په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٣\٢٠١١

سینەما و چەمکى زمانى بینراو.


وه‌رگێڕانی: کاردۆ


دواى ئەوەى ئەدەب بۆ ماوەیەک بەند بوو بە کۆمەڵناسیەوە و پاشان کەوتە ژێر کاریگەریى دەروونناسى و زمانناسیەوە، لە ئێستایشدا لە ژێر کاریگەریى سیمیۆلۆژیا دایە ، ئەمە وایکرد تێڕوانینى فۆرمالیستەکان سەبارەت بەوەى ئەدەب خاکێکە کەس خاوەنى نییە بەهێزتربێت ، ئەم چەند دێڕەیش بەرەو ئاراستەیەکى نویێ سیمیۆلۆژیامان دەبات سەبارەت بە لێکدانەوەى زمان کە نەک بەتەنها کاریگەریى هەیە بۆ سەر دەقى نووسراو بەڵکو زمانى بینراویشى گرتوەتەوە کە بریتیە لە وێنەى فۆتۆگرافى و سینەمایى ، لە زمانى بینراودا سیمیۆلۆژیا گەشەدەکات و ئاماژەبینراوەکانى شوێن،شێوەگەلێکى هونەرى ئایکۆنى بەرهەمدەهێنن، بۆیە لە ئێستادا ئەتوانین بلێین سینەما سیستمێکە لە ئاماژە کە ناکرێت ناوى (زمان)ى لێ بنەین بە واتا بەرتەسکەکەى ،بەڵکو دەبێ بە زمانێکى تێبگەین بەڵام لە جۆرێکى تر، جێى سەرنجە سیمۆلۆژیا لە کاتێکدا ئەم زمانە دەهێنێتە کایەوە کە دەرهێنەرەکان کار لەسەر فیلمێکى ریوائی Narrative film دەکەن ،بۆیە کاتێک برایانى لۆمیر لە سەرەتاى کارى سینەماییاندا ویستیان دیمەنى شەمەندۆفێرێک لە کاتى گەیشتنى بۆ وێستگەکەى خۆى نیشانبدەن پەنایانبردە بەر گرتەى سادە و پڕ لە جموجۆڵى نێو وێستگەکە ،ئەمان لە وێنەگرتنى گرتە قورس و دژوارەکاندا بەم جۆرە مامەڵەیانکردووە ،ئەمەیش سەرەتایەک بووە بۆ وێنگرتنى زمانى بینراوى شوێن

سیمیۆلۆژیاى سینەما.


لەسەرەتادا زۆرێک لە مێژوونووسان و رەخنەگران بەرئەنجامى کاریگەربوونیان بە سینەما باسیان لە زمانى سینەما کردووە ،لەم رووەوە تیۆریستى سینەمایى کریستیان میتز ئەو شێوازانەى پراکتیزەکرد کە پێشتر زمانناسەکان لە سینەمادا کاریان لەسەرکردبوو ،داوتریش لە بەرگى یەکەمى کتێبەکەیدا(ئاماژەى سینەما_1968) بە روونى باسى لەو شێوازانە کردووە ،ئامانج لە نووسینەکانى ئەوکاتەى میتز بەرپاکردنى شۆڕشى سیمیۆلۆژیا نەبوو،بەڵکو کاریگەریییەکى گشتى بە جێهێشت لەسەر ئەوەى کە سینەما هەڵگرى زمانێکە وەک هەر زمانێکى دیکە کە زمانناسان لێکۆڵینەوەى لەبارەوەدەکەن ئەمیش دەبێت خوێندنەوەى بۆ بکرێت و لێکۆڵینەوەى لەبارەوە ئەنجامبدرێت لە پێناو گەیشتن بە نهێنى ئەو بنەمایانەى لەسەریان بونیاد دەنرێت، لە راستیدا مەسەلەى زمانى سینەما زۆرێک لە پسپۆڕان و تەنانەت خەڵکێکى ئاسایى هێنایە قسە ، رەنگە هەندێک پرسیارى ئەوەبکەن چى ئەم دوو لایەنە کۆدەکاتەوە ،لایەنێکى پسپۆڕ و ئەوى تریان کە رەنگە تەنها ئارەزوویەکى سینەمایى هەبێت،یان هەر نەیبێت؟


ئەوەى کۆیاندەکاتەوە سیمیۆلۆژیایە ،کە لە زۆربەى بوارەکاندا لە برەودایە (ئەندازیاریى ،موزیک، شانۆ، راگەیاندنەکان و کایەکانى ترى رۆشنبیرى)، سیمیۆلۆژیا بووبە ئامرازێکى زمانناسان بۆ ئافەریدەکرنى زمانى سینەما ،لەم رووەوە جولیا کرستیڤا بە شێکى کتێبەکەى (زمان ئەو شتە نادیارە) تەرخانکردووە بۆ سیمیۆلۆژیا و تێیدا باس لە زمانى سینەما ئەکات ،بۆیە نووسەر لە وێنەى فۆتۆگرافییەوە دەسپێدەکات تا لە کۆتاییدا دەگاتە وێنەى سینەمایى ، کە بەپێى بۆچوونەکانى رۆڵان بارت وێنەى فۆتۆگرافى شێوازێکى ترە و لە رەهەندى( شوێنکات)ـدا بەرجەستەدەبێت شوێن لە ئێستادا و زەمەنى رابردوو دەگەیەنێتەوە یەک بە واتایەکى تر بەیەکگەیاندنێکى نا لۆژیکیە لە نێوان(ئێرە و رابردوو) دا .


سینەما و فۆتۆگراف.


بە پێچەوانەى وێنەى فۆتۆگرافییەوە سینەما هەوڵئەدات بابەتێک بهێنێتە ئاراوە کە بە پێى ویستى خۆى بێت ،نەک لەبەر یادکردنەوەى رووداوێکى راستەقینە لە رابردوودا ،بەڵکو لە بەر ئەوەى خەیاڵێک بێت بینەر بتوانێت تێدا بژێت ،ئەو راستییە خەیاڵییەش کاتێک دێتەدى کە بتوانرێت جوڵە و زەمەن بەرەو پێش ببرێن ،ئەم توانستەیش لە سینەمادا یارمەتیدەربوو بۆ تیۆریستانێکى وەک ئیزنیشتاین تاکو چەند پێوەرێک بۆ شێوە و ئاماژەى سینەمایى دابهێنن کە گرنگترینیان (کارى مۆنتاژکردنە) لێرەوە گەیشتنە ئەو راستییەى کە سینەما بەشێوەیەکى بابەتى و ریالیستیانە وێنەکان بۆ بینەر ناگوێزێتەوە.


سینەما وێنەکان دەکاتە چەند پارچەیەک و پاشان گۆشە جیاوازەکان هەڵدەبژێرێت و جارێکى تر رێکیاندەخاتەوە ، کەوایە سینەما (کردە) بەرهەم ناهێنێت بەڵکو تەنها کۆیاندەکاتەوە و لە رێى مۆنتاژەوە جارێکى تر لە بونیادێکى نوێدا دایانئەڕێژتەوە ، ئەشێ لە رێى مۆنتاژکردنەوە فاکتەرە لێکچووەکان و تەنانەت هاودژەکانیش بگەیەنێتەوە یەک و ئاماژە ببەخشێت کە پێشتر نەیبووە، هەروەها پێویستە فیلم دەقێکى هیرۆگلیفى بێت کە هیچ بەشێکى بەبێ ئەوى تر هەڵگرى واتا و ئاماژەیەکى روون نەبێت ، جولیا کریستیڤا بۆ ئەم بابەتە نمونەى پەیکەرى شێرەکانى ئیزنیشتاین دەهێنێتەوە کە لە فیلمى (بۆتۆمکینى زرێ پۆش) دا وێنەى گرتوون و بریتین لە سێ شێر ، پەیکەرەکان هەریەکە و لە گرتەى جیاوازدا وێنەگیراون دواتر لە رێى رێکخستنیانەوە بەشێوەى یەک لە دواى یەک دەستەواژەیەکى سیمیۆلۆژیان پێکهێناوە کە هاوشێوەى هێز و توانایى بەلشەڤیەکانن.


بەم شێوەیە سینەما کاریکردوە و گەڕاوە بەدواى زمانێک کە لە رووى بونیادەوە لەگەڵ زمانى ئاساییدا جیاوازبێت.


جولیا لەوەش زیاتر دەڕوات و چەمکى سینەما وەک (زمان )و چەمکى سینەما وەک (ئاخاوتن )ى لێک جیاکردەوە، تەنانەت ئەمەیشى تێپەڕاند و دەستى کرد بە لێکۆڵینەوە لە زمانى فیلمى کارتۆنى بەتایبەتى پاش ئەوەى زمەن و وێنەى جوڵاو بوون بە فاکتەرێکى گرنگى ئەو جۆرە فیلمانە ،ئەلێرەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت کە بەکارهێنانى زاراوەى (زمان) لە سینەمادا پەیوەندى بە چەمکى زمانى ئاخاوتنەوە نییە.

ئاماژەى سینەمایى.


بابەتەکە بەندە بە گوزارشتێکى پێوانەیى هاوشێوەوە ئەویش بەوپێیەى سینەما سیستمێکە و پەیامێک دەگەیەنێتە وەرگر، لە لێکۆڵینەوەکەیدا سەبارەت بە (ئاماژەى سینەمایى) میتز گەیشتە ئەو دەرئەنجامەى کە سیستمى سینەمایى پێویستى بە شتێکە هاوشێوەى ئەرکەکانى دەنگ لە زماندا ،رۆڵى هەبێت ،دیارە لە سینەمادا سیستمى یەکەى دەنگیى و وشە بوونیان نیە ،وێنە جێى ووشە دەگرێتەوە ،و گرتەو دیمەنەکانیش شوێنى (رستە)دەگرنەوە ،ئەشێ وێنەکان چەندین رستەبن و لە هەمانکاتدا ئەشێ دیمەنێک تەنها رستەیەک بێت ،تێگەیشتنمان لە زمانى سینەما لە میانى سیمیۆلۆژیاى( لەخۆ گرتنى واتاکان)ـەوە دێتەدى واتا دەربڕینێک کە چەند واتایەک لە خۆبگرێت.


سیمیۆلۆژیاى دیاریکردنى واتاکانیش دەچێتە چوارچێوەى فرێمەوە(پێکهێنانى وێنە)، بەم جۆرە سیمیۆلۆژیا کاریکردووە لەسەر دانانى بنەماگەلێکى لۆژیکى بۆ رێکخستنى یەکەکانى خۆى ،ئەمەیش واى لە جولیا کریستیڤا کرد پەنابباتە بەر لۆژیکى (پێکهێنانى بەدواى یەک ( و لە سەر وێنەى پەیکەرێکى فرعەونى و کوورەیەکى بڵند تاقیکردەوە ،پێکدادانى بەردەوامى یەک لەدواى یەکى وێنەکان کە لە گۆشەى جیاوازەوە وەرگیرابوون ،لە فۆرمێکى بینراودا رێکخرابوونەوە و دەرئەنجام چیرۆکێکى تەواوەتیان درووستکرد کە لەنێوان دوو جەمسەردا بوو(پەیکەر- کوورە)،ئەم پێکهێنانە بەدواى یەکە ،چیرۆکى مێژووى شارستانیەتى دەریاى ناوەڕاستى (جۆن دانییل بۆلیە)ى گێڕایەوە ،کریستیڤا لە لێکۆڵینەوەکەیدا پرسیارێک دەخاتە روو کە بریتە لە بەیەکگەیاندنى فاکتەرەکانى (وێنە، دەنگ ) وتەیەک کە لە یەکەیەکى یەکگرتوودابێت یاخود لە نێو چەند یەکەیەکى ئاوێتەى یەکتردا بێت ،کەوایە بابەتەکە پەیوەندیى بە بەکارهێنانى چەمکە کانە لە رووى زمانەوانیەوە لە برى شێوازەکانى زمانەوانى لە نێوان ئاماژە و واتاکەى ، لە نێوان کەت کردن و بەیەکەوە لکاندن و لێکچووندا هتد...
کڕۆکى باسەکەیش ئەوەیە بە بۆچوونى جولیا کریستیڤا سیمیۆلۆژیا لە سینەمادا پێگەیەکى گرنگى هەیەو زمانێکى بینراوى هێناوەتەکایەوە.
_____________________________________
سەرچاوە: د. نزار قدوری، السینما و مفهوم اللغة المرئیة، www.cineworkinst.eu  
 

ماڵپه‌ڕی کاردۆ

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک