په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١٨

تەڵەی مشک.

وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی


لە درزی دیواری ژوورێکی ماڵە جوتیارێکدا ، مشکێک بەبێ خرتە خرت و جوڵە ، بە جوانی خۆی شاردبۆوە و بە وردی چاودێری جوتیار و ژنەکەی دەکرد ، کە خەریکبوون دەمی زەرفێکییان دەکردەوە . مشکەکە دڵی خۆشبوو وایزانی زەرفەکە پڕە لە خواردنی خۆش و بە تام ، بەڵام سەیریکرد جوتیارەکە تەڵەیەکی مشکی تێدا دەرهێنا ، پاشان خۆی و ژنەکەی زۆر بە جوانی پارچەیەک پەنیریان خستە ناوییەوە و لە سووچێکی ژوورەکەدا بە جوانی بۆ مشکەکەیان نایەوە . کاتێ مشکەکە تەڵەکەی بینی ، زۆر ترسا ، بۆیە بە خێرایی لە کونەکەی دەرپەڕییە دەرەوە و خۆی گەیاندە باخچەی ماڵەکە و بە دەنگی بەرز و بێزارییەوە پەیتا پەیتا هـاواریـدەکرد: (لەم ماڵەدا تەڵە دانراوە!!، لەم ماڵەدا تەڵە دانراوە!!).

مریشکە کونجە کە گویێ لە مە بوو ، قرتە قرتێکی کرد و سەری بەرزکردەوە و بە مشکەکەی وت : جا با تەڵە دابنرێت ، ئەوە هیچ مەترسی و کێشەیەکی بۆ من نییە ، بەڵام چاکدەزانم بۆ تۆ کێشەی گەورەیە ، جا چونکە زیانی بۆ من نییە ، یەک دەنک پێی بێزارنیم و خوایدەکرد لە هەموو سووچێکی ماڵەکەدا سەدان تەڵەیان دادەنا.

مشکەکە بەو قسە ڕەقانەی مریشکەکە زۆر بێزار و خەمباربوو ، ئنجا ڕوویکردە ئەو مەڕەی لە نزیک مریشکەکەوە وەستابوو ، زۆر بە پەژارەوە وتی : ( مەڕی هاوڕێ : لە م ماڵەدا تەڵە دانراوە !! ) . مەڕەکە بەو هەواڵە دڵتەنگبوو ، بەو پەڕی پەستی و بێزارییەوە وتی : مشکی هاوڕێم ئەو هەواڵە ، هەواڵێکی ئێجگار ناخۆشە ، بەڵام بە ڕاستی من جگە لە دوعای خێر و پاڕاندنەوە بۆ تۆی ئازیز ، کە بەو تەڵەیەوە نەبێت ، ئەوا هیچ شتێکی ترم لە دەست نایەت تا بۆ تۆی بکەم ، دڵنیاش بە بەردەوامی دوعای خێرت بۆ دەکەم تا ئەو تەڵە نەگریسە تووشی زیانت نەکات.

پاشان مشکەکە بە خێرایی چوو بۆ لای مانگا زەردە و وتی : ( مانگای ئازیز : تەڵەی مشک لەم ماڵەدا دانراوە !! ) . مانگا زەردە زۆر لەسەرخۆ بە مشکەکەی وت : بە داخەوە بۆ ئەو هەواڵە زۆر ناخۆشە ، بەڵام بە ڕاستی دانانی تەڵە ، نە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە هەیە و نە هیچ مەترسییەکیش بۆ سەر من دروستدەکات.


کاتێ مشکەکە گوێی لەو قسانە بوو ، بەو پەڕی بێزارییەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و بە تەنها بیری لە چارەسەرکردنی مەترسی ئەو تەڵەیە دەکردەوە و بەردەوام چاوی لەسەر تەڵەکەش لا نەدەبرد و نەشیدەوێرا بچێت بە لایدا.

لە نیوە شەوی ئەو شەوە زۆر تاریکەدا ، تەقەیەکی زۆر گەورە لە ژوورەکەدا دەنگی دایەوە ، کە ڕێک دەنگی تەقینی تەڵەکەبوو . ژنی جوتیارەکە بە پەلە و بەو پەڕی دڵخۆشییەوە رایکرد بۆ لای تەڵەکە تا بزانێ مشکەکەی گرتووە ، بەڵام تەماشایکرد ، تەڵەکە لە جیاتی ئەوەی مشکەکە بگرێت ، کلکی مارێکی ژەهراوی گرتبوو ، جا چونکە ژوورەکە زۆر زۆر تاریکبوو ، ژنەکە بە جوانی مارەکەی نەبینی ، هەربۆیە مارەکە خۆی ڕاپسکان و ڕێک دای بە قاچیی ڕاستێوە و ژانی خستە ناو دڵییەوە و هاواری لیێ هەستان . جوتیارەکە ، کە گوێی لە هاوار هاواری ژنەکەی بوو ، خێرا هات بە هانای ژنەکەیەوە و گورج باوەشی پێداکرد و زوو گەیاندییە نەخۆشخانە . پاش چەند ڕۆژێک جوتیارەکە ژنەکەی بە ئازار و لەرز و تایەکی زۆرەوە هانییەوە بۆ ماڵەوە.

ئەوەی سەیر بوو ئازار و تا زۆر بەرزەکەی تا دەهات زیاتر دەبوون ، بە تەواوی ژنەکەی پەرێشان و ماندوو کردبوو ، جوتیارەکە هات بۆ لای ژنەکەی و وتی : گیانە شیرینەکەم : هەموو کەس دەڵێن ، باشترین چارەسەر و دەرمانی لەرزوتا ، تەنها ئاوی مریشکە . هەر بۆیە گورج چوو مریشکەکەی بۆ سەربڕی و فروجاوێکی خۆش و بە لەزەتی بۆ دروستکرد . بەڵام ئەوەی سەیر بوو ژنەکەی بەردەوام بە ئازارەوە دەتلایەوە و نەیدەتوانی لە جێگاکەی خۆی ڕاستبێتەوە ، جا چونکە بۆ هەواڵ پرسینی ژنەکە ، ڕۆژانە خزم و ناسیاو و دراوسێکانیان سەردانیاندەکردن ، جوتیارەکەش بۆ ئەوەی خواردن بۆ ئەو هەموو میوانانە ئامادە بکات ، بە ناچاری چوو مەڕەکەی بۆ سەربڕین.

ماوەیەکی زۆر ژنە چاکنەبۆوە و پاش چەند مانگێک بە ئازارەوە مرد . لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر هاتن بۆ ناشتن و پرسەکەی . جوتیارەکە بۆ ئەوەی خواردن بۆ ئەو هەموو کەسانە ئامادە بکات ، بە ناچاری چوو مانگاکەشی بۆ سەربڕین.

مشکەکە بە خەموپەژارەیەکی زۆرەوە و لە درزی دیوارەکەوە هەموو ئەو بەسەرهاتانەی بە چاوی خۆی بینی . لە دڵی خۆیدا وتی : سەیرکەن ، مریشک و مەڕ و مانگا زەردە ، چەند گەوج و بێ ئاگا بوون ، لایان وابوو تەڵەکە کێشەی ئەوان نییە و تەنها کێشەی منە ، کەچی لە پێش مندا ئەوانی تووشی زیان و لەناوچوونکرد.


جا منداڵە خۆشەویستەکان : کاتێک لە ژیاندا مەترسی لەسەر یەکێکمان دەبێت ، ئەوا ڕاستەوخۆش مەترسی دەبێت بۆ سەر هەموومان ، هەر بۆیە پێویستە ئاگامان لە یەک بێت و بەردەوام پشت و پەنای یەکتری بین.

_________________________
تێبینیی: ئەم چیڕۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە.
 

 

٢٥\١\٢٠١٨
mkbarzy@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک