په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٨

وانەیەکی بە سوود.

محەمەد بەرزی     

 
منداڵە خۆشەویستەکان.. رۆژێک لە رۆژان پیاوێکی بازرگانی زۆر دەوڵەمەند، کوڕەکەی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ گەشتێک، مەبەستی باوکەکە تەنها ئەوە بوو کوڕەکەی لە نزیکەوە چاوی بە ژیانی خەڵکی هەژار و بێبەش بکەوێ. پاش ماوەیەک رێگایان گەیشتە گوندێک و چەند رۆژێک لە ماڵی خێزانێکی رەنجبەری هەژاردا مانەوە، کە هەموویان لە ناو کێڵگەیەکداسەرقاڵی جوتیاریی و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئیشوکار بوون.


کاتێک لە گەشتەکەیان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، باوکەکە لە کوڕەکەی پرسیی:
- ئەم گەشتەت بە لاوە چۆنبوو؟
کوڕەکەی لە وەڵامدا گوتی:
- زۆر زۆر خۆشبوو.


ئنجا باوکی گوتی:
- خۆ بە چاوی خۆت بینیت ئێمە چۆن دەژین و خەڵکی هەژار و داماویش چۆن چۆنیی دەژین؟
کوڕەکەشی زۆر لەسەرخۆ گوتی:
- بەڵی بابە گیان.


پاشان باوکی وتی:
- دەی باشە چی لەو گەشتەوە فێربووی؟
کوڕەکەشی لە وەڵامدا گوتی:
- ئەوەی بینیم زۆر شتی فێرکردم. ئێمە تەنها یەک سەگمان هەیە، بەڵام ئەوان خاوەنی چوار سەگ بوون. ئێمە لە باخچەکەماندا مەلەوانگەیەکی بچکۆلەمان هەیە، بەڵام ئەوان چەمێکی درێژی بی کۆتاییان هەیە. ئێمە خانووەکەمان بە گڵۆپ رازاندۆتەوە، بەڵام ئەوان ئەو هەموو ئەستێرانەیان هەیە، کە تا بەری بەیان بۆیان دەجریوێنن. ئێمە کۆتایی حەوشەکەمان تا ئاستی دیواری دەرەوەیە، کەچی ئەوان هەموو ئاسۆی بێ سنوور حەوشەیانە. ئێمە لەسەر پارچە زەوییەکی بچکۆلانە دەژین، بەڵام ئەوان تا چاو بڕکات کێلگەیەکی گـــەورەی بێ کۆتاییان لـەبەردەمە. ئێمە خزمەتکارمان هەیە و خزمەتمان دەکەن، بەڵام ئەوان خزمەتی خۆیان و خەڵکیش دەکەن. ئێمە دیوارەکانمان دەمانپارێزن، کەچی ئەوان هاوڕێیەکانیان دەیانپارێزن.

باوکەکەی.. هەرئەوەندەی گوێی لە قسەکانی کوڕەکەی بوو، وا حەپەس؛ ئیتر هیچی بۆ نەگوترا.

پاشان کوڕەکەی سەرلەنوێ بە باوکی گوت:
- سوپاس باوکە گیان، کە بۆت دەرخستم ئێمە چەند هەژارین.

 

* * * * *

 

منداڵە ژیرەکان ئەم چیرۆکە پێماندەڵێ: پارە و سامان و کۆشک و تەلار، سەرچاوەی بەختیاریی نیین، بەڵکو سەرچاوەی راستەقینەی کامەرانیی بریتییە لە خۆشەویستیی.. دڵنەرمیی.. راستیی.. برایەتی.. یەکێتی.. یارمەتیی.. چاکە و چاوتێریی...
_______________________________
تێبینیی: ئەم چیڕۆکەم لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە.

 

 

mkbarzy@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک