په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١٣

سیاسەتبازیی و پرسی کوردان و ئاوارەکانی رۆژئاوا!


دارا خونچە       


رەوکردنی کوردانی رۆژئاوا وە پێی یاسایە نێودەوڵەتییەکانی پەنابەریی مافەکی زۆر ئاسایی و سەرەتایی خۆیانە چونکە شەڕەکی کاوڵکەرانە و زۆر دڕندانە لەسەر زێدەکەیان دەگوزەرێ و مافی هیچ کەس و وڵاتەکی دراوسێ نییە سنوورەکانیان لەسەر دابخەن و گەمە بە ژیان و چارەنووسیان بکەن. هەروەها هاریکارییکردنی مادیی ئەو خەڵکەش - کە شەڕی نەخوازرایان تووش بووە و بە هۆیەوە سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانیان لە دەست دایە - جا چ ئەوانەی لە نێو زێدی خۆیانن چ ئەوانەی سنوورەکانیان بڕییە و ئاوارەی وڵاتە دراوسێیەکان بوونە ئەرکەکی مرۆیی و رەوشتییە لەسەر شانی هاوڵاتییان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە، هیچ پێویست ناکا هیچ کەس و لایەنەک لافی کوردایەتیی پێوە لێبدا.

ئەوەی هەنووکە لە هەرێمی کورستان دەرهەق وە پرسی کوردانی خۆرئاوا و دەرهەق وە ئاوارەکانی سنوورە دەستکردەکەی نێوان باشوور و رۆژائاوای نیشتیمان دەگوزرەێ بازرگانییەکی سیاسەتبازانەی فرە فرە بێزەوەر و نامرۆییانەیە:

(مەسعود بارزانی و پارتی) لە (گرتن و کردنەوەی سنوور وە رووی ئاوارەکان و شێوازی ناردنی کۆمەک و دانی کۆمەک وە ئاوارە دەربازبووەکان) وە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتی تورکیای داگیرکەری کوردستان وە پێی نەخشە و پیلانەک کار دەکەن کە بتوانن لە رێی هێندەک حیزبی گچکە و وە ناو حیزبی کوردانی رۆژئاوا - کە بەکرێگیرای خۆیانن - ئاژاوە بنێنەوە و دژ وە (پەیەدە) و دەسەڵاتی هەنووکەی هەرێمی کوردستانی رۆژئاوا کە ناڕاستەوخۆ لە لایەن (پەکەکە)وە بەڕێوەدەبردرێ بوەستنەوە و دەست وەسەر بزاڤ و رابوونی کوردانی رۆژئاوا دابگرن و سیاسەتی فراوانخوازانەی خۆیان جێبەجێ بکەن و بازرگانیی وە ئاوارەکان و پرسی کوردانی رۆژئاوا بکەن!

(گۆڕان) لە پێناو سەرنجڕاکێشانی جەماوەر و خزمەتکردن وە سیاسەتە تاکتیکبازە ساویلەکەییەکانی خۆی و پەیداکردنی زۆرترین دەنگدەر و گەیشتن وە دەسەڵات.. تەنێ وە قسەی بێ کردار تەواو پێچەوانەی مەسعود بارزانی و پارتی دەجوولێتەوە.. جا گرنگ نییە قسە و هەڵسوکەوتەکانی خزمەت وە ئاوارەکان و پرسی کوردان دەکا یان نا بەڵکە گرنگ ئەوەیە پێچەوانەی بەرانبەرەکەی بوەستی و خەڵکی ناڕازیی لە خۆی خڕبکاتەوە!

(یەکێتی) لە رێی خۆنواندنە شانۆگەرییەکانی (کۆسرەت و بەرهەم و عیماد) لە نێو ئاوارەکان و کردنی قسەی گەورە سەبارەت وە پرسی کوردانی رۆژئاوا کە هێندێک جار وە لای پارتی و هێندێک جاریش وە لای (گۆڕان)دا وەردەسووڕێ.. ئەویش دەیەوێ وە پێی سیاسەتە پووچەکانی خۆی وە جۆرەک لە جۆرەکان بازرگانیی وە پرسەکەوە بکا!

(نێچیروان) وەک ئەوەی پارەی حکومەتی وە کرێکاریی خۆی پەیدا کردبی یان وە میراتیی لە بابیەوە بەجێمابێ.. وە ناوی خۆی پارە وەسەر ئاوارەکان و حیزبە بەکرێگیرایەکانی خۆرئاوا - کە لایەنگری پارتی و یەکێتین - دابەش دەکا!

(تەلەفزیۆنە ئاست نزمەکەی زاگرۆس) کە خودی خۆی بە گەندەڵیی و بودجەی دزرای میللەت بەڕێوەدەچی.. کەمپین لۆ خڕکردنەوەی کۆمەک دەکا لۆ ئاوارەکان، بێجگە لەوەی کۆمەکەکە لە لایەن خەڵکەوەیە و تەنانەت چادرەکانیش لە لایەن رێکخراوە نێودەولەتییەکانەوە دابین دەکرێن.. کارگوزاریی و خەرجیی خڕکردنەوەی کۆمەکەکەش لە رێی دەزگە و ئامێر و کارمەندانی حکومەتەوە ئەنجام دەدرێ کە تێکڕای مولکی میللەتە، کەچی خۆی کردیتە خاوەنی کەمپینەکە و وە نەتەوەپەروەریی و نیشتیمانپەروەریی وە خەڵکی دەفرۆشی و هاوکات پاگەندە لۆ سیاسەتە بازرگانییەکەی پارتی و بارزانیش دەکا!


(رێکخراوەکانی وە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی) کە زۆربەی هەرە زۆریان سەر وە حیزبەکان و دەسەڵاتدارانەوەن یان هەر راستەوخۆ بەکرێگیرا و کاسەلێسی کەسانی نێو دەسەڵاتن.. ئەوانیش هەر یەکەو وە جۆرەک بازرگانیی بە کێشەکەوە دەکەن کە بتوانن پارووی چەورتری پێ پەیدا بکەن و هاوکات بە کوردایەتییش بە خەڵکی دەفرۆشنەوە!

کەسانەکیش هەن پێیاندەگوترێ (رۆشنبیران و میدیاکارانی ئازاد)، ئەوانە زۆر سەیرن! لە روانگەیەکی هێندە تەسک و کۆن و داڕزای کوردایەتییەکی رەگەزپەرستانە بانگەشە لۆ هەستی نەتەوایەتیی و نیشتیمانی دەکەن سەبارەت بە ئاوارەکان و پرسی کوردانی رۆژئاوا.. لە بیریان چووە هاریکارییکردنی ئاوارەکان - کە لە ترسی لەدەستدانی گیانیان رەویان کردییە - پێش هەر تشتەک ئەرکەکی مرۆیی و رەوشتییە.. تەنانەت هێندێکیان دەیانەوێ وەک چار لایەنە کەوا سۆرەکەی بەر لەشکری داگیرکەری حکومەتی دڕندە و داگیرکەری ئیسلامی ئێران - یەکێتی و پارتی و سۆشیالیست و ئیسلامییەکان - کە پێش کیمیابارانی هەڵەبجە رێیان لە خەڵک گرت شارەکە بەجێبهێڵن و بەو شێوە کارەساتبارە کیمابارانەکە لەنێویبردن.. وە هەمان شێوە سنوور لە کوردانی رۆژئاوا دابخەن.. بیانگە دژەمرۆییەکەشیان ئەوەیە کە گوایە ئەگەر ئەو هەموو کوردە رەو بکەن ئەوە رابوونی کوردانی ئەوێ شکست دەخوا و دوژمنان باڵادەست دەبن لەوێ!!!

لە هەمووشی عەنتیکەتر (مەلایەکان)ن! ئەوانیش وە هۆی ئەو کێشەیەوە بازاڕیان گەرم بووە و بە ناوی دینەوە بەر سەکۆیەکانیان قەڵەباڵغ بووە و سەر تەلەفزیۆن و پانتایی دەزگە میدیاییەکانیان لێ داگیر کردینە و هەر یەکەیان لە بن باڵی حیزبەک و بەرپرسەکەوە ژەهری ئیسلام دەرخواردی خەڵک دەدەن و قسەی عەنتیکە عەنتیکە هەڵدەبزوڕکێنن، لێ هیچیان ئەو ئازایەتییە لەخۆڕانابینن بتوانن ئاماژە بەوە بکەن کە یەکەک لە هۆیە هەرە کاریگەرەکانی ئەوەی کە چەوسانەوەی کوردانی رۆژئاوا و ئەو ئاوارەبوونەی هەنووکەیان لێ وەبەرهەم هاتییە ئیسلام و هاومەزهەبەکانی خۆیانن کە کوردان وە کافر دادەنێن و بەوپەڕی دڕندەیی دژ وە مافە نەتەوەییەکان و سەربەخۆیی کوردستان دەجەنگن!

بە بێ گومان کەسانەک و حکومەتەک کە سەروەت و سامانی زۆروزەبەندی گەل دەدزن تا ئێستا نەیانتوانیبی یان راستترە بێژین نایانەوێ تەنانەت خزمەتی ئەو هاوڵاتییانە بکەن کە لە بن دەسەڵاتی خۆیاندان و لەوەتەی ئەوان دەسەڵاتدارن بە سەدان هەزار کەس بە هۆی برسیێتیی و بێکاریی و بێ دادیی و نەبوونی ئازادییەکانەوە ئاوارەی وڵاتان بوونە و بە سەتانیان لە رێی هاتونەهاتی سەرسنووران و نێو دەریایان گیانیان لەدەست دا.. ئەگەر هەنووکەش چوونەدەر و وەرگرتنی ئاواران لە وڵاتانی رۆژئاوا ئاسان بی ئەوە زۆربەی هەرە زۆری گەنجان وڵاتەکەیان لۆ چۆل دەکەن، هەر ئەو رەفتارانەیان لێ چاوەڕوان دەکرێ کە بەو جۆر و شێوە و شێوازانەی سەرێ خزمەتی ئاوارەکانی خۆرئاوا بکەن!!!
 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک