په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٣

سەردەمی دابەشکردنی لاپتۆپ و دەمانچە گەڕایەوە!


محەمەد ئەحمەد     


هەڵبژاردن، ئەو پرۆسەیەیە کە لایەنە سیاسییەکان هەموشتێکی مەحاڵی بۆ دەکەن تاکو دەنگی زیاتر بەدەست بێنن بۆ سەرخستنی لیستەکەیان، بۆیە لە پێشی ئەو پرۆسەیە لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی یەکجار دڵسۆزانە سەردانی کەسانی لایەنگران و لایەننەگرانی حیزبەکەی خۆیان دەکەن و لە رێگە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە هەرایەکی تەواو دەنێنەوە، ئەمە شتێکی ئاساییە چونکە هەر پارتێکی سیاسی دەیەوێ دەنگی زیاتری هەبێ بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی زۆرتر، ئەوەی سەیر بێت لە کوردستان و عێراقیشدا، حیزبە سیاسییەکان لە کاتی هەڵبژاردندا جگە لە دژایەتیکردنی یەکتر و پێدانی بەڵێنی "زێرێن" بە خەڵک و جێبەجێنەکردنی، بۆ مسۆگەرکردنی دەنگەکانیان هەڵدەستن بە دابەشکردنی پارە و پێدانی بەڵێنی دامەزراندن، بە شێوەیەک گەیشتۆتە ئەو رادەیە کە لە خوارووی عێراقدا کەسی متمانەپێکراو باسی کردوە بۆ هەر دەنگێک ١٠٠ دۆلار دراوە بەڵام بە مەرجێک سوێند بخوا کە دەنگ بە لایەنەکەی بدرێ، لە کوردستانیش زۆر کەس لەوە ئاگادارن کە پێشی هەڵبژاردن لایەنێکی سیاسی هەستا بە دابەشکردنی "لاپتۆپ و دەمانچە" بەسەر لایەنگرەکانی، ئەمە جگە لەوەی کارێکی ناشیاوە بۆ کرینی دەنگ، نارەزایی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و بە وتەی ئەوان دەبووایە چەک لە خەڵکی بسەندرێتەوە نەک دابەشبکرێ بەسەریاندا.


ئەمانە بەشێک بوون لەو کارانەی کە بۆ هەڵبژاردن کراون جگە لەوەی کە زۆر خەڵک بۆ هەمان مەبەست هەستاون بە دابەشکردنی " کارتی موبایل، ئازووقە بۆ ماڵە هەژارەکان، تەنانەت گەیشتۆتە ئەو رادەیە کە عەگاڵی عەرەبیی بۆ شێخە عەرەبەکان بسەنرێ"، دەگەڕێمەوە و دەیڵێم سەرجەم ئەمانە بەشێکن لەوانەی خەڵکی دەیزانن و باسکراون، ئاخۆ تۆ بڵێی شتە شاراوەکانی دیکە کە تەنها لایەنە سیاسییەکان دەیزانن لە نێوان خۆیاندا دەبێ چی بن و چی دیکەش لە داهاتوودا بۆی بکرێ.

لە کۆتاییدا دەڵێم: هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بۆ هەر لایەنێک شتێکی رەوایە، بەڵام لە قاڵبێکی دیموکراسی و قەناعەت پێکردنی خەڵک بە دەنگدان بۆیان نەک بە یاریپێکردن بە مەعنەویاتی خەڵکی و کڕینی دەنگەکانیان.

 

خورماتوو

ماڵپه‌ڕی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک