په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١٢

تێڕوانینێک لەسەر ''پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز''.*

تریفە ئەحمەد     


دەمەوێ لێرەدا کورتەیەک لە بیرورای خۆم دەربارەی ''پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز'' دەرببڕم، لە هەندێک لە هۆکارەکانی بێ مافیی و تاوان دەرهەق بە ژنانی رۆژهەڵات بە گشتیی و ژنانی کورد بە تایبەتیی بدوێم، هەروەها سەرنجی خۆم دەربارەی پیاوسالاریی و هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناحەز بە مرۆڤایەتییە بخەمەڕوو و رۆشنایی بخەمە سەر هەندێک خاڵی نەرێنیی بە مەبەستی چارەسەرکردن و بنەبڕکردنیان، کە بە هیچ جۆر و شێوەیەک لەگەڵ ئەمڕۆ و ژیانی سەردەمدا نایەنەوە:


پیاوسالاریی وەک دیاردەیەکی نامۆ بە مرۆڤایەتی و مۆدێرنیزم، دریژکراوەی میژووی کۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و درێژەی سەردەمی ئاغایەتی و دەرەبەگایەتییە بە پاڵپشت بە کەلتوور و ئاینەکان خۆی گرتوە و تا ئەم سەدەیە درێژەی خایاندوە و بۆتە مایەی چەندین کارەساتی دڵتەزین و ژنانی لە نێوان ژیان و مەرگدا راگرتوە، لە کاتیکدا ئەو دیاردەیە لە نێو زۆریک لە گەلانی رۆژئاوا نەک هەر نەماوە، بەڵکو بە شەرمەزارییەوە تەماشای دەکەن.


پابەندبوونی رێکخراوەکانی ژنان، بە بیر و بۆچوون و ئایدیای حیزبەکان لە کوردستان کە هەر پیاوان خۆیان لە پشتیەوە مەڵاس داوە رێگر بوونە لە بەردەم ژناندا بۆ ئەوەی بە شوێن کەیسی راستەقینەی خۆیانەوە بن، بۆیە ژنانێکی زۆر لە بەشدارییکردن لەو رێکخراوانە نیگەران و دوودڵن و نایانەوێ هیچ کامێکیان بە نوێنەری راستەقینەی خۆیان بزانن.


ئەوەی کە زۆر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە لە پاڵ پیاوانی یەکسانییخواز و ویژدان زیندووەکاندا کۆمەڵیک لە پیاوانی دەمامکدار هەن کە هەر بە وشەی رووکەش و باق و بریق باس لە ئازادیی مرۆڤ دەکەن، کەچی لەولاشەوە ناتوانن خۆیان لە کۆتوبەندی کۆیلایەتی و پیاوسالاریی دەرباز بکەن و لە پێناو ژیانێکی یەکسان و دادوەرانە کۆشش بکەن، لە جیاتی ئەوە هەر کە بوارێکیان بۆ رەخسا دەگەڕیتەوە سەر دۆخی جاران و خراپتریش مامەڵەی لەتەک ژناندا دەکەن، لەگەڵ ئەوانەشدا هەندێک لە ئافرەتانیش بە داخەوە بە زۆریی ئەوانەی لە ئاستیکی نزمی رۆشنبیریی دان و باش لە چەمکی ئازادیی تێنەگەیشتوون و بارودۆخەکە خراپتر بە لاڕێدا دەبەن.


دەوڵەت و رێکخراوە حکومییەکان زۆر باش دەتوانن ئەو دیاردەیە بەرتەسک بکەنەوە و یاسایەکی تۆکمە و متمانەپێکراوی بۆ داڕێژن و ژنکوژان وەک مرۆڤکوژ چاو لێبکەن و راپێچی دادگاکانیان بکەن و حوکمی رەوای خۆیان وەربگرن، هەروەک دەزانین حکومەتە دیکتاتۆرەکان هەمیشە ئەو دیاردەیان بە هەڵواسراویی هێشتۆتەوە و ئەو کیشە ترسناکە کۆمەڵایەتییەیان وەک فاکتەرێک هەم بۆ سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە و هەم بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە، باشترین بەلگەش بۆ ئەمە نائامادەیی یاسایە کە بە هۆیەوە ژنکوژان دەشارنەوە و ژێر بە ژێر ئازادیان دەکەن وەک ئەوەی ژنان مرۆڤ نەبن ژنکوژان ناخەنە خانەی تاوانبارانی مرۆڤکوژییەوە.


لە کۆتایی باسەکەمدا، گرنگترین رێگەی چارەسەر بۆ کاڵبوونەوە و نەمانی ئەو مەرگەساتە تەبایی و یەکبوونی ژنانە لە ژێر یەک رێکخراوی سەربەخۆ و ئازاددا، هەروا کۆششی بەردەوام و نەپساوەیانە بۆ پێشگرتن لەو کارەساتە مرۆییە.


دەبێ ژنان بە شێوەی دایالۆگی سەردەمییانە لەگەڵ پیاواندا بدوێن و وەک بوونەوەریکی بێزراو یان تاوانبار چاویان لێنەکرێ، بۆ ئەوەی هەردوو لا بتوانن لە یەک بگەن و ژیانیکی شارستانییانە و پڕ لە متمانە و خۆشەویستیی بهێننە ئاراوە.


خۆداماڵین لە دیاردە زۆر دواکەوتووەکانی وەک دڵپیسیی و بێ متمانەیی ئەرکی هەر ئێستای پیاوانە، بێ گومان تەنیا خۆهۆشیارکرنەوەش بە فەرهەنگی سەردەم کاریگەرترین چەکە دژ بە نەزانین و گەندەڵیی و نابەرابەریی.


قانعی نەمر دەڵێ:

نێر و مێ هەردوو بە جووتە
بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن
دوورە دەرچوونی لە دیلی
مەل بە باڵێک نافڕێت.

________________________________________________________

* ''پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز''، ناوی تەوەرێکە سەبارەت بە پرسەکانی ژنان، لە لایەن (پایزە ئەحمەد)ەوە ساز دراوە.
 

 

trefa.ahmad@ymail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک