په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٦\٢٠١٠

ئوسترالیا و کودەتایەکی ژنانەی ڕاسترەو...!*
- سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی سەرۆک وەزیران لە ئوسترالیا -


موزەفەر عەبدوڵا


سەرلەبەیانی ڕۆژی 25 ئەم مانگە لە دوو کۆنفرانسی ڕۆژنامەگەری جیاوازدا ، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا و لیدەری حزبی کریکارانی ئوسترالیا کیفن راد ،بە چاویکی فرمێسکاوی و قوڕگێکی گریاناویدا دەست لە کار کیشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. هەر دەقەیەک دوای تەواو بوونی رادو چونە دەرەوەی لە ژووری کۆنفرانسەکە، جێگرەکەی جولیا گیلەرد هاتە بەردەم کامیراکان و ئەو بە پیچەوانەەوە بە بزەو خەندەو بە کۆمەڵێ پەیمان و بەڵێنەوە دەستبەکاربونی خۆی وەک یەکەم ژنی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا خۆی ڕاگەیاندن لە مێژووی سیاسی ئەم وڵاتەدا.


ئەم پانۆراما دراماتیکیانە هەمووی لە ماوەی 24 سەعات ڕویان داو هەرگیز ،نەک بۆ جەماوەری ئوسترالیا چاوەڕوانکراو نەبوو بەڵکو بۆ خودی چاودێرانی سیاسیش ، هەروەک کەش و هەوای ئوسترالیا وابوو، کە جاری وا هەیە لە چلەی زستاندا ماوەی چەند ڕۆژ خۆرەتاو سەری کەچەڵی من دەسوتێنێت .یاخود لە چلەی هاوینداو لەوپەری گەرمیدا هەروە تریشقەیەک دەست پێدەکات و یەک ڕێژەنە بارانی بەخوڕ دەبارێت کە زیانی زۆری مادی و گیانیشی زۆری لێدەکەوێتەوەو کارەساتی دڵتەزینی بە دوادا دێت.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە نزیک بە 3 ساڵ لەمەوبەر لە وتارێکی تری سیاسیمدا لەسەر قەیرانی قوڵی ڕابەری حزبی کرێکارانی ئوسترالیا نوسیم کە چۆن بە هەمان شێوەی دراماتیکی و لە پرێکدا کیم بیزلی کۆنە لیدەری ئەم حزبە قورگی پر گریان دەست لە کارکیشانەوەی خۆی راگەیاندو لابراو کیڤن ڕاد بە بزەوە هاتەوە پێشەوەو توانی حزبەکەی لەو قەیرانی لیدەرشیپی یە رزگار بکات و لە هەڵبژاردنی سالی 2007 گەورەترین سەرکەوتن بە دەست بێنێت و گەورەترین شکستیش بە حزبی لیبرالی ڕاسترەو بە رابەری جۆن هاوەرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی 13 ساڵەی بێنینییت.هەڵبەت سەرکەوتنی کیڤن ڕاد لەو کاتەدا دەگەرایەوە بۆ کۆمەڵێ بڕیار و بەڵێن کە دەیاندا بە جەماوەری داخ لە دڵ لە حزبی لیبرال و جۆن هاوەردی ڕاستڕەو.


لەو بڕیار و بەڵێنانە کەمکردنەوەی باجی دەرامەت لەسەر ئەوانەی داهاتیان کەمە و زیاد کردنی باج لەسەر ئەوانەی داهاتیان زۆرە .هەروەها بەڵێندان بە جەماوەری نارازی لە دەست سیاسەتەکانی لیبرال و هاورد لە دژی پەرنابەران ،و پیادە کردنی سیاسەت و مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستانە بەرامبەر پەنابەران .یاخود بەڵێَندان بە پەیڕەوی کردنی سیاسەتێکی دروست سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوا و هەڵدان بۆ پەیوەست بوون بە بڕیارو پەیمانە نیودەوڵەتی یەکان سەبارەت بە کەمکردنەوەی گەرمی گۆی زەوی و دابەزینی ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ڕێگای بەکار نەهێنانی ئەو کەرەسە خاوانەی کە هۆکارن بۆ زیاد بونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گەرمی گۆی زەوی. ئەمە جگە لەوەی بەڵینی دابوو بە ئەنجام دانی کۆمەڵێ ڕیفۆرم لە مەیدانی بیمەی تەندروستی و خوێندن و فێرکردن و کەمکردنەوە بێکاری و زیاد کردنی بیمەی بێکاری و پاشەکشەی هێزی سەربازی لە ئەفگانستان و عیراق لە کۆتایی ئەمساڵداو داوای لێبوردن لە نەوە دزراوەکانی دانیشتوانی ئەبوریجناڵ ....هتد.


ڕاد هەرچەندە هەندێک لەو بەڵێنانەی بەجێگەیاندو و هەندێک ڕیفۆرمی بچوکی کرد. بەڵام گەر ڕیفۆرمەکان بەراود بکەیت لەگەڵ بەڵێنەکان ئەوە دەبینین نیوەشی ئەنجام نەداوە.ئەمەش ئەو ڕاستی یە دەردەخات کە جەماوەر هەمیشە لەگەڵ ئەو حزبەدایە کە چاوەڕوانی لێی هەیە کە خزمەتیان بکات .بە تایبەتی لە باری نەبوونی یەک ئەلتەرناتیڤی شۆسیالیستی کرێکاری بەهێز کە جەماوەری ئەوەندە ڕێکخراو و ڕابەری بکات کە تەرازوی هێز بە تەواوی بە قازانجی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا بشکێنێتەوە کە ئیتر نەک چاوەڕوانی ریفۆرم بن لە چوارچێوەی پەرلەمان بەڵکو ڕێرەوی ئاڵوگۆرو وەرچەرخانی ڕیشەیی بگرنە بەر بە قازانجی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان.


بەهەرحاڵ تا ئەو جێگەیەی کە دەگەڕێتەوە بەم ئاڵوگۆرە دراماتیکیەی ئەمڕۆوە ئەوەیە، کە ئەمە ئاکامی ئەوەیە کە هەر حزبێکی سیاسی گەر بێەوێت بە کردەوە ڕیفۆرم بکات بە قازانجی جەماوەری کرێکاران و توێژەکانی تری وەک مامۆستایان و وردە فەرمانبەران و کرێکارانی خزمەتگوزاری و لاوان و پەنابەران و کۆچکردوان و ئەمانە، ئەوە ئیتر دەکەوێتە بەر رەحمەتی چینی بۆرژوازی گەورە سەرمایەدارە مۆلتی ملیاردیرەکانەوەو بە دەردی کیڤن ڕاد دەچێت.


بە بڕوای چاودێرانی سیاسی چەپڕەو و بە پێی لێکدانەوەی ئەوانە ڕاد بە ڕاستی بووە قورربانی ئەو هەڕەشەیەی کە ئەندرۆ فۆرستی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کەرتی کانەکان و مۆڵتی ملیاردیری خاوەن گەورەترین پیشەسازی کانەکان کە دوای چەندین گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ رادی سەرۆک وەزیران و نوێنەری پەیوەندی یە پیشەسازی یەکان و یەکێتی یە کرێکاری یەکان بەڵام ئەو ئامادە نەبوو ملبدات بە دانی ڕێژەی لە %40 باجی دەرامەت کە لە کارنامەی سیاستەکانی حکومەتی ڕاددا بوو. بۆیە فۆریست بە ئاشکرا کەمپەینی ڕوخانی حکومەتی ڕادیی ڕاگەیاندن و بە کردەوە بانگەوازی کۆدەتای لە دژی کرد.لەم کەمپەینەشدا بەشێکی زۆری خاوەن سەرمایە گەورەکانی ئوسترالیا چونە پشتی ئەو کەمپەینەوە. لەوانە ملیاردێری گەورەو ناوداری جهانی ڕۆبەرت مەردۆخ، کە خاوەنی گەورەترین میدیای جهانی یە لە ئوسترالیا و ئەمریکاو بەریتانیا . ئەمە جگە لەوەی ڕاد لە هەمان کاتدا پاشەکەی خۆی ڕاگەیاند لە پەیمان و بریارنامەی کەمکردنەوەی گەرمی گۆی زەوی و هاوکات گۆڕینی سیاستەکانی بەرامبەر پەنابەران کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوا چەند هەزار پەنابەر بە نافەرمی و لە ڕێگای کەشتی یەوە گەیشتونەتە دوڕگەکانی دەوروبەری ئوسترالیا و داوای پێدانی مافی پەنابەریان کردووەو ملۆنەها دۆلاریان سەرف کردوە.هاوکات خاڵێکی تریش کە بووە لاوازی پیگەی سیاسی راد سەرف کردنی سەدان ملیۆن دۆلار بوو بۆ دروست کردنی دابڕانی گەرمی(عازل حراری )خانوەکان. کە ئەمەش نەک پرۆژەیەکی سەرکەوتو نەبوو بەڵکو بووە مایەی گیان لە دەستدانی چەندین کرێکار لەسەر کار و پاشان لەغو کردنەوەی ئەو پرۆژەیە و دانی تەعویز بەوانەی کە زیانیان لێکەتوە.


هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە حزبی کرێکارانی ئوسترالیا_ ئەی ئیل پی_ کۆنترین حزبی سیاسی یە لە ئوسترالیاو بۆ یەکەم جار لە ویلایەتی سەنشاین(برس بن) لە ساڵی 1863 دامەزراوە کە ئەو کات ئەم ویلایەتانە هەر یەکە بۆ خۆیان موستەعمەرەی بەریتانی بوون و نەچوبونە چوار چێوەی دەوڵەتیکی فیدرالی یەوە.وە هەر لە زووەوە ،بە تایبەتی لەم نیو سەدەیەی ڕابردوو کۆمەڵێ فراکسیۆنی ڕاست و چەپ و ناوەڕاست تیایدا سەری هەڵداوە. ئەم حزبە وەک ڕەوتێکی بۆرژوا ڕیفۆرم لەناو کرێکارانی ئوسترالیا گەشەی کردو توانیان ڕۆڵی زۆر نەگێتڤ ببینن لەسەر لاواز کردنی بزوتنەوەی کرێکاری ئوسترالیا ،کە دەورانێک پێشەنگی بزوتنەوەی کرێکاری جهانی بوون لە بەرزکردنەوەی داخوازی هەشت سەعات کار و ڕۆژێکی پشوی ساڵانە.بە تایبەتی ئەوە چەند دەیەیە ئەم حزبە توانیوێتی زۆربەی هەر زۆری یەکێتی یە کرێکاری یەکان بۆ ئامانجی سیاسی خۆی کۆنترۆڵ بکات و تا ئێستاش توانیویانە بە کردووە ڕابەری یەکێتی یە کرێکاری یەکان بە دەستەوە بگرن و دایان ماڵن لەهەر هەنگاوێکی خەباتکارانە لە پێناوی مافەکانی کرێکاراندا.ئەگەرچی چەند یەکێتی یەکی تیادایە لە چوار چێوەی کۆنفیدراڵی یەکێتی کرێکارانی ئوسترالیا( ئەی سی تی یو ) لەوانە، یەکێتی کریکارانی بەندەرەکان و بیناسازی کانەکان و جەنگەڵەکان و تا ڕادەیەک جۆرێک لە هەنگاوی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە ژێر ئۆتۆریتەی ئەم حزبەدان .هەر بۆیەش لەم ئاڵوگۆڕەشدا ئەوەندی من زانیاری هەبیت خودی ئەی سی تی یو ڕۆڵی بەرچاوی خراپی هەبوو لەم ئاڵوگۆڕە دراماتیکیەی نێوان ڕادو جولیا گیرلەرد. ئەمەش وای کرد تا ناوەندەکانی بڕیار بەدەستی ڕاسترەو، لەوانە سەرۆکی حزبەکەو چەند کەسایەتی یەکیان، بڕیاری ئەوەیان لە شەو و ڕۆژیکدا دا ،تا لە پێناوی مانەوەی حزب لە دەسەڵاتدا ، ئاڵوگۆڕ لە دەموچاوەکاندا بکرێت و لە هەمانکدا پاشەکشە لەو بڕیارنە بکرێت. لەوانە باجی دەرامەت و کێشەی پەنابەران و گرتنە بەری سیاسەتێکی توند و زۆر بەڵین و بریاری تر کە هەمووی بە قازانجی گەورە سەرمایەدارەکانی ئوسترالیایە.


هەڵبەت ئەم واقعیەتانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا لە گۆڕەپانی سیاسی ئوسترالیا ڕویاندا چەند ڕاستی یەک بۆ ئیمە دەردەخات کە لە چوارچێوەی یاسای پەنابەری و کۆچبەری هاتووین و بوینە بە بەشێک لە چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی ئەم وڵاتە. ئەویش ئەوەیە، سەڕەرای ئەوەی کە ئیتر ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی لەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا هەیە بە کردەوە پەرلەمانی و دیموکراسی و فرە حزبی یەو خەڵک لەکۆمەڵێک مافی سیاسی و مەدەنی سەرەتایی بە یاسایی بەهرەمەندن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەم کۆمەڵگایانەدا زۆر ئاشکراتر و ڕوونتر و سەخترو تاقەت پڕوکێنتر پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی سیستەمی سەرمایەرداری خۆی سەپاندووە. وە دەسەڵاتیش لە لایەن دوو حزبی دوو باڵی بۆرژوازی سەرمایەداری لیبرالی و سۆسیال دیموکراسی وەها لە چوار چێوەی سیستەمی پەرلەمانی و حکومەتی هەلبَژیردراودا کۆنترۆل کراوە کە بوارێکی زۆر زۆر کەمی تیایە بۆ ریفۆرم بە قازانجی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان. وە دەبیت لە پێناوی هەر ڕیفۆرمێکدا چینی کرێکار و رێکخراوەکانیان و تەواوی ڕێکخراوەکانی ترو جەماوەری دەست تەنگ ناڕەزایەتی و خەباتی کاریگەر بکەن لە پێناوی بچوکترین هەنگاوی باش لە ژیانیادا.بە تایبەتی ئەم بوارە لەم چەند ساڵە زۆر زۆر کەمبۆتەوەو خودی خەڵکی کەمترین چاوەڕیێان لە هیچ گۆڕانێکی سەیرەو سەمەرە نی یە لەم پەرلەمان و حکومەتە لە سایەی ئەم دوو حزبەدا .هەڵبەت ئەم واقعە دوای قەیرانی گەورەی ئابوری جهانی زۆر زۆر ژیانی خەڵکی سەختر کردۆتەوە .هەر بۆیەش خەڵکی ئیتر بەهۆی ئەوەی هیچ چاوەروانی یەکی سەیریان لە پەرلەمان و حکومەت نی یە بۆیە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان دەکەن.


ئیتر بۆ ئەوەی زۆر ترین خەڵک بەشداری بکات و دەنگ بە یەکێک لەو حزبانە بدات وا پێویست دەکات کە پەیڕەو لە سیاسەتی وا بکەن وکەسایەتی وا بێننە پێشەوە تا هەر لایەنیک بۆ خۆی سەرکەوتن بەدەست بێنێ.


جا هێنانە پێشەوەی یەمکجاری ژنکیش وەک جولیا گیلەرد و ئەم هەرا سازکردنە لەمڕۆدا بە وێنەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەیە تا بتوان لە سبەی ڕۆژی هەڵبژاردن ئەم ژمارەیە لە سەرمایەداران کە لەم حزبەدا بە ناوی حزبی کریکاران کۆبونەتەوە زۆرترین دەنگ بە دەست بێین و دوبارە حکومەت بگرنەوە دەست.دەنا ئەوەی بۆ یەکەمجارە لە ئوسترالیا ژنیک دەبێتە سەرۆک وەزیران هیچ شتێک لە ژیانی کرێکاران و پەنابەران و کۆچکردوان و تەنانەت مافەکانی ژنانیش ناگۆریت لە ڕیشەوە.ئەگەر مەسەلەی ژن بوون ئەوەندە کاریگەری هەبوایە لە ناوەندەکانی بڕیاری دەسەڵاتی سیاسی لەم سیستەمەی کە گەیشتۆتە ئەوپەڕی داڕزیوی خۆی بە قازانجی خودی ژنان وجەماوەری بێ بەشەوە،ئەوە دەبوو دەمێک بوایە ژیانی خەڵکی بەریتانیا لە سایەی مارگریت تاتشەر و هەموو ئەو وڵاتانەی سەرۆکەکانیان ژنن لە رۆژئاوا ئەو ئاڵوگۆڕە ڕیشەیی یەمان بەدی بکردایە.دیارە دەورانێک پێگەی ژنان بە پاڵپشتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و گشت بزوتنەوە رادیکالەکانی ترەوە ڕۆڵ و گرینگی مێژوویی خۆی هەبووە .بەڵام لە هەلومەرجی وەک ئەمڕۆی ئوسترالیا هیچ ئاڵوگۆڕو وەرچەخانی سەڕسورهێنەر بەی دوادا نایەت .بۆیە نابێت جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان توشی خۆش خەیاڵی ببن بە پڕوپاگەندەکانیان.چونکە بۆرژوازی و سیستەمە سەرمایەداری یەکەی بە ووتەی لینین لەوتەی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و گەیشتۆتە قۆناغی گەندەڵی خۆی بە دوو شێوە فەرمانڕەوایی دەکات. یان دکتاتۆری ڕەهاو بێ پەردە وەک دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵات ،یانی بە شێوەی تەفرەدان و پەیمان و بەڵێن دان .
__________________________________________________
* تێبینی: مەبەست لەم نوسینە بۆ زانیاری زیاتر و ئاشنا بوونی خوینەرانی کورد زمانە بە گشتی و پەنابەران و کۆچپێکردوانی کوردستانە لە ئوسترالیا بە تایبەتی.دیارە وەک بەرچاو دەکەوێت بەشێکی زۆری ئەوانە بە پێی پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتییان دەبنە بەشێک لە چینی کرێکاری ئوسترالیا بۆیەش پیویستە تێکەڵ بن بە خەبات و ناڕەزایەتی یەکانیان لە پێناوی ژیانێکی باشتردا.
 

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا