٩\٨\٢٠١٧
ڤێنزویەلا و دوو
تێبینی.
زاھیر باھیر
ڤێنزویەلا ئەو وڵاتەی کە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات و دواجاریش
چاریکی نییە جگە لە ڕادەستبوونی خۆی نەبێت بە ھێزی موعارەزەی ئێستا کە
سەر بە ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوایە و چارەنوسیشی تەسلیمبوونە بە
سیاسەتی ئابوریی نیو-لیبراڵی ئەوان.
سەردەمی 'ھیگۆچافیز' بەتایبەت تا ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ ڤێنزویەلا وڵاتێک
بوو کە ژیانی ھەرە زۆرینەی خەڵکەکەی لە ھەموو ڕویەکەوە باشتر بوو نەک
لە وڵاتانی دیکەی ئەمەریکای لاتین ، بەڵکو لە ھەموو وڵاتانی دونیاش.
لەو وڵاتەدا بێکاری نەمابوو ، خویندن و چارەسەری نەخۆشی بەلاش بوو
ڕێژەی بڕی بەرکەوتنی خەڵکەکەی لەبەرانبەر دکتۆردا لە سای سیاسەتی نەوت
دان بە کوبا لە بەرانبەر دکتۆرا، لە ھەموو شوێنێکی دیکە کەمتر بوو،
ڕیژەی مردنی منداڵانی ساوا و ئافرتانی دووگیان ساڵ بەساڵ کەم دەبووە،
ڕیژەی نەخوێندەواری بە تەواوی ھاتە خوارەوە تەنانەت ئەوانەشی کە
تەمەنیان ٨٠ ساڵ و لەسەر و ئەوەشەوە بوون فێری خویندنەوە و نوسین کران
. 'چافیز' خۆی بە دوو پاسەوانەوە زۆر جار سەردانی شوێنە ھەژارەکان و
شوێنەکانی سەرکار و شوێنی دیکەی دەکرد تاکو بزانێت ژیانیان چۆنە و
داخوازیشیان چیبە ، ئەمە جگە لەوەی ھەموو ڕۆژانێکی یەکشەمەش
بەرنامەیەکی لە ڕادوێدا ھەبوو بۆ پرسیاری خەڵکی و وەڵامدانەوەیان.
وڵاتێک بوو کە بەندیی سیاسیان نەبوو.
بە تێپەڕینی وەخت و مردنی 'چافیز' و دواتریش لەکارکەوتنی کاسترۆ و
مردنی، کە پایەیەکی گەورە بوو بۆ چافیز و ڕژێمەکەی ھەروەھا ھاتنی
قەیرانی ئابووریی و قوڵبوونەوەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری خۆی لەسەر
وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت کە ڤێزویەلاش یەکێک بوو لێیان، دانا، ئیدی
ژیانیش لەوێ گۆڕا. بارودۆخی خەڵکی بەرەوخراپی ڕۆیشت ، بەتاڵە زیادیکرد
، ئاستی بژێوی و ژیانی ھاووڵاتیانی ھاتە خوەارەوە ، تاوانکردن چووە
سەرەوە تا ئەو ڕادەیەی کە ڤێنزویەلا بەو وڵاتانە دەژمێررێت کە زۆرتریین
ھاووڵاتی تیادا دەکوژرێ و بەرەو خراپتریش دەڕوات.
لێرەدا دەبێت تێبینی ئەوەش بکەین کە چەندێک ئەم بارودۆخە لە خراپی و
داڕمانا بێت ، ئەوەندەش لە بەرژەوەندی موعارەزیە کە زۆر بە باشی و بە
پشتی ئەمەریکا و میدیای ئەمەریکا و بریاتانیا زۆر چاک ئەوەی کە ڕوویدا
و ڕوودەدات ئەم موعارەزەیە وریایانە ، قۆستییەوە و بەکاریھێنا تا ئەو
ڕادەیەی کە زیاتر لە مانگێکە خەڵکانێکی زۆر دەکەونە سەر شەقامەکان و
خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرانبەر بە حکومەتی ھەنووکە ،دەردەبڕن و تا
ئێستاش نزیکەی ١٠٠ کەس لەوێدا کوژراوە بێ لە برینداربووان و گرتنی
کەسانی دیکەو سەرکردەکانی موعارەزە . لە دوێنی شەوەوە ، ٠٧/٠٨ ،
بارودۆخەکە بەرە و خراپتر ڕۆیشتووە پاش ئەوەی کە دەستەیەکی چەکداری ،
کە من باوەڕم وایە ئەوە ناوکێکە بۆ دروستکردنی جەنگی ناوخۆ ئەگەر
حکومەتی ئێستا دەست لەکار نەکێشیتەوە یاخود لانی کەم بانگەشەی
ھەلبژاردنی گشتی نەکات، ھەڵیان کوتایە سەر سەربازگەیەک.
لە ھەفتەی ڕابوردوودا کە ڕاپرسی گشتی لەسەر ھەموارکردنەوەی دەستوور و
تەعدیلکردنی کرا بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەتەکەی، کە
بەرەو دیکتاتۆرییەتی دەبات، ئەوەندەی دیکە بارودۆخەکە خراپتردەکات،
ھاوکاتیش سیاسەتی دووفاقەیی بێ شەرمانەی ئەمەریکا و بریتانیا بە تەواوی
دەرخست .
ئەوەی کە ئاشکرایە دەستتێوەردانی ئەمەریکایە لە کاروباری ناوخۆی
ڤێنزویەلا و یارمەتیدانی موعارەزە و توندکردنەوەی خەڵکەکەی لە ڕێگای
میدیاوە دژ بە نیکۆلاس مادورو و حکومەتەکەی.
ئەمەریکا دەڵێت کە حکومەتی ئەوێ کۆنترۆڵی ھەموو شتێکی کردووە و
حکومەتێکی بیرۆکراسی، دیکتاتۆرییە و ڕێگا نادا کە موعارەزە بێتە سەر
حوکم ئەمە لە کاتێکدا کە حکومەتی ئەوێش وەکو ھەموو حکومەتە "
دیمۆکراتییەکانی " دیکە لە ڕێگای ھەڵبژاردنەوە جڵەوی دەسەڵاتی گرتۆتە
دەست.
کاتێک کە ئەم ھەڵوێستەی ئەمەریکا دەبینین، گەر بە ئاگا نەبین لە
سەراپای سیاسەتی ئەمەریکا ، بەھەڵەدا دەچین و دەکەوینە داوەکەیانەوە.
بەلام کاتێک کە دەبینین تورکیا چی دەکات نەک ھەر بە کورد بەڵکو بە
سەرجەمی موعارەزەی ئەوێ و ڕاپرسیشی کرد لەسەر فراوانکردنی دەسەڵاتی و
کردنی ڕەفتار فاشیانە و درێژکردنەوەی سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب بۆ ساڵی
٢٠٢٩ و پەیوەندی گەرمی لەتەک داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی دیکە و
یارمەتیدانیان و زۆری تر لەمانە کەچی نە ئەمەریکا و نە بریتانیا،
ھیچیان سەرزەنشتیشیان نەکرد، ئیدی لەوەی گەڕێ کە دژایەتی بکەن و
یارمەتی موعارەزەی ناوخۆی تورکیا بدەن و ھانیانبدەن. یاخود ھەڵوێستی
ئەمەریکا لە وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعودییە نەک ھەر سادەترین
دیمۆکراتیەت و ئازادیی لەوێدا نییە بەڵکو دەستی لە کوشتنی ھەزارەھا
ھاووڵاتی یەمەنی و وێرانکردنی خاکەکەشیانا، ھەیە، ئەمە جگە لەوەی کە
کارگەی دروستکەری گروپە تیرۆریستەکانی دونیایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا
و بریتانیا ھیچی پێناڵێن، بگرە کۆمەکیشی پێدەکەن و بارگە و کۆنتراکتی
چەک و تەقەمەنی و تەیارەی جەنگیشی لەگەڵدا دەبەستن. لە ھەڵوێستیانا
بەرانبەر حکومەتی کینیاش کە لە ھەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٧ دا زیاتر لە ١٢٠٠
کەس کوژرا و لە سەرو ٢٠٠٠ کەسیشەوە بریندار کران کەچی بۆ ئەمان " یار
باقی و سوعبەت باقی" بەردەوام بوو. ھەر دوور نەڕۆین ئەمەریکا و
بریتانیا ھەردوکیان، ھیچ ھەڵوێستێکیان بەرانبەر حکومەتی ھەرێـم نەبووە
سەبارەت بەوانەی کە تیرۆرکراون یا دەکرێن. ئە ئەمەیە سیاسەتی دووفاقەیی
بریتانیا و ئەمەریکا ھەر لەبەر ئەمەش دەبێت زۆر بە ئاگاوە تەماشای
ھەڵوێستی دەستتێوەردانیان یا ھاریکارییان لەگەڵ ھەر گروپێکی موعارەزەی
ھەر وڵاتێکدا، کە ھەیە، بە ھێزەکانی ڕۆژاواشەوە، بکەین.
تێبینی دووھەم لەسەر ڤێنزویەلا ئەوەیە کە ئەمیش چووە ڕیزی ئەو زنجیرە
وڵاتانەی کە لە لایەن چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبە کرێکارییەکانەوە
دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. لەم بارەشدا ئەو ڕاستییەی جارێکی تر
سەلماندەوە کە ھەرچەند ڕادیکال و پەیامەکانت، مانۆفێستەت، مرۆڤانە و
سۆشیالیستانە بێت، بە گرتنە دەستی دەسەڵات، وردە وردە ئەو دروشمانەت
کاڵ دەبنەوە تا ئەو ڕادەیەی کە دەسەڵات دمەکەی دیکەی دەخاتە گەڕ کە
دیکتاتۆرییەت و کوشتن و گرتنی موعارەزەکەی دەبێت.
بە خاوەندرێتی کردنی دەوڵەتیی کەرەسەکانی بەرھەمھێنان و کۆمپانیاکان ،
کە بە پرۆسەی کەرتی گشتی، واتە موڵکی گەل ناسراوە ، لەناو دونیای
سیستەمی ھەنووکەدا یا ئەوەتا دەبێت لەناو بچیت، یاخود خۆی ڕادەستی
کاپیتاڵیزم بکات. ھۆکارەکەش ئاشکرایە کە بۆچی، ئەویش ھەرچەند دەوڵەتەکە
بەناو ڕادیکاڵ و سۆشیالیست بێت بەڵام ھێشتا بە سەدەھا ئەڵقەوە بە
سەرمایەداریی دونیاوە گرێدراوەتەوە و گەر لەو بازنەیە دەرچێت، لە لایەن
کۆمپانییە گەورەکان و دەزگە دراوییەکانەوە بە ئاسانی لووش دەدرێت.
ئەم ڕوداوو و ئەزموونەی ڤێنزویەلا مێژویەکی درێژی ھەیە کە ھەر لە
سەردەمی ھاتنی بەلەشەفییەوە لە ڕوسیا بۆ دەسەڵات، تا ئێستاش ھەر
بەردەوامە.
ھەر ئەم ھۆکارەش بوو کە بیردۆز، یا بیریارە ئەنارکیستەکان لەسەردەمی
مارکس دا زۆر لە خۆبڕاوانە جەدەلی ئەوەیان لە گەڵ مارکس و ھاوڕڕێکانیان
دەکرد کە سۆشیالیزم لە ڕێگای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە جا بە ھەر بیانو و
پاساوێک بێت، نایەتە کایەوە.
ئەنارکیستەکان بۆ خۆلادان لەم گرفتە و بنەبڕکردنی دەسەڵات و کۆمەڵی
قووچکەیی و چەوساندنەوە، دژایەتی ھەموو جۆرەکانی دەسەڵاتیان کردووە و
دەکەن، باوەڕیان بەوە ھەبووە و ھەیە کە دەبێت ھەموو شتێک لەلایەن خودی
خەڵکەوە خاوەندارێتی لێبکرێت و خۆیان خاوەنی بڕیارەکانی خۆیان بن و
خۆشیان جێبەجێکەری بن لە ڕێگای کارکردن بە ھەرەوەزیی و ژیانی
ھەرەوەزیانەوە ، واتە بە کۆمەڵایەتیکردنی ھەموو شتێک و بەشداریکردنی
ھەموو کەسێک و لێپرسینەوەش لە لایەن ھەمووانەوە.
٨\٨\٢٠١٧
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|