په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٢\٢٠١٠

خوێندنەوەى کۆمەڵناسییانە:

شۆکى سێکسیی لە موژدێنەوە بۆ (کانى گۆمە)ى سلێمانی.


کۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

(1)


لەم ماوەیەدا کۆمەڵگاى تینوى تاسەر ئێسقان بە سێکس، کۆمەڵگاى هەشبەسەرى کوردى تووشى شۆکى ناکاو بونەوە بەوەى لە سایتە فەیس بووکەکەى خاتوو موژدێندا کلیپێک و چەند وێنەیەکى نیمچە رووتى وروژێنەرى ئەو هونەرمەندە کەوتە بەرچاوى زەقى تاکى کوردەوە، ئەو شۆکە سێکسیە بوە بابەتى رۆژو زۆرێک لە گەنجانى تینوى کوردستانى لە هەندەران و ناوەوەى سەرقاڵکردو کاردانەوەى جۆراوجۆرى لێکەوتەوە، زۆرینە ڕەتیانکردەوەو نەفرەتیان لەو کردەوەیە کردو هەندێکیش بە ئازادیى شەخسیى حسێبیان بۆکردو داکۆکیان لەو کیژە هونەرمەندە کرد کە ئەو ئازادەو لەشى خۆى بەڕووتى نوومایش بکات و ئەوەى قبوڵى نییە سەرى خۆى بدات لە بەردو با تەماشاى نەکات.


هەندێک رەخنەگرى هونەریى ئەوەیان باسکرد کە گوایە ئەم کیژە گۆرانیبێژە نەیتوانیوە پەیامى خۆى لەڕێى گۆرانییەوە بگەیەنێت و هەوادارانى زۆرى بۆ خۆى پەیدا نەکردوەو ناچار پەناى بۆ نومایشکردنى جەستەو لەشى رووتى خۆى کردوە بۆئەوەى خەڵکانێکى تینوى کوردستان بەلێشاو بۆلاى خۆى ڕابکێشێت و لەپڕێک ببێت بە کچێکى ناودارو ببێتە بنێشتەخۆشەى ژێرددانى هەمووان.


بەڵام من پاش ئەوەى کە دیمانەکەى خاتوو موژدێنم لە کەناڵى ڤین بینى بۆم دەرکەوت کە ئەم هونەرمەندە لەبارێکى قورسداو لەژێر فشارى دەروونى دژواردا ژیان بەسەر دەبات دەیویست ژیانى ناهەموارى خۆى وەکو بێوەژنێک و دایکێکى تەڵاقدراوى کوڕێکى یازدەساڵ کە لاى باوکى ژیان بەسەر دەبات لەلایەکەوەو، لە لایەکى دیکەوە برایەکى بەکارەسات کۆچکردو، هەروەها دایکێکى نەخۆشکەتوو، خوشکى لەدوورەوڵاتێکى دیکەیە، بۆمدەرکەوت کە ئەم خاتوونە لە تەنیایدا دەژى، غوربەتى ژیانى ناو هۆڵەنداش کە وەک من بزانم غوربەتێکى کوشندەیەو مرۆڤ لە لۆژیک دوور دەخاتەوە، بۆیە ئەم خاتوونەش پەناى بۆ کردەوەیەکى دوور لە لۆژیک بردوەو دروستکردنى کلیپ لە تەوالێت و خۆرووتکردنەوە لە کلیپدا بەمەبەستى خۆ پاکردنەوەو خۆبسمیل کردن کارێکى نامەنتیقی هەناسەساردییە.


جەخار کە ئەم کردەوەیەى ئەم خاتونە زۆر دوورە لەداهێنان و ئیبداعەوە، دوورە لە بانگەواز بۆ ئازادییە سێکسییەکەى کە ساڵانێکى دوورودرێژ دکتۆر نەوال سەعداوى بانگهێشتى بوو، دوورە لە ئازادیخوازى و ئازایەتییەکەى خاتوو ئەحلام مەنسور کە بەندە داکۆکیم لێکردو دەستخۆشیم لە وتارەکانى کرد کە دژ بە هەڵسوکەوت و گەندەڵى و دزییەکانى دەسەڵاتى کوردى نوسیونى، دوورە لە کردەوە ناکاوەکەى برجیت باردۆش کە بەرووتى لەناو پاریسدا سوڕایەوە. هەرچۆنێک بێت خۆروتکردنەوەى ئەم خاتونە لەکلیپى گۆرانى خۆیدا جێى داخێکى گەورەیە، چونکە پەیامى راستەقینەى هونەرمەند زۆر لەوە گەورەترە کە ئێمە خۆمان بۆ خەڵکى روتبکەینەوەو بە هونەرو ئیبداعیشى بزانین، بە رێچکەشکاندنى بزانین، بە ئازادیى رادەربڕینى بزانین، بە وەرگرتنى مافى ئینسانى بزانین، بە پێشکەوتنى رەوشى ژنان و پەرەسەندنى مۆراڵى مرۆڤایەتى لە قەڵەم بدەین. ناکرێت هەموو کردەوەیەکى ناشایستە بە داهێنان و ئازادى ناوزەد بکرێت.


من تا سەر ئێسقان ئازایخوازو عەلمانى و عەقڵانى بیردەکەمەوەو دژى حزبەکان و دەسەڵاتى کوردى بە دەیان وتارم نوسیوە. زیاتر لە پازدەساڵ لە ئیسپانیاو ئەڵمانیاو هۆڵاند ژیاوم، خۆم بە کەسێکى ئەکادیمى و کراوە دەزانم. بەڵام بەڕاستى داهێنانى ژنان لاى فەیروزو ئوم کەلسوم و جەمیلەى جەزایرى و لەیلا قاسم و لەیلا زاناو ئایشەشان و بەدیعەدارتاش و خوشکە گەزیزەو ژان دارک و نازک مەلائکەو فروخى فروخزاد، داهێنانى راستەقینەو رێچکەشکاندنى سەد دەر سەدن..


هەروەکو چۆن ناشتوانم وەکو مۆدێلێکى نوێى هونەرى گۆرانیوتن دەشنێ و هانى و لۆکەو نەسڵى و چەندانى دیکەى ژنە هونەرمەندو گۆرانیبێژو ئەکتەرى کوردستان بەتەواوەتى رەتبکەمەوەو بیانسڕمەوە، ئەوانە خەسڵەتى سەردەمى نوێن، سیفاتى بیرو هزرى نەوەى نوێیان پێیە، بەڵام خۆروتکرنەوەو پۆرنۆ نیشاندانى جەستە ناشرینکردنى جەستەى ژنەو سوکایەتیکرنە بە خودى ژن، سوکایەتیکردنە بە هونەر، راکردنە لە پێشکەشکردنى پەیامى مرۆڤانەى هونەر بۆ گشت جیهان، چ جاى لە هۆڵەندا کە خۆم هەشت ساڵ لەوێ ژیاوم و دەزانمن کە ئەوان ئاشقى شمشاڵ و دەف و زەرب و ناى و تارو سازى رۆژهەڵاتین، تۆو گشت هونەرمەندانى کورد لە هەندەران دەتوانن وەکو شاب خالد و حەکیم و فارس و هیندو یۆگسلافییەکان ببنە هونەرمەندى جیهانى بەبێ ئەوەى پەنا بۆ خۆروتکردنەوەو نومایشکردنى جەستەى رووتى خۆیان بەرن.


ئومێدەوارم ئەو خاتونە لە رەوتى هونەرى خۆى دانەبڕێت و خۆى نەکات بە پەندى زەمانەو خۆى ئابڕوى خۆى نەبات، وەک برایەکى دڵسۆزو ئازادیخوازى ئەو پێیدەڵێم، خۆت مەکە بە نێچیرى کەسانى توندو کەللەڕەق و پەڕگیر، هونەرى جوان و ناسک و رەسەنى کوردى بە هۆڵەندییەکان نیشان بدە، نەک جەستەى خۆت چونکە ئەوان شاژنى جوانى روتیان لەبەردەستایەو پێویستیان بە جەستەى تۆو هاوشێوەى تۆ نییە.


بەڵام نامەوێت گووتەیەکى موژدێن خان بیر بکەم کە زۆرم بەلاوە جوانبوو، کاتێ دەڵێت، من ئەو ژنانە نیم کە بەڕۆژ جلوبەرگیان پۆشیوەو رەوشت بەرزى ئەنوێنن، بەڵام شەوانە لە باوەشى سیاسەتمەدارو بەپرسە موراهیقەکانى کوردستاندا رۆژ ئەکەنەوە، من نایەڵم هەرگیز ئەوان دەستیانم بگاتە جەستەو لەشى من. ئەمە دەربڕینێکى زۆر بوێرانەیە..


(2)


ئەو کارەساتە دڵتەزێنەى لە کانى گۆمەى سلێمانى ڕوویدا زۆر کارێکى نەشیاوو ناجۆربوو کە زۆر دووربوو لە کردەوەى مرۆڤانە لە هەردوولاوە، دراوسێیەکى پیاو ئاو بە دراوسێیەکى ژنى خۆى بدات، ئەمە کارێکى زۆر گەورەیە، بەڵام لەبەرامبەردا داواى سێکسى لێبکات ئەمە زۆر نەشیاوە، هەر داواکردن گێچەڵ پێکردنەکە خۆى دەستدرێژى سێکسى و نواندنى کردارى توندوتیژییە، پاشان زۆر لەو ژنە دراوسێیەى خۆى ئەکات کە خێزاندارەو خاوەنى چەند مناڵێکە کە لەگەڵیدا بخەوێت، ئەو خاتونەش بە مێردەکەى و براکانى خۆى رائەگەیەنێت و ئەوانیش وەڵامى ئەرێنى بۆ ئەنێرنەوەو بەمەش بۆسەى بۆ ئەنێنەوە، لەگەڵ هاتنى ئەم دراوسێیەیدا بە دوو برادەریشیەوە، کەسوخزمانى خاتونەکە، دەکەونە تێهەڵدان ئابڕوبردنیان بە مۆبایل وێنەیان ئەگرن بە رێگەى بلوتوزو فەیس بوک و سایتەکانەوە بە تەواوى شارو دونیادا بڵاویان ئەکەنەوەو وێنەى پشتەوەو کۆمى ئەم پیاوە بەرزانە ئەگرن و ئەتکیان ئەکەن.


ئەم کردەوە ناشیرین و قێزەونانە بەشێوەیەکى بەربڵاو تەشەنەیان سەندوە کە دوورن لە لۆژیک و عەقڵ و عەقڵانییەتەوە، دوورن لە یاساو رێساوەو نزیکن لە (قانونى غاب)ەوە، تاکى کورد لە گێژەن و بێسەروبەرەو شۆکدا دەژى، کۆمەڵگاى کوردى دوچارى هیستیریاو شیزۆفرینیا بووە، نزیکبۆتەوە لە کۆمەڵگاکەى کالیگۆلا، دەسەڵاتى کوردى کارێکى نادەربەست و چەواشەکارییانە دەکات و کۆمەڵگاى خستۆتە قۆناغى هەرزەکارییەوە، دایبڕیوە لە مەعریفەو لۆژیک و عەقڵ و زانست، بەرەو بێهۆشى و سەرخۆشى بردوە..


تەماشا بکە وێنەکانى هەڵپەڕکێ و گۆرانیگوتنى سەرخۆشانەو کلیپى هەرزەکارانەو فیلمى ناجۆرو بێناوەرۆک و بەرنامەى قومارخانەسازى و پێشبڕکێى دەرچوونى پارەو دۆلارو مەلهاکانى کوردستان و قومارخانەکانى کوردستان و هێنانى باندو مافیا زۆرەکانى لەشفرۆشى لە باشورى ئێراقەوە بۆ کوردستانى ئازاد، هەروەها رێکلامى نامەنتیقى و نالۆژیکى لە تەلەفزیۆن و کەناڵەکانى سەر بە دەسەڵاتەوە، مناڵ و گەنج و کامڵ و پیرو ژنى بەرەو پارەپەرستى و خۆپەرستى و ئاڵۆشبون و خیانەت و شەبەقى سێکسى و شەهوەتبازى بردووە، راستەوڕاست، کۆمەڵگاى هەناسەساردى کوردیمان بۆتە کۆمەڵگاکەى کالیگۆلا..
 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ