەورەتر بۆ ناتورک روونادات. دەبینن من سۆز و ھەستی خۆم لەکەس ناشارمەوە، با نوێنەرەکانتان ھەر بیروڕایەکیان ھەیە بێن دەریببڕن!''.


پاش کۆتاییھاتنی ''پەیمانی لۆزان'' لەساڵی ١٩٢٣و، دڵنیابوونی کاربەدەستانی رژێمی تازەدامەزراوی تورکیا بەسەرۆکایەتیی مستەفا کەمال (ئەتاتورک)، سەبارەت بەپشتگوێخستنی سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن زلھێزەکانی سەردەمەوە، کە نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەیان لەنێوان پێنج رژێمی دیکتاتۆر و دژ بەئازادیدا دابەشکرد، مستەفا کەمال و دارودەستەکەی بەمەبەستی سەقامگیرکردنی دەسەلاتی سیاسییان بەسەر سنوورەکانی تورکیا کە بەشێکی گەورەی خاکی کوردستانی پێبڕابوو، بناخەی سیستەمێکی سیاسیی رەگەزپەرستانەیان بەئیدۆلۆژیی تورکچێتییەوە داڕشت، کەبەپێی ئەوە، نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ناتورکی دیکە دەبوو لەنێو ئەو جوگرافیا سیاسییە نوێیەدا بتوێنەوە کەنێوی تورکیای لێنرابوو.


لەوساتەوە حکوومەتەکانی یەک لەدواییەکی تورکیا، بەپێڕەویکردنی بیروباوەڕی رەگەزپەرستانەی مستەفا کەمال، سیاسەتی پاکتاوکردنی رەگەزیی کوردیان بەڕێوەبردووە. قوڵاچۆسامناکەکانی پاش سەرکوتکردنی شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران و ئێحساننووری پاشا و سەیدڕەزا دەرسیم لە ساڵەکانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٣٨ کە بەھۆیانەوە پتر لەملیۆنونیوێک کورد تێداچوون و، سەدانھەزاری دیکەش لەزێدونیشتمانی خۆیان دوورخرانەوە، پاشان بەکارھێنانی جێنۆسایدی کولتووری و ئابووری و مێژووی و شاڵاوی گرتن و شکەنجە و تێرۆر و تۆقاندن، تاکو ئەمڕۆ کە لەسەرەتای ھەزارەی سێیەی زایندا دەژین، بەرامبەر نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی، پێڕەوکراون و دەکرێن.


لێ، سەرەڕای بەکارھێنانی ھەموو شێوازێکی نامرۆڤانە لەلایەن تورکیاوە، نەک ھەر نەتەوەی کورد لەنێو رەگەزی تورکدا نەتوایەوە، بەڵکو ئەوڕۆکە بزاڤێکی بەرفرە و مەزن و بێوێنەی جەماوەریی لەسەرتاسەریی باکووری کوردستان سەریھەڵداوە. شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، ھەروەھا ئەو شار و مەڵبەندانەی تورکیا کە بەھۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لەسەردەمەجیاجیاکاندا کوردیان لێ نیشتەجێکراوە، بەتێکڕا بوونەتە گۆڕەپانی بزاڤ و خۆپێشاندانی جەماوەریی لەدژی رژێم و سوپا و داودەزگەی سەرکوتکەری تورکیا. ھەست و بیری یەکبوون و یەکێتی و ھاوچارەنووسی و بیروباوەڕی نەتەوەیی، لەم بەشەی نیشتمانەکەماندا لەپەرەسەندنی بەردەوامدایە و، رۆژ لەگەڵ رۆژ داخوازییەکانی جەماوەری کورد، زیاتر نێوەرۆک و چەمکی نەتەوەیی وەردەگرێت.


ئاشکرایە، چاوکانیی پەرەسەندنی ئەم ھۆشیارییە نەتەوەییە، دەگەڕێتەوە بۆ خەبات و چالاکیی بەردەوامی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە بەھەڵگیرسانی شەڕی چەکداریی لەدژی رژێمی داگیرکەری تورک لەساڵی ١٩٨٤دا، بەرە بەرە جەوی ترس و شەوەزەنگ و رەشەکوژی و تۆقاندنی شکاند، کە رژێمی تورک و سوپادڕندەکەی دەیان ساڵ بوو بەسەر باکووری کوردستاندا سەپاندبوویان. شانبەشانی ئەمەش، دامەزراندنی بنکە و کۆڕوکۆمەڵەی فەرھەنگی و مرۆڤی و رۆشنبیریی لەدەرەوە و لەنێوخۆی وڵات و سازکردنی رێکخستنی حیزبی لەنێو چین و توێژەکانی جەماوەر، ھەروەھا کردنەوەی کەناڵی ئاسمانی ''Med Tv'' کە شۆرشێکی فەرھەنگی و رۆشنبیریی کوردیی لەسەرتاسەری کوردستان پێکھێنا، زەوینەی خۆشکرد کە چینی تێکنۆکرات و خوێندکار و‌ رۆشنبیران و نیشتمانپەروەرانی کورد بەگشتی، لەشارەکانی باکووری کوردستان و لەتورکیا، زات بدەنەبەرخۆیان و، راستەوخۆ بەشداری لەچالاکی و خەباتی حیزبی و مرۆڤی و رۆشنبیریی کوردیدا بکەن. ئەمەش لەڕەوتی خۆیدا بوو بەھۆی خولقاندنی ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ کە کۆمەڵانی خەڵک لەشار و لەدێ، بەئاشکرا و بەبێترس و سڵکردن، داوای مافی سیاسی و نەتەوەیی خۆیان دەکەن. لەبەر ئەوە شانازیی پێکھێنانی ئەم دۆخە گەشە سیاسییە، بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرۆکەکەی (رێزدار عەبدۆللا‌ ئۆجەلان) دەگەڕێتەوە و، وەک لاپەڕەیەکی گەش لەمێژووی خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستان و، بزاڤی رزگاریخوازیی گەلەکەمان لە باکووردا تۆماردەکرێت.


ئەمساڵ (٢٠١٠ی زاینی)، خەباتی نوێی رزگاریخوازیی گەلی کورد کە بەشۆرشەکەی شێخ عوبەیدۆڵڵا شەمزینییەوە دەستپێکرا، سەدوبیست و پێنج ساڵی تێپەڕکرد. بەدرێژایی ئەم مێژووە پڕکارەساتەی کورد، دەیان راپەڕینی گەورە و بچووک لە کوردستان بەرپاکراون. چەندین جاریش کورد توانیویەتی سەرکەوتنی سیاسی و سەربازیی بەشێوەیەکی کاتی دەستخات، بەڵام بەدرێژایی ئەم سەدوبیستوپێنج ساڵە و پێش ئەوەش، بەربەرەکانێکردنی گەلی کورد، ھیچکاتێک بۆماوەی ٢٦ساڵ نەیتوانیوە لەدژی داگیرکەرێکی خوێنڕێژی درێژە بکێشێت. لەھیچ کات و سەردەمێکیشدا گەلی کورد نەیتوانیوە لەپێناو گەیشتن بەئامانجەکانیدا، بەوێنەی ئەمڕۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت، کە ئەمە جێی دڵخۆشی و سەربەرزییە، ھاوکات ‌ سەرۆکایەتیی باکووری کوردستان کە خەباتی گەلەکەی سەرپەرشتیدەکات، لەھەرکات و سەردەمێکی دیکە پێویستە ھەست بەمەترسیی زیاتر بکا و، ھۆشیاربێت کە رژێمی داگیرکەری تورک و ھاوپەیمان و ھاوبەرژەوەندەکانی لەنێوچەکە، نەتوانن لەڕێگەی پیلانگێڕیی بەردەوامیانەوە، ئەم بزووتنەوە مێژووییەی کورد تووشی شکست بکەن و، نەھێڵن کورد کۆتوزنجیری کۆیلەتی بپسێنێت، کە لەپەیمانی لۆزانەوە تاکو ئەمڕۆ لەمل ودەستوپێی ئالاوە.


پاش نووسینی ئەم چەند دێڕەی سەرەوە سەبارەت بە خزمەتی گەورە و مێژوویی پارتی کرێکارانی کوردستان لەزیندووکردنەوەی ھەستی کوردایەتی لەباکووری کوردستان، لێ کەمایەسییەکی گەورە کە لەرامیاریی پێ کێ کێ دا بەدیدەکرێت ئەوەیە، ئەم پارتە خاوەنی ستراتیژ و بەرنامەیەکی رۆنی نەتەوەیی و کوردستانیی، نییە! لەباتی بەرزکردنی درۆشمی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد وەک داوایەکی رەوا و یاسایی، رۆژێک باس لە پڕۆژەی سازکردنی فدراسیۆنی رۆژھەڵاتی ناڤینی ئازاد و دێمۆکرات دەکا. رۆژێک باسی دێمۆکراتی لەتورکیا دەھێنێتەگۆڕێ و، داوای زیندووکردنەوەی بەندەکانی پەیمانی لۆزان دەکا و، سازبوونی حکوومەتی کوردی لەباشووری کوردستان بەمەترسی بۆسەر یەکێتیی خاکی تورکیا و پشێوی لەناوچەکە ناودەبا، رۆژێکیش داوا لە پارتی کۆمەڵگەی دێمۆکراتی دەکا، کە لەگەڵ ''چەپی تورک'' دا یەکبگرێت!؟ ئەوڕۆکەش باس لەدامەزراندنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردستانیی دەکات. ھاوکات لەزمانی ''پژاک'' و، بەناوی ''پژاک'' (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان) ەوە، داوای ئاگربڕ و کردنەوەی گوتوبێژ لەگەڵ دڕندەترین وپاشکەوتووترین رژێمی سەردەم - کۆماری مرۆڤخۆر و دوژمن بەکوردی ئیسلامیی ئێران دەکات.


ئەم ھەڵوێست و روانگە لەیەکنەچووانەی سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ، کە لەزمانی رێزدار عەبدۆڵڵا ئۆجەلان، یان باشترە بڵێین بەنێوی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە، لای شارەزایانی سیاسی و نیشتمانپەروەرانی کورد و دنیای دەرەوە، ئەم پرسیارەی دروستکردووە کە بەڕاستی پێ کێ کێ لەکام روانگە و ئیدۆلۆژی سیاسی ولەپێناو چ ئامانجێکی سیاسیدا شەڕی رژێمی تورکیا دەکا و، ئاکامی ئەم بزووتنەوەیە بەرەوکوێ دەبات؟‌


پارتی کۆمەڵگەی دێمۆکراتی بەسەرۆکایەتیی رێزدار ئەحمەد تورک و ئامینە ئایدال و لەیلازانا و ئۆسمان بایدەمیر و بەگشتی ئەو کەسانەی کە سەرۆکایەتیی بزاڤی جەماوەریی کورد لەنێوخۆی باکووری کوردستان دەکەن، تاکو ئێستا بۆ راگرتنی یەکێتیی ریزەکانی گەلەکەیان پشتگیریی ئەم ھەڵوێستە لەیەکنەچووانەیان کردووە. بەڵام بەدڵنیاییەوە، زۆر ناخایەنێت، نەبوونی ستراتیژ و پلاتفۆرمێکی نەگۆڕی نەتەوەیی کە کۆمەڵانی گەلی کورد لەدەروی درۆشم و بەرنامەیەکی رۆشن و دیاریکراودا کۆبکاتەوە، گەل و سەرۆکایەتییەکەی تووشی سەرلێشێواویی سیاسیی دەکا و، ئەوەی لەونێوەدا سوودی لێدەبینێ، رژێمی داگیرکەری تورکیایە، کە ساڵانێکە لەھەلێک دەگەڕێ ئەم خەباتەمەزن و یەکڕیزییە تاکھەڵکەوتووەی باکووری کوردستان لەنێوبەرێت.


ماوەیەکی نادیارە، کۆبوونەوە و دیداری نھێنیی لەنێوان رژێمی تورک و نوێنەرانی پێ کێ کێ دا دەستیپێکردووە. دەسەڵاتی نوێنەرەکانی ھەردوولا و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکان لەچ ئاستێکدان؟ ئەوە جارێ کەس نایزانێت! پێ کێ کێ و سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی باکوور، ئەگەرچی لەوتە و نووسیندا وای پێشاندەدەن کە لەکاری سیاسی و دیپلۆماسیدا لەھەموو پارتی و رێکخراوەکانی پێشوو و ئێستای کوردستان کارامە و شارەزاترێکن، لێ ئێمە لەکردەوەدا ھیچ جیاوازییەک نابینین. نەتەوەی کورد‌ دەیان ئەزموونی تاڵ و دڵتەزێنی لەشانۆگەریی ''مژاکرات'' و ''مفاوچات''ی نێوان داگیرکەران و لایەنەکانی کوردیدا ھەیە، کە لەھەموویاندا کورد تووشی شکان و کارەسات بووە. بۆنموونە وتووێژەکانی نێوان کورد و تورک لەسەرەتای دروستبوونی تورکیای تازە و، دوای رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی‌، وتووێژەکانی دەیان جارەی نێوان سەرۆکایەتیی باشووری کوردستان و رژێمەکانی عێراق، وتووێژەکانی نێوان رژێمی حەمەڕەزاشا و کۆماری کوردستان و، دواتر کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوردی رۆژھەڵات، بەتایبەتیی لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەھەرھەموویاندا دەوڵەتانی داگیرکەر ئەگەر نەیانتوانیبێ لەڕێگەی شەڕەوە بزووتنەوەی کورد دامرکێنن، پەنایان بردووەتە بەر شانۆگەریی وتووێژ لەگەڵ کورد و بۆماوەیەک بەدانی وادەوبەڵێنی درۆ، زەوینەیان خۆشکردووە بۆ تێکدانی چوارچێوەی بزووتنەوەکە و، جارێکی دی شەوەزەنگ ودیکتاتۆرییان بەسەر گەلی کورددا سەپاندووەتەوە.


ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، تاکەی دەبێ سەرۆکایەتیی کورد نەتوانێت پاش دەیان ساڵ خەبات و قوربانی وماڵوێرانیی، کێشەی نەتەوەکەی بکات بەکێشەیەکی نێونەتەوەیی. لەباتی کۆبوونەوەی نھێنیی لەگەڵ داگیرکەران کە بەداخەوە بەشانازیشەوە دەیگێڕنەوە، کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دێمۆکرات وەک چاودێر و نێوبژیوان بکەن بەلایەنی سێیەمی گفتوگۆکان و، بەردەوام نەتەوەی کورد لەچۆنێتیی ئەنجامی وتووێژ و، ناوەرۆکی ئەو مادە و خاڵانەی باسیان لەسەر دەکرێن ئاگادار بکرێن، لەوڕیگەیەوە دنیای دەرەوەش لەناوەرۆکی کۆبوونەوەکان و، نیازپاکیی (حسن نیت) ھەردوولا تێبگەن، بەوەش پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی بۆ کورد دروستبکەن.


ئاشکرایە داگیرکەرانی کوردستان زۆر باش لەم بابەتە تێگەیشتوون و، ھەمیشە ویستوویانە وتووێژەکانیان لەگەڵ کورد بەنھێنی و، بەشاراوەیی بێت، بۆ ئەوەی نیازناپاکی و فرتوفێڵیان ئاشکرانەکرێ، ھاوکات رێنەدەن لایەنی سێیەم بەنیازی چارەسەرکردنی کێشەی نێوانیان لەکۆبوونەوەکاندا بەشداربێت. ئەمەش زیانی گەورەی بەکێشەکەمان گەیاندووە و تاکو ئەمڕۆ، کێشەی کورد وەک‌ کێشەی نێوخۆیی ئەو وڵاتانە چاولێکراوە کە کوردستان بەسەریاندا دابەشکراوە.


لەئالیی دیکەوە، بیری دامەزراندنی سیستەمی سوسیالیزمی مۆدێڕن و پێکھێنانی کۆنفێدرالی دێمۆکرات لەرۆژھەڵاتی ناڤین کەماوەی چەند ساڵێکە لەلایەن سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ وە، بانگەوازی بۆ دەکرێت، لەگەڵ ئیدۆلۆژی و کولتووری رەگەزپەرستیی تورکیدا، چۆن لەگەڵ یەکدیی دەگونجێن، کە بتوانن لەچوارچێوەی جوگرافیایەکی سیاسیی ھاوبەشدا پێکەوە بژین و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وەکیەک ببەن بەڕێوە؟! ئەمانە و زۆر پرسیاری دیکە، بێگومان بۆ نەبوونی ئامانج و ستراتیژی نەتەوەیی و، بۆ ئەو سەرلێشێواوییە سیاسییە دەگەڕێتەوە کە لەھەموو بەشەکاندا سەرتاخواری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی داگیرکردووە.


پێ کێ کێ و سەرۆکایەتیی باکووری کوردستان، لەنێوان ''سێ رێیانی'' سیاسەتی پێکەوەژیان لەگەڵ تورک و، درێژەدان بەبیروباوەڕی چەپ و دژایەتیکردنی دنیای ئیمپریالیستی و، بیری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی، دەبێ یەکیان ھەڵبژێرێت. بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانرێ بەپێی بارودۆخی کات ورۆژ جێگۆڕکێ بەم سێ ھەڵوێستە جیاواز لەیەکە بکرێت. پشتیوانیی گەرموگوڕی نەتەوەی کورد لە پێ کێ کێ بەھۆی رەوایەتیی ئیدۆلۆژی و جیھانبینینی سیاسییەوە نییە، بەڵکو ئامانج و داخوازیی نەتەوەیەکی کۆیلە و بندەستە کە ساڵانێکی زۆرە بەدوای ئازادی و رزگاریی خۆیدا وێڵە و، متمانەی بەھەر سەرۆکێکی کورد کردووە کە وشەی ئازادی و رزگاربوونی بەگوێیدا داوە.


ئێمە ئەم روانینە ھەڵەیەمان پێشتر و ئێستاش لەوتە و روانگەی سەرۆکایەتیی حیزب و رێکخراوەی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بینیوە،‌ کە بوون بەئەندام و بوون بەپێشمەرگەی ھەموو پێکھاتەجیاوازەکانی کۆمەڵی کوردەواری بەمۆسڵمان و کۆمۆنیست و جۆتکار و مامۆستا و خوێندەوار و دەوڵەمەند و دێمۆکرات و ئاینەکانی دیکە و ... ھتد، لەحیزب و رێکخراوەی دڵخوازی خۆیاندا، بەنیشانەی راستوڕەوابوونی سیاسەتی حیزبەکانیان داوەتەقەڵەم، لەکاتێکدا بەشداربوونی ھەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریی لەخەباتی سیاسی وحیزبیدا، ئەم راستینەیە بەزەقی ئاشکرادەکات کە تێکڕای نەتەوەی کورد سەر بەھەر چین و توێژێک بێت، حەز بە ژێردەستی ناکا و، خوازیاری ئازادییە. ئەمەش مانای وایە ئەم گەلە لەم بارودۆخەی ئێستادا پێویستی بە سازییەکی گشتی و نەتەوەیی ھەیە کە بتوانێت وەک بەرەیەکی ھاوبەش، ھێزوتوانای تێکڕای گەلەکەی بخاتە خزمەتی پڕۆژەی رزگاریی نیشتمانییەوە. راپەڕینی جەماوەریی باکووری کوردستان، رۆژھەڵاتی کوردستان و، ھەروەھا رۆژاڤای کوردستان کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەھۆی تێرۆری شەھیدی رێگەی سەربەخۆیی کوردستان دوکتۆر مەعشووق غەزنەویی لەدژی داودەزگەی سەرکوتی رژێمی داگیرکەری سووریا رابوون، نموونەی بەھێزن بۆ زانینی ئەم راستییە.


ھەموو ئەو نەتەوانەی کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی،‌ خاکەکەیان لەلایەن ھێزی دەرەکی و زۆردارانی سەردەمەوە داگیرکراوە، تێکۆشیون و نیشتمانەکەیان لەدەستی داگیرکەر رزگارکردووە. خەباتی رزگاریخوازیی گەلان بەتایبەتیی پاش سەرھەڵدانی کۆلۆنیالیزمی جیھانیی لەدووسەدەی رابردوودا، بەپانتایی ھەموو کیشوەرەکانی جیھان گەیشتە لووتکە و، دەیان نەتەوە لەسەرتاسەری جیھان، دوای دەرکردنی ھێزەکانی داگیرکەر، بەسەربەخۆیی گەیشتن. ئەم دیاردەیە، بێگومان نەتەوەیەکی بندەستی وەک نەتەوەی کوردیش دەگرێتەوە کە لەپاش کۆتایی جەنگی دنیاگری یەکەم، بەزۆرەملی و بێپرسوڕاکردن پێی، لەنێوان پێنج رژێمی دیکتاتۆر و دژ بەئازادیدا دابەشکرا و، بەپێی نەخشەیەکی رەگەزپەرستانە کەوتنە جێنۆسایدکردنی گەلی کورد لەڕووی رەگەزی و ئابووری و زمان و کولتووری و کانزا و سامانی کوردەواری و ئاسەواری مێژوویی کوردستانەوە. ئەمەش مانای وایە ھەوێن و دینەمۆی ھەموو بزاڤ و راپەڕێنێکی نەتەوەی کورد لەکۆن و ئێستادا بۆ مەبەستی رزگاربوون بووە لەبندەستی وکۆیلەتییەک کە بەسەریدا سەپێندراوە. ناکۆکیی سەرەکیی لەکوردستان، لەنێوان نەتەوەی کورد و داگیرکەرانیدایە و، ئەم ناکۆکییەش بەداتاشینی ئیدۆلۆژی و بیرۆکەی چەوت و نانەتەوەییانە، نەیتوانیوە و ناتوانێت ئەم راستینەمێژوویی‌ و رەوایە لە ناوەرۆکی بزووتنەوەکانی کورد بشواتەوە.


قۆناخی ئێستای خەبات لە کوردستان، قۆناخی خەباتی رزگاریی نیشتمانییە و، ئەم قۆناخەش لەڕۆژی دابەشکردنی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و، بەدەرکردنی داگیرکەران لە کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کۆتایی دێت. ئەگەر لەم روانگەوپرنسیپەوە بڕوانینە پێڕەوپڕۆگرام و خەباتی زۆرینەی پارتی و حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان، دەتوانین بەڕاشکاوییەوە بڵێین: ''نەک ھەر خەبات و ئامانجیان لەخزمەتی بەرژەوەندی و ستراتیژی نەتەوەیی کورددا نەبووە، بەڵکو زیانی گەورەشیان لە یەکێتیی نەتەوەیی و بیری رزگاری و دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان داوە''‌.


بەڕەسمی ناساندنی سنووری دەستکردی داگیرکەرانی کوردستان، ھێنانەخوارەوەی داخوازیی گەلی کورد لەسەربەخۆییەوە بۆ مافی کولتووری و ھێندێک دەسەڵاتی بەرتەسکی نێوخۆیی، بەستنەوەی خەباتی نەتەوەی کورد بەچوارچێوەی سنووری وڵاتانی داگیرکەرەوە و، کردنی کێشەی کورد بەکێشەی نێوخۆیی وڵاتانی داگیرکەر‌، دەست پانکردنەوە و سواڵکەریکردن لەداگیرکەری بەشێکی کوردستان و ھەڵگیرسانی شەڕ و تەقەکردن لەھێزی داگیرکەری بەشێکی دی، بەبێ ھیچ پلان و ستراتیژی سیاسی و چەکداریی. حیزبپەرستی و پاوانخوازی و ھاندانی ئەندام وپێشمەرگە لەدژی یەکدی، سازکردنی شەڕی نێوخۆیی و بەکوشتدانی ھەزاران رۆلەی کورد بەدەستی یەک، سازکردنی شەڕولێکدانی نێوخۆ و، کوشتن و راونانی یەکدیی لەدەشت وچیاوگوندەکانی کوردستان بەناوی ''شەڕی چینایەتیی!!''، پیلانگێڕیی لەدژی ھاوڕێ و ھاوسەنگەری حیزبی و، پەنابردنە بەر سازکردنی دەستەودەستەگەرێتیی و پرۆپاگەندەی ژەھراوی لەدژی یەک بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی حیزبی کە تاکو ئەوڕۆ بەردەوامە. سەرباری ئەمانەش دژایەتیکردنی بیری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەبیانووی داتاشراو و ناقۆڵا و نابەجێوە، بەتێکڕا خەباتی نەتەوەی کوردیان لەھێڵی راستینەی خۆی کە گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی بووە، لاداوە. ئەوەش گەلێک ماڵوێرانی و نەھامەتی و قوربانیدانی بێئەنجامی لێکەوتووەتەوە و، پاش تێپەڕبوونی سەتوسی ساڵێک خەبات و قوربانیدانی لەژمارەنەھاتوو، ھێشتا لەھیچ لایەکەوە ئاسۆیەکی روونمان لێ دیارنییە.


حیزب و پارتی و رێکخراوەکانی کوردستان جگە لەوەی کە ماوەی شەستوپێنج ساڵێکە (لەپاش کۆماری کوردستان بەسەرۆکایەتیی پێشەواقازی)، لەرێبازی نەتەوەیی لایانداوە، بەڵکو ھەر لەسەرەتاوە ھیچیان لەسەر بناخەیەکی بابەتانە و زانستی و، بەپێی ھەڵسەنگاندنی دروست لەبارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتیی کوردستان دانەمەزراون و، لەڕاستیدا سەرچاوەی قەیرانی نێوخۆیی حیزبەکان ھەر بۆ ئەم دوو دیاردەیە دەگەڕێتەوە.


حیزب و رێکخراوە سازکردن، پێویستی بەبوونی وڵاتێکی ئازاد و بەکەشێکی ئازادی سیاسی و دێمۆکراسی ھەیە ،پێویستی بەوڵاتێکی ئازاد و دێمۆکرات ھەیە کە لەیاسایدا، مافی دروستکردنی حیزب و کۆمەڵە و سەندیکای سەر بە رەگەز و‌ چین و روانگەی جیاواز، پارێزراوبێ. ئەمەش مانای وایە لەدروستکردنی حیزبدا دوو مەرجی سەرەکیی پێویستن:


یەکەمیان، ھەموو ئەو حیزب و رێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ناڕامیارییانەی کە لەوڵاتێکدا پێکدێن،‌ پێویستیان بە کەشێکی ئازاد و دێمۆکرات ھەیە کە بەپێی یاسا ئازادی سیاسی وچالاکییان دەستەبەرکرابێ و، بتوانن لەرێگەی میدیای سەر بەحکوومەت ومیدیای ئازادی دیکەوە، لەوبووجە و مووچەی کە لە حکوومەتەوە وەریدەگرن، پرۆپاگەندە بۆ روانگە و ئامانجەکانی خۆیان بکەن و، ھیچ بەربەست و ئاستەنگێک لەسەررێی چالاکی سیاسی و پرۆپاگەندەکردن بۆ حیزبەکەیان نەبێت.


دووەم، پێویستە لەیاسادا ھەموو ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ و ئازادی رادەبڕین و سەربەستیی تەواو لەبڕیاردانی سیاسییدا رەچاوکرابێت، بۆ ئەوەی ھەرکەسێک لەماڵی خۆی لەڕێگەی میدیاوە، یان بەبەشداریکردنی لەسەمینار و کۆڕوکۆمەڵی سیاسی وحیزبیدا، حیزب و رێکخراوە وسەندیکای دڵخوازی خۆی ھەڵبژێرێت و دەگاتە باوەڕێکی وا کە بەرژەوەندیی ئابووریی لەڕیگەی فڵانە حیزب و فیسارە سەندیکاوە دەستەبەردەکرێت. ئەوجا لەڕێگەی ھەڵبژاردن و رێفراندۆمی شارەداری و پەرلەمانەوە، ھەر حیزب و رێکخراوەیەک رێژە و قەبارە و گەورەیی و بچووکی خۆی تەنیا لەو خولەتایبەتییەدا بۆ دەرکەوێ. دەوڵەتی ھەڵبژێردراو تاخولی داھاتوو کە ماوەکەی یاسا دیاریکردووە دەسەڵات بگرێتەدەست. پاش تەواوبوونی ماوەکەی سەرلەنوێ‌ خەڵکی وڵاتەکە دیسان لەڕێگەی دەنگدانەوە، حیزب یان حیزبەکانی دڵخوازی خۆیان ھەڵبژێرنەوە و،دەوڵەتی نوێ دامەرزێتەوە. ئەوجا پێکھاتەی دەولەتی نوێ بەپێچەوانەی خولی پێشوو دەبێ، یان نا! ئەوە لەڕێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاریدەکرێت!


بەھۆی بەڕێوەنەچوونی ئەم مەرجە زانستی و بنەڕەتییانە سەبارەت بەچۆنێتیی سازکردنی حیزب و رێکخراوە لەکوردستاندا کە نەتەوەی کورد بندەستی کۆمەڵێک رژێمی نادێمۆکرات و دیکتاتۆر و دژ بەئازادییە، بۆچوونێکی ناڕاست و نازانستانەیە ئەگەر سەرۆکی حیزبێک، خۆی و حیزبەکەی، بەسەرۆک وپێشڕەوی نەتەوەکەی، یان بەسەرۆکی چین و توێژێکی تایبەتی نەتەوەکەی بزانێت و، ئەومافە بدات بەخۆی، چارەنووسی سیاسیی نەتەوەکەی دیاری بکات.


بێگومان، تاکو ئەو ڕۆژەی نەتەوەی کورد بندەستی داگیرکەرانییەتی، ناتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە ئەو ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم کردپێی، لەکوردستاندا دابینیان بکەین.‌ حیزبحیزبێنە و سازکردنی پارت و حیزبی تازە ھێندەی دیکە پرسی کورد‌ ئاڵۆزتر دەکا. تاکەڕیگەیەک کە بتوانێت لەڕوانگەی زانستی و نەتەوەیی و مێژووییەوە ‌خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەی لەمێژینەی نەتەوەی کوردبکات، ئەوەیە دەبێ‌ ناوەندێکی کوردستانیی بەھێز دابمەزرێندرێ و، ھەموو ئەو پارت و رێکخراوە رامیاری و ناڕامیاری و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و، نوێنەری ھەموو پێکھاتەجیاوازەکانی کوردستان کە باوەڕیان بەسەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ھەیە، تێیدا بەشداربن. سەرپەرشتیی لەشکری رزگاریخوازی کوردستان و راگەیاندن و رێکخستنی جەماوەری و خەباتی دیپلۆماسی و ... بگرێتەئەستۆی و، تێبکۆشێت، بۆ سەرۆکایەتیکردنی پرسی کورد لەدەرەوە و لەنێوخۆی وڵات .


بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە مێژووییە، لەساڵی ١٩٨٥ دا کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان دامەزرا – کە منیش یەکێکم لە ئەندامەکانی. دواتر لەساڵی ١٩٩٥ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ھاتەدامەزراندن. ئەم دوو سازییەنەتەوەییە، سەرەڕای ھەموو ھەوڵ و چالاکی و دڵسۆزییەک کە پێشووتر وئێستا و لەداھاتوودا نواندوویانە و دەینوێنن، لێ پتر وەک حیزب کاریان کردووە و، ھەریەکەیان بەھۆی ھەڵە و کەموکورتیی جیاوازی تایبەت بەخۆیانەوە، نەیانتوانی و ناتوانن لەئاست ئەو بەرپرسیارەتییە گەورەیەدابن کە لێیان چاوەڕواندەکرا (بەتەمام لەدەرفەتی گونجاودا، سەبارەت بەھۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئامانج و پڕۆژەکانی ئەم دوو کۆنگرەیە بنووسم)‌. بۆیە ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی ناوەندێکی نەتەوەیی دەدرێت، دەبێ لە ھەڵەوکەموکورتی و ھۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەم دوو ناوەندە بکۆڵدرێتەوە و، بناخەی ناوەندێکی کوردستانیی بەھێز دابڕێژرێ کە لەنێوخۆی کوردستان پشتی پێببەسترێ و، لەئاستی نێونەتەوەییشدا وەک دەمڕاستی پرسی کورد حیسابی لەسەر بکرێت.


ئەو حیزب وپارت و رێکخراوانەی کە لەنێوخۆ و لەدەرەوەی کوردستان دامەزراون و، پڕۆگرامی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانیان ھەڵگرتووە، دەتوانن رۆڵی بەرچاو وگرنگ لەپێکھێنانی ئەم دەزگە نەتەوەییەدا بگێڕن و، توانای مادی و راگەیاندن و ژمارەی ئەندام و سەرکردەیەتییان تێکەڵ بەیەک بکەن بۆ پتەوکردنی بەردی بناخەی ئەم سازییە نەتەوەییە. بەڵام ئەگەر ئەمانیش ھەر گیرۆدەی ناوناوبانگ و حیزبپەرستی و دەسەڵاتخوازیی بن، ئەوا لەداھاتوودا دەبن بە کۆمەڵێک سیاسەتکاری ناکۆک و ناتەبا و دژبەیەک، کە جیاوازییان لەگەڵ حیزبەکانی دی، تەنیا لەوەدادەبێ کە باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و، سەربەخۆیی کوردستانیان پێخۆشە، بەمەرجێک پلەوکورسیی سەرۆکایەتییان بپارێزری، کە ئەوەش بێگومان ھیچ خزمەتێک بە کێشەی کورد ناگەیەنێت.


لەبەر زۆر ھۆ وکێشەی نێوخۆیی کە حیزبە کلاسیک و‌ دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لەخولقاندنیدا دەستی باڵایان ھەیە، لەبارودۆخی ئێستادا دژوار و ئەستەمە دەزگەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی بۆ ھەموو بەشەکانی کوردستان دابمەزرێت. لەبەر ئەوە دەتوانرێت لەپێشدا لەھەر یەک لەبەشەکانی کوردستان بەدرۆشم و ئامانج و پرۆگرامی نەتەوەییەوە کۆنگرە، یان ناوەندی نەتەوەیی لەبەشە جیاجیاکانی کوردستان سازبکرێت. ھاوکات ھەوڵبدرێ بۆ رێککەوتن لەسەر پلاتفۆرمیکی ھاوبەش لەنێوان حیزب و پارتەکانی ھەموو بەشەکانی کوردستان کە لەبەرامبەر پیلانی داگیرکەراندا یەکدیی بپارێزن و، بەبیری یەکبوون وھاوچارەنووسییەوە بەرەوڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە بەرەوڕووی ھەر یەکێک لەبەشەکانی کوردستان دەبێتەوە. ستراتیژ و ئامانجی دواڕۆژیش، یەکخستنی خەباتی تێکڕای نەتەوەی کورد بۆ رزگارکردنی خاکی سەرتاسەری کوردستان و دامەزراندنی حکوومەتی یەکگرتووی فێدەراڵی کوردستان بێت.


کورت وکرمانجیی، بەھۆی بیروباوەڕ و کولتووری رەگەزپەرستی و ھەستی مەزنخوازیی نەتەوەکانی باندەستی کورد کە مێژوویەکی سەدان ساڵەی ھەیە، زەمانێکی زۆری دەوێت کە ئەو کولتوورە رەگەزپەرستانەیە گۆڕێنی بەسەردا بێ و، بیری ئازادیخوازیی و یەکسانی و، کولتووری رێزگرتن لەنەتەوە و رەگەزی جیاواز جێی بگرێتەوە. ئەم گۆڕانکارییەش لەبیرومێشکی نەتەوەکانی باندەستی کورد کە دیارنییە چ ساڵ و زەمان و سەدەیەک روودەدات، ئەرکی نەتەوەی بندەستی کورد نییە، بەڵکو ئەرکی رۆشنبیران و چینی خوێندەواری ئەو گەلانەیە کە لەباتی دژایەتیکردنی گەلی کورد و، خۆشکردنی ئاگری قەڵاچۆکردنی گەلی کورد، بڕیاربدەن بۆ گۆڕینی سیستەمەکانی دیکتاتۆر و نامرۆڤانەیان. ئەگەرچی ئەوکاتیش نابێ گەلی کورد بەوە دڵخۆشبکرێت کە لەسایی حکوومەتێکی دێمۆکراتی داگیرکەردا، مافی کورد دابیندەکرێت. چۆنکە ئێمە حکوومەتەکانی دێمۆکراتی ئیسرائیل و ئینگلیز و سپانیا دەبینین کە بەرامبەر داخوازیی فەلەستین و ئیرلەند و باسک، ھەڵوێستیان چۆنە! دروستکردنەوەی عێراقی نوێ لەلایەن سەرۆکایەتیی باشووری کوردستانەوە باشترین نموونەیە بۆ دڵنیابوونی ئەم راستییە، کە ھەر لەیەکەم رۆژەوە دەسەلاتدارانی تازەی عێراق لە غازی عەجیل عەلیاوەر (کۆنەزاواکەی پارتیمان!!) تاکو جەعفەری و مالکی، دڵسۆزیی لەرادەبەدەر و پێوەندیی نازانستانە و ناسیاسییانەی کوردیان بەکارھێنا بۆ پتەوکردنەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی تازەی عێراقی عەرەبیی، بێئەوی یەکێک لەو مافانە بەڕەسمی بناسن کە لە٢٠٠٣ ەوە تاکو ئێستێ سەرۆکایەتیی کورد بەتکا و رجاوە ‌ داوای جێبەجێبوونیان دەکات!


لەبەر ئەوە بائیتر ''بەس بێ!'' و، لەباتی سەرقاڵکردنی کورد بەچارەسەریی لابەلا و چەوتەوە، با سەرۆکایەتیی کورد بۆ قەرەبووکردنەوەی ھەڵەکانی رابردوو، داوا لەنەتەوەی کورد بکات درۆشمی رفراندۆم بۆ کوردستان و، سەربەخۆیی بۆ کوردستان ھەڵبگرێ و، داوا لە کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان و، وڵاتانی دێمۆکرات بکرێت با بێنە کوردستان و، سەرپەرشتیی راپرسییەکی گشتیی بکەن لەکوردستان، بۆ ئەوەی نەتەوی کورد بتوانێ، لەمێژووی پڕکارەسات و خوێناویی خۆیدا، جارێک بەبێ ترس، لەئازادیی تەواودا دەنگ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیبدات. با لەمەبەدواوە، بیری ئازادیخوازی و دێمۆکراسی و رێزگرتن لەبیروڕا و داخوازیی راستینەی گەلی کورد، لەلایەن حیزبەکانییەوە پێڕەوبکرێت. سەردەمی حیزبپەرستی و سەرۆکی تاقانە و حیزبی پێشڕەوی فەرمانڕەوا کە تایبەت بوون بەکولتووری سیاسیی چەپی کلاسیکی ستالینیزم، بەسەرچووە و، ئەم کولتوورە نادێمۆکراتییە دەبێ لەوێژەی سیاسی و گۆڕەرپانی خەباتی نەتەوەی کورد لەھەموو بەشەکانیدا ریشەکێش بکرێت. بەشداریکردنی راستەوخۆی ھەموو پێکھاتەجیاوازەکانی کوردستان بەھەموو ئاین و ئاینزا و ئایدۆلۆژی و چین و توێژەجیاوازەکان‌ لەژێر چەترێکی ھاوبەشی کوردستانیدا کە دەنگ و رەنگی خۆیانی تێدا ببیننەوە، جگە لەوەی کە ھێزوتوانای مەزن بە خەباتی نەتەوەی کورد دەبەخشێت، ھاوکات ھاوکاری و ھاوخەباتیکردنی ھەموو ئەو پێکھاتانە پێکەوە، تێکڕای دانیشتوانی کوردستان فێری پێکەوەژیانی ھێمنانە و رێزلێنان لەبیروڕای جیاواز دەکا و، لەڕەوتی خۆیدا کولتووری سیاسی و دێمۆکراسی و بیری ئازادیخوازی و یەکسانیی لەنێو مێشکی تاک تاکی دانیشتوانی کوردستان بەئاین وئیدۆلۆژی و بیروڕای جیاوازەوە دەچێنێ و، ئەو حکوومەتە کوردستانییەی کە دواڕۆژ لە کوردستان دادەمەزرێ، حکوومەتێک دەبێت کە لەسەر بناخەی دادپەروەری و ئازادی و دێمۆکراسی و رێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ دادەنرێت.


لێرەدا بەنووسینەوەی دووکۆپلە لەوتەکانی یەکێک لەسەرکردەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی جوو بەناوی مەناخیم بێگن (٢*) کۆتایی بەنووسینەکەم دێنم. مەناخیم بێگن، پێداچوونەوەیەکی وردی لەسەر خەباتی جووەکان لەسەرزەویی فەلەستین، لەدژی سوپای ئینگلیز و عەرەبەکانی نیشتەجێی ئەو مەڵبەندە، لەساڵانی نێوان ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٨ی سەدەی رابردوودا نووسیوە. جێکردنەوەی ئەم قسانەی مەناخیم بێگن لەم وتارەدا، بەمانای پشتیوانیکردن و دژایەتیکردن ‌کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل نییە، چۆنکە ئەو کێشەیە نەلەرابردوو و، نەئیستا و، نەلە داھاتوودا ھیچ پێوەندییەکی بەکورد و کێشەی رەوای کوردەوە نییە و، نایبێت، بەڵکو تەنیا بۆ زانینی ئەو راستییەیە کە سەرکردەی گەلێک ٦٥ ساڵ بۆ ٧٠ ساڵ پێش ئێستا بەوشێوەیە بیریان لەپاراستنی یەکێتیی گەلەکەیان و، سازکردنی دەوڵەت بۆ گەلەپەرشوبڵاوەکەیان کردووەتەوە و، ئەوڕۆ وڵاتەیەکەیان لەڕووی ئابووری و پیشەسازی و سەربازییەوە گەیاندووەتە ریزی پێشکەوتووترین وڵاتانی جیھان، ئەوجا بەراوردیان بکەین لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کە ھەموو ھەوڵیان بۆ ئەوەیە یەکێتیی سنووری وڵاتانی داگیرکەر بپارێزن و، لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ کە لەسەرەتای ھەزارەی سێێەمی زاینداین، ھێشتا مەترسیی روودانی شەڕی نێوخۆیی لەنیوماندا ھەرماوە!


سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی وتەکانی مەناخیم بێگن رادەکێشم:


''... ئەوەی ئازادیی دەوێ، نەفرەت لەکۆیلەتی دەکات... ئەوەی گەلەکەی خۆشدەوێت، رقی لەدوژمنی گەلەکەیەتی. ئەوەی نیشتمانپەروەرە، رقی لەھەموو زروزۆڵەکێکی نێو نیشتمانەکەیەتی. لەبەرامبەر پیلانەکانی کاربەدەستانی ئینگلیز وگوشاری سوپای ئینگلیز و سیخو‌ڕەکانی بۆ سەرمان، چەند ھۆیەک ھەبوون دەبوونە بەربەست کە شەڕی نێوخۆیی لەنێوماندا روونەدەن:


یەکەم – ئێمە ھیچکاتێک لەحیزبەکەماندا، حیزبی (ئەرەگۆن زفای لیۆمی)، ئەندامان و لایەنگرانمان بەوە گۆش نەکرد کە دژایەتی حیزبەکانی دیکەی جوو بکەن. چۆنکە ئەو بۆچوونە ھەڵەیە کە دەتھاوێژێتە سەر کەڵەکەی شەڕی براکوژیی.


دووەم – ھۆیەکی دیکەی ھەڵگیرسانی ''شەڕی براکوژیی''، نیازی چوونەسەر تەختی دەسەلاتە. ئێمە ھیچکاتێک بۆ ئەوە نەجەنگاین کە دواڕۆژ دەسەلات بگرینەدەست. ئێمە تەنیا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەجەنگاین. ئێمە شۆرشمان کرد بۆ رزگارکردنی نەتەوەکەمان، نەک بۆ حوکمکردنیان!! ھاندەرمان بۆ خەبات بیروباوەڕەکەمان بوو. تەنانەت ئەگەر بیروباوەڕەکەشمان پێویستی بەخوێنی خۆشمان بوایە، درێخیمان نەدەکرد و، ئامادەبووین لەپێناو ئامانجماندا بکوژرێین، بەڵام دواڕۆژ کێ حوکمی ئەو دەوڵەتەدەکات کە ئێمە رەنجمان بۆداوە و، قوربانیمان بۆ داوە، گرنگ نییە. مەبەستی سەرەکیی ئێمە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەیە و، کردنەوەی دەرگەکانییەتی بۆ گەڕانەوەی ھەزاران جوو، بۆ ئەوەی پاش ساڵانێکی دوورودرێژی بندەستی و بەشمەینەتیی، ھەناسەیەک بەئازادیی بدەن. ئەگەر بمانویستایە لەپێناوی دەسەلاتوەرگرتندا شۆرش بکەین، ئەوا دەبووینە دوو دەستەی جیاوازی دژ بەیەک و، خەبات و شەڕمان دژی عارەب و ئینگلیز تووشی شکست دەبوو. ئەوەی بۆ دەسەلاتوەرگرتن شۆرش دەکات، ئامادەیە لەوپێناوەدا ھاوکاریی دوژمنی نەتەوەکەشی بکات! بەڵام ئێمە کاری وامان لێ نەوەشایەوە... دەست لەنێو دەست، شەڕی ئینگلیز و شەڕی عەرەبانیشمانکرد، چۆنکە ئامانجی ھەموومان رزگارکردنی گەلەکەمان بوو. نەخێر ئێمە یەکین و ناتوانین رقمان لەیەکدی بێتەوە. ....''.

_________________________________________________
(١*) – قسەکانی مەحموود ئەسعەدبەگ (وەزیری داد) ی تورکیا لەرۆژنامەی ''ملیت'' ی تورکی، رۆژی ١٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٩٣٠ بڵاوبووەتەوە. لە پەرتۆکی ''کێشەی مێژینە و ئێستای کورد''، وەرگیراوە لەنووسینی: ''سەرکردەی نەتەوەیی و قارەمانی کورد، ژنەڕاڵ ئێحساننووری پاشا‌. بەڕێز محەممەد حەمەباقی لەعەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی.
(٢*) – پەرتۆکی ''راپەڕین'' (The Revolt)، لەنووسینی مەناخیم بێگن، سەردار سدیق ئەمین کردوویەتی بەکوردی. ساڵی ١٩٩٦ لە سوێد چاپکراوە.

 

 

١٠\١١\٢٠١٠

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی