په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

سەرەتایەک بۆ باسکردنى رەهەندە جوداکانى ئیکۆ.

 


یوسف عیزەدین            


''هیچ شتێک لەمڕۆدا نییە لەشڵەژان و شێواندن بەدەربێت، هەروەک چۆن هیچ شتێکیش نییە دوور بێت لەجەهل و ئیلتیباسەوە ''
                                                        ئیمبیرتۆ ئیکو


''گەردوون بۆیە هەیە تا ببێتە بابەتى کتێبێک''

                                                                                     مالارمێ

 

''هیچ ئایینێک رۆژێک لەرۆژان سەرکەوتوو نابێت لەیەکخستنى خەڵکدا، بەڵکو بەپێچەوانەوە تائێستا هۆکارى سەرەکى هەموو کێشەو کارەساتەکانە، بەو هەموو سەربڕین و ئەشکەنجەدانە رۆحى و جەستەییە دڕندانەیەى کە وشە لەئاستیدا دەستەوسانەو ناتوانێت گوزارشتى لێبکات... ئەگەر هەموومان مولحید بووینایە لەدنیایەکى زۆر ئاشتیخوازانەدا دەژیاین''.              خۆسێ ساراماگۆ

 


نووسین و خوێندنەوەو راڤەکارییەکانى ئیکۆ ئاسایى نین، هەروەک چۆن سەتحى و راگوزەریش نین، رۆچوونە نێو قووڵاییەکانى ئەوەى کەئیکۆ دەیەوێت بیڵێت، چەند ئاسان بێتە پێش چاو ئەوەندەش ئاستەم و قورسە، واپێدەچێت ئەو پیاوە حیکایەتخوانى زەمەنێکى دیکە بێت و پاش هەڵسانەوەى لەمەرگ بەچەشنى تارمایى گەڕابێتەوەو مەبەستى بێت لەمڕۆدا گاڵتەجاڕى دنیامان بەو پەڕى جدییەتەوە بۆ باس بکات، عەبەسێکى سەیر لەقووڵایى نووسینەکانى ئەو زاتەدا هەیە، رەنگە بەخوێندنەوەیان بگەینە ئەوەى کەئیدى ئێمە هەموو شتێکمان دۆڕاندووەو ئەوەى کەدەشیکەین ئیدامەدانە بەژیان و گوزەرانێکى ساختە، کەخودى کەسانى دەسەڵاتدار و سیاسى تێدا بوونەتە حیکایەتخوان و حیکایەتە بێ پێزەکانى خۆیانمان بۆ دەگێڕنەوە، ئیکۆ پێى وایە "بوش" لەمڕۆدا خۆى کردۆتە شەهرەزادو هەر لەداگیرکردنى ئەفغانیستانەوە هەر رۆژەى حیکایەتێکمان بۆ دەگێڕێتەوەو وەک شەهرەزادیش بەمەبەستى دوورخستەنەوەى رۆژى لەناوچوونى دەبێت ئیدامە بەحیکایەتەکانى بدات.


ئیکۆ بەمەبەستى خستنەڕووى ئەو شکست و کەوتنە مەعریفى و فەرهەنگییەى کەلەم چاخەدا دەبینرێت رۆدەچێتە نێو قووڵاییەکانى مێژوو، هێزى مێژوو لاى ئەو هێزیکى ساختەیەو هێندەى مەبەست لەنووسینەوەى مێژوو تێکشکاندنى تاک و حیساب بۆنەکردن و راگوزەرکردنى بەسەر رووداوەکاندا بەبێ هیچ راڤەکارییەک، هیچ مەبەستێکى دیکەى تێدا نابینرێتەوە، مێژوو لاى ئەو دیزانێکى ئینتلیجینسیاى چاخەکانە هەر لە ئۆگستینەوە تا ئێستا.


ساتەوەختى رۆچوونى ئیکۆ بۆ مێژوو ساتەوەختێکى جیاوازە لەگەڵ خودى مێژوو خۆى، گومانکردنى ئیکۆ لەسەرجەم ئەوەى کەلەبارەى مێژووەوە هەیە، گومانێکى بارگاوییە بەئەرگۆمێنت، گومانکردنى لەئۆلۆمپیاتێک کەلەسەردەمانێکى پێشوودا هەبووبێت، مایەى پرسیارە.. گومانکردنى لەو سەرچاوانەى بەناوى خستنەڕووى راستیەکانەوە شتەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، تا ئەو رادەیەى کەلەمڕۆدا لەڕێى دنیاى میدیاتیکەوە مێژووى راستەقینەو خەیاڵ بەچەشنێک تێکەڵ بووە کەلێک جیاکردنەوەى لەیەکدى بۆتە ئاستەم، ئیکۆ باس لەوە دەکات چۆن خوێنەرانى بەریتانیا بەپێى راپرسییەک کەلەئێستادا کراوە "رۆبن هود" یان پێ کەسایەتییەکى ریالیستییە نەک"ریچارد- ى شێر دڵ" کەلەجەنگى مەسیح-ئیسلامى سەردەمى سەلاحەدین- دا گەورەترین رۆڵى هەبوو، ئەمەو زۆر نمونەى تر کەسەرنجى نوسەرێکى وردبینى وەک ئیکۆ بەلاى خۆیدا رادەکێشێت و هەموو ئەمانەش لاى ئەو پرسیارەو تێکەڵ بەدنیاى بیرکردنەوەو نووسینى دەبێت، لەزۆربەى وتارەکانیدا ئاماژە بەکێشەکانى ئەمڕۆى دنیا دەدات، بۆ نمونە لەوتارێکیدا سەبارەت بەئایین کەئاخۆ یەکمان دەخات یان لێکمان جودا دەکاتەوە، بۆچوونێکى نووسەری پۆرتوگالى "خۆسێ ساراماگۆ" بەنموونە دەهێنێتەوە کەدەڵێت:" هیچ ئایینێک رۆژێک لەرۆژان سەرکەوتوو نابێت لەیەکخستنى خەڵکدا، بەڵکو بەپێچەوانەوە تائێستا هۆکارى سەرەکى هەموو کێشەو کارەساتەکانە، بەو هەموو سەربڕین و ئەشکەنجەدانە رۆحى و جەستەییە دڕندانەیەى کە وشە لەئاستیدا دەستەوسانەو ناتوانێت گوزارشتى لێبکات... ئەگەر هەموومان مولحید بووینایە لەدنیایەکى زۆر ئاشتیخوازانەدا دەژیاین".


تەنانەت ئیکۆ ئاماژەش بەوە دەدات کە کۆڵەکەى سەرەکى نازییەکان لەتێفیکریندا دەستەواژەى" خوا لەگەڵمانە" دەگرێتە خۆى، هەروەک چۆن فاشییەکانیش لەلایەن سوپایەک لەراهیب و قەشەوە دروشمەکانیان پیرۆزکرا.


ئیکۆ کەسێکى بیرمەندەو پرسیارەکانى سەبارەت بەڕەهەندە جوداکان هێجگار گرنگن و جیاناکرێنەوە لەدنیاى ئەدەبى ئەو، بەتایبەتیش رۆمان کەتوانى پاش سێرڤانتیس بەموجازەفەیەک لەدنیاى نووسینى رۆماندا بێتە نێو دنیاى رۆمان نووسین، ئەو پیاوە لە تەمەنى چل و شەش ساڵیدا دەستى دایە نووسینى یەکەمین رۆمانى خۆى، ئەوەى کەتایبەتە بەسەرگوزشتەى ئەو دەستە دانە نووسینى رۆمانەى هەرچەندە وەک رێکەوتێک دێتە پێش چاو، بەڵام لەڕاستیدا ئەو دەمەى لەدنیادا وەک لێتۆژەرێکى سیمیۆلۆژى ناسرابوو، ئەو بەبێدەنگى یەکێک بوو لەشەیداکانى دنیاى ئەدەب و بەتایبەتیش شەیداى دنیاى نووسینى بۆرخیس و مارکیز.


کاتێک دەزگایەکى بڵاوکردنەوەى ئیتالى ئەو و چەند نووسەرێکى دیکەیان بانگهێشت کرد بۆ نووسینى رۆمانى پۆلیسى بەبێگوێدانە ئەوەى نووسەر رۆماننووسسە یان نا، چونکە لەو دەمەدا رۆمانى پۆلیسى خوێنەرێکى زۆرى هەبوو.


ئیکۆ لەساڵى 1978دا لەبیرۆکەیەکى ساناوە دەستیکرد بەنووسینى یەکەمین رۆمانى، ئەو بیرۆکەیەش وەک خۆى دەڵێت:" ئارەزوویەکم هەبوو بۆ ژەهراوى کردنى راهیبێک"، ئەمە جگە لەوەى وەک خۆى ئاماژەى پێدەدات شارەزایى ئەو لەچاخەکانى ناوەڕاستدا و نەشارەزایى لەچاخەکەى خۆى واى لێدەکات، زەمەنى رووداوەکان بگوێزێتەوە بۆ ئەو زەمەنەو لەوێوە دەست پێبکات، سەبارەت بەناونانى رۆمانەکەشى بە"ناوى گوڵ" دەڵێت:" ناونیشان دەبێت بیروهزر بشێوێنیت نەک لەقاڵبى بدات".


نووسینى ئەو رۆمانە لەلایەن ئیکۆ- وە بەگەڕانێکى نائاسایى دەست پێدەکات بەشوێن وێنەو دیمەنە لەبیرکراوەکان، یان لەنەبیرنەکراوەکان.. گەڕان بەنێو کۆریدۆر و پاساژەکانى مێژوویەکى ئەندێشەکراو، یان مێژوویەکى واقیعى سەدەکانى ناوەڕاست.. هەڵدانەوەى سەدان کتێب و گەڕان بەشوێن ناوى شوێن و کەسایەتى و ژەهر و شتەکانى دى.. گەڕان بەنێو دنیاى گومان و نایەقین.. وردەکارى ئیکۆ لەکارکردندا لەوردەکارى کارکردنى وەستاکانى سیرامیکى شارى ئەلیساندریاى زێدى نووسەر دەچێت، ئەمە جگە لەوەى رۆمانەکە بەچەشنێک لەسینەماگرافیا لەلایەن زۆر کەسەوە دەناسێنرێت، هەموو ئەوانەى رۆمانەکەیان خۆێندبۆوە، کاتێک رۆمانەکەیان بەفیلم بینى بەو چەشنەى لەکاتى خوێندنەوەى رۆمانەکەدا چێژیان بینیبوو، چێژیان لەفیلمەکە نەبینى و پێیان وابوو خودى رۆمانەکە زۆر زیاتر تەسوویرى بووە لەفیلمەکەو باشتر و جوانتر ماجەراو وێنەو دیمەنەکانى پیشانداوە.


ئیکۆ- ى یاخى لەهەموو پێودانگە تەقلیدییەکان، لە" شکست" دا باس لەدەسەڵاتى ئیدمانى زمان دەکات، وەک کردەیەک کەبەرانبەر بۆ خەڵاتاندنى ئەویتر دەیکات و بەمەبەستى سڕکردنى بەکاریدەهێنێت، بۆیە دەڵێت:


''رەنگە زمان کردەیەکى خودى گرنگ بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ لەهەموو کەوتنێکدا پێویستى پێیەتى''.