١٩\٣\٢٠١١
تەلەفزیۆنى
(کەى -
ئێن -
ئێن) و ریکلامکردن بە خوێنى شەهیدانەوە.
هیوا رەش
هەموو هاوڵاتییانى کوردستان دەستى غەدرى دەسەڵاتى ئەم هەرێمە
ستەملێکراوەیان بۆ ئاشکرا بووە و ئەزانن دەست بردن بۆ گۆڕانکارى و
خۆدان لە باسى گەندەڵى و هەڵدانەوەى لاپەڕەى ڕەشى ناعەدالەتى و ناشیرین
کردنى پیرۆزییەکانى حیزب و بنەمالە ، خوێن ڕشتنى بە دواوە بووە و بە
دواشدا دێت ، وەلێ ئەوەى کەناڵى ئاسمانى تەلەفزیۆنى کەى ئێن ئێن پێى
هەڵدەستێت کارێکى ناجۆر و نەشیاوە ، کە لە داخى دەسەڵاتى ستەمگەرایى
بۆتە یەکێک لەو کەناڵانەى بینەرێکى زۆرى هەیە ، ئەم کەناڵە بە بێ ڕەچاو
کردنى هەستى بینەران بە ختوکە دانى ناخ و وروژاندنى دەروونیان ،
بەردەوام شەهیدە منداڵ و لاوەکانى ئەم دواییەى خۆپیشاندانەکان و چۆنێتى
بەشدارییان و بریندار کردنیان و شەهید کردنیان و سەردانى کەس و کاریان
و دواندنیانى کردۆتە پردێَک و بەکاریان ئەهێنێ بۆ ڕیکلامى شەڕ و
ململانێى ڕکابەرەکانیان .
پێم وایە ئەو کارانەى کەناڵى کەى ئێن ئێن لە ئاشکرا کردنى دزى و تاڵانى
و قاچاغچێتى و کەڵەگایى حیزب و بنەماڵە و تەواوى ڕەفتارە دزێوەکانى
دەسەڵات کە پێى هەستاوە و بەردەوامى پێدانیان و گەڕان بە دواى درز و
کەلێنى زیاترى نەیارەکانیان مافى ڕەواى خۆیانە بۆ بردنەوەى ململانێکەى
نێوانیان و وەلاخستنى لە بەرژەوەندى سیاسیى خۆیان و خەڵکیشدا ، بەڵام
ئەبێت ئەوەشیان بیر نەچێت کە هەموو ئەو ماڵوێرانییەى سەردەمى شاخ و
بیست ساڵەى ئەم دواییەى شاریش پشکى شێرى لە ئەستۆى هەڵسوڕاوانى سەرەکى
خودى بزوتنەوەى گۆڕان خۆیانە ، بە تایبەتى لە دەڤەرى سلێمانیدا کە
ئێستا زۆربەى ڕووداوە خوێناوییەکان جەستەى خەڵکى شەرەفمەندى ئەو شارەى
سوور کردووە .
ڕفاندن و بێسەر و شوێن کردن و کوشتنى بێدادگا بە درێژایى مێژووى شەڕى
ناوخۆى حیزبەکان و بە فیشەک وەڵامدانەوەى خۆپیشاندەران و ڕفاندن و
شەهید و زیندانى و ڕەشەکوژ کردنی ئەوانەى ناکۆک بوون لەگەڵ بیر و
بۆچوونیاندا و دەمکوت و سەرکوتى ئەوانەى لە خۆپیشاندانەکانى ساڵانى
ڕابردوودا داواى چاکسازى و گۆڕانیان ئەکرد و هەڕەشە و چاوسوور کردنەوە
لە پێشڕەوانى خۆپیشاندەران لەو سەروبەندەدا ، ئەنجامدەرانى ستەم و
ڕاوەدوونانەکان زۆربەیان کە لە لوتکەى دەسەڵاتدا بوون و ئێستا
هەندێکیان لە ناو بزوتنەوەى گۆڕانن بەڵگەى حاشا هەڵنەگرن ! بێگومان ئەو
هەموو ڕۆڵە شەهید و شوێن بزرانە لە کۆمەنیست و عیلمانى و ئیسلامى و
ناحیزبیی ، کە ئەوانیش پێکهاتەى جەستەیان لە گۆشت و خوێن و ئێسک و
دەمار و ئەندامە هاوشێوەکانى ترى مرۆڤ پێکهاتبوو ، ئەو قوربانییانەى
دەستى حیزب لە پێشووشدا بە هەمان شێوە خاوەن دایک و خوشک و برا و هاوڕێ
و کەسوکارن و هەندێکیان تەنانەت گۆڕ وونن و کەسوکارى ڕەشپۆشیان مستێک
چڵوچێوى جەستەى ڕۆڵەکانیان پێنەدراوەتەوە تا لە بستێک خاکدا بینێژن و
بیکەن بە گلکۆى ڕۆڵەکانیان و سبەینانێکى زووى ڕۆژانى هەینى وەکو گشت
جەرگ سووتاوانى دیکەى ئەم گەلە بەشمەینەتە بچنە سەر گۆڕەکانیان و
هەناسەى گەرمى پەنگ خواردووى سینەیان تێکەڵ بە شنەى ساردى بەیانیانى
سەر گۆڕەکانیان بکەن و فرمێسکى قەتیسى چاوى پڕ لە چاوەڕوانییان و
گەروویان لەگەڵ پڕمەى گریاندا بتەقێتەوە و گۆڕى خۆشەویستانیانى پێ ئاو
بدەن و سوکناییەک بە دڵى تێکشکاویاندا بێتەوە ! ئەو کارەساتە مەرگەساتە
بێوێنانە کە شایەنى ئەوەن بزووتنەوەى گۆڕان تۆزى تاوانى خۆیانى لێ
بتەکێنن و جگە لە داواى لێبووردن ، بە کڕنووشەوە بەڵێن بدەن و دوا
توانایان بخەنە گەڕ بۆ دووبارە نەبوونەوەى ، کەچى بە پێچەوانەوە ڕۆژانە
بارودۆخى هاوشێوەى ڕابردوو بە کولاندنەوەى برینى کەسوکارى شەهیدانى
خۆپیشاندانەکانى 17 ى شوبات دەمەزەرد ئەکەنەوە و کێرد و چەقۆ و خەنجەرى
ڕق و کینە و تۆڵە و بوغزاندنى یەکتر بە هەسانى شاشەى تەلەفزیۆنەکەیان
تیژتر ئەکەنەوە .
ئەم پەیامە دۆزەخاوییە جگە لە سووتانى گەلێک بە خاکەکەیەوە ، شتێکى ترى
لە هەمبانەکەیدا هەڵنەگرتووە ، بەندە بە بینینى ئەو گرتانەى ڕێژوان و
گەرمیان و بیلال و هاوڕێ شەهیدەکانیان و ئاهى ساردى دایک و باب و خوشک
و برا و هاوڕێ و کەسوکاریان هەموو جارێک سۆزم جڵەوى عەقڵم بەرئەدا و
ئەمگریەنێ ، جا نازانم برادەرانى کەى ئێن ئێنیش لەگەڵماندا ئەگریەن ؟
یان مەبەستیانە گەمە بە هەست و نەستمانەوە بکەن ، بڕوا ناکەم گریانیان
بێت ، چونکە چاوبڕکێى دانوستان و سازشیش بەزوویى ئەیانهێنێتە
هەلەکەسەما لەگەڵ بکوژانى ئەو شەهیدانەى لە شاشەى تیڤى یەکەیانەوە داد
و فیغانى بۆ ئەکەن ! بۆیە پێم وایە ئەوە ڕیکلامێکى قێزەونى
سیاسەتبازەکانى هەرێمەکەمانە بۆ گەییشتن بە خەونە مردووەکانیان ، کە
بۆتە کلتورێک و بۆیان ماوەتەوە هەر وەکو لە شەڕى نەفرەت لێکراوى کورد
کوژیى نێوان پارتى و یەکێتیدا بینیمان کە بە بێ گەڕانەوە بۆ خەڵک
ڕێککەوتننامەى ستراتیژیى بۆ دابەش کردنى دەسەڵات و پارە لە نێوانیاندا
مۆر کرا ، باشتر وایە فلیمە دۆکۆمینتارییەکانى شەڕى پێشمەرگایەتى و
بەرخودان و ئەنفال و کیمیاباران بە شێوەیەکى ئەکادیمى بخرێنە بەرنامەى
کارى ڕاگەیاندنەکان تا نەوەکانى دواى ئەو سەردەمە لێوەى فێرى چۆنێتى
پیادە کردن و پاراستنى دەسەڵاتدارێتى خۆماڵى و کش مەلیکى حیزبى قائید و
بنەماڵەیى ببن و ئاییندەیەکى گەش و نوێ بۆ نەوەکان بنیات بنێن ، نەک
تەلەفزیۆنەکەیان سەرقاڵ بکەن بە چاندنى تۆوى توندوتیژى و زەبروزەنگ بۆ
گەییشتن بە کورسى دەسەڵات و بودجە و داهات .
باشتر وایە لە کەناڵەکانیانەوە بپرسن بۆچى لە تونس زین العابدین بن على
، خۆى و کوڕ و هاوسەر و کەسوکاریان دەسەڵااتدارى ڕەها بوون و
وڵاتەکەیان بەم ئاکامە گەیاند ؟ لە میسر حوسنى موبارەک ، خۆى و کوڕ و
هاوسەر ، لە لیبیا موعەممەر قەززافى ، خۆى و کوڕ و کچى ، لە سوریا حافز
ئەسەد بەششارى کوڕى دواى خۆى جێهێشت و سعودیە و ئوردن و بەحرەین و
کوەیت و --- ئەوانى دیش ، بە هەمان شێوە بنەماڵە تەنها بۆ کوشتن و برسى
کردن و دزینى داهات دەستیان بەتاڵە ، بەڵام ئەى بۆچى لە کوردستانێکى
بچووکى سێ پارێزگاییدا ئەم هەموو کوێخا خۆ بە خوا زانە زۆروزەوەندە هەن
؟ مەسعود بەرزانى ، خۆى و کوڕ و برازا ، جەلال تاڵەبانى ، خۆى و کوڕ و
هاوسەر ، محەمەدى حاجى مەحمود ، خۆى و برا ، نەوشێروان مستەفا ، خۆى و
زاوا ، ئەمەو فەیلەسوفە عەوداڵ فلوسەکەشمان لەولاوە بووەستێت کە بە
بنەماڵاندنەوە خەون ئەبینێ ، بۆیە خۆى سەرێکى مایکەکە و عەکسەکەشى ئەوى
دى لە مستایە ؟ ! ؟ ! ؟ ! ئەمانە کە باسیان ئەکرێت بوونەتە جومگەى
سەرەکیى بڕیارەکان و سەرچاوەى نەهامەتییەکانى گەل و بەردەوام بە
هەڵدانەوەى قەتماغەى برینەکان و چوونە قوللەى قاف بۆ مەرامى پەنهان و
بەرژەوەندى تەسک ، ناخ و دەروونى تاکى کۆمەڵگا تێک و پێک ئەشکێنن ،
هەرچەندە ڕاکێشانى کەسە نزیکەکان بۆ ناو مەحفەلى ئەو ڕێبازەى کەسێک
قەناعەتى پێى بێت ئاسایى و ڕەوایە ،بەڵام نیگەرانییەکە لەوەدایە ئەم
سەرۆک و سەرۆکۆکانە کردارەکانیان مەرامدارە .
پێویستە کۆمەڵانى خەڵکى بەشمەینەت خۆیان بە ناساندنى مەرامە
تەفرەدەرانەکان باشتر ئاشنا بکەن و لەگەڵیدا نەفرەت لە دەسەڵاتى
بنەماڵەیى بکەن و بە پێداگیرییەوە سوور بوونیان لە خۆپیشاندانەکان
ڕابگەیەنن تا گەییشتن بە ئامانجەکان ، چونکە بە مانەوەى دەسەڵاتى
بنەماڵەیى خواستە نیشتمانییەکان بە کالا ئەکرێن و لە جوغزێکى بچووکدا
ئەیخنکێنن و هەناسەى بێئومێدیى ئەکەنە میوانى سییەکانمان .
لە کۆتاییدا بە هیوام میدیا و کەناڵە کوردییەکان ، بە تایبەتى
تەلەفزیۆنەکان ، واز بهێنن لە دەمەلاسکێى بەعسییەکان لە بازرگانیى خوێن
و نماییش کردنى مەرگ و تەرم و خوێن و ناڵەى برینداران و کەسوکارى
قوربانییانى یەکتر و فوو کرد بە ماڕشى شەڕدا .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|