١٩\٧\٢٠١٤
شیعرى
لیریکى کوردى
لە نێوان روانینى شاعیرانە و ئاگایى شیعریى.
- (ژنێک لە بەفر داگیرم دەکات) وەک نموونە -
عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
دەقى ئیبداعى بەردەوام لەگەڵ ناونان و
دامەزراوە باوەکاندا لە ململانێدایە، بەردەوام لەگەڵ پانتایى رۆشنبیریى
هەژار و چاوەڕوانى باوى خوێنەران نامۆ دەکەوێتەوە، بەو مانایەش مەرج
نییە هەمیشە دەق و وەرگر بکەونە سەر هەمان رێگا و هەمان بیرکردنەوە و
دنیابینییەوە، بەڵکو یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانى کارلێکردنى دەق و
خوێنەر لە لەیەکنەچوونە، وەک چۆن یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانى دەقى
ئیبداعى هەنگاونانە بەرەو نادیار، بەرەو پڕشنگى جوانى، بەرەو ئازادى...
شیعر بە بێ ئازادى هەناسەى ژیانى کورتە... دەمەوێ بڵێم مەرج نییە شیعر
دەنگدانەوەى دەنگە باوەکانى پانتاییەکى دیاریکراوى رۆشنبیریى و
چاوەڕوانى باوى خوێنەران بێت، بەڵام گومان لە دەنگدانەوەى بێدەنگى شیعر
ناکرێت، دەنگدانەوەى بێدەنگى لە دنیابینى و جوانى و شیعرییەتەوە
سەرچاوەکانى خۆى هەڵدەگرێتەوە، کەچى سەرچاوەکانى دەنگ لە دوتوێى
رەنگدانەوەى سنورەکانى ماناو دەلالەتەکانیەوە دەسەڵاتی خۆی پرۆسیسە
دەکات، بەو مانایەش بێدەنگی لە رێگای جیابوونەوەی لە دەسەڵات، فەزایەکى
پڕ لە ئاگایى و جوانى بۆ خۆی دەسازێنێت!! لێرەوە دەشێ جوانی بێدەنگی
هەوڵێک بێت، بۆ بڕینی داخراو و رێگا پێنەدراوەکانی (دەسەڵاتی چەسپاو)،
بە دیوەکەى دیکەش دەبێت بڕوامان بەوە هەبێت، کە هەمیشە لە ناخی ناخەوەی
ئاگاییەوە بێدەنگییەک خۆی حەشار داوە، دەبێت بڕوامان بەوە هەبێت، کە
هەمیشە ئیرۆسیەتى بێدەنگی وەک رووداو، کراوە و ئەکتیفە و نکۆڵی لە
هەمووان دەکات، لە خۆ لەیەکخشانی سێکسییانەى دەم و وشە، لەو دەم
قەڵەباڵغییەى کە لە تۆتۆلۆژیای دەنگەوە سەرچاوەى گرتووە... کەواتە
ئەوەی کە دەگوترێت، گرنگ نییە، ئەوەی کە دەشێ بگوترێت و دەسەڵات (بە
هەموو ماناکانییەوە) سانسۆری دەکات، گرنگە!
(نزگرە)
لەسەر با
ناوى هەردووکمان هەڵبکۆڵە
دوا نامەى کە ناردبووت
لە نزگرەى منداڵێک دەچوو
تازە ژیر بووبێتەوە
سەفەر هیچ سوودێکى نییە
تەنها سەرەتایەک نەبێت بۆ کۆتایى
کۆتایش لوغزێکە بۆ سەرەتایەکى تاڵ
با بە یەکەوە چاوەڕوانى باران بین
با بە تەنیا چاوەڕوانى غوربەت بین.
(ژنێک لە بەفر گیرم دەکات، ئەیوب گەڵاڵی، ل١٦.. بە داوای لێبوردنەوە من
ھەندێ رستە و وشەم لەو پارچە شیعرە قرتاندووە، وەک سانسۆر نا، وەک چێژ
و جوانی تایبەت، وەک خوێنەرێکی بەشدار لە بەرھەمھێنانی دەقدا).
کۆمەڵە شیعری (ژنێک لە بەفر گیرم دەکات، چاپخانەی رۆژھەڵات، ھەولێر،
٢٠١٣)ی شاعیر (ئەیوب گەڵاڵی)م خوێندەوە و سەرنجەکانی خۆم نوسییەوە، وەک
ئەوەی ھەستم ئاڕاستەم بکات، وەک جیھانبینی و کردە و جولە، نەک لەبەر
ئەوەی، کە یەکەمجارە شیعری ئەیوب گەڵاڵی دەخوێنمەوە، لەبەر ئەوە نا، کە
ریتم و زمانی سادەی ئەو شیعرانە قابیلی خوێندنەوەی جیاواز نین، لەبەر
ئەوەش نا، کە وەک دەق لە بازاڕی ئەدەبی کوردی تەماشایان نەجولاندووە...
بەڵکو لەبەر ئەوەی، کە بە ئارەزووی خۆم پاشگری (دا)م لە ناونیشانی ئەو
کۆمەڵە شیعرە قرتاندوە، لەبەر ئەوەی، کە مەبەستمە سەرنجەکانی خۆم لەسەر
ئەو فەزا شیعرییە سادە و ریتمە بە جۆرێک لە جۆرەکان (خۆماڵی)یە تۆمار
بکەم، کە وەک قەبارە بۆ ئاستێک لە شیعری لیرکی کوردی (چوارین و پارچە و
غەزەل، شیعری دڵداری...) دەگەڕێتەوە و وەک ناوەرۆکیش تەعبیر لە جوانی و
سروشت و عەشق و ژیانی کۆمەڵایەتی... دەکات، ئەو جۆرە لە شیعر ھەر لە
کۆنەوە بۆ مەبەستی گۆرانی چڕین دادەنران، بۆ گەیشتن بە رۆشنبیری و
زانیاری بۆ ھەمووان.
دکتۆر (مارف خەزنەدار) لە کتێبەکەی (مێژووی ئەدەبی کورد- بەرگی یەکەم،
ل١٧٣) دەڵێت بەرھەمی ئەدەبی کوردی لە رووی ناوەڕۆکەوە لە تێکرای
دیالێکتەکانی زمانی کوردی دەکرێ بە دوو بەشەوە، (لیریک) و (ئیپیک).
ھەروەھا دوو جۆر لە لیریک جیا دەکاتەوە: شیعری لیریکی خۆماڵی و شیعری
لیریکی ئیسلامی. خەزنەدار پێیوایە لیریکی خۆماڵی لە زمانی ستانداردی
خەڵکی کوردەوە نزیکە، لەبەر ئەوە دەشێ (شیعری میللی)یشی پێ بڵێین.
زیاتر شاعیران ئەو شێوەیان گرتووە بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بگەێینە زۆربەی
خەڵکی.
ئەدۆنیس لە کتێبی (شیعرییەتی عەرەبی) دا دەڵێت: شیعری جاھیلی بە شێوەی
"سروود - ئاوازخوان"ی لەدایکبووە، واتە وەک بیستراو، نەک وەک خوێنراوە،
وەک گۆرانی (Song) نەک وەک نووسین. ھەر
لەو بارەوە نوسەر و رەخنەگری عیراقی (نازم عۆدە) دەنوسێت: شیعری عەرەبی
بە درێژایی مێژوو شیعری لیریکی بووە، ئەوەش لەگەڵ شیعری خۆرئاوایی
پێچەوانە دەکەوێتەوە، چونکە شیعری خۆرئاوایی شانازی بە پلە بەرزەکانی
درامایی بوونی خۆی دەکات، شیعری خۆرئاوایی لە وزە ناوەکییەکانی
فەلسەفەی خۆرئاوا لە دایک بووە، ئەگەرچی ئەوە بەو مانایە نییە، کە
شیعری عەرەبی بەرانبەر دنیا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی نەبێت،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شیعری عەرەبی نەیتوانیووە بوارێکی تیۆری پەتی
بونیاد بنێت، تاکو لەوێوە خوێنەر بەرەو مەعریفەی شیعری، یان ئاگایی
شیعری رابکێشێت، بەڵام دواتر لە کۆتایی چلەکان لە سەر دەستی شاعیری
عیراقی (نازک مەلایکە) شێوازێکی دیکە لە نووسینی شیعریی ھاتە کایەوە،
کە بە قەسیدەی (تەفعیلە) ناو نرا، بەو مانایەش نازک مەلایکە ھەر تەنھا
پێشەنگی جۆرێک لە مەعریفەی شیعریی نەبوو، بەڵکو لە دامەزراندنی
گوتارێکی رەخنەییش بووە پێشەنگ، گوتارێک کە توانی بنەما ھونەرییەکانی
ناوەوەی قەسیدە کەشف بکات، بەمجۆرە گوتاری مەعریفی لای نازک مەلایکە و
ھەندێکی دیکە لە شاعیران بە شێوەیەکی بنەڕەتی بایەخیان بە (دەرککردن و
وەسفکردنی بنەمای دەرککردن) دەدا، بەڵام لە بیرمان نەچێ ئەو شێوەیە لە
گوتار، بۆ رەخنەگر و شاعیر (ت.س.ئیلیوت) دەگەڕێتەوە، بە دیوەکەی دیکەش
وەک دەزانین ھەموو ئەوانە بەشێک لە مەعریفەی شیعریی پێکدەھێنن. ئەگەر
لەو بارەوە ئاوڕ لە ئەدەبی کوردی و ئەزموونی (گۆران ١٩٠٤-١٩٦٢) شاعیری
سروشت و جوانی بدەینەوە، دەشێ بڵێین گۆران یەکەم شاعیری کوردە، کە
بونیاد و شێوازی زاڵی کۆنی عەروزی تێکشکاند و جارێکی دیکە شیعری کوردی
بۆ کێشی خۆماڵی (ھیجا- پەنجە)، یان بۆ شیعری میللی کوردی گەڕاندەوە،
لێرە لە سەر ئەو بنەمایەی کە مێژوونوسانی ئەدەبی کوردی قسەی لێدەکەن،
ئەو کێشە شیعرییەی گۆران راستەوخۆ بە ئەدەبی میللی شێوە دیالێکتەکانی
گۆران و ھەورامییەوە بەندە، بەڵام گۆران و ھاوڕێکانی توانیان پەیکەری
قەسیدەی کوردی لە شێوە ستوونییە کلاسیکیەکەیەوە بۆ شێوەیەکی سەربەست
بگۆڕن؟!
دەمەوێ بڵێم ئەگەر شێوەی ستوونی شیعری کلاسیکی کوردی راستەوخۆ لە
(حوجرە و مزگەوت)ەوە سەری دەرھێنا بێت (وەک ھەندێ لە مێژوونوسان دەڵێن،
لەوانەش دکتۆر مارف خەزنەدار) ئەوە دەتوانین بڵێین ھەر لەسەر ئەو شێوە
دابەزینە ستوونییە (نێرسالاری)یە شیعری کلاسیکی کوردی ھەوڵی داوە
بەرگری لە ناسنامەی ئایینی ئیسلامی بکات، نەک ناسنامەی نەتەوەیی!!
(ھەڵبەتە مەبەستم نییە بڵێم شیعر ناسنامەی نەتەوەیە)... بەڵام شێوە
شیعرییە سەربەستەکە یان ئازادەکەی گۆران و ھاوڕێکانی بە تێکشکاندنی ئەو
جۆرە لە بیرکردنەوە و دەرچوون لەو پێوانە و وەزیفە مێژووییە رابوونەوە
و توانیان وەزیفەیەکی ئیستێتیکی بۆ شیعری نوێی کوردی دابھێنن، کە
ھەڵگری زمانێکی پاراو و وێنەی شیعری بێت، بەو مانایەش شیعری ئازاد،
گەیشتن بوو بە دەقی واڵا! بە دیوەکەی دیکەش گۆران وەک شاعیرێکی رۆمانسی
لە فۆرمێکی نوێدا توانیویەتی شێوە لیریکییەکەی شیعری کوردی پەرە
پێبدات... وەک چۆن (ھێمن ١٩٢١-١٩٨٦)ی شاعیر توانیویەتی ئەو لیریکییەتە
وەک کۆمەڵێ خۆزگەی بەدی نەھاتوو، بنەخشێنێ. ھەر لەو پەنتاییەوە (ئەحمەد
ھەردی ١٩٢٢-٢٠٠٦) وەک گەڕیدەیەکی ئەبەدی شیعری بە دەوری سێبەری رازو و
خەونەکانی خۆی دەخولایەوە... ھەر یەک لە (کامەران موکری ١٩٢٩-١٩٨٦) و
(محەمەد ساڵح دیلان ١٩٢٧-١٩٩٠) و مەدھۆش و دڵزار و ھێدی (خالیدی
حیسامی) و پیرباڵ مەحمود و خالید دلێر و پەشێو و فەرەیدوون عەبدول
بەرزنجی... ئەو شێوە لیریکییە وەک تایبەتمەندییەک لە تایبەتمەندییەکانی
دەنگ، کێش، سەروا، ھاوئاوازی و ریتمی ناوەوە... بەرز دەکەنەوە، ئەمڕۆش
ئەحمەد محەمەد، ئیسماعیل خورماڵی، سەرکەوت رەسول، محەمەد کوردۆ، رەنج
سەنگاوی، عەبدولڕەحمان بێلاف... بە شێوەیەک لە شێوەکان کار لەو زمانە
سادەیە و لیریکیەدا دەکەن.
کەواتە لە لایەک دەتوانم بڵێم لە میانى ئەو بەراوردکردنەى نێوان شیعرى
خۆرهەڵاتى بەگشتى و شیعرى خۆرئاواییەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە هەر لە
سەرەتاوە، واتە لە ئەدەبى کلاسیکەوە جیاوازى نێوان ئەو دوو شیعرە،
جیاوازى نێوان دوو بیرکردنەوە و دوو دنیابینى بووە، چونکە یەکەمیان دژ
بە ئەدەبى شەعبى هاتۆتە ناوەوە، یان لەبەر ئەوەى دژ بە سیستم و ئاکار و
نۆرم و پێوانە باوەکان کارى کردووە، بۆیە بە چینى باڵا و ئەرستۆکراتەوە
لکێنراوە. دووەمیان وەک ئاشکرامان کرد سەر بە نۆرم و پێوانە باوەکانى
سیستمى زمانى شەعبى و ئەدەبى میللى و فۆلکلۆرە. بەڵام من هەوڵى ئەوە
نادەم، کە بڵێم (شیعر) دەکەوێتە دەرەوەى لیریکەوە، بەڵکو قسەى من لەسەر
گرتنى گۆشە نیگاى شاعیرانە و ئاگای شیعرى، یان شیعریەت چڕ دەبێتەوە!
ئەگەر گۆشە نیگاى شاعیرانە پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە دیتن یان
دنیابینى و خەونبینییەوە هەبێت، بەو مانایەى کە تەواوى سنورەکانى عەقڵ
و یادەوەرى دەبەزێنێ، ئەوە تێگەیشتنمان بۆ روانینى شاعیرانە دیتنى دنیا
و شتەکانە بە چاوێکى نوێوە، ئەو هەڵوێستە نوێیە رەگەزێکى بنەڕەتییە لە
رەگەزە بەرهەمهێنەرەکانى دەلالەتى شیعرى، هەر بەو مانایەش شیعر دەبێتە
روانینى شاعیرانە، خەونبینى، یان دنیابینى (الرویا).
دەمەوێت بڵێم شیعر تەجاوزى سنورەکانى عەقڵ و یادەوەرى دەکات، لە
دیارەوە هەنگاو بەرەو نادیار هەڵدەنێت، بۆ ئەوەى دنیایەکى دیکەى نوێ لە
پەیوەندى نێوان وشەکان و شتەکان دروست بکات، چونکە شیعر هەر تەنها
هۆنینەوە و ریتم و لاساییکردنەوە نییە، بەڵکو کەشفکردن و دنیابینییە.
بەڵام ئاگای شیعریى یان گوتارى شیعریى لە وەزیفەیەکى دوانەییدا خۆى
دەبینێتەوە لە لایەک بە ئەرکى راڤەکردن رادەبێتەوە، لە لایەکى دیکە
هەوڵى دامەزراندنى بوارێکى مەعریفى لە بارەى رەوانبێژى شیعریى دەدات.
کەواتە وەک چۆن رەخنەگر نازم عۆدە بایەخى ئەو مەعریفە شیعرییەى بە نازک
مەلایکەوە پەیوەست کرد، دەشێ لەو بارەوە جۆرێک لە هاوگونجان لە نێوان (شێخ
نورى شێخ ساڵح، گۆران و هاوڕێکانى) و (نازک مەلایکە و بەدر شاکر سەیاب
و هاوڕێکانى)دا بدۆزینەوە. چونکە ئەوان توانیان هەم دنیابینییەکى نوێ
بە شیعر ببەخشن، وەک چۆن توانیان ئاسۆى چاوەڕوانى خوێنەر و مەعریفە و
ئاگایى شیعریى لەو بنبەستبوونە رزگار بکەن، کە (مێژوو) وەزیفەکانى
دیارى دەکرد، بەو مانایەش شیعرى نوێ لە (بەرکار)ەوە بەرەو (بکەر) و
رووداو هەنگاوى هەڵێنا، زمانى شیعریى لە ئاوازخوانى و هەرزەگۆییەوە
بەرەو ئیستێتیکا و شیعرییەت بۆوە. لە لاساییکردنەوە و بەرگرى کردنەوە
بەرەو کەشفکردن و خەونبینییەوە...
بە کورتى ئەو سەرنجانەى دەمەوێ لەو نووسینەدا بە خوێنەرانى بگەیەنم،
لەسەر دوو بنەما وەستاوە، یەکەمیان قسەکردنە لە روانینى شاعیرانە،
ئەویدیکەیان ئاگای شیعرییە. بەڵام بەر لەوەى بە شێوەیەکى گشتى
سەرنجەکانم بخەمە روو، دەمەوێ دەستخۆشى لە (ئەیوب گەڵاڵى)ى شاعیر بکەم،
چونکە تا سنورى شیعر و خۆزگە توانیوویەتى وشە بە رستەوە بکات، بە
هەستێکى سادە و دەربڕینى رەوان و ئیقاعى سەرئاوکەوتوو، هەوڵى داوە شیعر
وەک بەفر داگیر بکات؟!
هاوڕێى شاعیر ئیتر (تۆ و شیعر و خۆزگە) دەستتان کردووە بە یەکدا، بەڵام
قسە لەو دەست تێکەڵکردنەیە، کە تا چەند خەمڵیووە! تەنها خەمڵینیش بەس
نییە، چونکە شیعر زۆرجار بۆ هەمووان وەک (با) دێ و وەک (باران) ژیان
تەڕ دەکات، شیعر بۆ هەمووان زۆرجار عەشق و خۆزگە و مەرگ و شکست تێکەڵ
بە یەکتر دەکات، بەڵام لەبیرمان نەچێ کارى ئەدەبى بە سروشتى خۆى بکەرە،
کارى ئەدەبى بە سروشتى خۆى رووداوە، دەمەوێ بڵێم نابێت بەو شێوە (باوە)
پێشوازى لە شیعر بکەین، نابێت هەر شتێ هاتوو و نەگەڕاوە قبوڵى بکەین،
چونکە ژیان کورتە، تەنها ئاوڕ لە ئیبداع دەداتەوە.. پێویستە لە پشت ئەو
پێشوازیکردنە دنیابینى و خەون و خەیاڵى شاعیرانەمان هەبێت، هەڵگرى
ئاگایى شیعریى و پرس و ئاگایی سەردەم بین، دەبێت زنجیرەى وشە سادەکان و
چاوەڕوانى باوى خوێنەران لەیەکتر بترازێنین، من مەبەستم ئەوە نییە، وشە
سادەکان بە وشەى ناسادە ئاڵوگۆڕ بکەین، بەڵکو دەمەوێ بڵێم با ئەو
گوێچکە و رێچکە و بیرکردنەوە (پەککەوتەیە) و ئەو وەزیفە مێژووییەى شیعر
بگۆڕین، کە خووى بە پرسیارى تەقلیدى و بەکار هێنانى تەقلیدییانەى وشە
سادەکان و هەرزەگۆیى و نائامادەیى هونەرى گرتووە و لەگەڵ گفتوگۆی کراوە
و جیاواز و فرە رەهەند ناکۆک دەکەوێتەوە، با ئەو تێڕوانین و
چاوەڕوانییە (هەستى سادە و دەربڕینى رەوان و ئیقاعى سەرئاوکەوتوو) ئەو
تێڕوانین و چاوەڕوانییە باوەى کە خوێنەرە باوەکان شانازى پێوە دەکەن و
شارەزایى و زیرەکى خۆیانى تێدا دەبیننەوە، بخەینە گۆمە مەنگەکەى
مێژووەوە..
بە کورتى سەرنجەکانم لەسەر کۆمەڵە شیعرى (ژنێک لە بەفر داگیرم دەکات)
قسەکردن نییە، لە سنورى دیارى شیعر، لە سنورە باوەکانى شیعر، بەڵکو
دەمەوێ رێگایەک بۆ سنورە نادیارەکانى شیعر خۆش بکەم، قسەى من ناچێتە
خانەى هەستى سادە و دەربڕینى رەوان و ریتمى شیعرییەوە، بەڵکو ئاماژە
کردنە بە دۆزینەوەى ساتە بێ وێنەکان! شیعر گرتنى ئەو ساتە بە جێماو و
بێ وێنانەیە، کە لە مرۆڤ دەکەوێ، گوتنى نەگوتراو و وسبە لێکراو و
پەراوێزخراوەکانە، بەرجەستەکردنى لەبیر کراوەکان و دەست لێنەدراوەکانە،
شیعر قسەکردن نییە لە دیار، کە بە شێوەیەکى زۆر سادە لە کۆى ئەمڕۆى
شێوە لیریکییەکەى شیعرى کوردى دەبینرێت، بەڵکو شیعر کەشفکردن و
رامکردنى بێدەنگى وشەیە، بێدەنگییەک کە رووخسارە مەزنەکەى خۆى لە جوانى
و کرانەوەدا هەڵدەگرێتەوە، بێدەنگییەک کە هەمیشە ئامادەیى گوتنى تێدایە،
نەک خۆ بە دەستەوەدان، بەڵکو ئامادەیە وەک رووداو، وەک ئاگایى بە
نێوماندا درێژ بێتەوە و خۆی زیاد لە روویەک (دەروونی، سیاسی،
کۆمەڵایەتی، تیۆلۆژی...هتد) بنەخشێنێت، شیعر ئەو بێدەنگیەیە، کە جۆرێک
لە جوانى و ئاگاییمان پێدەبەخشێت، شیعر قسەکردنە لەو بێدەنگییە بێ
ئەوەى وشە بە فیڕۆ بدات! شیعر جۆرێکە لە خۆ رووتکردنەوە، بەو مانایەى
کە بێدەنگى لە دوتوێى خۆیدا نێودژییەکى داپۆشراوى هەڵگرتووە، پێویستى
بە کەشفکردنە، بەڵام لە سەر بنەمای لەیەکنزیکردنەوەی ئیرۆسیەتى (زمان و
رووداو). بە بڕواى من ئەوەى لەو کۆمەڵە شیعرە تەخشان و پەخشان کراوە
دەنگ و وشەیە، دووبارە من قسە لە هەستى سادە و دەربڕینى رەوان و ئیقاعى
وشە ناکەم.. جوانى شیعر لەوەدایە بە کورترین دەستەواژە، رووانینێکى
بەرفرەوان بخاتەوە، لە سێبەرى بێدەنگى بە ریتمى سەردەم دەنگبداتەوە...
من و شەو
جادەمان جێهێشت
لە کۆتایى رێگادا
شەو خۆرى لە ئامێز گرت
من جێگاى بە تاڵى تۆ
(کەیوان میهرەگان - و: مەریوان هەڵەبجەیى).
دەمەوێ بڵێم شیعر پەناگەى روانین و بیرکردنەوە و جێبەخۆ نەگرتنى وشەیە،
بەو مانایە نا، کە وشە دەگات، وشە سەما دەنەخشێنێ، بەو مانایە نا، کە
ئاوازخوانى و گۆرانى و هەرزەگۆییە، بەڵکو بەو مانایە، کە لە نێوان
رووتبوونەوە و پۆشین، لە نێوان خەون و راستى، گەیشتن و نەگەیشتن...
شیعر دیار نامێنێ و چێژ جێگاى دەگرێتەوە! کەواتە شیعر بەرجەستەکردنى
رووتى و پۆشینە لە ساتە بێ وێنەکاندا، شیعر کەوتنە نێو بۆشاییەکانى
خەیاڵە، بە ئیقاعى سەردەم.
__________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
-
کێشی خۆماڵی (پەنجە، کەرت، بڕگە، سیلاب - ھیجایی)...
-
د. مارف خەزنەدار (مێژووی ئەدەبی کوردی) بەرگی یەکەم، دەزگای ئاراس،
چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەوڵێر ٢٠٠١، ل ١٧٣.
-
شیعرییەتی عەرەبی، ئەدۆنیس، عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا کردوویە بە کوردی و
پەراوێزی بۆ نوسیووە، لە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوە ساڵی ٢٠١٣ چاپ و
بڵاوکراوەتەوە.
-
(قودامة ئیبن جعفر،٣٣٧ک) دەڵێت:- شیعر گوتنێکە خاوەن کێش و سەروا،
دەلالەت لە مانایەک دەکات. بەڵام (ئیبن سینا، ٤٢٧ک) دەڵێت:- شیعر
ئاخاوتنێکی خەیاڵکراوە، لە کۆمەڵێک گوتنی ریتمی ھاوگونجاو، یەکسان
پێکھاتووە و کێشەکانی لەدواین پیتدا دووبارە دەبێتەوە. بۆ زێتر
شارەزایی بڕوانە: الإیقاع فی شعر سمیح القاسم، دراسە ڕسلوبیە، إعداد،
ێالح علی ێقر عابد، غزە-فلسگین، ٢٠١١-٢٠١٢، ص٧.
-
لەبری وشەی "نَشِید" بەکار ھێنراوە. ئەو وشەیە لە زمانی عەرەبی بە
(انشودە: اغنیة: ترنیمة، مزمور- psalm، ode)
... رەگی (نشد) لە بواری ھونەری: قطعة منَ الشعر تُنْشَدُ علی إِیقاعٍ
واحِد - hymn، anthe - دێت. بەڵام وشەی
(ئاواز)ی کوردی لە زمانی عەرەبی بە (نَغَم، إیقاع، لحن...) دێت، بۆیە
دەکرێ وشەی "سروود"یشی بۆ بەکار بھێنین، کە لە عەرەبی بە (نشید، غناء)
دێت. بەکورتی لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە شیعری جاھیلی ھەر تەنھا لەسەر
ھۆنینەوە و ریتم و رێکخستنی ئاواز ناوەستێ، یان تەنھا سروودێکی ریتمدار
نییە، بەڵکو فیکریشە.
-
ناقد من العراق: دکتوراە فی الفکر النظري الحدیث فی مقال بعنوان (خطاب
المعرفةالشعریة و مشکلاتە): nazem1965@yahoo.com.
-
یەکەمین کۆمەڵە شیعری گۆران (بەھەشت و یادگار ١٩٥٠) لەسەر ئەرکی
مامۆستا (عەلائەدین سەجادی) چاپ کراوە، وەک خۆی لە سەرەتای ئەو کۆمەڵە
شیعرە دەنووسێ ناوەڕۆکی ئەو شیعرانە لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری
دێنەوە. لە ئەدەبی فارسی دەشێ ئاماژە بە (نیما یوشیج) بدەین کە توانی
بونیادی زاڵی شیعری فارسی تێکبشکێنێ، شیعری نیمایی لە رێگای قەسیدەی
(تەفعیلە) و گەڕانەوە بۆ خود و ھەڵکشان بەرەو لوتکە، بە زمانێکی نوێ و
دنیابینییەکی نوێوە توانی گۆڕانکاری لە فۆرم و موزیکای شیعرییدا دروست
بکات و سەرسامبوونێکی گەورەی بخاتە نێو شاعیرە لاوانەکانەوە، نیما بە
شاعیرە لاوەکانی گوت شیعر چۆن لە ناختان دادەگیرسێ وا بنووسن، ئەو
شتانە دووبارە مەکەنەوە کە شاعیران بە شێوەیەکی ئیفلیج دووبارەی
دەکەنەوە.
-
ھێمنی شاعیر جگە لە (تاریک و روون) خاوەنی کۆمەڵە شیعری (ناڵەی جودایی)
یە، ناڵەی جودایی ھاوار و نزا و ئازاری ناخی پڕ لە ناسۆری شاعیرە و
تەعبیر لە رۆحێکی نیگەران و سەرگەردان دەکات...
-
ھەردی لە ساڵی ١٩٥٧ کۆمەڵە شیعری (رازی تەنیایی) بە چاپ گەیاندووە.
-
یەکەمین کۆمەڵە شیعری بە ناونیشانی (شەڕ و ئاشتی) لە ساڵی ١٩٥٤ لە
سلێمانی بە چاپ گەیاندووە.
-
بۆ زێتر بە دواداچوون، بڕوانە: تجدیــد الرویا الشعریة فی الشعر العربی
الحدیث بین الفھوم والابداع / الوارث الحسن، د. الوارث الحسن، صحیفة
المثقف،(العدد: ١٧٧٩ الاحد: ٥\٦\٢٠١١).
-
دەمم بۆنی گوڵی مریەم دەدات، کەیوان میھرەگان، وەرگێڕانی: مەریوان
ھەڵەبجەیی، لە بڵاوکراوەکانی حەڤدەیەمین فیستفاڵی گەلاوێژ، چاپخانەی
دلێر، سلێمانی ٢٠١٣ ل٣٨.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|