په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

شێت کێ یە ؟

گوناهترین مرۆڤى نــائاسایى ئافرەتە.

پێشڕەو حەمید  

پێشکەشه:

بە ڕۆحى (جەمال ڕینگۆ) و (لەیلا)خان ئەو ئافرتەى کە 7 ساڵە لەسەر شەقامەکانى شارى دەربەندیخان بێکەسانە ژیان بەڕێدەکات و هیچ کام لەڕیکخراوەکانى ( ژنان و مافەکانى مرۆڤ ) نەیان توانى بۆساتیکیش لەخەمەکانى کەم بکەنەوە و ڕزگارى بکەن لەسەر شەقامەکان .

 

مرۆڤ لەهەرشتێکدا ئازاد بێت، ئەوا لەوەیاندا مەحاڵە بەئازادى   شێت بون بۆ خۆێى هەڵبژێرێت، شێت بون یان شێتى لەهەمو کاتەکانیدا ناسنامەیەکە ( مرۆڤ ) ناتوانێت ڕەهایانە هەڵگرى بێت ؟ بەومانایەى هیچ مرۆڤێک خوا ستێکى نیە بۆشێت بوون.

 

قسەکردنى من بەم خێراى یە  لەسەر ئەم حاڵەتە قسەکردن نیە لەسەر ئەو شێت بونە سەتحییەى کەهەندێ جار بەمرۆڤێک دەوترێت کە تاڕادەى گریان عاشقانە مەعشوقەکەى لەڕۆحیدا دەژێنێت و مەزنانە ئامێزى بۆدەکاتەوە ، یان لەکاتى پەرچەکردارێکدا بەمرۆڤێک دەگوترێت کە کارو کردارەکردەوەکانى نائاسایانە بەرجەسەتە دەکات و ئەو پێناسەیەى پێ دەبەخشێت و دواجار پێى دەگوترێت تۆ مرۆڤێکى شێتى ؟!

 

بەڵکو من دەمەوێت قسە لەسەر فەزاى ئەو کۆمەڵگەیەبکەم کە مرۆڤێک هەربەڕاست لەڕوى دەرونى یەوە ناجێگیرە و مرۆڤە ئاسایەکانى تر ، بە ( شێت ) ناو زەندى دەکەن ؟ هەرلەبەر ئەوەى لە دەرەوەى ئیرادەى خۆى وەک مرۆڤێکى ئاسایى لەهەموو ڕوەکانى ترەوە ژیان ناگوزەرێنێت و نائاسایانە مامەڵە دەکات لەگەڵ بونەوەرەکانى ترو هەمو شتەکانى چواردەورى خۆیدا.

 

مامەڵە کردنى مرۆڤە ئاسایەکان ،  لەگەڵ ( مرۆڤە پاکەکان ) دا کە ناویان لێناون ( شێت ) لە ڕوئیاى کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکى تر و لەناوچە یەکەوە  بۆ  ناوچەیەکى تر جیاوازیان هەیە و ماناکانى   ژیان دۆستى و مرۆڤ دوستى لە خوێندنەوەى تاکەکانى ئەو کۆمەڵگەیە و کولتورى ئەو کۆمەڵگەیەوە دەبنە ئاوێنەیەک بۆ ئاشکرا کردنى ڕوخسارى جیاوازى یەکان .

 

 بەختەوەرترین مرۆڤى ( شێت ) ئەو مرۆڤەیە کە لەفەزایەکدا ژیان بگوزەرێنێـت ،کەسەرشەقامەکانى پڕبن لە مرۆڤى بەخشندە و خاڵیى بێت لە بونەوەرى تووڕەو مرۆڤى بە بەردبوو، بەڵام داماوترین ( شێت ) ئەو کائینە گوناهەیە کە لە کۆمەڵگایەکى وەک کۆمەڵگایى کوردیدا و لەسەر شەقامێک ژیان بگوزەرێنێت ، کە پانتایەکەى خاڵآ بێت لە عەدالەتى کۆمەڵایەتى و خودى مرۆچەکانیشى  توڕەو هەڵچوو  دەرون گەرم و دۆگمابن  .

 

مرۆڤى شێت لە کۆمەڵگەى کوردیدا مرۆڤێکە دوجار غەدرى لێکراوە ، جارێک (خوداى بەخشندە) غەدرى لێکردوە کە بە شێتى خولقاندویەتى و   لەنێو کولتورێکدا بەجێ هێشتوە کە پڕە لەدڵ ڕەقى مرۆڤکانى تر بەرامبەریان ، جارێکیش خودى کۆمەڵگا غەدرێکى نائینسانیانە دەکات بەرامبەریان کە هەمیشە دەکەوێتە بەردەم گاڵتە پێکردن و سو ک تەماشاکردنیان لەلایەن  مرۆڤەئاسایەکانى ترى ناو پێک هاتە جیا جیاکانى خۆیى، هەریەکێک لەئێمە ڕۆژانە هەست بەو ئازارانەدەکەین کە مرۆڤەشێتەکانى ئەم کۆمەڵگەیە بەدەست ڕەفتارو کردەوە نا مرۆڤایەتى یەکانى هەمان کۆمەڵگە دەیبینن و بە دڕندانەترین شێوە گاڵە بەجەستەو هەستیانەوەدەکەن ، ڕەنگە هەمان بێت خۆیندنەوە بۆ مرۆڤى شێت بەو چەشنەبکات کە هەستیان نیە هەربۆیە پێیان دەگوترێت شێت ؟!بەڵام ئەم خوێندنەوەیە تاڕادەیەکى زۆر هەڵەیە؟؟ چونکە زۆرجار مرۆڤى شێت لەکاتى قسەکردندا زۆر شت دەڵێن و هەندێ خوێندنەوە دەکەن مەحاڵە مرۆڤى کامڵ بیان کات یان هەستیان پێ بکات ، کەمن بۆخۆم گومانم هەیە لەوەى مرۆڤى کامڵ بە مانا هەستیاریەکەى خۆیى لەنێو ئەم پانتایەدا بونى هەبێت.

 

کائینێکى تر کە نایەکسانیەکانى باڵا دەستى سروشت ، شوناسى ( شێت ) ى پێبەخشیوە ( ئافرەتە ) کە ئافرەتە شێتەکانى ترى ئەم کۆمەڵگەیە لە پیاوە شێتەکانى تر گوناهترو چەوساوەترنین بونەوەرى شێتن ؟!چونکە پیاوە شێتەکانى کۆمەڵگاى کوردیى  شەنسى چونەدەرەوەو هاتنە سەرشەقام و کۆڵانەکانیان  هەیە و دەتوان بەئارەزوى خۆیان  لەگەڵ بیرکردنەوە پڕلە بەرائەتەکانى خۆیاندا پیاسەیەک بکەن و لە هەرشوێنکێدا بیانەوێت  ڕادەکشێن و سەرخەوێک دە شکێنن ،  بەڵام ئەوا بۆ (ئافرەتى شێت ) مەحاڵە ؟! چونکە ( ئافرەت / ژن ) یان لەزیندانى ماڵەوە جارێکى تر زیندانى دەکرێتەوە و دەست و قاچەکانى دەبەستنەوە ، یان قورسترین کارى پێدەکرێت  و  هەرجارەو بەبیانوى شتێکەوە دارێک دەکێشن بەسەریاندا ؟  یان ئەو ئافرەتانەى کەدەکەونە بەر ڕق و توڕەبونەکانى خێزان و کەسوکارەکانیانەوە و بەرەڵایى سەر شەقام و کۆڵانەکانیان دەکەن ، دەبنە گوناه ترین بونەوەرى سەرزەوى؟! چونکە ئافرەتى ئاسایى  لە کۆمەڵگایى ئێمەدا دەچەو سێنرینەوەو سوکایەتیان پێدەکەن و نا عەدالەتى دەکرێت بەرامبەریان ، ئەوا ئیدى چاوەڕوانى چى بکرێت لە خودى ئەم کۆمەڵگایە کە پاداشتى ( ئافرەتێکى شێت) بوو بکات و ڕێزى لێبگرێت،؟؟

 

کێ هەیە لە ئێمە چەندین چیرۆک و بەسەرهاتى ئەو ئافرەتە شێتانەى نەبیستبێت کە کەوتونەتە بەر دڕندەیى حەزە نا ئینسانى یەکانى مرۆڤە ( عاقڵەکان ) ى ئەم فەزایەوە ؟؟

 

 گوناهى ئەو ئافرەتە( شێت ) انە چى بوو کە بەبێ ویستى خۆیان سکیان   پربِکراو چارەنوسێکى نا دیاریان بەخشى یە کۆرپەکانى  ناوەوەیان ؟؟.

شێت بوونى مرۆڤ شتێکە لەدەرەوەى ئیرادەى خودى مرۆڤدایە ، دەبێت مرۆڤەکانى تر ڕێزیان بگرن و سۆزو خۆسەویستى بەیسەریاندا ببارێنن و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش  ئەرکى ئەخلاقى و ئینسانى خۆیەتى  شوێنێکى تایبەتیان بۆ دابین بکات و ڕزگاریان بکات لە گاڵتەو سوکایەتى پێکردن ، نەک خودى حکومەت خۆیشى ببێتە تەماشا کارو بەشدارى ئەو گاڵتەو سوکایەتى پێکردنەبکات ؟! چونکە شێت ئەو مرۆڤەیە کەڕێزى مرۆڤ ناگرێـت و سوکایەتى بە مرۆڤەوەدەکات ، ئەو مرۆڤەیشى بە غەدرى ڕۆژگارشێت بوە مرۆڤێکە بەرائەتى لێدەبارێت و  شێتبونیشى دەبێتە تروپکى پاکێتى ئینسانەیانەى خۆى .