په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١١

سندووقە پرتەقالییه‌ رەشەکەی فڕۆکە.


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییه‌وە: مستەفا رابەر

 

نهێنی ئەو ئامێرەی ڕوداوی تێکشکانی فڕۆکە تۆمار دەکات چییه‌؟ هەرکاتێ فڕۆکەیەک بکەوێتەوە خوارەوە و وردو خاش بیت دەنگو باسی چیرۆکەی دەبیتە سەردێڕی هەواڵەکان و چاوەڕێ دەکرێت سندووقە ڕەشەکەی بدۆزرێتەوە تا هۆی تێکشکانەکەی بلاو بکەنەوە. ئەو سندووقە ئامێرێکی ئەلەکترۆنی هەستیارە ڕەنگیشی ڕەش نیە، پرتەقالیە، بەلام وێدەچێت لەبەر ئەوەی پێوەندی بە کارەساتی شومەوە هەیە وای پێبلێن. بۆیەش بە ڕەنگێکی گەش و وورشەداری پرتەقالی بۆیە دەکریت بۆ ئەوەی بەئاسانی لە کاتی تێکشکانی فرۆکە بدۆزرێتەوە، ئەرکی سندووقە ڕەش ئەوەیە هەموو ڕوداوەکان وەکو خۆی تۆمار بکات، وەکو ئاستی فڕین و رادەی بەرزی و نزمی و پاڵەپەستۆی هەواو بارو دۆخی کارکردنی مەکینەی فڕۆکە لەساتەوەختی فڕیندا، زانیاریەکان بێکەمو کورتی بەدوای یەکەوە تۆمار دەکات و دەیانپارێزیت.


مێژوو دەریخستووە داهێنانی زۆرینەی ئامێرەکان تەنیا بیرۆکەی یەک دوو زانا نەبووە بگرە لەلایەن زۆر شارەزاوە هەولی بۆ دراوە، هەتا دووا جار دا‌هێنانەکە دراوەتە پاڵ شارەزایەک کە بەتەواوەتی تیایدا سەرکەوتووبوە.


بۆ داهێنانی سندووقی ڕەشیش ، سەرەتا لە فەرەنسا دوو زانا فرانسوا و پاول لە مەڵبەندێکی تاقیکردنەوەدا لە سالی 1939 هەولی داهێنانی ئامێرێکی وایان داوە بەلام دووا جار لە ئوسترالیا دوکتۆر دێڤید وارن بەهۆی ئەوەی باوکی خۆی لە ڕووداوێکی تێکشکانی فرۆکەدا لە سالی 1934 گیان لەدەست ئەدات ، خولیای داهێنانی ئامێرێکی وا لە کەللەی ئەدات کەبەکردەوە بتوانی هۆیەکانی ڕوداوی تێکشکانی فرۆکە ئاشکرا بکات ، ئەو یەکەم توێژەر بووە لە کارگەکانی فڕۆکەسازی لە میلبورن لە ئوسترالیا بیرۆکەی دروستکردنی سندووقی ڕەشی پەرە پێدا بۆ تۆمارکردنی گەشتی فرۆکە و گفتو گۆی تاقم و دەستەی فرۆکەوان لە کاتی فڕیندا و پاراستنیان پاش تێکشکان یان گڕگرتنی فرۆکە ، مەبەست لەو داهێنانە هاوکاری کردنە بۆ دەست نیشانکردنی هۆیەکانی لەکارکەوتنی فرۆکە لەکاتی فڕینداو کەوتنە خوارەوەی بۆ سەر زەوی یان ناو دەریا ، دیارە ئەمەش زۆر گرینگە هەم بۆ لێکۆلینەوەی یاسایی هەم بۆ ئەوەی خاڵە لاوازەکانی فرۆکە سازی سوودی لێوەرگیرێت.


پاش هەولێکی بەردەوام دێڤید توانی ئەو سندووقە دروست بکات بەلام ئەوەی سەرسامی کرد ، ئەوێ رۆژێ دەستەلات لە ئوسترالیا بەکارهێنانی ئەو ئامێرەیان ڕەتکردەوە ، فڕۆکە وانەکانیش بە تەوسەوە ناویان لە سندووقەکەی نابوو ئەو برا گەورەی سیخوری بەسەر گفتوگۆ کانمانەوە دەکات.


دواجار لەسالی 1958 دا بەرپرسێکی فڕوکەوانی بەریتانی سەردانی ئوسترالیای کردو زۆر گرینگی بەو داهێنانە دا و ڕێزی لە دیڤید گرت و هێنای بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی پەرە بە ئامێرەکەی بدات. دا‌هێنەری سندووقی ڕەش (پار لەم مانگەدا لەتەمەنی 85 سالیدا کۆچی دووایی کرد ).


سندووقی ڕەش لە سالی 1953 داهێنرا لەسالی 1957 بەرهەمهات ڕەنگیشی سووری پرتەقالی بوو بۆ ئەوەی بەئاسانی بدۆزرێتەوە لەسالی 1960 بەدواوە ئوسترالیا یەکەم وولات بوو سندووقی ڕەشی بەفەرمی بەسەر کومپانیەکانی فرۆکەوانی سەپاند و ناچاری کردن ئەو سندووقە بەکار بینن.


ئەفسانەی ووردو خاش نەبونی ئەو سندووقە لای هەموو کەس ئاشکرا نیە ئەو ئامێرە بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش لێل و ئالۆزە پاشان باسی دەکەین .
 


لەناو هەموو فڕۆکەیەدا دوو جۆرە سندووقە ڕەش هەیە یەکەمیان بۆ تۆمارکردنی داتای فڕینەکەیە وەکوو کات ، خێرایی ، ڕووکار . سندووقی دووەم بۆ تۆمارکردنی دەنگ و گفتوگۆ ، هات و هاوار ، داواکاری فریاکەوتن لە ناو ژوری لێخوری فرۆکەو هەروەها ئەو ڕێنمایی و ئاگاداریانەی بە دەزگای بێتەل لە چاودێرانی گەشتی ئاسمانی یەوە دەنێردرێن ، هەردوکیان بەشێوەیەکی ئاسایی لە لای پشتی پشتەوەی فرۆکە جێگیر دەکرێن چونکە ئەو بەشەی فڕۆکە پاش کارەسات ئەگەری مانەوەی زۆرترە هەر بۆیەش لای کلکی فرۆکە بۆ سەرنشینەکانیش سەلامەت ترە.


ئەوی ڕاست بیت ئەو سندووقە پاش ئەوەی لەتاقیگەدا لە هەموو ڕوێکەوە تاقی دەکرێتەوە دەخرێتە بواری بەکارهێنانەوە ، تێکناشکیت بەرگری پلەی گەرمی 1.100 پلەی سیلزی هەیە بۆ ماوەی سی خولەک هەروەها 250 پلەی گەرمی بۆ ماوەی دە کاتژمێر جگەلەمەش خۆی لە ژێر پاڵەپەستۆی سێ تەن و نیو ڕادەگریت کە ئەمەش دەکاتە سێ هەزارو پێنج سەد جار بەرامبەر هێزی ڕاکێشانی زەوی ، ئەگەر فڕۆکە بکەوتە ناو دەریاوە ئەو ئامێرە لە قوولایی سێهەزارو پێنج سەد مەتر بەهۆی ئامێری سۆنار کە تیایدا جێگیر دەکرێت ئیشارەی شەپۆلی تایبەت دەنیریت بۆ دەست نیشان کردنی ئەو شوێنەی لێکەوتوە ، هەر بۆیەش دۆزینەوەی زۆر ناخایەنی .

سندووقە ڕەش بە دوو بەرگی ئەستور لەمادەی تایتینوم دادەپۆشرێت ، کە قابیلی تێکشکاندن نیە ، خۆزیا خودی پەیکەری فرۆکەش لەهەمان مادەی سندووقی ڕەش دروست دەکرا بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر گیانی سەرنشینەکان نەبوایە ، بەلام لەبەر ئەوەی ئەو مادە فلزیە کێشی زۆر قوڕسە ئەگەر فڕۆکەی لێدروست بکرێت هەرگیز توانای فڕینی نابیت ، لەڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بە پێی یاسای نێو دەولەتی دەبی هەموو فرۆکەکانی گەشتە بازرگانیەکان ئەو دوو ئامیرەی تیا بیت و بەکاریان بێنن.

______________________
سەرچاوە: ویکیپیدیا،
Headway English Course

لەندەن

ماڵپه‌ڕی مسته‌فا رابه‌ر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک