په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٦

(تیفلۆن)ە سیاسییەکانی "کوردایەتی"!


جیهاد محەمەد     


مەنجەڵی تیفلۆن و دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان یەک پێکهاتەیان هەیە. پێکهاتە و سروشتی مەنجەڵ و تاوەی تیفلۆن و دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانانی کوردستان بە تایبەتی سەرانی هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی لە یەک ماددە پێکهاتوون و یەک سیفەتیان هەیە، سروشت جوان و ناوەڕۆک سەرەتاناویی.

تیفلۆن: ئەو ماددەیەی، کە بە هیچ جۆرێک چڵک و پیسی ناگرێتە خۆی، بۆیە مەنجەڵ و تاوە تیفلۆنییەکان لە چیشتخانەکان و بە تایبەتی لای خانمان لە ماڵاندا زۆر گرنگ و بە بەهایە، چونکە چەند بەکاربهێنرێن وەک خۆیان دەمێننەوە و رەونەقیان تێکناچێت و گەرمکردن و چەوریی و پیسی ناگرنە خۆیان!.

گۆتی تیفلۆن: ئەو سەرکردە مافیا ئەمەریکییە بوو، کە ماوەی(٣٠) سی سال هەموو دەزگای ئەمنییەکانی ئەمەریکی سەرقاڵکردبوو بە خۆیەوە، لەو ماوەیەدا توانی تۆرێکی یەجگار گەورەی مافیا لە ئەمەریکادا دروستبکات، کە چبووە ناو زۆربەی ناوەندە بازرگانیی و پیشەسازیی و کارگە و کۆمپانیا گەورەکانەوە، توانیبووی بچێتە نێو سەندیکای کرێکاران و راگەیاندنە گەورەکانەوە، هەموو جارێکیش بە سەرکەوتوویی کارەکانی ئەنجام دەدا، ئەم مافیا گەورەیە لە پێناوی بنەماڵەکەیدا دڵڕەقانە دەیان کەسی کوشت، هەر بەوەشەوە نەدەوەستا و زۆر جار جەستەی کوژراوەکانی دەشێواند و پارچە پارچەی دەکردن. بەڵام لە دواجاردا توانرا ئەم سەرکردە مافیا ئەمەریکییە دەستگیر بکریت و حوکمی هەتاهەتای بەسەردا بدرێت و هەر لە زیندانیشدا مرد. ئەم تۆڕی مافیا و زەعیمەیان لە ئەمەریکادا ئەوەندە بە ناوبانگ بوو کە (٣ سێ دانە فیلمی)* لە لایەن دەرهێنەر و پاڵەوانە بەناوبانگە سینەماییەکانەوە لەسەر دەرهێنراوە. تا ئێستاش لە ئەمەریکادا و لە جیهانیشدا هەر بنەماڵە و هەر سەرکردەیەکی سیاسیی مافیائاسا کار بکات بۆ خۆی و بنەماڵەکەی وەک سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان، نازناوی تیفلۆنی پێوە دەنرێت، وەک: ریگن تیفلون، کلینتۆن تیفلۆن، شارۆن تیفلۆن، تۆنی تیفلۆن، بۆتین تیفلۆن و مارکێل تیفلۆن.

دەسەڵاتی سیاسی ئێستا لە حوکمڕانییدا و جاران کە شۆرە سواری(شۆرش) و "کوردایەتی" بوون هەروەک خۆیان دەمێننەوە و عارەقی تەریقی بە خیانەتەکانیان و بە هەڵە ستراتیژییەکانیان ناڕێژن. دەیان ساڵ ئەم تاقم و دەستە تیفلۆنە سیاسییە بە ناوی "کوردایەتی" و رزگاری و ئازادی و مافی چارەنووسەوە هەست و سۆزی خەڵکی رەشوڕووتیان وروژاند و بە کوشتیان دان و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و بێ سەروشوێنکردنیان بەسەردا هێنان، هەزاران رۆڵەی ئازدییخواز و دیموکراتخوازیان لەم پێناوەدا بە لەسێدارەدان گەیاند بە دەستی ئەو دەوڵەت و حکومەتانەی کە ئێستا پێکەوە لە گەڵیاند بە یەک دەم دەخۆن بە یەک قون دەڕین.


ئەم پێکهاتەیە خۆشەویست بوون و بە بەهابوون وەک مەنجەڵی تیفلۆن لای زۆربەی خەڵکی کوردستان چونکە پەیمانی ئازازدی و رزگارییان دەدا بە خەڵک، پەیمانی راستگۆیی و خیانەتنەکردنیان دەدا بە خەڵک، پەیمانی یەکسانیی و دادپەرەرییان دەدا بە خەڵک.

بە درێژایی دەیان ساڵی "کوردایەتی" ئەم تیفلۆنە سیاسییانە چەند تاوانیان ئەنجامبدایە، چەند شەڕی ناوخۆیان لە ناو کوردەکاندا ئەنجامبدایە، چەند خیانەتی نیشتیمانیان بکردایە و ببوونایە بە جاش و سیخوڕی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، تەڕ نەدەبوون و وەک مەنجەڵی تیفلۆن هیچ چڵک و چەورییەکیان لە خۆ نەدەگرت. چونکە روکەشێکی جوانیان بۆ خۆیان دروستکردبوو بە ناوی خەبات و تێکۆشانی رزگارییەوە لە ژێر ناوی"کوردایەتی"دا بۆیە خەڵکێکی زۆر سەرسام بوون پێیان و بەردەوام دەبوون بە سوتەمەنی(شۆڕش)ەکانیان.


بەڵام ئەم دوو پێکهاتەیە(مەنجەڵی تیفلۆن و تیفلۆنی سیاسیی) بە پێچەوانەی بەها رووکەشەکەیانەوە، لە ناوەرۆکدا یەجگار ترسناکن بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە بڕوا و متمانەیان بەم دوو پێکهاتەیە کردووە.

لەم دواییانەدا لە لای خەڵکێکی زۆر ـ نەک لای کەسانی هۆشیار و ئەوانەی کە بەردەوام بە دواداچوونیان هەیە و هەموو شتێک دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوە و پرسیارکردن و گومانەوە، کە زۆر دەمێک بوو ئەم پێکهاتە تیفلۆنە سیاسییەیان دەناسی و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون کە ناوەڕۆکی ئەم پێکهاتەیە بناسێنن ـ دەرکەوت کە ئەم پێکهاتە سیاسییە، ئەم چینە سیاسییەی، کە کوردایەتییان کردووە بە دەرمانێکی سڕکەر و بێهۆشکەری خەڵکی کوردستان، جگە لە سەرەتان و لە نەخۆشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی هیچی دیکە بەرهەم ناهێنن، ئەوەتا لە زۆربەی کەرتەکانی کۆمەڵگادا خەڵکیان تووشی بارێکی دەروونی یەجگار خراپ کردووە. بە دەیان قەیرانی وەک: قەیرانی منداڵان، مێردمنداڵان، گەنجان، ژنان، تەندروستی، پەروەردە و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان، قەیرانی ئابووری و سیاسیی و دارایی بەرپا بووە، هیچ توێژ و چینێک نییە لە کۆمەڵگادا بە دەستی ئەم چینە تیفلۆنە سیاسییەوە تووشی قەیران نەبووبێت.

دیسان لەم دواییانەشدا لە گەورەترین ناوەندی گەڕان و لێکۆڵێنەوە لەسەر ماددەی تیفلون لە ئەمەریکا دەرکەوتووە، کە هەموو ئەو مەنجەڵ و تاوە و کەرسانەی لە تیفلۆن دروستکراوە، ماددەیەکی سەرەتانی پێوەیە، کە مرۆڤەکان تووشی سەرەتانی پەنکریاس و جگەر و مەسانە و کۆئەندامی زاوزێ دەکات.

ئەم تیفلونە سیاسییە، بە هیچ شتێک تەریق نابنەوە، هیچ جۆرە رەخنەگرتنێک کاریگەریی نییە لەسەریان، هەموو ئەو هاتوهاوارەی خەڵکی رەشوڕووتی کوردستان، هەموو کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراون، هەموو کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان، هەموو ماڵوێرانی خەڵک، هەموو قیژە و گریان و ناسۆری دایک و خوشکەکان لای ئەم تیفلۆنە سیاسییە هیچ نییە و بێ دەربەست و بێ باکانە خەریکی ژیانی خۆیان و دەوڵەمەندکردنی بنەماڵەکانیانن.

ئەم تیفلۆنە سیاسییە، پەیوەندییەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی بە هەموو تۆڕە مافیاییەکانی جیهانەوە هەیە. یەکێک لە هەر خەسڵەتە دیارەکانی مافیایی جیهانی هەوڵدانە بۆ گەورە بوونی بنەماڵەکانیان، لە پێناوی گەورەبوون و دەوڵەمەندبوون و دەسەڵاتگەریی بنەماڵەکانیاندا دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە هەرچی لەبەردەمیاندا بوەستێتەوە دەیسوتێنن. مافیاکانی ئیتالیا و ئەمەریکا و روسیا و یابان دەیان کەسیان لە نزیکترین هاوڕێی خۆیان و دارودەستەی خۆیان کوشت و بێ سەروشوێنیانکردن. هەموو ئەو کوشتن و بڕینانەی لە ١٧ی شوباتدا کرا، کوشتنی سۆرانی مامە حەمە، ستارعبەدول شەریف، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و دەیان کوشتنی تر و فراندنی خەڵک و هەرەشەکردن و لێدان و شەوکوت هەمووی ئاماژەیە بۆ بێ بەزەیی و ناپاکی و دڵڕەقی تیفلۆنە سیاسییەکەی لە مەڕ خۆمان. ئەم بنەماڵە تفیلۆنە سیاسیانەی کوردستان بێ ئەوەی هیچ شەرمێک بکەن و پێش ئەوەی بووبێتن بە دەوڵەت و دەوڵەتێکی فەرمیی و دانپیانراویان بە دەستەوە بێت لە هەموو کۆر و کۆبوونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا هاوبەشی دەکەن. خەڵکی لە برسا و لە بێ موچەیی و بێ کارەبایی و بێ ئاوی خاوێنی خواردنەو، کە سەرەتاترین مافی ژیانە برستی لێبراوە، کەچی ئەمانیش خەریک تەپڵلێدانن بە ناوی راگەیاندنی ریفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتی کوردییەوە.

 
جۆن گۆتی، سەرۆکە بە ناوباگەکەی مافیا حکومی زیندانی هەتاهەتایی درا و هەموو ژیانی دەبێت لە یەکێک لە زیندانە سیاسییەکانی ئەمەریکادا بەسەر بەرێت. (رەبرت هارمون) ی لە فێلمێکدا لە ژێر ناونیشانی (Gittu) یدا ژیانی ئەم مافیاییە لە ساڵی ١٩٩٦دا نمایشکرد. پاڵەوانی فیلمەکە(ئارماند اسانتی) بوو، ئەم فیلە باسی هەموو ژیانی ئەم سەرکردە مافیاییە دەکرد تا ئەو کاتەی بۆ ماوەی سێ دەیەی کۆتای سەدەی بیست بوو بە گەورەترین سەرکردەی مافییا لە جیهاندا. ئەم فیلمە جۆرێک لە هاوسۆزی پیوە دیاربوو بەرامبەر بەم مافیا زەبەلاحە کە هاورێکانی خیانەتیان لیکردووە و بوون بە هۆی دەستگیرکردنی و زیندانیکردنیەوە تا ساڵی ٢٠٠٢ کە لە زینداندا مرد.
فیلمی دووەم لەسەر ئەم سەرکردە باڵایەیی مافیا، لە ساڵی ١٩٩٨دا بوو بە پاڵەوانێتی (سایزمور)، ئەم فیلمە بە پێجەوانەی فیلمی یەکەمەوە هێرشی دەکردە سەر (جۆن گوتی) و هاوسۆزی لەگەڵ هاورێکانی ئەم سەرکردە مافیایەدا بوو.
بە پێچەوانەی هەردوو ئەم بۆچوونەوە لەسەر کەسایەتی"گۆتی"، فیلمی سیەیەم بە ناونیشانی"گۆتی" کە جۆنرافۆڵتا و ئەنتۆنی هوبکنز پاڵەوانی بوون، لەم فیلمەدا باس لە پێوەندی گۆتی و کوڕەکەی دەکات کە بوو بە یەکێک لە سەرکردە مافییاییەکانی باوکی.
 

١٤\٢\٢٠١٦ - کوردستان

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک