په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٢

سێوەلاسوورە!

جەلال قادر       

(پێش ئەوەی چیرۆکەکە بخوێنیتەوە باشترە سێوێکی سوور بگریتەدەست).

 

لەگەل یەکەمین بینینی سێوەلاسوورەکە بەقەد لقی درەختێکی کێویەوە یەکسەر عاشقی بووم. تاکە درەختێبوو بەقەد بناری شاخێکەوە، کۆمەڵێ سێویی ڕەنگینی بە سینەوەی هەلواسیبوو، لەناو هەموو سێوەکان سێوەلاسوورەکەم ناوازە و جوودا لە ڕەنگەکانیتر شۆڕببوەوە خوارێ. سێوەکان پێگەییبوون تەنیا سێوەلاسوورەکەی من نەبێت، چەند ڕۆژێکی مابوو خۆی بە سینەی دایکیا هەلواسێو و بێتە خوارێ!


هەموو ڕۆژ سەردانی درەختەکەم دەکرد و لەژێر سێبەرییا ڕادەکشام لە سێوەلاسوورەکەم دەڕوانی، هەر ڕۆژ بۆنم دەکرد و چاوەڕوانبووم پێبگات و بیبینم، یاخود بەربێتەوە ناو دەمم و تێر ماچیکەم. سێوەکانیتر وەک گەلای پاییز هەلدەوەریین وتەنانەت( با)ش نەدەهات کۆیانکاتەوە. سێوەلاسوورەکەم پێنەدەچوو پەلەی بێتو پێبگات و بەربێتە خوارەوە، منیش هەر ڕۆژ چاوەڕێمدەکرد، لە دیدی چاوەکانی مندا سێوەلاسوورەکەم دەتگوت ئەستێرەی پڕ ڕەنگە بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە.


ڕۆژێکیان لەگەل سپێدە دۆڵ و سەرتەپڵکەکانم بڕی، لە دوورەوە بینیم سێوەکەم بە درەختەکەوە نەمابوو!.. سەیری ژێر درەختەکەم کرد جگە لە گەلای هەلوەریوو پوشوو خۆڵ چیترم نەبینی. هەستم کرد کەسێک هاتووە سێوەکانی ڕنیوە و سێوەکان کۆچیان کردووە.


بە شوێن پێی ڕێبوارەکە کەوتم لەناو گوندێکدا هەواڵی سێوەکانم پرسی. وتیان : دوو سەبەتە سێو بەرەو شار بارکراوە.


وتم : هەرکێ بێ سێوەکانی ڕنیبێت نەزانبووە چونکە سێوەلاسوورەکەی من هێشتا پێنەگەییبوو!


چووم بۆ شار بە سۆراخی دۆزینەوەی پیکابە شڕەکەی گوندەکە... دوای گەڕان و ماندوو بوون، دوو سەبەتە سێوەکەم لەلای مێوە فرۆشێکی ناو شار دۆزییەوە . چیرۆکەکەم بۆ کابرای میوە فرۆش گێڕایەوە. ئەویش وتی : کوڕم ئەوە سەبەتەیەکی بەتاڵ دەتوانی سێوەکانی تیا بگوازیتەوە ناوی، هیوادارم سێوە لاسوورەکەت بدۆزی.


هەر لەگەل گواستنەوە و بژارکردنی چەند دانە سێوێک لە ناو دەیان سێو، سێوەلاسوورەکەم دەدرەوشایەوە. لە چنگم گرت وبە کامەرانییەوە وتم: مامەگیان ئەوە سێوەکەم دۆزییەوە نرخی چەندە ؟ وتی : کوڕم تۆ ئەو ڕێگا دوورەت بڕییوە بۆ خاتری سێوێک چۆن دڵم دێ پارەت لێبسەنم.


کابرای مێوەفرۆش سێوەکەی لەدەست وەرگرتم و سەیری کرد و وتی : ڕاستدەکەیت ئەمە سێوێکی تایبەت وکێوییە ئەگەرچی زوو لە درەختەکەی کراوەتەوە، هێشتا تەواو نەگەییوە، لی تا چەند ڕۆژێکیتر نەیخۆی دەتەپێ و بۆگەن دەبێت!.


سێوەکەم لە باخەل کرد و تا ماڵ ڕانەوەستام، تێکەڵ بە هەنار و پرتەقال و مێوەیتر لەناو سەبەتەیەک دامنا. ئەوەندە خۆشمدەویست دوو سێ ڕۆژی بەسەر چوو بوو دڵم نەدەهات قەپی لێبگرم. دواجار بەناچاری گەزم لە گۆشیەکیگرت، ئای کە سێوێکی بەتام و شیرین و ئاودار بوو. لە خۆشی تامەکەی خۆم پێنەگیرا قەپ لەسەر قەپم لێگرت. لە کۆتاییدا چەند دەنکە سێوی ڕەش مایەوە لە ناو لەپی دەستم.


ئاواتەخوازبووم بتوانم سێوکیتر بەو شێوەیە و بەو تاموچێژە بدۆزمەوە. زۆر دڵتەنگ بووم بۆ لەدەسچوونی سێوەلاسوورەکەم. بەدیار سەبەتە پڕ لە مێوەکەم دانیشتبووم و دامابووم،هەستی تەنیایی باریگرت بەسەرما، یادی بۆنی سێوەکە هێشتا لە ژوورەکەم مابوو.


لەم بێئارامیەمدا بووم و هێشتا دەنکە سێوەکە لەناو لەپی دەستمدا بوو چاوم بە باخچە بچکۆلانەکەی مالدا کەوت. چالێکم لەباخەکەم هەڵکەند و دەنکە سێوەکانم چاند و قومێ ئاویشم کرد بەسەریا، بەو ئاواتەی سالێکیتر ببێت بەنەمام و خزمەتی بکەم!
 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک