په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٢

سیخوری ژن.


بێریڤان جەمال حەمەسەعید


فەمفەتال، femme fatale، ووشەیەکی فرەنسیە،‌ بە واتای ژنی بەدووم یان وێرانکەر دێت. ھێمایەکە بۆ ئەو ژنانەی، کە بە سیما و لەشولار جوانن، سەرنجی پیاوان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. بیچمێکە "فیگەرێکە"‌ ‌ لە ھونەر و ئەدەبی کلاسیکیدا بەرچاو دەکەوێت. تایبەتمەندی کەسایەتی فەمفەتال بە شێوەیەکی گشتی پێکھاتوە لەو ژنانەی کە ئازادو متمانەبەخۆن، لوت لە ئاسمان و مەغرورن، وریا و لێھاتون لە ھەلخەڵەتاندن و ھەلفریواندنی پیاوان، ھاوکات جوانن و لەڕووی سێکسییەوە دڵرفێنن. ئەم ژنانە لەئەنجامی بەگەرخستنی روخساری جوان، گەنجی و لێھاتوویەکانیان، مەبەست و ئامانجەکانیان بەدەست دەھێننن. جا بەگەڕخستنەکە چ بۆ ناو بێت یان پارەو سامان و سەروەت یان بۆ پلەوپایەی بەرز، ئەوا ئامادەن ھەمو کارێک ئەنجام بدەن. بە وشەگەلێکی تر، ژنانی فەمفەتال بە شۆخ و شەنگی و سێکسیواڵتییەکانیانەوە، لەپێناو حەزو ئارەزوی خۆیاندا و بۆ گەیشتن بە ئامانجی تایبەتییەکانیان، پیاو ھەلدەفریوێنن و لە خشتەی دەبەن، بە جۆرێک ھەمو ڕێگایەک دەگرنە بەر، کە بارودۆخەکە لە ژێر کۆنترۆلی خۆیاندا بھێڵنەوە. بە ڕادەیەک کـــە ئاژاوە و ئاکامی خراپی لێدەکەوێتەوە. یەکێک لەو کەسایەتیە دڵرفێنە بەناوبانگە، کە لە مێژودا، بە فەمفەتال و فریودەر ناوزەند کراوە، کە بە توانایی و ھێزو لێھاتووی خۆی، دوو سەرکردەی بەھێزی دەسەڵاتداری ڕۆمانی ھەڵفریواندووە، شاژنی میسری کۆن " کلیوپاترا" بووە. ئەو شاژنەی کە کارەسات و تراژیدیای گەورەی دروستکردووە و لە پاشاندا، کۆتایی بە ئیمبراتۆرەیەت و ژیانی خۆی ھێناوە. بێگومان ژنانی فەمفەتاڵ ھەر لە کۆنەوە تا رۆژی ئێستاش ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە بواری سیاسی و سەربازیدا، لەڕێگای ‌ کاری سیخوری، لە ھێنان و بردنی زانیاری نھێنی سیاسی و سەربازی. ئەمەش لە ئاکامی ‌ تێکەڵبوونیان بووە لەگەڵ دەسەڵاتداران و سەرکردەو بەرپرسان.


لێرەوە پەیوەندییەکی لەیەکنەپچراو لە نێوان ئرۆتێک و سیخوری، لە نێوان سێکس و جاسوسی ھەیە، ئەم فیگەرانە بەھۆی سرووشت و تایبەتمەندیی خۆیانەوە، خۆیان خزاندۆتە ناو دامو‌دەزگا سیاسی و سەربازییە ھەستیارەکانەوە . نمونەش لەکاتی جەنگی جیھانی یەکەم و دووەمدا، ژنانی فریودەری ھەستبزوێنەر بەگەڕخراون بۆ کاری سیخوری ووڵاتان لەدژ یەکتری. نمونەش ژنە سەماکەری ھۆلەندی "مارگریتا زەیلە"، کە بە" ماتا ھاری" ناو دەبراوە. ماتا ھاری لە ساڵی ١٩٠٥، وەک سەماکەر کاری کردووە، ھونەری سەماکردنی ماتا ھاری سەرنجراکێش و سێکسی و جوان بووە. ھەر زوو ناوبانگی دەرکردووە و لە شارە ئەوروپیەکانی تری وەک پاریس، ڤینا، مدرید و مۆناکۆ، بۆ نمایشی سەما بانگدەکرا و بایەخی پێدراوە. بەو ھۆیەوە،‌ پەیوەندی نزییکی لەگەڵ جەنرال و سەرکردە و فەرمانبەرە باڵاکان دروست کردووە وھەتا خۆی گەیاندۆتە کۆشکی سەرگەرمکردنی سەرکردە و سیاسەتمەندارە باڵاکان. ئەم سەماکەرە لەکاتی جەنگی جیھانی یەکەمدا، بەھۆی ئەوەی ڕەگەزنامەی ھۆلەندی ھەبووە توانیویەتی گەشتوگوزار بۆ ووڵاتانی تر بکات، دیارە گەشتە زۆرەکانی و پەیوەندی دۆستانەی نزیکی لە گەڵ فەرمانبەرانی سیاسی باڵا و سەربازی، بایەخ و سەرنج رادەکێشیت. ھەر بۆیە لە ساڵی ١٩١٧ لەلایەن فرەنسییەکانەوە گیراوە بە تاوانی سیخوری بۆ ئەلمانیە نازیەکان حوکم دەدرێت و پاشان گوللە باران کراوە . بێگومان لە کۆمەڵگای خۆشمان ماتا ھاری ئاسا، ژنی فریودەرمان ھەیە، کە خۆیان خزاندۆتە ناو دامودەزگا و رێکخراوەکانەوە و کاری سیخوری بەسەر پارت و ڕێکخراو و بەرپرسەکانەوە دەکەن . ئەم ژنە فریودەرانە لە کاژێرە بێدەنگەکانی پێش کازیوەی بەیانیاندا، خەریکی سەرگەرمی و دامرکانەوەی کەف و کوڵی دۆست و پەیوەندییەکانیانن . ‌ ئیتر ئایا ئەم ژنانە بەھۆی ھۆنراوە و ھەڵبەست بە سەر جەنەرال و سەربازی باڵا بێت، یان بەھۆی ماستەر و دکتۆرای ساختەی ووڵاتە عەربیەکان و ووڵاتانی تربێت. خۆیان خزاندۆتە کۆشکی سەرکردەو بەرپرس و زەویدارە باڵادەستەکان. ئەمەش بۆ بەدەستھێنانی پۆست یان پلەو پایە ھەر پەرژەوەندییەکی تر بێت ئامادەن جەستەو روخساری خۆیان بخەنە گەڕ، بەڵام دیارە ئەم بەگەرخستنە ، ئەم ملدانە ھەر وا ئاسان نییە، بەلکو مێژوو دەریدەخات کە بە چەند نرخێکی گران لەسەریان دەکەوێتەوە.
 

ماڵپه‌ڕی بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک