٢٠\٤\٢٠١٢ شاپوور و قابیل، زۆر لەوە گەورەتر بوون لە چوارچێوەیەکی تەسکدا پێناسە بکرێن.
عەبدوڕەحمان محەمەد
لەم سەردەمی گەندهڵییدا کە جیھان و کوردستانی پیادا تێپەڕ دەبێ، دەبێ پێنووسهکانمان ئاوڕێک لە کۆمەڵێک کەسانی دژە گەندەڵ بدەنەوە کە گیانی خۆیانیان بەخت کرد لەو پێناوەدا، یا ئەوەتا دەبێ ئەو قسە باوانەی کۆمەڵگا قهبول بکەین کە باوک و کهسوکار و بەرپرسەکانمان وەڵاممان دەدەنەوە و دەڵێن:(گەندەڵیی گەندەڵیی چیتە، دنیا ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ، دەبێ قهبوڵی کەی)، بۆیە شاپوور و قابیل و بەکر عهلی و سەردەشتەکان دژی ئەو وتەیە وەستانەوە و گوتیان: (ئێمە چارەسەرمان پێیە بۆ ئەو دەردانە). خەمی نانی سەر سفرەی ماڵەکانی خۆیان خستەلاوە و روویان کردە ئاسۆیەک کە ھەموو مرۆڤهکان خانە و لانەیان ھەبێ، ھیچ منداڵێک تووشی بەدخۆراکیی نەبێ، ھیچ کەسێک بێکار نەبێ، دەیان و سەدان ھەناسەی قووڵ بکەنە واقعێک کە مرۆڤ سەردەمییانە بژیێ.
بۆیە دەبێ من لە کونجێکەوە تیشکێک بخەمە سەر ژیانی شاپوور و قابیل لە کاتێکدا کە بەرپرسی دابەشکرددنی خۆراکی مانگانە بوون لە ھەولێر (دیارە گەورەترین دزیی و گەندەڵیی لەو بوارەدا ھەبوو)، ئێوارەیەک میوانی ئەو بەرپرسەی خۆراکە بووم!!! کە ھاتە کاتی نانخواردن ،گوتیان خواردنەکە بەش ناکا!!؟؟ ئێمە نزیکەی حەوت کهس دەبووین، بۆیە بڕیارمان دا کە نیوەمان نان بخۆین و نیوەکی تری بۆ سبەی!!؟؟؟ لە کاتێکدا بەرپرسانی ناسیۆنالیستی کوردی وەک مشکێک کە لە ناو ئەمبارێکی ئارد و خواردندا ئاوسا بوون و تا کاتی نووسینی ئەم وتارەم ھەر تێریان نەخواردوە و وا خەریکن شەری دابەشکردنی دزییهکانیشیان دەکەن.
شاپوور و قابیل فەلسەفە و ئهزموونی زیندووی بزووتنەوەیەک بوون کە لە سەردەمانی قاتوقڕییدا شڵەژابوون، سەرێکیان سەردانی ئاوارەکانی سلێمانی بوو سەرێکی تریشیان ئاوەرەکانی بەردەقارەمان، لەولاوە ھەولێر و دیانە، کۆمەڵگا گەندەڵەکەم ئهو راستیانەشی تێدا بوو، بۆیە ئەگەر کەسێکی دەرەکیی یا نەشارەزا پرسیاری لێتان کرد، ئهو راستیانەی بۆ باس بکەن، کە لە گەندەڵستانەکەی ئێمەدا، (شاپوور و قابیل)یش ھەبوون.
١٧\٤\٢٠١٢
|