شکستى کۆمۆنیزم.
نیا کامیل
ئەوەى کەمنى هاندا ئەم ووتارە بنوسم ، گەشانەوەى ژیلەمۆى قسەو باسى
ئەمڕۆى نێو دونیاى سیاسەت و ڕۆشنبیرى کوردیە لەسەر کۆمۆنیزم و مارکسیزم
و سۆسیالیزم و بزوتنەوەکانى ، کە لەشێوە گشتیەکەیدا پەیوەست دەبێتەوە
بەو جێگاوڕێگایەى ئیمڕۆ واخەریکە سەرلەنوێ
فەلسەفەى مارکسستى لە دونیادا بەخۆیەوە دەبینێت و شکلڕ دەگرێت ،
لەئەنجامى غەرق بونى هەرچى زیاترى بۆرژوازى لە پاشەرۆى خۆیدا . ڕەنگە
زۆر گۆشە و کەنار بدۆزینەوە تا لێیەوە سەیرى ئەم مەسەلەیەبکەین ،گیروگرفتێک
کەبۆ ئەم بزوتنەوەیە پێشهاتوە خەریکى سفر کردنەوەیەتى زۆر قسە و بابەتى
فکرى و عەمەلى هەڵدەگرێت ، بەڵام من لە گۆشەى چینایەتیەکەیەوە لێى
دەڕوانم . کە هەرکەس لەگۆشەیەکەوە خەمى لێکدانەوەى هۆکارەکانى
فڕێدانەدەرەوەى ئەم بزوتنەوەیە لە کایە کۆمەڵایەتیەکان دەخوات . وە
هەندێک ووتەى مارکس و ئەنگڵس بەناچارى وەردەگرم کەبە پێویستى دەزانم .
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە ووشەى چەپ
یەکسان نیە بە ووشەى کۆمۆنیست یان کۆمۆنیزم ، یانى چ لەڕوى واتاو چ
لەڕوى ناوەرۆکەوە . بەڵکە جیاوازن . دەکرێت بەزۆربەى بزوتنەوە ناڕازى و
دژەکانى نیزامى حاکم بوتریت چەپ ، بەڵام ناکرێت پێیان بوترێت کۆمۆنیست
. وەک ئەوەى ئێستا لە ئەوروپا دەیبینین چەپەکان ( سۆسیال دیموکراتەکان
یان ڕاستترە ئەگەر بڵێین کۆمۆنیزمى ئەوروپى ) هێزێکى سەرەکین لە زۆربەى
ووڵاتانى ئەورپادا ، کە بونەتە پارێزەرى نیزامى سەرمایەداری ، بەڵام
هەموو کۆمۆنیستێکى ڕاستەقینە چەپە ،نیسبەتەن بە دەسەڵات . حیزبێکیش
بەخۆى بڵێت کۆمۆنیست ناکرێت و ناشبێت وەک چەپەکانى ئەوروپا ببێتە
پارێزەرى ئیزامى سەرمایەدارى ، چونکە کۆمۆنیزم یانى لەبنج و بناوان
دەرهێنانى ئەو سیستمە ، جگە لەوەى کەخۆى سیستەمە ، وەکاتێک کۆمۆنیزم
بەرجەستەدەبێت کە نیزامى سەرمایەدارى بەتەواوى لەبەین چوبێت . هەروەک
دەشگونجێت لەیەک کاتدا هەردوو ووشەکە ببنە تەعریفى یەک بزوتنەوە . یانى
بەیەک نامۆنین و لە پەیوەندیەکى توندوتۆڵدان ، یانى ئەم ووشەیە ( چەپ )
زۆر بەتوندى گرێخواردوە لەگەلڕ ووشەى کۆمۆنیزمدا ، بۆیە بەهەڵەداچونێک
لە بەکار بردنى ئەم دوو ووشەیەدا هەیە ، سەرەڕاى تێنەگەیشتن لە ناوەرۆک
و ئایدیاو فەلسەفە و لێکدانەوە و ئامانج و کارى هەریەکێکیان . بەڵام
ئێمە لێرەدا بەتەواوى مەبەستمان کۆمۆنیزمە .
کۆمۆنیزم بزوتنەوەیە ، جگەلەوەى سیستەمە ، وەسیلە و ئامڕازە ، ئامانجە
، دواجار زانستە . نەک سیفەتى شەخسى ، بەشەخسى کردنى ، کلیلى شکستەکەیە
، دەکرێت بەکەسێک بوترێت کۆمۆنیست یان مارکسیست ، بەڵام ناتوانین بڵێین
ئیتر ئەم کەسە خاوەنى ئەو بزوتنەوەیە ، یان حیزب و بزوتنەوەیەک ناوى
ئەو لەخۆبگرێت . چونکە بزوتنەوەى ڕزگارى یەک چینى تەواوە لە کۆى دوو
چینى پێکهێنەرى کۆمەڵگا . خودى مارکس بەرۆکى خۆى لە هەموو ئەو خزمەتە
تەکاندوە کە پێشکەشى ئەم بزوتنەوەیەیى کردوە و دەڵێت ( بیروڕاى تیۆرى
کۆمۆنیستەکان ، بەهیچ جۆرێک ، لەسەر بیروباوەڕێک دانەمەزراوە کە
لەلایەن ئەم یان ئەو ڕێپیشاندەرى جیهانیەوە داهێنرابێت ، یاخود
دۆزرابێتەوە . ئەم بڕوایانە تەنیا دەربڕینێکى گشتى هەلومەرجى واقعى
خەباتى چینایەتى و ئەو جوڵانەوە مێژوییەن کەوا بەبەرچاومانەوە
لەکاردایە .) ، بەڵام کام بزوتنەوە ،کام وەسیلە و ئامڕازە ،یان ڕاستترە
بڵێین کامە زانستە، بێگومان هى ڕزگارى چینى پڕۆلیتاریایە . وەک ئەنگڵس
دەڵێت ( کۆمۆنیزم زانستى هەلومەرجى ڕزگارى پڕۆلیتاریایە .) ئیتر بەهیچ
شێوەیەک نابێتە عینوانى شەخسى بۆ هیچ کەسێک . کە نمونەى زۆر زۆر
لەبەردەستدایە لەم بارەیەوە . هەر بەم مەعنایە ، کۆمۆنیست کەلە دونیاى
واقعیدا ماناى پەیڕەوى حیزبێکى شۆڕشگێڕى دیاریکراوى خاوەن بەرنامەى
ڕزگارى چینى کرێکار دەگەیەنێت ، گۆڕاوە بە زاراوەیەکى ڕووت، و بۆتە
خاوەنى چوارچێوەیەکى ئاسنى ژەنگ گرتوى ئایدۆلۆژى . هەرئەمە گەورەترین
ناحەقیە بەدرێژایى یەک مێژوو کە دەربارەى مارکس و فەلسەفەکەى کراوە
ئێستاشى لەگەڵدابێت ، یەکێک لەسەختترین ئەو جەنگانەى مارکس بەرپاى کرد
لەدژى ئایدۆلۆژیابوو، کەچى کوڕە ڕەسەنەکانى مارکس بەشێوەیەکى پاسیفانە
کەوتەنەتە گەشانەوە و فولێکردنى پشکۆى ئایدۆلۆژیا . بەدیوەکەى تریشیدا
مادام زانستە کەواتە بەپێى هەلومەرجى نوێ و چونەسەرەوەى ئاستى
پێشکەوتنى دونیا و بەتایبەتى دونیاى سەرمایەدارى و زانستى سەردەم ئەمیش
دەگۆڕێت ، یانى تاکتیک و سیاسەت و لێکدانەوە و وەسیلەکانى بەرجەستەکردن
و بردنە پێشەوەى دەبێت ڕەنگدانەوەى سەردەمەکەى خۆى بێت ، بەبێ
لەدەستدان و پشتکردنە ناوەرۆکى مەسەلە بنەڕەتیەکە ( کێشەى چینایەتى).
کەواتە زیندویى ئەم بزوتنەوە لەوەدایە کە
ڕێک پایە و ماتەریاڵى خۆى لە کۆمەڵگاى سەرمایەداریەوە پەیدا دەکات ،
یانى ئاوێنەى ڕونى سەردەمە . پێچەوانەکەشى ڕاستە . هەربۆیە مارکس دەڵێت
( چ گۆڕانکاریەک بەدیدێ لەسەر دەوڵەت لە
کۆمەڵگاى کۆمۆنیستیدا ؟ بە ووشەیەکى تر ، چ ئەرکێکى کۆمەڵایەتى
هاوشێوەى ئەرکى ئێستاى دەوڵەت لە کۆمەڵگەى کۆمۆنستیدا دەمێنێتەوە ؟
تەنها زانست دەتوانێت وەڵام بەم پرسیارە بداتەوە . ) ئەگەرچى مارکس
لێرەدا باسى دەوڵەت دەکات ، بەڵام ئەوەش بەیان دەکات کە کاریگەرى زانست
تا چ ڕادەیەکە بۆ بزوتنەوەی چینى کرێکار .
چینى کرێکار . مارکس ئەم چینە بەتەواوى دەلکێنێت بە شۆڕشەوە. بە قەولى
مارکس ( لەناو ئەو چینانەدا کە ئێستا ڕاستەوخۆ بەرەنگارى بۆرژوازى
بونەتەوە ، تەنها یەک چینیان بەڕاستى شۆڕشگێڕە کە ئەویش چینى پڕۆلیتارە
. هەموو چینەکانى تر لەگەلڕ پەرەسەندنى پیشەسازیى گەورەدا دەڕوخێن و
لەناودەچن .) هەربەم مەعنایە ، سەرەنجام دوو چین دەمێننەوە . وەک
ئاشکرایە ئەوانیش چینى چەوسێنەر و چینى چەوساوەیە ، یانى سەرمایەدار و
کرێکار ، کە سەرمایەدارەکان تەواوى هۆیەکانى بەرهەمهێنانیان دەست
بەسەراگرتوە ، یانى دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگا و ڕەوتى مێژوى
کۆمەڵایەتیدا دەشکێت ، سەرەنجام کرێکارانیش تەنها بە لێسەندنەوەى ئەو
هۆیانە و گێڕانەوەى بۆ تەواوى کۆمەڵگا و خودى کرێکاران ، لەڕێگەى
شۆڕشێکى سەراسەریەوە . دەتوانن تەواوى ئەم هاوکێشەیە توخمەکانى
جودابکەنەوە و هاوکێشەیەکى نوآى لێپێک بهێنن کە یەکسانە بە کۆمۆنیزم .
ئینجا دەبێت ئەوەش زیادبکەین کە بۆ ئەوەى چینى کرێکار بتوانێت بەگشتى
خەبات بکات تا بگاتە ئەم سەرەنجامە ، دەبێت خۆى وەک چینێک ڕێخراو بکات
. کە بێگومان بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى پێویستى پارتێکى شۆڕشگێڕى خاوەن
بەرنامەى ڕزگارى ئەم چینە بەدواى خۆیدا دەهێنێت . ئەوجا لێرەوە
بەرنامەى کارى حیزبە کۆمۆنیستەکان دەستپێدەکات ، بۆ ئەمکارەش هەرگیز
فەلسەفە و بەرنامەیەکى لەوەى مارکسیان شیاوتر جنگ ناکەوێت .تا بیکەنە
بەرنامەى حیزبى کۆمۆنیست .
حیزبى کۆمۆنیست و چەپ و ئەو هێز و لایەنانەى ئەم تابلۆیەیان بۆخۆیان
نوسیوە لەکوردستاندا ، ئەگەر بخەینە ژێر وردبینى و تێڕوانینەوە ، ئەوا
دەبینین ، ئەم تەیفە لە ئەحزاب بونەتە نوێنەرى مەیل و تەیفە جۆراو
جۆرەکانى ترى کۆمەڵگا لەجێى چینى کرێکار ، لێرەوە دەگەین بەو خاڵەى کە
ئەم بزوتنەوانە سیفەتى شۆڕشگێڕیان لەدەست داوە پوختەى ئەمە سەرەنجامێکى
وا بەدەستەوەدەدات کە شکستى کۆمۆنیزم لەوەدا ببینمەوە کە پشتى لە جیاتى
ڕوى کردۆتە چینى شۆڕشگێڕى کرێکار . بە شێوەیەکى ڕواڵەتى ڕەنگە بڵێن لە
کوردستان کرێکار نیە یان زۆر زۆر کەمە !. ئەمەش ئەوە بەشوێن خۆیدا
دەهێنێت ئەم حیزبانە نەتوانن پشت ئەستور بەم چینە بێنە مەیدان ،
بەدوایدا ناچارن جۆرێکى تر لە سیاسەت بەرنە پێشەوە . باشە ئەگەر وایە
سەروەت و سامانى کۆمەڵگا لە کوێوە بەرهەم دێت ؟ سەرمایە چۆن گوڕدەخوات
؟ گەشەى کار و سەرمایە لە کوێوە دێت ؟ ئاو و کارەبا و ئارد و نان و
تەلەفۆن و چیمەنتۆ و گەچ و خانوبەرە و نەوت و گواستنەوە ....هتد
کێ کارى تیادەکات و بەرهەمى دێنێت ؟ هەموو
ئەمانەش کرێی کارى ڕۆژانە وەرناگرن ؟ کە جگە
لە هێزى کار هیچى تریان نیە بیگۆڕنەوە بەو پارەیەى سەرەنجام لە ژێر
سایەیى یاسایەکى بێ ماناى کاردا وەریدەگرن؟.
سەرنج بدەن . لەناو دڵى خوێناویترین جەنگى
ئەم سەدەیەدا و لە ناو کورەى داخراوى ئەم جەنگەدا . لە بەغداددا .
کرێکاران چەرخى ژیانى کۆمەڵگایان دەچەرخان . لە کاتێکدا ڕۆژى بەسەدان
کەس دەبوونە قوربانى ، ئەمان گەنمیان دەکردە ئارد و ئاردیان دەکردە نان
و کارەبا و ئاویان بۆ خەڵکى دابن دەکرد ، جەنگ نەیتوانى ژیانى کۆمەڵگا
ڕابگرێت . سەربازانى ئەمریکا نانى سى ملیۆن نەفەریان لە ماکدۆناڵدەوە
بە ئامادەکراوى بۆ نەهێنابوون تا کۆمەڵگا لە برسا نەمرێت ، نان و ئاو
کارەبا و پێویستیە سەرەکیەکانى ژیانى ڕۆژانە لە کۆمەڵگادا بەرهەمدەهات
و ئەویش لەسەر شانى کرێکاران و بە سوتاندنى عارەقى ئەوان بەرهەمدەهات ،ئەو
جەنگەى کە کێشمەکێشى خوێناوى تەواوى بزوتنەوەکانى نێو کۆمەڵگاى
لەخۆگرتوە جگە لە کرێکاران ، هەمویان لە کۆششى بەدەست هێنانى جێگەو
ڕێگەى باشتر و قایم کردنى پایەکانى دەسەڵاتیاندان ، بەڵام کێشەو گیرو
گرفتەکانى چینى کرێکار هەروەک خۆى بەبآ گۆڕان ڕەوت دەکات . کە ئەویش لە
غیابى بزوتنەوەکەیدا شکڵدەگرێت . بۆیە کرێکاران هیچ جۆرە پەیوەندیەکى
تر جگە لە ململانەى چینایەتى ناناسن . وە مان و ژیانیان لەسەر ئەمە
ڕاوەستاوە . بە دیاریکراویش تابەو شوێنەى بە کوردستان دەگەڕێتەوە
کۆمۆنیزم لە کوردستاندا بزوتنەوەیەکى ناواقعیە . بەم حاڵەى ئێستایەوە .
کۆمۆنیزم هەلومەرجێک نیە کەدەبێت دامەزرێت ، فکرەیەک نیە کە دەبێت
واقعیەت خۆى لەگەڵدا بگونجێنێت . ئێمە ئەو بزوتنەوە واقعیە ناودەنێین
کۆمۆنیزم کە هەلومەرجى ئێستا هەڵدەوەشێنێتەوە . ئەم ئەرکەش بە چینى
کرێکار سپێردراوە .
چەپ و کۆمۆیزم و سۆسیالیزم بزوتنەوەکانیان لە کوردستاندا گرێخواردوون
لەگەلڕ ناڕەزایەتى و نەفرەتى خەڵکى ، مودافعى مافەکانى منداڵان و ژنان
و خانەنشین و ، داواکارى ئاو کارەبا و موچە و مانگرتنى شۆفێرانن ...هتد
، ئەکرێت ماشێنى هەموو ئەمانەى لێباربکەین ، بەڵام ئەمەکارى ئەمان نیە
، بەلەناوبردنى نیزامى سەرمایەدارى هەموو ئەوانەش لەناودەبەی کە لەوەوە
سەرچاوەیان گرتوە . بۆیە ئێمە بە هەڵبژاردنى خۆمان کارێک بەسەر کارێکى
تردا پەسەند دەکەین ! من ناڵێم نابێت ئەم کارانە بکات ، دەبێت
سەرسەختانە بیکات . بەڵام کارى هەرە سەرەکى ئەو کەنایکات ئەوەیە دەبیت
چینى کرێکار ڕێخراوبکات . تا ئەم کارەش نەکات هەمیشە بێ ئاسۆ
دەمێنێتەوە .
لەم میانەیەدا ناتوانێت جگە لە مەى ئێستاى
جێگە و ڕێگەیەکى ترى هەبێت . هەرئەم بێ ئاسۆییەش وایکردووە ببنە خاوەنى
ڕواڵەتێکى تر ، ئەویش ئەوەیە کە هەرکاتێک هەستیانکرد بۆنەتە سآ نەفەر
یەکێکیان لە دوانەکەى تر جیا بێتەوە و ئیدعاى مارکسى و کۆمۆنیستى ئەێڵى
بوونى خۆى بەوانیتر بفرۆشێتەوە . ئەگەرچى وا نیشان ئەدات کە نوێنەرى
ئەم چینەیە ، بەڵام بەرمەبناى کارى ئەم حیزبانە ئەوە نیشان ئەدات یان
دەیسەلمێنێت کە نوێنەرایەتى کرێکاران ناکەن ، ئەگەرچى تا نیزامى
سەرمایەدارى حاکم بێت زەمینەى ئەوە خۆشدەکات بەشوێن خۆیدا سەدان حیزب و
ڕێخراو و ئۆرگان و ناوەندى جۆراوجۆر سەردەربێنن ، بەڵام تەنها ئەو
لایەنەیان دەتوانێت بچێتە گرەوى وەدیهێنانى کۆمەڵگایەکى ئازاد و یەکسان
و بآ چینى چەوسانەوە پەى بەوە بەرێت هێزى ڕاستەقینەى کرێکاران ڕێخراو
بکات و مەشخەڵى شۆڕشیان باتە دەست . هیچ بزوتنەوەیەک بە ئەندازەى
کۆمۆنیزم سەرچاوەى هێزەکەى دیارى نەکراوە ، بەڵام حیزبە کۆمۆنیستەکانى
کوردستان بەشێوەیەکى هەزەلى بەدەر لەم سەرچاوەیە و لەدەرەوەى ئەم و
لەناو کایەکانیترى کۆمەڵگادا عەوداڵى کۆکردنەوەى هێزن . بۆیە هەر بەو
چەشنەیان لێبەسەر دێت . بۆیە ئیتر ئەم خولیا و خواستەیان بەجێهێشتوە .
وەک دەبینین لە شەو و ڕۆژێکدا بزوتنەوەى گۆڕان خۆى دەکاتە خاوەنى هەموو
ئەو ناڕەزایەتیانەى نێو کۆمەڵگا ، هەموو ئەمانە دەکاتە پەیامى خۆى
بەشێک خەڵکى ناڕازیش لە خۆیەوە دەئاڵێنێت ، بەڵام دواجار کێرڤەکەى
بەرەو لاربونەوە دێتەوە . بۆ بزوتنەوەى چەپ و کۆمۆنیست ڕاستە ئەمە
مەیدانى ململانە و جەنگە ، بەڵام ئەمە بزوتنەوەى ڕزگارى چینى کرێکار و
پڕۆلیتاریایە نەک ڕێخراوى ناحکومى . حکومەت ئامادەیە چارەسەرى هەریەکێک
لەمانە بەتێپەڕبونى کات نیشان بدات و وەڵام بداتەوە ، بەڵام ئەوەى
هەرگیز ئامادەنیە لێى لابدات و چارەسەرى بکات کێشەى کارو کرێى کار و
کارى بەکرێیە . یانى چەوسانەوەى چینێک لەلایەن چینێکى ترەوە . یانى
کێشەى چینایەتیە . لەبەر ئەوەى یەکسانە بە هەڵوەشانەى کۆى خودى
سیستەمەکە .
بۆیە ئیتر ئەم بزوتنەوەیە گۆڕاوە بە
بزوتنەوەیەکى تر ، هەموو ئەوانەى ئێستا وەک تاکتیک لەبەرامبەر دەسەڵاتى
سەرمایەدا بەکارى دەبات هیچ نیە جگە لە کارى خۆ سەرگەرم کردن ، یانى
ستراتیژى نیە تەنها لە ووتنەوەى چەند ووتەیەک زیاتر کەلەسەر ڕووى
ڕۆژنامەکانیان پەخشى دەکەنەوە ، کە سنورى فەنتازیا تێناپەڕێنێت .
لەتەواوى ئەو گۆڕانکاریانەى لە سەحنەى سیاسی وکۆمەڵایەتى و ئابوریدا
پێشهاتوون ، هیچیان بە قازانجى کرێکار و کرێى ڕۆژ و کارى بەکرآ و قانون
کاردا نەشکاونەتەوە . ئەمانە هەمووى لە جێگەى خۆى باقیە و کەسێک دەستى
لێنادات ، شۆڕشى 58 شکست دەخوات ، بەعس دێت ، ئەو دەڕوات یەکێتى وپارتى
دێن ، بزوتنەوەى گۆڕان دەبێتە پەیامبەر و ماشێنى ڕزگارى مەردوم . باسى
ئەمانە باسێکى ترە کە جیاوازە لە باسى حیزبێکى کۆمۆنیستى ڕاستەقینە .
کە ئەویش ڕێخستنى چینى کرێکارە بەرەو ڕەهاى .
ئیسلامیەکان کاتێک بوونە بزوتنەوە هەموو دەرگاکانیان داخست و تەنها لە
دەرگاى مزگەوتەوە توانیان هێز و قودرەتى خۆیان بێننەدەرەوە ، چونکە
بەباشى و بەتەواوى لەوەگەیشتبوون کە ئەوان چۆن بزوتنەوەیەکن ، بەڵام
کاتێک بە فشارى دەسەڵات ئەم دەرگایەیان داخست ، بەشێوەیەک دەسەڵات
دەرگاى دەسەڵاتى بۆ خستنە سەرپشت بەڵام ئەوەندەیان هێز پێنەما
لەودەرگایەوە کاتێک چونە ژوور بکۆکن . ئیتر توشى قەیران و پاشەکشە بوون
. ڕاستیەکەى کرێکارانیش بەدەورى خۆیان نەخشیان هەبوە لەپێکانى ئەم
بزوتنەوەیەدا ، بەڵام بەئەندازەى حیزب نا . لەبەر ئەوەى حیزب هۆشیارتر
و بە دسپلینتر و ڕێخراوترە ، بۆیە یەکەمین بەرپرسیارى ئەم شکستەیە .
ئەگەر کۆمۆنیزم زانستى هەلومەرجى ڕزگارى پڕۆلیتاریایە ، کامە حیزبى
کۆمۆنیستى تەنها دە ئەندامى لەناو چینى کرێکار و پڕۆلیتاریادا هەیە ؟
ئەمە ئیتر واقعە کەتەنها لە خەیاڵدا دەکرێت وەلاوە بنرێن . ئەمەیە
شکستى ئەێڵى چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستاندا .
لە پاڵ ئەمەدا حیزب و مۆدیل و ڕێخستن و ڕابەرى و زمان و تەواوى پێکهاتە
و ساختومانەکەى نەخشیان هەیە ڕۆلڕ دەگێڕن ، لە کارى هەر ڕۆژە و
دۆزینەوەى کەلێن و شێوە نمایش و گوڕخواردنەوە لەناو کۆمەڵگادا ،
ئەگەرچى وادێتە پێش چاو کە ئەمانە کارێکن دەکرێت ئاسان لێیان
تێپەڕێنرێت ، بەڵام هاوکێشەکانى نێو کۆمەڵگا حەلکردنیان لە هاوکێشەى
کیمیاوى و بیرکارى زۆر سەخترە ، چونکە ئاکامەکەى هەمیشە لەوەى پێشوو
جیاواز دەدات بەدەستەوە . بەپێى دیالەکتیکى مارکس کۆمەڵگا هەمیشە لە
حاڵەتى گۆڕاندایە . بۆیە ئەوەى کەماوەتەوە ئەوەیە دەبێت ئەو حیزبانەى
بەخۆیان دەڵێن کۆمۆنیست بەتەواوى دەست بەردارى ئەم شێوازەى کارکردنى
ئێستایان ببن ئەگەر نا هاوکێشەى ئەمان دەمێکە حەل بوە و ئاکامەکەى داوە
بەدەستەوە ، وە بەکار خۆشیان چەقۆ خوێناویەکەیان داوەتە دەستى فەلسەفەى
مارکس .
nyakamil@hotmail.com
|