په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٠\٢٠١٢

شوان داودی بە چڵپاوی ناوچەگەریی

'کاروان عوسمان' ناشیرین دەکا و ڕەوایەتی بە دادگەی بەعسییەکان دەدا.


ھەژێن


خوێنەرانی ھێژا، وەک زۆربەتان ئاگادارن لە سەروبەندی ساڵیادی لە سێدارەدانی ھونەرمەند 'کاروان عوسمان'دا 'شوان داودی' بە وتارێکی دوور لە پرنسیپی نووسین لە چەند سایتێکدا، کەوتووەتە ھەڵڕشتنی کینەدۆزی ناوچەگەریی و ھەرچی بنەمای ئێتیکی نووسین و مۆڕالی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانە بەرامبەر مردوو، خستووتەتییە ژێر پێی دەمارگیری ناوچەگەریی و نەک ھەر برینی ھۆگرانی دەنگ و ھونەری 'کاروان عوسمان' دەکولێنێتەوە، بەڵکو ئەوەی بەعسییەکان و دادگە قەرەقوشییەکانی بەعس بەرامبەر 'کاروان عوسمان' پێیاننەکرا، 'شوان داودی' دەیگەیێنێتە لوتکە.

ئەوەی کە پێویستە پێش ھەموو شتێک پێداگری لەسەر بکرێتەوە، بۆئەوەی خراپتێگەییشتن وەلابنرێت، ئەوەیە، کەسانێک کە یادی ھونەرمەند 'کاروان عوسمان' دەکەنەوە و گومان دەخەنە سەر بڕیار و سزا و خودی دادگەکەی ڕژێمی بەعس، ھیچ کات مەبەستییان ئەوە نییە، کە پاساوی کوشتنی ' محمد خورشید حەمەڕەش' بدەن یا تاوانباریی کەسێک نادیدە بگرن و لە قوربانیبوونی ئەو ھێژایە کەم بکەنەوە، بەڵکو بەپێچەوانەی لۆجیکی بیرکردنەوەی 'شوان داودی'یەوە، زۆربەی کەسانێک کە ھۆگری دەنگ و ئاواز و ھەڵبەست و ھونەری 'کاروان عوسمان'ن بەگشتی، کەسانی ھەست ناسک و دژی مرۆڤکوژی و دژەتاوانن و ھەر ئەو بوونەیە، کە ئاوایان لێدەکات، وێرای ئەو ھەمووە پاگەندە و ژاوەژاوەی تۆمەتبارکردنی 'کاروان عوسمان'، بەردەوام بەدەم ڕێگەوە و لە شوێنی کار و لە ماڵی ھەژارییانا، گوێ لە گۆرانییە مرۆڤدۆستییەکانی 'کاروان عوسمان' ڕابگرن و بیانلێنەوە و ھەر ئەو مرۆڤدۆستییەی نێو گۆرانی و ھەڵبەستەکانییەتی، کە نەمری بە 'کاروان عوسمان' بەخشێوە و سەرەرای ئەو ھەمووە تۆمەتە، ھێشتا بە چەندین فەرسەخ لە پێش و لە سەرووی ھونەرمەندانی ئەم دەمەوەیە. من وەک یەکێک لە شەیدایانی دەنگ و ھەڵبەستەکانی 'کاروان عوسمان'، تف و نەفرەت لە ھەرچی دەسەڵات و سێدارە و کوشتن و چەکسازی و قەسابخانە و زیندان و دادگە ھەیە، دەکەم و خەون بە دونیایەکەوە دەبینم، کە تێیدا پێناویک بۆ دەسەڵات و دادگە و کوشتن و کینەدۆزی نەمێنێت، یادی ھەموو قوربانیان پڕ خۆشی بێت و نەفرەتی مرۆڤایەتی لەوانەی کە لایەنگری کوشتن و سێدارە و زیندان و دەسەڵات دەکەن.

ئەوەی ڕاستی بێت، ھیچ گومانم لە بەردەوامبوونی فەرھەنگی بەعس و شەیدایی بۆ کوشتن و سێدارە و خوێنرشتن لە کودستاندا نییە [چونکە وەک تۆلستۆی دەبێژێت " تا بازاری قەسابخانەکان و گۆشتخۆری لەبرەودا بێت، زرم و ھوڕی بەرەکانی جەنگ بەردەوام دەبێت"] بەڵام لەو بڕوایەدا نەبووم، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا لە کوردستان کەسێک ھەبێت و بەئاشکرا بوێری ئەوەی تێدابێت، کە دەستخۆشی لە بەعسییەکان بکات و ئاوا وەک فەرھەنگی شمشێر بەدەستەکان، پاش مردنیش سووکایەتی بە مردووان بکات!

'شوان داودی' بەزمانێکی بازاری ناوی قوربانی 'محمد خورشید حەمەڕەش' بە 'حەمە' دەبات، کە لە ڕێسای کۆمەڵایەتی کوردستاندا بەرامبەر بە مردوو نەشیاوە و نیشانەی بێڕێزییە و کەسایەتی مردوو پاش مردنی، ناوە ڕاستینەکەی خۆی وەردەگرێتەوە و لەکەناوە بازارییەکانی لەدەستدەدات. بەڵام لەبەرئەوەی کە 'شوان داودی' ھیچ پرسنپڵ و ئێتیکی نووسەری تێدا نییە، لەوەش واوەتر دەڕوات و پرسی کەسیی قوربانی 'محمد خورشید حەمەڕەش' دەکێشێتە نێو باسێکەوە کە پێویست نییە و چ ئەو کات و چ ئێستاش بە لاوازی کەسایەتی ھەژمار دەکرێت. ئەو دەنووسێت " (محمد خورشید حەمەڕەش)، دەکاتە کوڕی حاجی خورشید کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک ....... ... بۆ ئەوەی کاکە حەمە فیراری نەکات لە سەربازی.. حاجی خورشید سەیارەیەکی بەرازیلی مۆدێل (1988)ی بە (11) هەزار دینار بۆ کڕیبوو.."

'شوان داودی' بەم دوو ڕستەیەی ھەم ھەندێک زانیاریی ناپێویست لەسەر قوربانییەکە دەھێڼیەوە، کە دەبنە ھۆی لاوازنیشاندانی کەسایەتی، کە بەپێی دەستەواژەکانی ئەو، خودی قوربانی کەسێکی بێباوەڕبووە و بەخاتری ئۆتۆمەبێلێکی بەڕازیلی ئامادەبووە، مل بە سەربازی بدات و ھەم نەبوونی خۆشەویستی بنەماڵەی قوربانی بۆ کوڕەکەیان، کە بە بەرتیل بۆ سەربازیکردن بۆ ڕژێمی بەعس ناچاری دەکەن و ھەم قوربانیدانی باوک بە حەز و ویستی کوڕەکەی لە ترسی ڕژێمی بەعس، ئەمە لە کاتێکدا کە نووسەر دێرێک پێشتر بە " کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک" ناوی دەبات. ئەم پرسیار و سەرنجانە، کاری من نین، بەڵکو بەرەنجامی نووسینە بێسەرەبەرەکەی 'شوان داودی'ن و ئەوە، ئەوە کە سووکایەتی بە کەسایەتی کەسی قوربانی و بنەمالەی قوربانی دەکات.

من دەزانم، کە 'شوان داودی'یش وەک ھەەموو نووسەرە دەربارەکانی دیکەی نێو جەنجاڵی و ژاوەژاوەی میدیای بۆرجوازی کورد، دەستەواژەی "کەسایەتی دیاری شاری " لە کوێوە بەکار دەبات، گلەیم لەوە نییە و ھەر ئەوەش چاوەڕێ لە نووسەری دەربار دەکرێت، بەڵکو دەمەوێت بڵێم، بۆ قسەکردن و ڕۆشناییخستنەسەر پەروەرندەی کوژرانی ھێژا 'محمد خورشید حەمەڕەش' و ھۆکاری لە سێدارەکانی 'کاروان عوسمان'، ھیچ پێویستی بە خستنەڕووی لاوازییەکانی باری کەسێتی بنەماڵە و خودی قوربانی و ھەروەھا سووکایەتی بە ھونەرمەند 'کاروان عوسمان' نەدەکرد، بەلام چونکە ھاندەری نووسینەکەی ئەو، ڕۆشناییخستنەسەر ڕووداوەکە نییە، بەڵکو کرێگرتەیی لە نووسین و گرژکردنەوەی دەمارگیری ناوچەگەریییە، بۆیە ئاوەزی لەدەستداوە و لە سکەوە قسە دەکات.

'شوان داودی' دەنووسێت " لە (12/1/1989) کاروان لە شاری عیمارە لە سەربازگەکەی دەستگیر دەکرێت و دەهێنرێتەوە بۆ پۆلیسی کەرکوک "
نووسەری بابەت، بەم دەستەواژەی ڕاستی قسەکانی 'کاروان عوسمان' و کەسانێک کە ئاگاداری گرتن و دادگاییکردنەکەی بوون، دەسەلمێنێت، نەک پێچەوانەکەی، چونکە کاتێک کە 'کاروان عوسمان' دەتوانێت بە بەڵگەوە بسەلمێنێت، کە لە کاتی ڕوودانی ئەو تاوانەدا لە سەربازگەکەیدا بووە، بەڵام ئەوانەی کە دەمێک بوو بۆ بیانوویەک دەگەران، تاوەکو ئەو ھونەرمەندە شۊڕشگیڕە بخەنە تەڵەوە، پێیدەڵێن، ئەگەر لەم تۆمەتەش ڕزگارت ببێت، ئەوا بوونی کاسێتی گۆرانییەکانت، بەسە بۆ ئەوەی لەنێوت بەرین!

ھەروەھا من پێموانییە، کە ماڵی قوربانییەکە ئاگایان لە بەگرتندان و دەستگیرکرانی 'کاروان عوسمان' نەبێت، چونکە وەک 'شوان داودی' خۆی دەنووسێت " لە پایزی (1988)..وەک هەموو جارێک لە گەڕانەوە شەو لە کەرکوک دەبن و سبەی دەڕۆنە سلێمانی و چی تر حەمە ناگەڕێتەوە ..... ماڵی حاجی خورشید واتێدەگەن، کە حەمە رۆیشتووە بۆ خارج..لەبەر ئەوەی کەس ناویان نەهێنی..قڕو قەپی لێدەکەن. ... ئەم بێ‌ دەنگییە چەند مانگێک دەخایەنێت..تاوەکو بنەماڵەی (تۆفیق تەیارە) لە سلێمانی ماڵی حاجی خورشید دەدۆزنەوە..بۆ ئەوەی ئەو بەرازیلیەی حاجی خورشید، کە لە (حەمە) کڕیویانە بخرێتە سەریان (ناویان)، حەمەش هیچ سۆراخێکی نیە، ئەوە سەرەتای دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەکەی (کاروان) بوو.."

ئەگەر خوێنەری بێلایەن و وردبین لەم دەستەواژانە وردبێتەوە، ئەوا ناکۆکی و نادروستییانی بۆ دەردەکەوێت. ئەو لەلایەک دەنووسێت، کە دواجار قوربانی لەتەک 'کاروان عوسمان'دا لە ماڵ دەرچووە، ھەورەھا دەنووسێت، کە قوربانی کەڵکەڵەی چوونە ھەندەران لە سەری داوە و بەڕازیلیان بۆ کرێوە تا لە سەربازی ڕانەکات و ھەروەھا دەلێت، مالی باوکی ئاوا تێدەگەن کە کوڕەکەیان بۆ ھەندەران چووە. کەچی لە خۆی پرسیار ناکات، باشە ئەوا ماڵی باوکی لە ترسی ئەو 'ڕژێمی بەعس'ەی کە 'شوان داودی' دەستخۆشی لێدەکات، نەیانوێراوە باسی کوڕەکەیان بکەن، بەڵام خۆ 'کاروان عوسمان'یان دەناسی و وەک کوڕەکەی خۆیان وابووە و ھاتووچۆی کردوون، چۆنە نەچوون پرسیاری کوڕەکەیان لێنەکردووە؟ چۆن ئەوان پێیانوایە کورەکەیان بۆ ھەندەران چووە و لەکوێبوونی ئۆتۆمەبێلە بەڕازیلییەکی کورەکەی خۆیان لەلا نەبووەتە پرسیار؟ ئەی ئەگەر بنەماڵەی قوربانی ناوی 'کاروان عوسمان'یان بە دەسەڵاتدارانی ئەوکات نەداوە، چۆن دەسەڵات بەبێ سێ و دوو، دەستبەجێ 'کاروان عوسمان' لە سەربازگەی 'عیمارە' دەستگیر دەکات و دەیباتەوە کەرکووک؟ لە بارێکی ئاوادا ئیدی بۆچی نیگەران دەبن؟

ھەروەھا نووسەری بابەت دان بەوەدا دەنێت، کە بنەماڵەی قوربانی ئاگاداری نیازی بۆ ھەندەرانچوونی کوڕەکەیان دەبن و بەو پێیە دیارە دوا شەو، کە 'کاروان عوسمان' لەماڵیان بووە، لەو بارەوە ڕەزامەندی خۆیان داوە کە 'کاروان عوسمان' ئاسانکاری بۆ بکات و بەدیاریکراوی قسەیان کردووە و ھەروا ڕێی تێدەچێت، مادام وێرای ئەوەی کە بە چوونی کورەکەیان بۆ ھەندەران و ئاسانکاری 'کاروان عوسمان' بۆی رازیبووبن، کەواتە قسەشیان لەسەر فرۆشتنی ئۆتۆمەبێلەکەی کردووە، ئەگینا نەیاندەھێشت لەتەک خۆی بیبات و لەوەھا بارێکدا نەک دوو مانگ، ئەگەر دوو ھەفتە دیار نەبووایە، بەدڵنیاییەوە دەچوون بۆ ماڵی 'کاروان عوسمان'، تابزانن ئایا کوڕەکەیان دەرچووە یا چی بەسەرھاتووە؟ لە بارێکی ئاوادا یا ئەوەتا نووسەری بابەت ڕاست ناکات و بنەماڵەی قوربانی ئاگاداری ئەوە نەبوون، کە کوڕەکەیان نیازی چوون بۆ ھەندەرانی ھەیە و ئاگاداری ئەوە نەبوون، کە 'کاروان عوسمان'یش ئاسانکاری بۆ دەکات و نووسەری بابەت لەلایەنێکەوە ڕاسپێردراوە ئەم شتانە ڕیز دەکات، یا ئەوەتا بنەمای وەک نووسەری بابەت دەنووسێت، ئاگاداربوون و ڕەزامەندییان ھەبووە و لەترسی ڕژێمی بەعس ئەوەیان شادرووەتەوە و 'کاروان عوسمان' وەک ھاوەڵێکی متمانەپێکراو و دڵسۆزی کوڕەکەیان.، بە دوای کەسانی شارەزا لە دەرچووندا گەڕاوە و کەسانی دیکەی پێناساندووە و خۆی چووەتەوە سەربازی و ئاگاداری ئەو تاوانە نەبووە! لەم دوو ئەگەرە زیاتر، دراوەکانی نێو بابەتەکەی 'شوان داودی' بوار بۆ ئەگەری دیکە ناھێڵنەوە! ئەگینا ئەگەر بنەماڵەی قوربانی ئاگاداری ئەوە نەبوون، کە کوڕەکەیان نیازی ھاندەرانی ھەیە و بڕیارە 'کاروان عوسمان'ی ھاوەڵی دڵسۆزی کورەکەیان و متمانەپێکراوی بنەماڵەکە ئاسانکاری دەرچوونی بۆ دەکات، چۆن یەکسەرە بە دەستگیرکرانی ھونەرمەند 'کاروان عوسمان' لە سەربازگەی عیمارە و ڕاپێچکردنی بۆ پۆلیسی کورکووک، تووشی نیگەرانی کردوون؟ من وەک خوێنەرێک لەو دەستەواژەدا تەنیا یەک شت دەخوێنمەوە، ئەویش ئاگاداربوونی بنەماڵەی قوربانییە لە نیازی دەرچوونی کوڕەکەیان بەرەو ھەندەران بە ئاسانکاری 'کاروان عوسمان'ی ھاوەڵی و لەوە ترساون، کە 'کاروان لەژێر فشاری ئەشکەنجەی ئەو ڕژێمە ھارەدا [کە 'شوان داودی' پاش نۆ ساڵ لە ڕوخانی، ھێشتا دەستخۆشانەی بۆ دەنێرێت و بە کینەدۆزی و دەمارگیری ناوچەگەریییەوە مۆڕی ڕەوایەتی لە دادگە قەرەقووشییەکانی دەدات!] نەخشەی بنەماڵە لە ناردنەدەرەوەی کوڕەکەیان بۆ ھەندەران ئاشکرا ببێت و ژیان بەرژەوەندییان بکەێتە مەترسیی مان و نەمانەوە!

'شوان داودی' لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا دەنووسێت " دان بەوەدا دەنێن، کە دوای فرۆشتنی بەرازیلیەکە (کاروان) لەگەڵ دوو تاوانباری تردا ویوستویانە لە بەکرەجۆ حەمە بکوژن..لەوێ‌ بویان نەکراوە.. دواتر هێناویانەتە تەکیە و لەوێ‌ کوشتویانە و دوای کوشتنی بەنزینیان بە تەرمەکەیدا کردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە سوتاندویانە..و (9) هەزار دینارەکەیان لە نێوان هەر سێکیان دابەشکردووە. ....ئیسماعیل سەکران..هاوتاوانی کاروان، ئەویش هەر هونەرمەند بوو..خەڵکی چەمچەماڵ..لەگەڵ کارواندا لە سێدارەدرا..تاوانباری سێیەم هەڵات و تائێستا نەدۆزراوەتەوە، ئەویش بە غیابی حوکم درا. ... لە کەشفی دەلالەدا..کاروان و ئیسماعیل چیرۆکی کوشتن و سوتاندنەکەی حەمە بۆ پۆلیس دوبارە دەکەنەوە..کە بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە.. و لە بەردەستدایە..بۆ هەر کەسێک گۆمان دەخاتە سەری."

من لەم گێڕانەوەدا فیلمی 'ھۆلیوود' دێتە بەرچاوم، کە قوربانی دەستوپێبەستراو لە سندووقی ئۆتۆمەبیڵدا لەم شوێنەوە بۆ ئەو شوێن براوە و ھیچ توانایەکی بەرگری لە خۆکردنی نەبووە! بەڵام لەو سەردەمەدا لەنێوان 'بەکرەجۆ' و 'تەکیە' دا چەندین پایەگا و خاڵی پشکنین و ھێزی سەربازی ھەبوون، کە ئەستەم بووە کەسانێک بتوانن، کەسیک لە وەھا بارێکدا بگوێزنەوە، کەواتە تەنیا یەک ڕێگە دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە، کە قوربانی زیندوو و ئازاد لەنێو ئۆتۆمەبێلەکەدا لەتەک سێ کەسەکەی 'شوان داودی'دا بە خۆشحاڵییەوە ئەو ھاتوچۆیەی کردبێت! لەوەھا بارێکیشدا متمانە و دۆستایەتی پتەو، بوونی پێویستە و بەئاسانیش کەسەکان دەستیان ناچێتە خوێنی یەکدییەوە! ھەروەھا کە 'کاروان عوسمان' پێش ئەوە لە ماڵی قوربانی بووبێت و لەتەک ئەودا بەرەو سلێمانی چووبن و بەڕازیلییەکیان فرۆشتبێت، ئاوەز نایگرێت، 'کاروان'ێک کە بەو ھەموو ھوشیارییە چینایەتی و بەو زیرەکی و بلیمەتییەوە، ئاوەزی ھێندە بووبێت و نەیزانیبێت، کە نەخشەکەی دەردەکەوێت؟! ھەروەھا ئەگەر قوربانی بەخۆی ئۆتۆمەبێلەکەی نەفرۆشتووە، چۆن کڕیار دەچێتە ماڵی قوربانی و داوای بەناوکردنی ئۆتۆمەبێلەکەیان لێدەکات؟ ئایا لە سەردەمێکی وەکو سەردەمی بەعسدا کەس ھەبووە، ھێندە نەزان بێت، کە ئۆتۆمەبیڵی دزراو یا ھی کەسیکی کوژراو بە ساخی بفرۆشێتەوە و بە خەیاڵی ئاسوودەشەوە بچێت پیانۆی پێبکڕێت و بچێتەوە سەربازی و نێو چنگی بەعس؟ من لێرەدا ئەوەندە دەلێم، ئەگەر 'کاروان عوسمان' لە سەربازییەوە لەتەک قوربانیدا نەگەڕایەتەوە و نەچووایەتە ماڵیان و قوربانیشی لەتەک خۆیدا نەبردایەتە سلێمانی بۆ ماڵی خۆیان و ھەروەھا بەرەو ناوچەی ئازاد یا ھەندەران ڕای بکردایە، تاڕادەیەک ئاوەزم ئەو تۆمەتەی پەسەند دەکرد و گومان دەیگرتم. بەڵام لەوەھا بارێکدا مەگەر تەنیا ئاوەزی کەسیکی نەخۆش و کینەدۆزی ناوچەگەر، پەسەندی سیناریۆی ئاوا لاواز بکات.

نووسەری بابەت، قسە لە بوونی کەسی سێیەم دەکات، بەڵام بێناو و نیشان، وەک ئەوەی کەسێک لە ئاسمانەوە باریبێت و بەرەو ئاسمان ھەڵھاتبێت. ئەگەر 'کاروان عوسمان' و 'ئیسماعیل ...' وەک دوو تۆمەتبار بە کوشتنی ھێژا ' محمد خورشید حەمەڕەش' دانیان بەوەدا ناوە، کە ئەویان کوشتووە و پارەکەیان لەنێوان خۆیان [سێ کەس]دا دابەشاندووە، چۆنە ناوی کەسی سێیەمیان ئاشکرا نەکردووە و چۆنە 'شوان داودی' لە کاسێتە ڤیدیۆییەکەی بەردەستیدا گوێی لەو ناوە نەبووە و بۆ نەینووسیوە؟ ئایا ئاوەز ئەوە پەسەند دەکات، کە کەسێک بەشداری کردەی کوشتنی کەسێک بێت و لە فرۆشتنی ئۆتۆمەبێڵی کوژراودا بەسەر خۆیاندا دابەشاندبێت، کەچی دوو کەسی یەکەم، واتە 'کاروان عوسمان' و 'ئیسماعیل ...' ناوی نەزانن و نەیناسن و نەزانن بەرەو کوێ چووە و کەسوکاری کێن و نیشتەجێی کێیە؟ دیسانەوە ئەمەشیان مەگەر تەنیا ئاوەزی کەسی نەخۆش و دەمارگیری ناوچەگەر بڕوای پێبکات! لەمانەش سەیرتر ئەوەیە، کە نووسەری بابەت زۆر بە دڵنیاییەوە دەنووسێت " حەمە و کاروان لە سلێمانی بەرازیلیەکەیان بە (9) هەزار دینار فرۆشتووە ... دوای کوشتنی بەنزینیان بە تەرمەکەیدا کردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە سوتاندویانە..و (9) هەزار دینارەکەیان لە نێوان هەر سێکیان دابەشکردووە.". ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین، کە نووسەر قسە لەسەر دابەشکردنی تەواوی (٩) ھەزارەکەی ئۆتۆمەبێلەکە دەکات، ھیچ ئاوەزێک پەسەندی ناکات، لەو ھێنان و بردن و چەند ڕۆژ مانەوەی لە سلێمانیدا، ھیچ لەو (٩) ھەزار دینارە، کەمی نەکردووە و خەرج نەکراوە و ھەروا وەک خۆی سێ تۆمەتبارەکە بەسەر خۆیاندا دایانبەشاندووە.

وەک دەزانین چەند ساڵە پەروەندەی لەسێدارەدانی 'کاروان عوسمان'ی ھونەرمەند لەنێو 'میدیای ئازاد'دا بەسەر دەکرێتەوە و ئێوارە یادی بۆ دەگیردرێت و سایتی 'دەنگەکان'یش تەوەرەی تایبەتی بۆ کردووەتەوە و ھاوڕێ سەردار عەبدوڵڵا لە گۆڤاری ھانادا بۆ یەکەم جار دیواری ھەڵچنراوی بێدەنگی بەڕووی لەسێدارەدانی 'کاروان عوسمان'دا شکاند و منیش وەک ھۆگرێکی دەنگ و ھونەری 'کاروان عوسمان' لە کۆتایی سەدەی ڕابوردووەوە ھەرچۆن بۆم لوابێت، بەنووسین و دیگیتالیزەکردنی بەرھەمەکانی و بڵاوکردنەوەیان، خۆبەخشانە کارم کردووە، چۆنە 'شوان داودی' تا ئێستا ئەو کاسێتەی بلاونەکردووەتەوە و ویژدانی ھەموومانی لە ئازار و نائاسوودەیی ئازاد نەکردووە؟ چۆنە پاش ئەو ھەمووە ساڵ و ھەوڵە، ھەنووکە بەو شێوە دوور لە ئیتکی نووسین و مۆڕاڵی کۆمەڵگە ھاتووە سووکایەتی بە 'کاروان عوسمان' دەکات؟ چی و کێ لە پشتی ئەم کارەی ئەوەوەن؟ لە ھەموو ئەمانە سەرنجڕاکیشتر ئەوەیە، چۆن لە تالانی فەرھوودی ١٩٩١دا ھەرچی ھەبووە و نەبووە فەوتاوە، بەڵام کاسێتێکی ئاوا لە دەزگەکانی بەعسدا پارێزراوە؟ ئەگەر لەمانەش بگوزەرێم، ناتوانم نەپرسم، ئەوە چییە و چ ھاندەرێکە کە ئاوا لە نووسەری بابەت دەکات، کە متمانەی کوێرانە بە دادگەکانی بەعس ببەخشێت و دەستخۆشی لەو ڕژێمە و سزای لەسێدارەدان بکات، بێجگە لە زیندووراگرتنی کولتووری بەعس؟! بۆیە من وەک شەیدایەکی دەنگ و ھونەری 'کاروان عوسمان' داوا لە شەیدایانی دەنگی ئەو ھونەرمەندە و بنەماڵەکەی و ئەو نووسەر و سایت و ناوەندانەی کە ھەوڵی بەسەرکردنەوە و یادکردنەوەی 'کاروان عوسمان'یان داوە، لەم کینەدۆزیی 'شوان داودی' بێدەنگ نەبن و ناچاری بکەن، کە کاسێتەکە بخاتە ئەرشیڤی ڤیدیۆکانی 'یوتوب' بۆئەوەی ھەمووان لە ڕاستی پاگەندەکەی دڵنیابین یا ئەوەتا ئەگەر ئامادەی سەلماندنی پاگەندەکەی نەبوو، پێویستە بکێشڕێتە دادگەیەی ڕەواوە و لەسەر ناراستی پاگەندەکەی و پەیڕەونەکردنی ئیتیکی نووسین و مۆڕاڵی کۆمەڵایەتی لەمەڕ مردووان و پاگەندەی ساختە، سزای خۆی وەربگرێت.

دواتر 'شوان داودی' دەنووسێت " کاروان بەشە پارەکەی دەکاتە دوو بەشەوە و بەشێکیان پێانۆیەکی بە دیاری بۆ دەستگیرانەکەی خاتوو (ک) دەکڕێ‌..و بەشەکەی تریان دەخاتە ژێر گڵ و لە باخچەی حەوشەکەیاندا دەیشارێتەوە..دواتر پۆلیسی چەمچەماڵ پیانۆکە لە ماڵی خاتوو (ک) دێننەوە و لە حەوشەکەی ماڵی کارواندا باقی پارەکە لە ژێر گڵ دەردەهێنن و دەبنە بەشێک لە ئەدیلەی تۆمەتبارکردنی کاروان."

پێش ھەموو شتێک تا ئەوەندەی من ئاگاداربم و خوێندبێتمەوە، ئەو خاتوونەی کە نووسەری بابەت ناوی دەھێنێت، دەزگیرانی ھونەرمەند 'کاروان عوسمان' نەبووە و ھەروەھا ئەوەی کە لە ماڵی 'کاروان عوسمان'دا دۆزراوەتەوە، ئەو کاسێتەیەتی کە تێدا سروود بۆ منالانی کیمیابارنکراوی ھەڵەبجە و شەقامە چۆڵەکانی کەرکووک و سروودی ڕەتکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان "بێنە پێشچاو" لەپێش ھەموویانەوە دەسەڵاتی بەعس و ھەروەھا سروودێک کە لە ژەنگھەڵھێنانی لوولەی چەکەکانی شاخیش دەکات. بێجگە لەمانە، چۆن 'کاروان عوسمان' پارە لەنێو ھەوشەدا دەشاڕێتەوە، کە ھەم باران و ئاوپرژێن تەڕ و پەڕپووتی دەکات و ھەم شاردنەوەی شتێک لەو ڕۆژگارە قەرەقووشییەی بەعسدا لەنێو ھەوشەدا، کارێکی پڕ مەترسی بووە و دەکرا ھەر کەس گومانی شاردنەوەی چەک و شتی دژی بەعس بکات! دەکرێت لە نووسەری بابەت بپرسین، لەو دەمەدا و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ٢١ ساڵ لەمەوبەردا، خاتوونێک کە دەزگیرانی کەسێک نەبووبێت، چۆن بنەماڵەی ڕێگەی دەدەن دیارییەکی گەورەی ئاوا لە کەسێک وەربگرێت؟

ئاوەزی تەندروست، پەسەندی ئەوە دەکات، کە قوربانی بەخۆی ئۆتۆمەبێلەکەی فرۆشتبێت و ئەو ئاواتەی 'کاروان عوسمان' نزیکترین ھاوەڵ و خۆشەویستی بەدیبھێنێت و دیارییەکی ئاوای بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی 'کاروان عوسمان' سەرەڕای پێزانینی بنەماڵەی قوربانی بە چوونی بۆ سلێمانی لەتەک ئەودا، چۆن ئاوا بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە نەخشەی کوشتنی ھاوەڵێکی ئاوا خۆشەویستی خۆی دەکێشێت و بەدوای جێی گونجاودا بۆ کوشتنی دەگەڕێت و پاشان دەیسووتێنێت و ئۆتۆمەبێڵەکەی لە سلێمانیدا بە ساخی دەفرۆشێت و دواجار بە بەشە پارەکەی پیانۆیەک بۆ خۆشەویستەکەی دەکڕێت و باقی پارەکەش لەنێو دیواری ماڵدا نا یا لە لای کەسێکی دیکە نا، بەڵکو لەنێو حەوشەی ماڵی خۆیاندا دەشارێتەوە؟ 'کاروان'ێک کە ئامادە بێت بۆ کڕینی پیانۆیەک بۆ خۆشەویستەکەی ھاوەڵێکی نزیکی خۆی بەو جۆرە کەم ئاوەزانە بکوژێت، چۆنە کەمێک لە باقی پارەکەی نەداوەتە دایکە ھەتیوبارەکەی، کە چەند سات پێش لە سێدارەدانی لێی دەپرسێت "دایە لە ماڵەوە ھێچی ئاوامان ھەیە؟"؟

لە بەشێکی دیکەی نووسیکەدا 'شوان داودی' دەنووسێت " لە رۆژی حوکم لە سەردانەکەی کاروان و ئیسماعیل بە لە سێدارەدان، بەشێکی زۆری هونەرمەندانی ئەو کاتی سلێمانی لە دادگای جینایاتی سلێمانی ئامادەبوون..کەسێکی نزیکی بنەماڵەی حاجی خورشید وتی (زاهیر جەلال)م لە بیرە لەوێ‌ بوو..."

من لە ناوھێنانی ئامادەبوونی ھونەرمەند 'زاھیر جەلال' لەو دادگەیەدا تێناگەم، ئایا ئامادەبوونی دانیشتوانی شارەکانی سەدەکانی نێوەڕاست بە نووسەر و قەشە و ھونەرمەند و زانا و خەڵکی ئاساییەوە لە دادگە قەرەقوشییەکانی کلیسا و پاشاکاندا، کە تیایاندا ئاھەنگی سەرپەڕاندن دەگێڕدرا، دەتوانن بەڵگەی ڕەوایی و دروستبوونیان بێت؟ ئیدی ئامادەبوونی ھونەرمەندان و بە دیاریکراویش ھونەرمەند 'زاھیر جەلال' لەو دادگەیەدا چ واتایەک دەبەخشیت و دەتوانێت پاساوی چی بێت و چ ڕەوایەتییەک بە پرۆسێسی دادگەیەکی ڕژێمی بەعس دەبەخشێت؟ ئەگەر ئەمە دۆشدامانی نووسەری بابەت نەبێت لە دارشتنی بابەتە بێسەرەوبەرەکەیدا، کە بێجگە لە گێڕانەوەی قسەی ئەم ئەو، ھیچ بەڵگەیەکی زیاد نەکردووە و بێجگە لە تۆمەتەکانی بەعس، ئەلفێکی بۆ ڕۆشنکردنەوەی پەروەندەکە و چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکە زیاد نەکردووە، دەتوانێت چیتر بێت؟

ھەرچەندە پێشتر ئەم پرسیارەم چەند بارە ئاراستەی خوێنەر کردووە، بەڵام لێرەدا بە مۆڵەتی خوێنەر خۆم بەناچار دەبینم، کە دیسانەوە بپرسمەوە، لەو سەردەمەدا کە ئەو تاوانە ڕوویداوە، لە عیراقی بەعسییەکاندا و لە کەرکووکی 'شوان داودی'شدا بێجگە لە چالاکانی بەرھەڵستاکاری ڕژێمی بەعس، چەند کەس لەسەر کوشتنی کەسێک لە سێدارە دراون؟ تا ئەوەندەی من بینیبێتم و بیستبێتم، لە بەرزترین ڕادەی سزادا، سزای مانەوەی ھەمیشەیی بوو لە زینداندا و لە ڕادەی نێوەنجیشدا ١٥- ٢٥ ساڵ زیندانی بوو و لە کەمترینیشیدا بەعسییەکانی لای 'شوان داودی' دەکەوتنە بە بەعسیکردنی بکوژان یا بە بەرتیل سزاکەیان بۆ کەم دەکرایەوە! ئایا سزادانی ھونەرمەندێکی بەرھەڵستکار و شۆرشگێڕ، وێڕای ئەوەی بە قسەی نووسەری بابەت، بنەماڵەی قوربانی ھاوەڵەکەی 'محمد خورشید حەمەڕەش' زۆر بە گرتنی 'کاروان عوسمان' نیگەران دەبن و وێڕای ئەوەی کە 'کاروان عوسمان' لەنێو سەربازگەی 'عیمارە' دەستگیر دەکرێت و ڕاپێچی پۆلیسی 'کەرکووک' دەکرێت و وێرای ئەوەی 'ئیسماعیل ...' ھاوەڵ و ھاوتۆمەتبارکراوی 'کاروان عوسمان' لە دادگەدا بە دەنگی بەرز دەڵیت "کاروان ئاگای لەم شتە نییە و دەستی تێدا نییە"، چۆنە ھەر ئاوا بە ئاسانی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەبردێت ؟

نووسەری بابەت 'شوان داودی' لە کۆتایی بابەتەکەیدا دەنووسێت "راستیەکی حاشا هەڵنەگرە لای هەر دوو بنەماڵەکە و کەسە نزیکەکانی هەر دوولا..لە سەردەمی خۆیدا یەکێ‌ لەو کەیسانە بوو، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، دوای ئەو روداوەش باوک و دایکی حەمە لە مەڕاقدا کۆچی دواییان کرد"

بە بۆچوونی ئەگەر سەرنجی خودی دەستەواژەکانی نووسەر بدەین، نائاگاھانە ھەندێک شتمان پێدەبیژێت، لەوانە دەنگدانەوەی ئەو پەروەندەیە، کە دەکرێت لە خۆمان بپرسین بۆ؛ ئایا لەبەر کوژرانی کەسێک و سووتاندنی جەستەکەی بوو، یا ھۆکاری دیکەی ھەبوو؟ ئەگەر سەرنجی ئەو سەردەمە بدەین، دەبینین، وێنە و کورتە فیلمی بەرەکانی جەنگ و کوشتوبڕی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە و بالیسان و گولەبارانکردنی ڕۆژانەی نەیارانی ڕژێم، بارێکی دەروونی ئاوای ئافەراندبوو، نەک ھەر لەلای کەسانی گەورەساڵ کوشتن و بڕین وسووتاندنی مرۆڤ بووبووە دیمەنێکی ئاسایی، بەڵکو منالان وەک فیلمی کاتۆن سەیری کوشتارگەکانی جەنگی 'عیراق-ئێران'یان دەکرد، بۆیە ھۆکارەکەی شتێکی دیکەیە، کە خۆشەویستی و پێگەی کۆمەڵایەتی و ھونەرە بەرھەڵستکارەکەی ھونەرمەند 'کاروان عوسمان' و دڕندەیی بەرژێمی بەعس بوو، کە ئاوا بووە ھۆی دەنگدانەوەی پەروەندەکە. ھەروەھا پێچەوانەی پاگەندەی 'شوان داودی' ھەم خودی 'کاروان عوسمان' تا دواساتی پێش لەسێدارەدانی ئەو تۆمەتەی ڕەتکردووەتەوە و ھەم بنەماڵەکەی و کەسانی ئاگادار ئەوە دەزانن، کە 'کاروان عوسمان' دانی بەو تۆمەتەدا نەناوە.. ئەگەر لەمەش بگوزەرێین، ئاخۆ مەبەستی نووسەری بابەت لەم دەستەواژە "دوای ئەو روداوەش باوک و دایکی حەمە لە مەڕاقدا کۆچی دواییان کرد" چییە؟ بێجگە لەوەی ئەم دەربڕینە سەراپا بنەمای زانستیی نییە و زیاتر لە قسەی نێو پرسەگێڕی دەچێت، بەڵام ئایا ئەگەر پێش کوژرانی ھێژا ' محمد خورشید حەمەڕەش'، دایکی و باوکی ناوبراو، بمردنیایە، ھەرچەندە مردنی ئازیزانمان بۆ ھەموومان بارێکی زۆر سەخت و گرانە و کەسیش لە پاش کەس و بۆ کەس نەمردووە، دەکرا و ئایا بەجێ دەبوو ئەگەر ئێمەی خوێنەر لەسەر دراوەکانی نێو بابەتەکەی 'شوان داودی' بڵێین، ھەوڵی ھەڵھاتنی ' محمد خورشید حەمەڕەش' لە سەربازی و حەزی چوونی بۆ ھەندەران، بوونە ھۆی مەراقکردنی دایکی و باوکی؟

نووسەری بابەت 'شوان داودی' بێجگە لە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک قسە و تۆمەتی بێبەڵگە چ ئەو کات و چ ئێستا، بەوەشەوە ناوەستێت و ناتوانێت بەر بە دەمارگیری ناوچەگەریی و ھاندەری کینەدۆزییەکەی بگرێت و ھەموو ئیتیکەکانی نووسین و مۆڕالەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەخاتە ژێرپێی و ھیچ لە باری یاساییش ناسڵەمێتەوە. لێرەدا پێش ئەوەی نموونەگیری لە دەمارگیریی ناوچەگەری و سووکایەتییەکانی ئەو بەرامبەر 'کاروان عوسمان' و بەخۆدانی مافی قسەکردن بەنێوی ھەموو 'کەرکووک'ییەکانەوە، بکەم. دەمەوێت، دوو شت وەبیری 'شوان داودی' و ھاوبیرانی بھێنمەوە، کە :

یەکەم، کەس ناتوانێت کەسێک بەکارێک تاوانبار بکات، تا بە چاوی خۆی نەبینێت، چونکە سالانە لە ئەوروپا و ئەمەریکای دێمۆکراسی پارلەمانیدا نەک لە عیراقی سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، سەدان پەروەندەی دادگایی بڕیاریان لەسەر دەدرێت و پاش چەندین ساڵ دەردەکەوێت، کە بڕیار و سزایەکی ناڕەوا دراوەتە پاڵ تۆمەتبارکراوان!

دووەم، سزای سێدارە چ ھەزاران ساڵ پێش ئێستا و چ لە سەردەمی رژێمی بەعس و چ لەسایەی دێمۆکراتی ئەمەریکادا ھیچ ڕەوایەتی نییە و ئەوی پاساوی بۆ بھێنێتەوە و لایەنگری لێبکات و پێداگری لەسەر بکات، ھیچی لە مەقسەڵەچییەکانی سەدەکانی ناوەراستی ئەوروپا کەمتر نییە و شایانی سەرکۆنە و وەردەرنانە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، چونکە ئەو کەسە ھەڵگری ھەمان کولتووری بەعس و بانگەوازکەری ھەمان سیستەمە، ئیتر لە ھەر پارت و لەژێر ھەر ناوێکدا کار بکات و بدوێت!

'شوان داودی' لەبەر ڕۆشنایی خاڵی یەکەمدا، بەبێ ھیچ سڵکردنەوەیەک، وەک ئەوەی بەخۆی کەسی سێیەمی نێو تۆمەتەکە بووبێت، دەنووسێت "ئێوارەیەک بۆ جوانکردنی بکوژێک". بەبۆچوونی من تا ئەو کاتەی بە چاوی خۆمان بینەری ڕاستەوخۆی ڕووداوێک نەبین، مافی ئەوەمان نییە، بڵیین، کە کێ کێی کوشتووە، ئەمە نەک لەو پەروەندەدا، بەڵکو لە سەراپای مێژوودا مۆری ناڕەوایی لە دادگەکان داوە و بەردەوام لە کراوەترین و بێلایەنترین دادگەشدا ھەم تاوانباران، ئازاد دەبن و ھەم بێتاوانان، بە ناڕەوا سزادەدرێن. ھەر لەسەر ئەم بنەمایەیە، کە ھیچ دادگەیەکی سەر ڕووی زەمین ناتواڼێت ڕەوایەتی ھەبێت، ئەمە بێجگە لە ناسەربەخۆیی دادگەکان لە ھەژموونی دەسەڵاتی ڕامیاریی و دەسەلاتی ئابووریی و کولتووریی. لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر کەسێک بەبێ بینین و بەڵگە مۆری ڕەوایەتی لە سزاکانی داوەری چینایەتی بدات، ئەوا بێویژدانی دەکات و لە تاوانی سزادانە ناڕەواکەدا بەشدار دەبێت.

'شوان داودی' دەنووسێت "جارێکی تر زۆر بە داخەوە لە بینای ئەمنە سورەکە، کە هێمای مقاوەمەتی گەلی کوردە..ئێوارەیەک بۆ ستایشکردنی تاوانبارێک رێکخرا، بە ناوی (ئێوارەیەک بۆ کاروان)..ئەم تاوانبارەیان لێکردین بە فریشتە و وەک بڵێی خوێنی کەرکوکیەکان ئاو بێت...."

بە بۆچوونی من ئەگەر بڕیاربێت ھونەر و ھونەرمەندێک وەک نموونەی ھونەری بەرھەڵستی و شۆرشگیری بەرامبەر ڕژێمی بەعس ڕێزی لێبگیردرێت و شیاوی ئەوە بێت لە ئەمنە سوورەکەی جاران و ئەمنە سەوز و زەردەکانی ئێستادا وەک قوربانی ڕامیاریی چەپەڵ و دژەمرۆیی دەسەلاتداران و دەوڵەت، بکرێتە سیمبول، ئەوا لە ھەرێمی کوردستاندا، تەنیا 'کاروان عوسمان' ئەو مەرج و شایستەییانەی تێدایە. ئەوەی لای من پرسیارە، ئەوەیە کە ھەژمارێکی بەرچاو کورد لە زۆربەی وڵاتانەوە و ھەژمارێکی بەرچاوی بەشداربووش لەو یادەدا ھاودەنگن و ڕێز لە ھونەرەکەی 'کاروان عوسمان' دەگرن، کەچی تاکە کەسیک لەولاوە قوتدەبێتەوە و دەمارگیری ناوچەگەریی دەوروژێت و ئەو مافە بەخۆی دەدات، کە سووکایەتی بە مافی زۆرینەیەک لە ھۆگرانی دەنگ و ھونەری 'کاروان عوسمان' بۆ ھەستان بە یاداوەری ئەو ھونەرمەندە ھەست ناسک و شۆڕشگێڕە، دەکات!

نووسەری بابەت درێژە بە سووکایەتییەکانی بەرامبەر 'کاروان عوسمان' و ھۆگرانی دەنگ و ھونەرەکەی دەدات و دەنووسێت "بەڵام بە داخەوە بەهاتی حەسیب قەرەداغی چەند تێکستێکی پێشکەش بەو دڕندەیە کرد و بە نەوی نوێی وەک پەپولە ناساندی ..... "

ئەمە ئەوپەڕی نزمی ئێتیک و مۆراڵە کە کەسێک ڕێگە بەخۆی بدات و بوێری ئەوەی تێدابێت، سووکایەتی بە مردوویەک بکات. بۆ من ئەوە جێگەی پرسیارە، ئاخۆ چی لە 'شوان داودی' کردبێت، کە ھێندە کینەدۆزانە، کە بڕواناکەم تا ھەنووکەش بنەماڵەی قوربانییەکە سووکایەتییەکی ئاوایان بە 'کاروان عوسمان' کربێت! ئاخۆ ھاندەر و دروستگەری ئەو کینەیە لەلای 'شوان داودی' چیبێت؟ ھەڵبەتە من نازانم و نووسەری بابەتیش نەینووسیوە، کە ئایا خزم و ھاوەڵی قوربانییە یا نا؟ بەڵام ئەوە دەزانم، کە لە ھیچ بارێکدا ئەو مافەی نییە و پێویستە ئەو داوای لێبوردن لە بنەماڵەی 'کاروان عوسمان' و شەیدایانی ھونەرەکەی بکات، ئەگەر نا، ئەمە ملھوڕیکردنە لەسەر مێژوویەکی شێوێندراو!

نووسەری بابەت دڵی ئاو ناخواتەوە و واوەتر دەڕوات و دەنووسێت "داوا لە سپۆنسەرەکانی گەڕانەوەی کاروان بۆ سلێمانی، هەر یەک لە ئاسیاسێڵ و مەڵبەندی (1) رێکخستنی سلێمانی (ی ن ک) و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان دەکەم، داوای لێبوردن لە کەرکوکیەکان بە گشتی و بنەماڵەی حاجی خورشید بە تایبەتی بکەن.."

من نازانم، کێ مافی نوێنەرایەتی کەرکووکییەکانی بە 'شوان داودی' داوە؟ ئەو چۆن بوێری ئەوەی تێدایە کە بەناوی 'کەرکووکی'یەکانەوە قسە بکات. ئایا بنەماڵەی ھێژا ' محمد خورشید حەمەڕەش ' مافی ئەم بڕیارە قەرەقوشیانەی بە 'شوان داودی' داوە یا ئەو خۆی لێگۊراوە و وەک پاشایەک، بڕیار دەردەکات؟

من بۆخۆم، لە ڕێی شەیدایی ھاوڕێ و ھاوەڵە 'کەرکووک'ییەکانمەوە ھونەرمەند 'کاروان عوسمان'م ناسی و تا ئەوەندەی من بزانم و کەرکووکییەکم نەدیتوە و نەناسیوە، کە ڕکی لە 'کاروان عوسمان بێت و بەو شیوەی 'شوان داودی' سووکایەتی پێبکات، لەوەش دڵنیام کە لە من زیاتر بەو نووسینە دوور لە ئێتیک و مۆراڵەی 'شوان داودی' بریندار بوون!

نووسەر بەوەشەوە ناوەستێت و سنووری کوێخایەتی ناوچەی کەرکووک تێپەڕدەکات و بەناوی لاوانی سلێمانیشەوە قسە دەکات " داوای لێبوردنیش لە گەنجانی سلێمانی بکەن، چونکە بەم سپۆنسەرەتان، برینی کەرکوکیەکانتان کولانەوە و خوڵتان کردە چاوی گەنجانی سلێمانی .... "

ھەروەھا درێژە بە داوا بێچەندوچوونەکانی دەدات و دەنووسێت " داواش لە میدیاکان دەکەم، بە تایبەت (NRT)ی چیتر خوڵ نەکەنە چاوی خەڵک و تاوانبارمان بە پەپولە پێی مەفرۆشنەوە.... بە بەهاتی حەسیب قەرەداغیش ئەڵێم، ئەو تێکستانەی پێشکەش بە روحی کاروانت کرد لەو ئێوارەیەدا، شەرمەزار بکە.."

ئاساییە، کە شەرمەزاریش وەک چەمکێک، بۆ دوو بەرەی دژ، دوو واتای جیاواز لە خۆبگرێت، ئەگینا، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئایا دەبێت سووکایەتی بە مردوو جێگەی شەرمەزاری بێت، یا ڕیزنان لە مردوو؟ بەڵام ئەوە باش دەزانم لە کولتووری دڕندایەتیدا، سووکایەتی بە کوژراوان وەک ڕیتمێکی مەزھەبی ئاوایە، ھەروەک چۆن ڕژێمی بەعس ڕۆڵەی خەڵکی گولەباران دەکرد و داواشی لە بنەمالەکەیان دەکرد، کە پارەی فیشەکەکە بدەن و بە بێدەنگی تەرمەکەی بشارنەوە و شەرمەزار بن، کە ئەوە ڕۆڵەی ئەوان بووە! کەسانی کولتوور دڕندە، چێژ لە ئازاردانی خەڵکی وەردەگرن و سووکایەتی بە مردووان لەلایان شتێکی نۆرماڵە و بەھاکانی مرۆڤبوونیش لەو ڕوانگەوە دەبینن.

'شوان داودی' بەم دوادەستەواژە دانسقەیە ناوەڕۆکی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و کولتوور و بیرکردنەوەی وەک گوێزێکی پاککراو دەخاتە بەردەسمان "بە کامەران عوسمانی برای کاروانیش دەڵێم، ئەزیزم لەبەر ئەم هۆکارانە بوو ئەوهونەرمەندە بەڕێزانە بایکۆتیانکردن..بۆیە پێموایە بەعس، ئەگەر لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا کارێکی باشی کردبێت، ئەویش لە سێدارەدانی کاروان و سمەی هاوتاوانێتی"

لەلای من وەک خوێنەرێکی ئازادئەندێش، ئاساییە، کە کەسێک بەعسی بێت، ھەروەک چۆن ئاساییە، کە کەسیک یەکێتی و پارتی و ئیسلامی و ھیدیکەش بێت، بەڵام ئەوەی لەلام ئاسایی نییە، ئەو زەمینە لەبارەیە، کە پاش (٩) ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بۆرجوازی بەعس، ھێشتاکە کەسێک ھەیە بوێری ئەوە لە خۆی نیشانبدات، کە ڕەوایەتی لە دادگە قەرەقووشییەکانی بەعس بدات و لەسێدارەدانەکانی بەعس بەنرخ ھەژمار کات. بەڕاستی ئەمە جێگەی تێڕامانە و پێویستە تاکی ھوشیاری کۆمەڵگە لەسەر بوەستێت و ھەڵوێستەیەک بکات!

ئەگەر بە کورتی لە ئامانج و دنەدەری 'شوان داودی' بۆ ڕیزکردنی ئەو دەستەواژانە وردبینەوە، تەنیا ئەم چەند دەستەواژەیەمان وەک پەیامی نووسەری بابەت لەلا دەمێنەوە " بۆ ستایشکردنی تاوانبارێک ...، ئەم تاوانبارەیان لێکردین بە فریشتە .... ، وەک بڵێی خوێنی کەرکوکیەکان ئاو بێت .... ، چەند تێکستێکی پێشکەش بەو دڕندەیە کرد و بە نەوی نوێی وەک پەپولە ناساندی ...، داوای لێبوردن لە کەرکوکیەکان بە گشتی و بنەماڵەی حاجی خورشید بە تایبەتی بکەن.. ، برینی کەرکوکیەکانتان کولانەوە و خوڵتان کردە چاوی گەنجانی سلێمانی ...، تاوانبارمان بە پەپولە پێی مەفرۆشنەوە ...، شەرمەزار بکە ... ، پێموایە بەعس، ئەگەر لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا کارێکی باشی کردبێت، ئەویش لە سێدارەدانی کاروان و سمەی هاوتاوانێتی ..."

بەبۆچوونی من وەھا دڵنیاییەک لە تۆمەتێک، کە خرایە پاڵ وھونەرمەند 'کاروان عوسمان' تەنیا ئەو کەسە سێیەمە نەناسەی کە 'شوان داودی' پەنجەی بۆ ڕاکێش دەکات، دەتوانێت وەھا بەبێ سڵەمینەوە و پێداگری مۆری تاوانباری و بەشداریکردن لەو تاوانەدا لە ھونەمەند 'کاروان عوسمان' بدات، بێجگە لەوە ھەر قسەکردنێک لەو بارەوە دەچێتە خانەی کینەدۆزی و دەمارگیریی ناوچەگەری. ئایا ئێمەی خوێنەر مافی ئەوەمان نییە، بە نووسەری بابەت بلێین، لەسەر بنەمای پێداگری و دڵنیایی تۆ، تەنیا یەک کەس دەتوانێت، کەسی سێیەم بێت، ئەویش تۆ 'شوان داودی'ت، بێجگە لەمە کەس ناتوانێت، ئاوا لە بکوژی 'کاروان عوسمان' دڵنیابێت!

دوا وشە بۆ 'شوان داودی' و بنەماڵەی 'کاوران عوسمان' و خوێنەران؛ 'شوان داودی' ڕێی بەخۆی داوە، کە پەرەوەندەیەکی کەسیی کە ھیچ پەیوەندییەکی بنەماڵەیی بەوەوە نییە، ھەڵبداتەوە و دوور لە ئیتیکی نووسین و مۆڕاڵی کۆمەڵگەی کوردستان، سووکایەتی بە مردووان، بکات و پاساویشی بۆ وەھا کارێک تەنیا دەمارگیری ناوچەگەریییە، ھەرچەندە ھاندەرێکی شاراوە بۆ نووسینی ئەو بابەتە لەپشت ڕستەکانەوە سەرەتاتکێمان لەتەکدا دەکات، لە ڕووی یاساییەوە بنەماڵەی 'کاروان عوسمان' مافی ئەوەیان ھەیە، کە سکاڵا لەسەر 'شوان داودی' تۆمار بکەن و لەسەر پەیوەندینەبوونی بەپرسەکەوە و ھاندانی دەمارگیری ناوچەگەریی و سووکایەتی بە 'کاروان عوسمان' و دەستخۆشانە لە ڕژێمی بەعس و دادگە سیناریۆکانی، بیکێشننە دادگەوە.

لە کۆتاییشدا ئەم کۆپلەیە لە ھەڵبەستی یەکێک لە گۆرانییەکانی ھونەرمەند 'کاروان عوسمان' کە لەو کاتەدا بۆ کاروانی ئەنفالکراوانی چڕیوە و زۆریش ئاوەز پەسەندی دەکات، کە لەژێر کارایی خۆشەویستی ھاوەڵەکەی ھێژا 'محمد خورشید حەمەڕەش 'ی جوانەمەرگ ئەو گۆرانییەی چڕی بێت...

ئای له‌م شه‌وه‌ که‌ ته‌نیام و
که‌س نییه‌ به‌ هاوڕێی ڕێم
جاده‌کانی که‌رکووک چۆڵ و
گڵۆپه‌کان کز ئه‌سووتێن
هه‌ر ده‌ڕۆم و مه‌ستی ئه‌م شه‌و
بۆنی سووتانی خاکمه‌
بۆیه‌ گیان لە لاشه‌م بێزاره‌ و
ئاواتم مه‌رگی گیانمه‌
ئه‌ی که‌ گه‌مژه‌ن و نازانن
من به‌ مه‌ستی خاک چیم لێدێ
چۆن که‌ناریش بۆته‌ لانه‌ و
ئاواتێ له‌بۆ دڵی من.


بۆ خوێندنەوەی نووسینەکەی 'شوان داودی'، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن:
http://www.hewalnews.com/%28A%285T_u0-fTzQEkAAAAMGRhOWZlNGUtYWQ4NC00NmQwLWJkODctZTQxMjM0M2E3ZTc2AdOD105GJPTg

1doXMWdyVNDhjEo1%29 %29/Detail.aspx?id=8453&Action=2&LinkID=7&AspxAutoDetectCookieSupport=1
یا لەسەر تۆری فەیسبووک سەردانی ئەم لینکە بکەن:
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=362546693828702&set=a.139573982792642.36036.102990326451008&type=1
 

٠٢\١٠\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک