٢٤\١٠\٢٠١٣
سێگۆشەیەکی لە بەرموودا دڕندەتر.
وشەجاڕ
ئیلاهی بەرموودات
بدڕێنم!
پێم گوتی دەستە چەورەکەی "کچێنی"ت مەساوە بەسەر "کوڕێنی"مدا
دەمزانی لێمان ئەبێتە سرێش و دەلکێین!
پێم گوتی ٤ چاوت هەیە بیکە بە ٤٠ و ...
پێم گوتی وەک مادەی ١٤٠ گێل مەبە!
دەمزانی مرۆڤم! جاروبار لە خۆم و ئەنفالیش بەپیاوتر دەبم و
هەر دەستم بگاتە پزووی کورتانەکەت، خاپوورت دەکەم!
گوێکورت،ببورە گوێکوردە نازدارەکەم!
لەبیرتە پێم گوتی دوو دەستەکەیشت دانێ و پشتاوپشت هەڵێ!
خۆم لە پشتتەوەم مەترسە!
لەبیرتە! پێم گوتی! هاوکێشەی من شەلە و هەرگیز ناگاتە کەل!
پێم نەگوتی سێگۆشەی من کەرە
ڕێی ئەشقت هەڵە دەکات و سەر ئەنێ بە کەلەبەرێکی دیکەتەوە؟!
پێم نەگوتی ژمارە "١"ی من ئەڵێی تووتڕکە و ١٢٤٠٠٠ پێچی موقەددەسی
تێدایە؟!
ئا!
دەوەرە، ئەوەتا
بە هەزار شێوە "نیو-م" لە "نیو-ت" دادەگرم، کەچی هەر دەکەینەوە "یەک" و
"یەک"مان بە کۆڵەوەژەکەی خەسوویشت "شی"ناکرێتەوە!
هەرچەن دەکۆشم "یەک-م" لە "یەک-ت" دابەزێنم، کەچی هەر "یەک"ین و
تەنیایی ناتوانێ بمانتاقێنێ!
هەزار جاریش "یەکی لانەواز"م لە دووت دەربێنمەوە، بەڵام ناترازێن و
لە سەگ خراپتر لکاوین!
ئەوەتا تۆ؟! بە قوللەی تیژمەوە هەر "باوەخولێ"تە و
ئیبلیسی پوورزایشم ناتوانێ لە سێگۆشە ئەشقنەکەم ڕزگارت کات!
دەڵێی نا؟!
دەوەرە با بە ئاینی سێگۆشەوانی[١]
بۆت بسەلمێنم کە بەرموودام تازە هەرگیز بەرت نادا:
حەز دەکەی
١٢٤٠٠٠ جار
ژێی گۆشەوەستاوی[٢]
دڵم فڕێ دە!
لێم سوورە، تازە هەرگیز نابمەوە هێڵێکی سەرڕاست و لێت دەرناچم!
بڕیار؟"سێ بە سێ" بەرموودام کەوتبێ
تا ماوم ناهێڵم لێم دەرچی، ئەی بادی خۆش مروور.
تاقانە هێڵەکەم!
گەر حەز دەکەی
هەر سیانیت لێ؟!...دەکەمەوە!
بەس دڵنیام پێش ترازان دوانەیەکمان دەبێت و
دیسانەوە دەکەینەوە سێسووچی بێسووچی بەرموودا و ... !
حەز دەکەی دەڵێم بەرموودا دەروویەکت بۆ بکاتەوە!
بەس دڵنیام چوار گۆشەی دنیا تەنراوە و لە دڵما نەبێ ناسرەوی!
بەرە گیانێ!
نامەوێ لێت بشارمەوە
لەو کاتەوە تێتکەوتووم
دامناوە فرمووڵێکی نوێ بۆ "دوعا"ت[٣]
بنووسمەوە!
دەمەوێ ئەمجار
"١"
هەرچەندی لێداگیرێ،
یان هەرچەندی لێ بار بکرێ ،
دابەشی بکەم یان بە هەر بارێکدا جەوری زەمانە بیخنێ
هەر "خودا" بێ!
کێشە نییە!
با کۆمەڵەی مەلعوونینی ئەشق هەر بڵێن ئەنجامەکەی دەکاتە کەرێکی
سەرتاشیاو و سواری کەر کرابێ!
بەڵام!
دڵنیابە هاوکێشەی من یەک پای هەیە و ناهێڵم ئەنجامەکە جگە لە "تۆ"ی
تاقانە بکاتە هیچی تر!
کە واتە، باوەحیز! ئەو مێشکوژە دانێ و کۆتایی بە هێرشە بێئەنجامەکانت
بهێنە
با پڕ بە دڵ دەم بنێم بە دووبەرەی لێوەکانتەوە و تا دەتوانم هەڵیانمژم!
___________________________________
١-
سێگۆشەوانی: موسەللەسات، Trigonometry.
٢-
ژێی گۆشەوەستاو: وەتەر، Hypotenuse.
٣-
مەبەست لە دوعا خەلیل ئەسوەد، شەهیدی ڕەجمکراوە!
•
لە دیوانی وشەجاڕ
٣ - هاوینی ٢٠١٠ نووسراوە
و ئەمساڵ تۆزێک دەستکاری کراوە.
ماڵپهڕی
وشەجاڕ
|