٢٨\٨\٢٠١٢ تەوەری ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار. - ٧ -:
سازادانی: نەجیبە مەحمود
بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یهکسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه و باسی زۆر ههڵدهگرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئهو چهمکه له گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو تهوهرێکی تایبهت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له بواری چالاکیی رێکخراوهکانی کۆمهڵگهی مهدهنی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.
نەجیبە مەحمود: بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟
ئاسۆ کەمال: روووداوی کوشتنی دوعا زۆر کاری تێکردم و گەڕامەوە بۆ کوردستان تا کارێ بکەم دژی کوشتاری ژنان و چالاکوانەکانی ریکخراوەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەر و کەسانی یەکسانییخوازمان کۆکردەوە و کۆنفرانسمان گرت و دواتر کەمپینێکی راگەیاندنی سەراسەرییمان لە هەموو کەناڵی راگەیاندنی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامە و پەیامی مۆبایلدا کرد دژی کوشتن و توندوتیژیی ژنان. لەم رێگەیەوە میدیای فرانس پرێس و بی بی سی و زۆر سایتی جیهانیی راپۆرتی ئەو چاوپیکەتنەیان بڵاوکردەوە کە ئاماری کوشتنی ژنانم بە ١٢ هەزار ژن باسکردبوو. دواتر سەردانی شێڵتەری ژنانمان کرد لە سلێمانی و ئەوەی گرنگ بوو بەلامەوە ئەو ژنانەی توندوتیژییان لەسەر بوو گوێ بیستێکیان پەیداکرد و لە بیستنی دەنگیان لە رادیۆ و بینینی ئەو ژنانە لە شێلتەر و کارکردن لەگەڵ چالاکوانەکانی ژناندا هەستم کرد بە کردەوە کارم بە باوەڕی یەکسانییخوازییم کردوە و گرنگیی راوەستانی پیاوی یەکسانییخوازم لە بزووتنەوەی ژناندا لە نزیکەوە هەست پێکرد، کە لە وتار و چاوپێکەوتندا لەبارەوەیان دەدوێم.
نەجیبە مەحمود: ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟
نەجیبە مەحمود: ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟
نەجیبە مەحمود: لهگهڵ ئهوهی پیاوانن ئهنجامدهری دهستدرێژیین بۆ سهر ژنان، هاوکات ههر ئهو پیاوانهن که ژن به شهرهفی خێزان دەزانن، تۆ ئهو دوو جۆر ههڵسوکهوت و دوو کهسایهتییەی پیاوان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
ئاسۆ کەمال: پیاو وەکو بوونەوەرێک بەرپرس نییە و ڕەخنە لە رەگەزی نێرینە نییە. سەرچاوەی ئەم تاوانانەی پیاوان ئەنجامی دەدەن، ئەو سیستەمە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەیە کە لەسەر جیاکاریی ژن و پیاو بنیات نراوە و پیاوی کردۆتە باڵادەست و ژنیش ژێردەستەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی. سیستەمێک لەسەر دەسەڵاتی پیاوسالاریی و موڵکایەتی تایبەت و پاراستنی میراتیی دامەزراوە. دین و یاساکان بۆ پیاوان دانراوە کە ئەو ئەرک و دەسەڵاتە بەجێ بگەیەنن. پیاوان کاتێ لەم دەمارگیرییەی دژ بە ژنان ڕزگاریان دەبێ کاتێ خۆیان بە مرۆڤی یەکسان بزانن و لە راستیدا مرۆڤایەتییەک کە دین و پیاوسالاریی لێی زەوت کردون و ئایدیۆلۆژیی و دنیابینیی باڵادەستیان بەسەر ژنان و مافی چەند ژنە و بە نیوە حساب کردنی ژنان لە میرات و شایەتی و نەبونی ئازادیی تەڵاق و سەرپەرشتیی منداڵ و دانانیان بە شەرەفی پیاو و خێزان. ئەم سیستەمی خێزانیی و دەستدرێژیی سێکسیی و لەشفرۆشتتە پاکێجێکن پێکەوە کە پیاو قوربانی ئەم سیستەمەیە کە ژن و پیاوی تێدا یەکسان نییە. لەم سیستەمەدا ژن لەناو خێزاندا بێ یا لە دەرەوەی خێزان پارێزراو نییە. لەناو خێزاندا بە شەرەفی کەسی تر دادەنرێ و ئەگەر لەم چوارچیوەیە دەرچێ ئەو کەسە مافی کوشتن و سزادانی هەیە. ئەگەر کەسێک دەستدرێژیی سێکسییش بکاتە سەری هەر ژنەکە تاوانبارە بەوەی شەرەفی خاوەنەکەی لەدەستداوە. ئەم خاوەندارێتییە کە لە سیستەمی خێزانی سەرمایەدارییدا هەیە، لە سایەی دەسەڵاتێکی سیاسیی خێلەکیی و شەریعەتیی دا کۆت و بەندەکانی توندکراوەتەوە و ٢٠ ساڵە ئەم دوو حیزبە میلیشیایە و ئیسلامییەکانی کوردستان وەکو یاسا و سوڵحی عەشایەریی و خوتبەی رۆژانی هەینی مێشکی پیاو و کۆمەڵگەی کوردستانیان پێ قانداوە. رزگاریی لە دەست ئەم جیاکارییەی ژن و پیاو ئەرکی بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی کرێکاران و ئازادییخوازانی کوردستانە بە ژنان و پیاوانە وە کە کۆمەڵگە لەدەست ئەم دەسەڵاتە پیاوسالاریی و کۆنەپەرستانەی حیزبە ناسیونالیست و ئیسلامییەکان و سیستەمە سەرمایەدارییەکەیان ڕزگار بکەن و ئیعتبار و مافی مرۆیی بۆ ژنان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگەیە بگێڕنەوە.
___________________________________________________ لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm
|