په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٥

شوناسی پۆپۆلیزم!


نەهرۆ         


پۆپۆلیزم دەشێ ئایدۆلۆژیا بێ یان فەلسەفەی سیاسی یا گوتاری سیاسی، پێناسەکەی بەواتای سنور دانەنانە لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا!


گوتاری پۆپۆلیستی رەگی لە نێو میژوودا هەیە چ لە لایەن گریکەکان یان لەلایەن رۆمانەکان، لێرەدا مەبەستی بابەتەکەی ئێمە ئەوەیە کە بۆ چی لە کوردستان دا تێکرای حیزبەکان بەرەو شوناسی پۆپۆلیستی هەنگاو هەڵدەهێنن لە کاتێکدا مێژووی حیزبە سیاسیەکان لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکاو بریتانیا و نەرویج لەسەر بناغەیەکی چینایەتی دامەزراوە؟!


جاران چەپەکانی ئێران و سازمانهای خەتی سێ، حیزبی تودەو ئەو حیزبانەی لەسەر هەمان خەت بوون بە پۆپۆلیست ناو زەد دەکران گوایا سنور لە نێوان چینەکان دانانێن!


لەراستی دا حیزبی ناسیونالیستی و حیزبی ئیسلامی سیاسی حیزب گەلێکی پۆپۆلیستین، دەم گوتاریان روو لە هەموو چین و توێژەکانە، پێیان وایە گوزارشت لە شوناسی هەمووان دەکەن گەرچی لە واقیع دا نوێنەرایەتی هەمووان ناکەن!


سەرەتا با نمونەیەکی وڵاتی نەرویج بهێنینەوەو بزانین حیزبەکانی چۆن دابەشکراون بەسەر چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا دا و چ حیزبێکیان شوناسی پۆپۆلیستی هەڵدەگرێ ! ئەو حیزبانەی کورسیان هەیە لە پەرەلەمان هەشت حیزبن کە بریتی ین لە یەکەم پارتی کرێکاران کە حیزبێکی سوشیال دیموکراتەو گرایشی چەپی هەیە، دووەم حیزبی ڕاسترەوە کە شوناسێکی کۆنسەرڤاتیڤ هەڵدەگرێ، سێ یەم حیزبی پێشکەوتنە کە شوناسێکی پۆپۆلیستی یی هەیە و دژی پەنابەرانە! چوارەم دیموکراتی مەسیحی یە وەک هەڵگری شوناسێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی، پێنجەم حیزبی سەنتەرە کە شوناسێکی جووتیاریی هەیە و خوازیاری دابەشکردنی یەکسانی زەوی یە! شەشەم حیزبی چەپی نەرویجی یە کە شوناسێکی سوشیال لێبراڵی هەیە، حەوتەم حیزبی سوسیالیستی چەپی نەرویجی یە کە هەڵگری شوناسی سوسیالیستی زانستی یە، هەشتەم حیزبی سەوزی نەرویجی یە کە لایەنگری ژینگەن!


سەرەرای ئەوەش حیزبی شیوعی نەرویجی و سورەکانیش هەن بەڵام نەگەیشتونەتە پەرلەمان لە حاڵی حازر!


ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریانە چی ین کە رووبەرووی حیزبەکانی نەرویج دەبنەوە، سەرەتا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە وڵاتی نەرویج لە ساڵی ١٨١٤ لە دانیمارک جیابۆتەوە و لە ساڵی١٩٠٥یش یەکێتی لەگەڵ سوئید هەڵوەشاندەوە کەواتە پتر لە سەد ساڵە سەقامگیری خۆیان هەیە وەک وڵات، کێشەی ئەتنیکیان چارەسەر کراوە، مەترسی جینۆسایدیان لەسەر نییە وەک میللەتی کورد!


هەر بۆیە وەک دەبینین شوناسی حیزبی ناسیونالیستی بوونی نییە! ئەو کێشانەی کە حیزبەکان رۆژانە مشت و مڕی لەسەر دەکەن زۆر جیاوازە، بۆ نموونە کێشەی بەکارهێنەرانی دەرمانی هوشبەریان هەیە وەک توێژێک حیسابی بۆ دەکەن و گرەو لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێ ! پەنابەری وڵاتانی جۆراوجۆری لێ یە، هەر بۆیە پەنابەر بۆتە کارتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبەکان دژ بە یەکتر بەکاری دەهێنن ! هاورەگەزبازان هەیە وەک گروپ هەر حیزبەو قسەی خۆی هەیە لەسەر مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتی کڵێسا! دواتریش مەسەلەی خوێندن و خزمەتگوزاری تەندروستی و خانەی بەساڵاچووان و رێگاوبان و داهاتی نەوت و ماسی لەو کێشانەن کە بەردەوام حیزبەکان لێ دەدوێن!


ئەگەر باسی ئەمریکاش بکەین کە دوو حیزبی سەرەکی تیایە بە پێ شوناسی چینایەتی و پەیگەی کۆمەڵایەتیان دامەزراون، یەکەم حیزبی کۆماری یە کە شوناسێکی راسترەو کۆنسەرڤاتیڤی هەیە، دووەم حیزبی دیموکراتە کە شوناسێکی چەپ و لیبراڵی هەیە! سەبارەت بە بریتانیاش هەمان دیاردەیە هەردوو حیزبی سەرەکی شوناسەکەیان لە ناوەکانیان بەرجەستە بووە، حیزبی کرێکاران و حیزبی کۆنەپارێزان!


کەچی ئەگەر ئاوەرێک لە مێژووی حیزبەکانی کوردستان بدەینەوە ئەوە هەتا هەفتاکان تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی هەبوون، ئەم دووش هەڵگری شوناسی پۆپۆلیستی بوون بە دوو دیدی جیاواز، یەکەمیان ئیشی لەسەر رزگاری یەکەی نەتەوەی دەکرد! دووەمیشیان ئیش لەسەر یەکەی چینایەتی دەکرد بەڵام بە چەمکێکی پۆپۆلیستی، دواتر لە هەفتاکان رێکخراوی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان دروست بوو وەک رێکخراوێکی توندڕەوی، ماوی، خوردەبورژوازی کە ئیش لەسەر ئاراستەی پێشکەوتنخوازی دەکرد لە نێو کۆمەڵگای کوردی، دواتر لە هەفتاو شەش یەکێتی دروست بوو وەک جێگرەوەی ئەو بۆشاییەی کە هەرەسی شورشی ئەیلول هینایە کایەوە!


کەواتە لە ناوەراستی هەفتاکان یەکێتی تاقە جۆڵانەوە بوو کە بەشێوەیەکی رواڵەتی ئیش لەسەر دروستکردنی شوناسی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی دەکرد، پێکهێنانی کۆمەڵەو بزوتنەوەو شورشگیران و خەتی گشتی ئەمانە تێکرایان میکانیزمی ئیش کردن بوون لەسەر شوناسە جیاوازەکان بەڵام دواتر لەساڵی ١٩٨٥ زۆربەیان لە نێو یەکێتی توانەوە، کەواتە ئیش کردنی یەکێتی میکافیلیانە بوو! ئەنجام دەیویست ببێتە هێزێکی گەورەو کاریگەر بۆیە تاقە رێگای ئەوە بوو شوناسی پۆپۆلیستی خۆی ڕابگەیەنێ!


تەنانەت پێکهێنانی بەرەی جودو جوقد لە نێوان لایەنەکانی ئەو سەردەمە، بەرەی سەربازی و هێز بوون، دابەشبوونی بەرژەوەندی سیاسی بوو بەسەر ئەو بەرانەدا! ئەگینا شیوعی و پارتی یا سوسیالیست و پارتی یا پاسوک چ خاڵێکی هاوبەشیان هەبوو لە بەرنامە! تەنیا دەتوانین ئەوە بڵێین تێکرایان هەڵگری شوناسی پۆپۆلیستی بوون، تەنیا ناوەکانیان جیاواز بوو! لەسەر ماشینی شەری ئەو سەردەمە ئیشیان دەکرد، بەتایبەتی جەنگی ئێران/ئێراق کە زۆر کاریگەریان لەسەر بوو ! هەر حیزب و لایەنێک بەشێوەیەک سودیان لەشەرەکە وەردەگرت یان هەڵویستیان دەنواند لە ژێر بیانووی تێئوری!


دواتر کە لە ژێر گوشاری رۆژگاردا بەرەی کوردستانی پێکهات دیسان بەرەیەکی پۆپۆلیستی بوو، کۆمەڵی ئامانجی دەسەڵات خوازیان هەبوو، ئەوە بوو هەڵبژاردن کرا، یادەوەری جەماوەر دابەش بوو یا دابەش کرا! بەسەر پارتی و یەکێتی دا وەک دوو حیزبی ناسیوناڵیستی پۆپۆلیستی، ئەوە بوو چەند ساڵێک شەری ناوخۆیان راگەیاند لەسەر دەسەڵات و دەستکەوت!


کە پێکهاتن و هاوپەیمانیەتی ستراتیژیان مۆر کرد، لەبەر ئەوە بوو گەیشتنە ئەو باوەرەی کە جیاوازی شوناسیان نییە، هەردوو لا حیزبی ناسیوناڵیستی پۆپۆلیستی کونسەرڤاتیڤن بە پلەی زۆر پارتی بە پلەیەکی کەمتر یەکێتی!


کاتێکیش لە سایەی دەسەڵاتی هاوپەیمانیەتی ستراتیژی، دیاردەی گەندەڵی بەبەرفراوانی سەری هەڵداو دەلاقە کەوتە نێوان دەسەڵاتی حکومەت و حیزبەکان، رێژەیەکی بەرچاوی جەماوەر نارازی بوون بە تایبەتی جەماوەری یەکێتی کە هوشیارترن! بیرکرایەو لە شوناسێکی دیکەی پۆپۆلیستی و میکافیلی لە چەشنی بزوتنەوەی گۆران، گۆڕان ئیش کردنێکی دیکە لەسەر یادەوەریە زیزبووەکانی یەکێتی! شوناسی گۆڕان هەم پۆپۆلیستە، هەم کۆنسەرڤاتیڤە، هەم میکافیلی یە! دەتوانین بە بەڵگە ئەم سێ شوناسە بسەڵمێنین لەسەر بنەمای لێکدانەوەی لێکۆڵەرەوەیەکی فەرەنسی بە نێوی ( بییر ئەندریە تاغییف ) کە دەڵێ گوتاری پۆپۆلیستی شورشێکە دژی نوخبەو هەڵبژاردە، هەروا پێ وایە سیاسەت کارێکی ئاسانە لە توانای هەموو کەس دا هەیە پێ هەڵبسێ! هەر وەک ئاخنێنی بێ باکگراوندەکانی گۆران لە نێو کایە سیاسیەکان دا! ئەندریە دەڵی جەماوەری پۆپۆلیستەکان هەژارو نەخوێندەوارن کە مارکس ناوی لێناون (پرولیتاریا الرثة)!

 

جیاوازی نێوان دیماگۆگی و پۆپۆلیستی ئەوەیە، دیماگۆگی مەبەستی چەواشە کردنی خەڵکانی دیکەیە بەڵام بزوتنەوەی پۆپۆلیستی خۆدی خۆی چەواشە دەکا! لە راستی دا گوتاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوزو سۆزدارە، سیستەمی بیرکردنەوەو روانینی رۆشن و ئاشکرای تیا نییە، تەنیا مەبەستی جووشدانی هەستی ساکاری خەڵکە، زیاتر پێداگری لەسەر وەنەوشەیی خەونەکان دەکا، بە شێوەیەک کاروبارەکان ئاسان دەکا لە شێوەی کەرنەڤاڵی شانۆیی، بێگۆمان ئەوەی چاودێری سیاسەتی گۆران بێ دەزانێ کە پڕە لەو جۆرە شانۆگەریانە، پێویست ناکا ئاماژە بە ناو بەروار بکەین لەبەر ئەوەی میژوویەکی نزیکیان هەیە!


دووەم کۆنسەرڤاتیڤی بزوتنەوەی گۆران لەوە دایە چووە بەرەیەکەوە لەگەڵ یەکگرتوو کۆمەڵ کە دوو بزوتنەوەی کۆنەپەرستی ئاینی و غەیبین ! تەنانەت دەم راستی بزوتنەوەکە دەڵێ ئێمە دژی هەر هەنگاوێکین کە لە گەڵ بنەما نەگۆرەکانی ئیسلام یەک نەگرێتەوە، کۆنسەرڤاتیڤی گۆڕان ئەوەیە لە شوناسی ئیسلامیەکان ئیسلامی ترە! بە بیانووی ئەوەی ئینتمای زۆربەی هاوڵاتیان کوردستان وەک ئاین ئینتمایەکی ئیسلامی یە!


هەروا میکافیلیەتی بزوتنەوەی گۆران لەوە دایە کاتێ ئەم بزوتنەوەیە لەبەرەی ئۆپۆزسیون دا بوو زیاتر ئیشی لەسەر کێشەکانی گەندەڵی دەکرد، زیاتر هەوڵی ئەوەی ئەدا ئەگرەسیڤی جەماوەر بەرزبکاتەوە دژ بە حیزبەکانی دەسەڵات کە پارتی و یەکێتی بوون ! بەڵام کە بەشداربوو لە دەسەڵاتی سیاسی و بەشێک لە کێکی دەسەڵاتی بەرکەوت ئیدی وەک جاران باس لە گەندەڵی و نا دادپەروەری ناکا! ئەمەش شوناسی میکافیکی گۆڕانە کە ئەمیش وەک یەکێتی دەیەوێ بە هەر ئامرازێک بێ ببێتە هێزی کاریگەر لەسەر گۆرەپانی کوردستان !


ئێستاش هەر لەبەر شوناسی پۆپۆلیستی حیزبەکانی کوردستانە کە زیاتر پشت بە سازان دەبەستن، لەبەر ئەوەی سوڕ دەزانن لە پروژەیەکی سیاسی هاوبەش دا بەشدارن! بۆیە ناراستەوخۆ رای جەماوەر پشت گوێ دەخەن!


کە ئێمە باسی شوناسی پۆپۆلیستی دەکەین، حیزبی شیوعی کوردستان لەم شوناسە بەدەر نییە، هەر بۆ نموونە ئاماژە بە دوو تیروانێن دەکەین، یەکەم گەشەی مرویی بەردەوام (التنمیة البشریة المستدامة) کە زۆر جار پێداگری لەسەر دەکرێ! دووەم چەمکی حکومەتی باش ( الحکومة الرشیدة ) بەرای من ئەم دوو تێروانینە ناوەرۆکی چینایەتی کلاسیکی جارانی نییە، ئەگەر نە لەبری یەکەم دەبوایە بڵین گەشاندنەوەی چینی کریکارو هەژار، لەوەی دووەم بڵێن قوڵکردنەوەی چەمکی چینایەتی لە حکومەت دا! بەڵام کاتێ کە هەڵگری شوناسی پۆپۆلیستین هەمیشە هەوڵ ئەدەن خاڵی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات بدۆزنەوەو تاوەکو ببن بە بەشێک لە کایەکە!

 

٥\٧\٢٠١٥ - نەرویـج
ماڵپەڕی نەهرۆ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک