په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٤\٢٠١٤

شەڕی براکوژی!

جەمالی عەلیالی    


چۆکی جوامێر دەخاتە لەرزین، پشتی مرۆڤی ئازاد دێنێتە چەمین، گوڕی هاواری رزگاری دەخاتە کپین و رووناهی چاوی پڕلە ئاوات بەرەو تارین دەبات. ئەو دیاردە قیزەونە میراتی نامرادی مێژوویەکی پر لە داکەوتنە کە لە سەردەمی زەردەشتەوە هەتا هەنووکە کۆتەی ملی کوردە. لەو کاتەوە تا ئێستا، هەر دەم و ساتێک بە ناوێک و لە ژێر ئاڵایەک کوردی بێ دەرەتانی پێ سەرقاڵ کراوە. ئەو چەند دێرە هەوڵی نووسەرە بۆ ڕاپەڕاندنی خۆێنەری کورد، هەرچەند کە بە هۆی کۆنی برینێکی ٦٠٠٠ ساڵە، هەر دەبێتە پلاری کۆێر، ئا دەیگرێ و ئا نایگرێ...


لە سەر دەمی نۆێدا ئەخیار بوونەوەی گەلان سەرەڕای بیر و بۆچۆنەکانی جیاواز، کەوتۆتە ڕۆژەڤی کۆمەڵگای جیهانی. یەک لە پێداویستییەکانی ئەو سەردەمە گەیشتن بەو قۆناخەیە کە ئەخیاربوونەوەکە لە سەرەتاکاندا "یەختە" ناکات. ڕاستییەکی تاڵ لە شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد ئەوەیە کە سەردەمی "ئەخیاربوونەوە" تووشی کەند و کۆسپی مەترسیدار هاتووە. ئەو کەند و کۆسپانە هەر لە کاتی زۆر کۆنەوەرا بەدی دەکرێن، کاتی کورۆش و هێرۆدۆت، کاتی سەلاحەدین ئەیوبی، کاتی سەفەوی و عوسمانی و هەروەها پشت ئاشان و خواکورک مینایەکەن بۆ ئەو کەند و کۆسپانە. ئەگەر لەو سەردەمەدا نەتەوەی کورد نەتوانێ بە سەر کەند و کۆسپی لەو شێوازەدا زاڵ بێ، جگە لە داکەوتنێکیتر چ ئاکامێکی وەدەست ناکەوێ.


ئەگەر دوور نەچین، ماوەیەک لەمەو بەر کاتی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کورد توانی هێزێکی زۆر لە دەوری خۆ کۆکاتەوە. لە هەڵبژاردنی دووهەمدا، کورد بەهۆی کەوتنە داوی پیلانی داگیرکەران، زۆر لە هێزی خۆی لە دەستدا. ئێستا کە بەرەو هەڵبژاردنێکیتری عێراق دەڕۆین دیسانەکە کورد خەریکە تووشی داوێکیتری داگیرکەران دەبێ و بە هۆی تەجرەبە جگە لە تەنگە پێ چنینی هێزی سیاسی کورد چ بەرهەمێکیتری بۆ کورد نابێت.


پارتی دێمۆکراتی کوردستان لە باشوورەوە بە یارمەتی دەزگای پڕۆپاگانەدە و پارە و سامانی کوردستان خەریکە بەرەو ویستگەیەکی سست و بێ بنەما دەڕوات. ویستگەیەک کە تەنیا جێگەی پاشکۆیەکانی داگیرکەرانە. ئاکامی ئەو سیاسەتە رزگاری گەلی کورد لە چەنگ داگیرکەران نیە بەڵکوو بە پێچەوانە خەونەکانی دێرین زیاتر بەرەو هەڵدێر دەبات. گشت سازەیەکی سیاسی چ پارتی بێ و چ لایەنەکانیتر مافی خۆیانە کە کوردستان بە تاپۆی خۆ بزانن بە ڵام دەبێ ئەو خەیاڵە شۆێن پێی لە سەر ئەرزی واقیع هەبێ. تا ئەو کاتەی سازەی کوردستانی خاوەنی ئەو بیرە چەوتە بن، کوردستان هەر هی داگیرکەرانە نەک هی کوردستانیان. دۆخی هەنووکەیی لە قازانجی کورد نیە و بە داخەوە دەکرێ بە ئەگەری دەسپێکی شەڕێکیتری براکوژی ناوزەت بکەین هەرچەند تا ئێستا تەقەکەی نەگەیشتۆتە گۆێمان.


ئەرکی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازانەی گشت تاک و سازەیەکی کوردستانی ئەوەیە کە لە هەر ڕێگە و بە هەر شێوەیەک بێ، دەنگی نارەزایەتی لە هەمبەر ئەو دیاردە بۆگەنە هەڵبڕن و سنووری سووری هاوبەش بخەنەوە بیری سازەکانی سیاسی کورد. هەر ئێستا جگە لە داگیرکەران و ناحەزانی نەتەوەی کورد چ کەس و لایەنێک نیە بەو دۆخە شاد و کەیف خۆش بێت. ئەوە خەیاڵێکی خاوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان داگیرکەرانی کوردستان دەست لە پیلان و ئاژاوە بۆ تیکڕمانی ماڵی کورد بکێشنەوە. لەوە خاوتر ئەو خەیاڵەیە کە بە یارمەتی داگیرکەران بانگەشە بۆ یەکریزی ماڵی کورد دەکات. ئەو دەهۆڵەی کە لە زەماوەندەکەی ئامێد دەس بە کوتانی کرا ئێستا لە چوارچێوەی هاوکیشەکانی سیاسی ناوچەکەدا، لە سەر سنووری ڕۆژئاوا، یەکەم سەنگەری نەتەوەی کوردەوە دێت. ئەو دەهۆڵە و گشت دەهۆڵەکانیتر کپ ناکرێ ئەگەر کوردستانیان یەکریز نەبن.

 

١٣\٤\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک