په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سەرۆکەکانمان کەى وەک سەرۆک دەردەکەون ؟


پێشڕەو حەمید 


سەرۆکى وڵات لەهەمو تاکێکى ئەو وڵاتەى کەخۆى سەرۆکایەتى دەکات زیاتر بەرپرسیارێتى بەردەکەوێت و دەبێت بەسروشتى کارەکەى خوى وەک سەرۆکى وڵات لەئاست هەمو تاکەکانى کۆمەڵگادا بەمانا خاوەنى یەک چاو بێت بۆ ماشاکردنى سەرجەم چین وتوێژەکان بەبێى جیاوازى .


ئێمە کورد چۆن لەکەسێتى سەرۆک دەڕوانین وچۆن لەگەڵ سەرۆکدا مامەڵەدەکەین ؟ سەرۆک وەک کەسێکى نەمر تەماشادەکەین کەهێشتا لەپرۆسەى هەڵبژاردندا نەمان تواینەوە هەڵى ببژێرین و بیکەینەسەرۆکى خۆمان ، یان لەدونیاى ئێمەدا سەرۆک ئەوکەسە بوە کەسەرپەرشتى شۆڕێک بکات و ئەگەر شۆڕشەکەیشى سەرکەوتونەبو هەربەنەمرى بمێنێتەوە و بەسەرۆکى خۆمانى بزانین ؟ کێ سەرۆک هەڵدەبژێرێت ، ئێمە لەڕیگەى سندوقى دەنگدانەوە یان لەڕێگەى چەپڵە ڕێزانەوە ؟ یان واقعێک ئەوە فەرزدەکات بەسەرماندا کە سەرۆکى حیزب دەبێت سەرۆکى هەمومان بێت و لەدواى خۆى سیًَبەرەکەى لەسەرکورسى حکومکردن بەردەوامبێـت ؟ وێنەى سەرۆکەکان خویان دێنەماڵەکانمانەوە و دەبێت لەتەنیشت وێنەى خۆمان یان باوکەکانمانەوە لەچوارچێوەیەکى بگرین و لەسوچێکەوە هەڵواسین ، یان لەترسى ئەوەى نەکەوینە بەرنەفرەتى سەرۆک وێنەکەى بەتەنها لەژورێکدا هەڵدەواسین و ناوى لێدەنێن ژورى میوان ؟.


سەرۆکەکانى ئێمە ، سەرۆکى حیزەکان ، سەرۆک خێڵەکان ، سەرۆکى باندەکان ، سەرۆکى قاچاخچیەکان ...هتد ، ئەو سەرۆکانەن کەئێمە شانازى بەبەخشینى شوناسى سەرۆکایەتیانەوە دەکەین ، یان ئەوان خۆیان شوناسێان بۆخۆیان دیارى کردوەو ئێمەناچارانە قبوڵى دەکەین ؟ سەرۆک دەبێت چى بکات و مەهامەکانى سەرۆکایەتى چین لەئێستاى کوردستاندا و لەئایندەدا سەرۆک چیمان بۆدەکات ؟ ئایا هەرسەرقاڵى پێشوازى کردنە لەسەرۆکى وەفدى وڵاتان و سەردانى سەرۆکەکانى جیهان دەکات ، یان وەک سەرۆکێک دێتە خوارەوەو لەگەڵ جەماوەردا سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەکانیانە؟بۆچى سەرۆکەکان نەچونە ناحیەى ڕزگارى لەکاتى گەڕانەوەى ڕوفاتى ئەنفال کراوکانى گەرمیان ، لەکاتێکدا هەمومان چاوەڕوانى هاتنى سەورۆکەکان بوین بۆ ئەو مەراسیمە تا بەشدارى خەمى ئەو خوشک و دایکانەى بکات کەتائێستاش ئەنفالکرندى ئازیزەکانیان و لەدەستدانیان ژیانى کردونەتە دۆزەخ ، ئاخۆ ئامادەنەبونى سەرۆکەکان بەکۆمەڵێک بیانوى سیاسیانەوە ئەگەر چى بەدیوێکدا ناچارى قبوڵکردنمان بکات ، بەدیوێکى تردا خۆدزینەوەى سەرۆکەکان نەبو لە بەرپرسیارێتى و نەبەخشینى کاتى زیَِڕینى خۆیان لەبەرامبەر ڕۆژێکى وەهادا کەدەبو دەست لەسەرسنگ تا ناشتنى ڕوفاتەکان لەمەملەکەتى ئەنفالدا وەک کەس و کارەکانیان لەشین و ماتەم بوندایە؟


بۆچى سەرۆکەکان ئامادەن بەشدارى ( گەشت و خۆشیەکان و گۆڤەندەکان ) بکەن و ئەو کات هیچ ئیلتیزامێکى ئیدارى و سیاسیان نییە ، بەڵام کاتێک بڕٍیاردەدرێت بەشداربن و داوایان لێدەکرێت دور لەگۆڤەندو خۆشى ڕوبکەنە نیشتیمانى ئەنفالکراوەکان ، ئەو دەمە سەرۆکەکان ناتوان بڕۆنە ئەو نیشتیمانەو دەیان ئیلتیزامیان بۆدروست دەبێت ؟!


سەرۆک مافى خۆیەتى چۆن نەخشەى ژیانى ئاسایى خۆى دەکێشت و چۆن چێژ لە کاتەکانى ژیان وەردەگرێت ، وەک چۆن ئێمەش مافى ئەوەمان هەیە کە ئامادەنەبونى سەرۆکەکان لە پێشوازى ئەنفالکرەوکاندا بخەینە ژێر پرسیارەوە و پێان بڵێن وەک سەرۆک نەبون و ناسەرۆکانە ڕەفتارتان کرد.


بەشدارى کردنى سەرۆک لەڤیستیڤاڵى زیندوکردنەوەى دیوەخانەکان و گەشتى قوتابیان گرنگە،یان پێشوازى کردنیان لەڕوفاتى ئەو گەرمیانیانەى زیاتر چانسى بەسەرۆکەکان بەخشى تاببنە سەرۆک ؟ ئامادەبونى سەرۆک لە شینى نیشتمانى ئەنفالکراوەکان ، ڕەهەندى سیاسى و ئینسانیانەى زیاتر دەبەخشێت بەدۆزى نەتەوەیەک یان بەشدارى کردنى لە گەشتى قوتابیاندا ؟ سەرۆک ئەو کاتە خۆشەویست دەبێت کەلەبەردەم ڕەشەباى پڕلەتۆزو گەرماى گەرمیاندا ڕوخسارى وەک جلى ژنانى پاشماوەى ئەنفال غەمى لێببارێت ؟ یان ئەوکاتەى ئامادەنــابێت دەستى نازبەسەر منداڵێکى پێخاوسى گەرمیاندا بهێنێت ؟ سەرۆک ئەوکاتە جوانە خۆى تاجەگوڵینەى ڕێزو خۆشەویستى لەسەر گڵکۆى شەهیدانى هەڵەبجە دابنێت یان کەسێکى تر لەبرى ئەو بەو کارەهەستێـت ؟ سەرۆک لەکامیاندا زیاتر جوان دەردەکەوێت و کەسایەتى سەرۆکایەتى زیاتر بەهێز دەبێت ، ئەوکاتەى ناڕواتە گەشت و سەیران و سەرقاڵى ڕاپەڕاندنى ئیشو کارى وڵاتە ؟ یان ئەوکاتەى ئیشوکارى وڵات فەرامۆش دەکات و سەرقاڵى ئاهەنگ گیڕانە ؟ سەرۆک ئەوکاتە وەک سەرۆک کاردەکات کە سەرجەم ئۆرگانەکانى حیزبەکەى دەخاتە خزمەت نەتەوەکەیەوە ، یان ئەو کاتەى تەواوى کایەجیاجیاکانى گەلەکەى دەخاتە خزمەت بەرژەوەندى حیزبەکەیەوە ؟ وێنەى سەرۆک ئەوکاتەجوانە کە هەموڕۆژێک لاپەڕەى یەکەمى ڕۆژنامەکان داگیربکات ؟ یان ئەوکاتەى سەرقاڵى بەکارکردنەوە بۆنەتەوەکەى بوارى وێنەگرتنى پێنەدات ؟ سەرۆک ئەوکاتە سەرۆکە لەپێناو خۆشگوزارنى میللەتکەى شەقێک لەکورسێکى حکومکردنەکەى بدات ، یان ئەوکاتەى بۆمانەوەى خۆى لەسەرکورسیى دەسەڵات خۆشگوزەرانى میللەت ڕەوانەى دۆزەخ دەکات ؟ .