په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١٥

شەڕ و شەڕی براکوژیی.

جەمالی عەلیالی   


چینی سەرمایەداری ئینگلیزی دەگەڵ چینی کریکاری ئەو وڵاتە ،دوو لایەنی جیاوازن، زۆر جاران شەڕیان لەناوبەینا هەڵگیرساوە. تازەترین شەڕی بەربڵاوی لەو چەشنە، لە سەر دەمی سەرۆکوەزیری مارگارێتا تاچێر بوو کە زەبریکی زۆر گرانی لە چینی کرێکاری ئەو وڵاتە دا. سەرکەوتنێک، کە بوو بە هۆی هەڵبژاردنەوەی تاچێر. ئەو شەڕە براوە و دۆڕاوی هەبوو. چینی کۆیلە لە رۆمی کەوندا بە دژی کۆیلەگەری، دوو لایەنی جیاواز، سەریان هەڵدا و بە یارمەتی بەشێکی کۆمەڵگا سەرکەوتن وسیستەمی کۆیلەتییان هەرچەند بۆ ماوەیەکی کورت، لابرد. ئەو شەڕەش، براوە و دۆڕاوی هەبوو. مێژووی نووسراو و نەنووسراوی مرۆڤایەتی، پڕە لەو چەشنە شەڕانە. لەبیرمان نەچێ کە مێژوو باسی شەڕ دەکات، براوە و دۆڕاوی شەڕەکەش هەڵدەبژێرێت. بەڵام بە شایتی مێژوو، تاقە یەک چەشنە شەڕ هەیە کە چ براوەیەکی نیە و تەنیا "دۆڕاو- دۆڕاو"ی هەیە، واتە هەر دوو لایەن؟ ی شەڕەکە دۆڕاون! ئەو چەشنە شەڕە، شەڕی براکوژییە. ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە کاتێک شەڕێک ساز دەبێ و ئاکامەکەی دەبێتە "دۆڕاو- دۆڕاو" ئەوە بێگۆمان دەستی دەرەکی، بە واتای نەیار و دووژمنی تێدایە. ئەو بابەتە کوورتە هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەیەکی خێرا بە سەر ئەو فەزا و دۆخەی کە پاش راگەیاندنی شەڕی کێلەشین هاتە ئاراوە.


بە پێی هەواڵەکان چەند ڕۆژ لەمەو بەر شەڕێک لە نێوان چەکدارەکانی حدکا و پ ک ک لە سەر سنوورە دەستکردەکان پێکهاتووە و بە داخەوە شەڕەکە شەهید و برینداری لێکەوتۆتەوە. ڕووداوێک کە بۆ یەکەم جارلەو ساڵانەی کۆتاییدا هێڵی سووری تێکچڕژاند. لەوناوەدا یەکەم خاڵ ئەوەیە کە چ کەس و لایەنێک لەو شەڕە زەرەرمەند نابێت جگە لە نەتەوەی کورد و کوردستانیانی دلسۆز، چ کەس و لایەنێک بەو ڕووداوە کەیفخۆش نابێ جگە لە داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی. دووهەم خاڵ ئەوەیە کە ئایا ئەو ڕووداوە بە مەبەستی شاردنەوەی هەڵکەوتێک یاخود ڕووداوێکیتر نیە؟ سێهەم خاڵ ئەوەیە کە تاکوو گشت زانیارییەکانی پێویست کۆ نەکرێنەوە، شڕۆڤەی ئەو ڕووداوە، زیانی ڕووداوەکە زیاتر دەکات و دەبێتە بە هۆکارێک بۆ ئاڵۆزی دۆخی سیاسی ناوچەکە. کەواتە وەکی کورد کوتەنی پێویست ناکات پشوومان سواربێت! ئەوە وشیارێکی تایبەتییە لە سەر مەترسی سەرکەوتنی پیلانەکانی داگیرکەران! ئاخۆ نەیارانی کورد و کوردستانیان خەریکن لە پیلانەکانیاندا سەردەکەون؟ هەر بەو پێیە و بە پشت بەستن بە خولیای دێرین، تەنیا رێگەی چارە ئەوەیە کە بەرەو پتەو کردنی ریزەکانی نەتەوەکەمان هەنگاو هەڵگرین بۆ ئەوەی ببێتە بە وڵامێکی دەق بۆ داگیرکەران.


ڕۆڵی ڕوناکبیر لەو ناوەدا فاکتەرێکی گرینگە و لە سێ حاڵەتا بەدی دەکرێ، دژبەری، بێ لایەنی و لایەنگری. هەڵوێستی بێ لایەنی لە کۆتاییدا بە لایەکدا دەکەوێت. تەجرەبەی ساڵانی ڕابوردوو و بە تایبەت تەجرەبەی وڵاتانیتر، سەرەرای جیاوازی لە قۆناخی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییەوە، ئەوەی سەلماندووە کە نەتەوەی بندەست لە لایەک بە هۆی بەهێزیی نەتەوەی سەردەست (هێزی داگیرکەر)، لە لایەکیترەوە، لاوازی و کزی سیاسی نەتەوەی بن دەست، هەردەم مەترسی ئەوەی هەیە کە بێ لایەنەکانی نەتەوەی بندەست، ڕاکێشی بەرەی دژبەر بکرێن. ئەوە ڕاستییەکی تاڵە بەڵام سرووشتییە.


ڕووناکبیر بە هەر دوو بەشی ئاراستە و نائاراستەیەوە، لە گۆێرەی سرووشتی، دۆخی فیکری و دەروونییەوە، هەرکات پڕە لە هەست و خوازیاری. ئەوە سرووشتی ڕووناکبیرە ئەگینا نەدەکەوتە خانەی ڕووناکبیر. بەڵام هەر ئەو "دڵناسکییە" دەتوانێ لە شۆێنی وەرچەرخاندا هەڵقووڵێ و ئاراستەی فیکری ڕووناکبیر بەلایەکیتردا بشکێنێتەوە. ڕێک ئالێرەدا مەترسی ئەوە هەیە کە ڕووناکبیر بکەوێتە داوێک کە مێدیای زەبەلاحی نەتەوەی سەردەست بۆی تەنیوە. ترسی نووسەر ئەوەیە کە ڕووداوەکەی کێلەشین رێک ئەو شۆێنە وەرچەرخانە بێت کە بەر چاوی ڕووناکبیر بگرێت و توانای فیکری ڕووناکبیر ئاراستەی لایەکیتر بکات بۆ ئەوەی "شتێکی"تری لە بەر چاو ون بێت. با سەیربکەین بزانین ئایا چ "شتێک"ی تایبەتی هەیە کە بۆ ئیسباتی ئەو چەند دێرە پشتی پێ ببەستین؟


لە باشوور خەریکە مابەینی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی گۆرانکاری بەسەرا دێت. لە ڕۆژئاوا، پڕۆسەیەک دەستی پێکراوە کە هەرگیز نە لە سەرمان و نە لە برسان بەرەو دوا ناگەڕێتەوە. لە باکوور پڕۆسەیەک دەستی پێکردووە کە ئیتر نە لە سەرمان و نە لە برسان بەرەو دوا ناگەڕێتەوە. لە ڕۆژهەڵات خەریکە دۆخێک ساز دەبێت کە دەتوانێ ببێتە تەواوکەری بازنەی سیستەمێک بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە مێزۆپوتامیا. کەواتە "شتێک" نیە بەڵکوو "کۆمەڵێک شتە" کە دڵەڕاوکێ دەخاتە ناو ریزی داگیرکەری فرەڕەنگ. بەڕای نووسەر ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە داگیرکەر تەنانەت لە هەچەشنە هەڵکەوتێک کەلک وەرگرێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بازنە بەهێزە! ئەگەر داگیرکەربتوانێ هەست و ئیحساساتی ڕووناکبیر، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەکاربێنێت ئەوسا لە بەشێکی بەرچاوی پیلانەکەی سەرکەوتووە. بە گۆێرەی ئەو خۆێندنەوەیە کە پێویستە ڕووناکبیر بە وشیاری تەواو ڕۆڵی خۆی بگێڕێ و لە شڕۆڤەی ڕووداوەکاندا پەلە نەکات بۆئەوەی کە تووشی هەڵە نەبێت. تەجرەبەی چەند ڕۆژی ڕابووردوو، بە پشت بەستن بە تۆری مێدیاکان، ئەوەی سەلماند کە ڕووناکبیر مەترسی ئەوەی لە سەرە کە لەکاتی ناکاودا تووشی "شەوکۆێری" بێت و نەتوانێ ڕووداوەکان بەو چەشنەی کە هەن ببینێ.


٣٠\٥\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک