په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١\٢٠١٣

تێرمی دووەمی ئۆباما.

ئارام حەمەساڵح    


چوار ساڵ بەر لە ئێستا وتارێکم لەژێر ناونیشانی ئۆباما سەرۆکایەتی ئەمەریکای گرتەدەست بەڵام ھیچی بۆ کورد پێنییە بلاوکردەوە تێیدا ئاماژەم بەو خاڵانە کردبوو کە بوونە ھۆی ھەڵبژاردنی یەکەم سەرۆکی ڕەشپێست لە مێژووی ئەمەریکادا، خوێنەری خۆشەویست ئەتوانێ ئەو لینکەی لە خوارەوە دامناوە بکاتەوە و ئەو نووسینەش بخوێنێتەوە، ھەروەکو پێشتر ئاماژەم پێدا ھەڵبژاردنی ئۆباما پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بەو قەیرانە ئابووریەوە ھەیە کەسەرلەبەری ئەمەریکای گرتۆتەوە ھەڵبەتە بەڕێوەبردنی دوو بەرەی شەڕی ماڵوێرانکەر لە عێراق و ئەفغانستاندا کە سەروەتوو سامانێکی ئێجگار زۆری بەھەدەربرد ھەردەبێ ئەوە ئەنجامەکەی بێ، دەمێکە مێژوو سەلماندوویەتی کە ھەموو شەڕێک بنەمایەکی ئابووری ھەیە و‌ئاگری ھیچ شەڕیکیش بەبێ ھۆیەکی ئابووری کڵپە ناکا.


گومانی تێدانییە کەبراوەی یەکەم لەم شەڕانەدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوھەربە ھاندان ودنەدانی ئەمانیش ئەم شەرانە سەپێنران، کۆمپانیا نەوتییەکان و ئەو کۆمپانیانەی کەچەک و تەقەمەنی بەرھەم ئەھێنن بۆ بەدەستھێنانی دەسمایەیەکی زیاتر و قازانجی زیاتر لە ڕیزی پێشەوەی ئەم شەرانەدان، جگە لەمانەش ڕێژەیەکی زۆرلە کۆمپانیاکانی کۆمپیتەروتێلێ - کۆمینیکاسیۆن و ئەلیکترۆنیکەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداریی ئەم شەڕانە دەکەن تەنانەت ھەندێکیان - کۆمپانیای جەنەراڵ داینامیک ومۆتۆڕۆلا بەنموونە- بەشێکی زۆری بەرھەمەکانیان تەرخان کردووە بۆ کاروباری جەنگیی بۆیە زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئەم ئامێرە ئەلکترۆنیانە ھەمان ڕۆڵی چەک و تەقەمەنی ئەبینن!!


شایانی وتنە ئۆباما ھەروەکو ھەموو سیاسەتمەدارانی سەر ئەم گۆی زەوییە لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا کۆمەڵێک گفت و بەڵێنی بە خەڵکیدا بەڵام ھەر ئەوەندەی دەسەڵاتی گرتە دەست ھیچیانی جێبە جێ نەکرد و و پاشگەزبۆوە!! یەکەم بەڵێنی ئۆباما ئەوەبوو کە ھەلی کار بۆ بێکاران ئامادە بکات و ڕێژەی بێکاری کەم بکاتەوە.... بەڵام تەواو پێچەوانەکەی دەرچوو ڕێژەی بێکاری لە ٦٪ بوو بە ١٠٪ کە ژمارەیەکی ئێجگار ترسناکەو لە مێژووی ئەمەریکادا کەم وێنەیە.


جێگای ئاماژە پێکردنە ئەمەریکا لەچاو ئەو پێشکەوتنە زۆرو زەوەندەی کەلەھەموو بوارەکانی ژیاندا بەدەستی ھێناوە لەبواری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا ھیچی نەکردووە، لەبەرگرانی چوونە لای دکتۆر و نەخۆشخانە ساڵانە ھەزاران ھاوڵاتی ئەمریکی گیان لە دەست ئەدەن، ئەتوانین بڵێین لە ناو وڵاتە پێشکەوتوو پیشەسازییەکاندا ئەمەریکا خراپترین و نامرۆڤانەترین سیستەمی تەندروستی (Health System) ھەیە!!! جا ئۆباما زیرەکانە ئەم بابەتە ھەرە گرنگ و ھەستیارەی قۆزتەوە و لە سەروبەندی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی دووەم تێرمدا پەیمانی بە ھاوڵاتیاندا کە بیمەی تەندروستی (Health Insurance) بۆ ھەموو کەسێکی ئەمریکی دابێن بکات ..!! بەمەش بەرەیەکی تری لەگەڵ دوو کۆمپانیای خوێنمژوزەبەلاحی ئەمریکیدا کردەوەو دەسە و یەخە لەگەڵیان وەستا، ئەم دوو کۆمپانیایەش بریتیین لە کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستی (Health Insurance Company) و کۆمپانیاکانی دەرمانسازی (PharmaceuticalCompany)، ھەرکاتێک ئۆباما توانی سەرکەوێ بەسەر ئەم دوو کۆمپانیایەدا ئەوا بێگومان بیمەی تەندروستی بۆ ھەموو کەسێک فەراھەم دەبێت ھەر بەوێنەی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، ئەگەرنا ئەوا ھەتا ئەمرین دەبێ خەو بە بیمەی تەندروستییەوە ببینین لەم ئەمەریکا ڕازاوە و پێشکەوتووەدا!


مەخابن بەشێکی بەرچاو لە سیاسەتمەدارانی کوردستان بەتایبەتی دەسەلاتی سیاسی کوردستانی باشوور ئیدارەی ئۆبامایان بەفریاد رەس ئەزانی ولایان وابووئۆباما کوردستانیان بۆ ئەکا بەبەھەشتی سەرزەوی ئەمە لەکاتێکدا کە لەماوەی یەکەم تێرمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی باشوور لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران وتورکیاوە بۆمباباران کران و زەرەروزیانێکی مادی وگیانی زۆری لێکەوەتەوە، لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی ناوەندی شیعە لەبەغدای پایتەخت بەردەوامە لە ھێرشکردنە سەر ناوچە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان وبەتەمان ماددەی ١٤٠ بەتەواوەتی لەگۆڕبنێن، بەرانبەر بەو ھەموو پێشێلکارییە یاساییانە کە دژ بە ھەرێمەکەمان کرا ئیدارەی ئەمەریکا بێدەنگی ھەڵبژاردو نقەی نەکرد!!؟؟


ھەرچی دەربارەی بزوتنەوە ئیسلامییەکانیشە لەڕاستەوە بۆ چەپ بەھەمان شێوە بە ھیوا بوون ئۆبامای ڕەشپێست و باوک موسڵمان بکەوێتە دانووسان لەگەڵیاندا و ناوچەکەیان بۆ بکابە ماستی مەیو...بێئاگا لەوەی کەڕەنگی پێست ھیچ ڕۆڵێکی نەبینیوە لەگەیاندنی ئۆبامادا بە سەرۆک کۆمار بەڵکو ئەو خاڵە گرنگانەی کە ئۆبامالەکاتی ھەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ ئەکردن ڕۆڵی سەرەکیان بینی، ئەگەرنا ژمارەی دیکتاتۆری ڕەش پێست لەئەفریقاو رۆژھەڵاتی ناڤێندا زۆر لەژمارەی دیکتاتۆری سپی پێستی تێپەڕاندووە.


کانوونی دووەم ٢٠١٣ - کالیفۆرنیا - ساندیاگۆ

ماڵپه‌ڕی ئارام حه‌مه‌ساڵح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک