١٤\٧\٢٠١٢
سەرکەوتنێکی گەورە!
جەمالی
عەلیالی
لە دەسپێکی حەفتوودا ئەوکاتەی کۆنفرانسەکەی
ئۆپۆزیسیۆنی سووری لە قاهیرە خەریکی پلاندارێژی بۆ داهاتووی سووریابوو،
بە هۆی ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنی سووری ڕوخسار و مەبەستی راستەقینەی خۆی
لەهەمبەر نەتەوەی کورد بە نکۆڵی و دانپێنەنانی گەلی کورد دەرخست،
نۆێنەرانی کورد ژووری هۆڵەکەیان وەک پرۆتێستۆ بە جێ هێشت. پاش ئەو
هەڵوێستە بوێرانەیە دەنگۆی "بە تەقێ"، لەسەر بە باش نەزانینی ئەو
هەڵوێستە وەدەرکەوت. بەڵام لە ناوەڕاستی حەفتەدا هەواڵی یەکگرتوویی
دووبەرەی هەرە گرینگی گەلی کورد لە سووریا بە یارمەتی حکومەتی هەرێم
وبە سەرپەرەشتی کەسایەتی مەسعود بارزانی بڵاو بۆوە. بە هۆی ئەوە کە
سووریا ئەوڕۆ و لە دۆخی هەنووکەییدا یەکەم مەتەرێزی خەباتی نەتەوەی
کوردە جیگەی خۆیەتی کە گرینگێکی تایبەتی بدرێتە ئەو هەواڵە. ئەو بابەتە
کوورتە شڕۆڤەیەکی خێرایە بە سەر هەواڵەکەدا.
تا ئێستا چ لە توورکیا و چ لە ئێران و عێراق بە داخەوە هەر دەم تەنیا
پێویست بە ئیستوارێک، عەریفێک یاخود چاووشێک بووە بۆ ئەوەی کە نۆێنەری
کورد لە سێدارەدەن، ئەمجارەیان نەک تەنیا ئەو قووڵە مەقامانە بەڵکوو
زۆر لەوانیش سەروو تر نەیانتوانی تەنانەت یەکدەنگی کورد بشکێنن.
بێگۆمان ئەو کۆدەنگییە وەک سەرکەوتنێکی زۆر مەزن دەکەوێتە سەر لاپەری
خۆێناوی مێژووی کورد و کوردستان. پشوودانێک لە سەر چەند و چۆنی
ڕووداوەکان زۆر هاسان نیە، یەکەم لەبەر ئەوە کە ڕووداوەکان زۆر بە
خێرایی تێپەر دەبن، دووهەم بە هۆی ئەوە کە تا ئێستا مێدیا لە سەر ئەو
سەرکەوتنە زۆر نەدوواوە.
بەڵام، پێویستە دوو خاڵی گرینگ لەو پێوەندییەدا بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە.
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ئەو سەرکەوتنە گوزارە لەوە دەدات کە کورد ئێتر
وەک جاران "کاڵ و نەکوڵیو" نیە بەڵکوو، پلەیەکی بەرزی لە پێگەیشتنی
سیاسیدا تێپەڕاندووە. ئەو شێوازە هەڵوێستانە بێگومان دەخرێنە خانی "ژیری
سیاسی" کە نەتەوەی کورد دەبێ شانازی پێوەبکات. خاڵی دووهەم باس لە سەنگ
و قوورسایی پارچەکانی جیاوازی کوردستان دەکات. بە هەژمارێکی سەرقامکی
دەبینین کە باکوور خاوەنی هێزێکی جەماوەریی بێ هاوتایە. باشوور خاوەنی
ستاتۆی سیاسییە لە ئاستی ناودەوڵەتیدا. ڕۆژئاوا، واتە کوردستانی سووریا
ئەوا بەو سەرکەوتنە مەزنە ژیری سیاسی خۆی سەلماند، ئەدی ڕۆژهەڵات چی؟
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە گشت لایەنەکانی ڕۆژهەڵات بێ ئەوەی کە ماوە
لە دەست بدەن، ماڵی خۆیان یەک لا کەنەوە! بەو واتایە کە بە هەڵوێستێکی
نیشتمانپەروەرانە لە سەر چەند خاڵی هاوبەش، تەنانەت ئەگەر تەقە یەک
خاڵی هاوبەشێش بوبێت، بەرەو کۆدەنگی سیاسی هەنگاو هەڵگرن. ئەوە دەتوانێ
هێز و توانای نەتەوەی کورد لە ئاستی ناودەوڵەتیدا چەندقات و بگرە سەد
قات بەرز کاتەوە.
هەڵبەت دەمێکە لایەنەکانی جیاوازی ڕۆژهەڵات باس لە هاودەنگی و هاوکاری
لە شێوازی فرەچەشنە دەکەن بەڵام هیچ یەک لەوان ئەو باسانە وەکی کورد
کوتەنی بە دڵ و بە گیان ناکەن، ئەگینا تا ئێستا دەبوایە ئەو هەموو
رەنجە خێرێکی بۆ نەتەوەکەمان هەبایە. ڕەنگە بکرێ پاساوی بۆ بدۆزینەوە
کە "ئێستا دۆخی لەبار بۆ ئەو مەبەستە هەڵنەکەوتووە" بەڵام ئەوە تەنیا
پاساوێکەو بەس. هێندێک دۆخ هەگیز هەڵناکەون ئەگەر تاکەکان کاری بۆ
نەکەن. هەر لایەنێکی کە بە لەخۆ بووردووییەوە قۆڵ لەو ئەرکە نیشتمانییە
هەڵماڵێ هەرگیز ناوی لە یادان ناچێتەوە، ئەوە گۆو ئەوەش مەیدان!
بە ڕای نووسەر پێویستە هەر تاک و سازەیەک نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو
لە گشت پارچەکان، بە گوفتار وبە کردار جەخت لە سەر ئەو مەسەلە بکات لە
بەر ئەوە کە ئەگەر هەلێک ڕەخسا، بەڵام تۆ لە دەستت دا، ئێتر لە کیست
دەچێ و ناگەڕێتەوە.
١٢\٠٧\٢٠١٢
ماڵپهڕی جهمالی عهلیالی
|