په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١٥

وەڵام بە پرسیارەکانی خاتوو ''ھەڵاڵە رافیع''.

 

هەژێن


ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع) وەك زۆربەی کادیرەکانی هێڵی ڕامیاریی "کۆمونیزمی کرێکاری" لە هێرشێکی گەلەکۆمەکێکدا بۆ سەر باڵەکانی (پەکەکە)، بابەتێکی بە تایتڵی " بێ شیکردنەوە، چونکە زۆر شت ڕوون و ئاشکرایە، تەنها چەند پرسیارێک " نووسیوە و لە سایتی (هاوپشتی)دا بڵاویکردووەتەوە. منیش ئەم پیشنیوەرۆیە، بێجگە لە ڕاکێشکرانم بۆ وەڵامدانەوە، کۆمەڵێك پرسیار و سەرنجی دیکەی لە لای من دروستکردن و منیش لێرەدا هەوڵدەدەم هەم وەڵام بە پرسیارەکانی ئەو بدەمەوە و هەم سەرنج و پرسیارەکانی خۆم ئاراستەی ئەو خاتوونە بەڕێزە بکەم.


پێشەکی من ئەندامی ھیچ پارتییەك نیم و لە ھیچ سەردەمێکیشدا لایەنگری (پەکەکە) نەبووم و بڕواشناکەم ئەو ڕۆژە بێت، کە من ببمە ئەندامی (پەکەکە)، نەك لەبەرئەوەی کە (پەکەکە) لە پارتییەکانی دیکە خراپتر بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی کە هیچ پارتییەك نە (چەپڕەو) و نە (ڕاستڕەو) و نە (میانەڕەو)، نە (پارلەمانچی) و نە (کودەتاچی) و نە ("پێشرەو"چی) و نە (مژدەبەخش) پەسەندناکەم و پارتایەتی بە ئامرازی فریودانی خەڵکی خۆشباوەڕ بۆ ڕامیاران دەزانم. ھەر لەبەرەوە وەك هەر کەسێكی دیكە وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە گرنگدەبینم و هاودەم ھەست بە ناڕۆشنییەك یان ھەست بە بوونی ھاندەری ئایدیۆلۆجی لە چۆنییەتی ئاراستەكردنی پرسیارەكاندا دەكەم.


پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خاتوو (هەڵاڵە)، پێویستە ڕۆشنایی بخەمە سەر پێشەکییەك، کە ئەو بۆ ئاراستەکردنی پرسیارەکانی دایڕشتووە. بەبۆچوونی من پێشەکییەکەی ناڕۆشنییەکی زۆری دروستکردووە و دەشتوانم بڵێم هوشیارانە ئەو کارەی کردووە، تاوەکو لەوێوە سەرنجی خوێنەر بە پرسیارەکانی بەرەو شوێنێك کە خۆی ئامانجییەتی ڕاکێشبکات.


ئەو دەنووسێت:
"سەرەتا خەڵکی کوردستانی سوریاو کۆبانی پێشڕەوی مێژوویان کرد، ژنان پێناسەی تازەیان بۆ ڕۆڵ و جێگاو ڕێگای ژن کردەوە.
یاساکانی جەزیرە شایستەی پشتیوانە و لایەنگریە.
لەوانەشە هەندێک لە بڕگەکانی بەرنامەی هەدەپە شایەنی پشتگیری بێت!".


خوێنەری هێژا، لێرەدا بۆ کەمکردنەوەی درێژدادڕیی، خۆم لە ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕێزمانی و داڕشتنی بابەتەکەی ئەو بەڕێزە لادەدەم، بۆ نموونە ڕستەی سێیەم، کە تێدا (هەندێك لە بڕگەکانی) و کۆن و (شایەنی پشتگیری بێت) تاکە. ئەگەر لەوە بگوزەرێم، ئەوا وێڕای هەموو ناکۆکییەکم لەتەك پارتایەتی، بەبۆچوونی من پێشڕەوییەکانی "ڕۆژاوا" لە ئاڵوگۆڕە هزرییەکانی ئۆجالان و (پەکەکە) و پێشنیارکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەك ئەڵتەرناتیڤ لەلایەن ئۆجالان و (پەکەکە) دابڕاونین و ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانانەن، کە لەواندا ڕوویانداوە، چونکە ئەگەر خۆمان لەو کەتوارە گێلنەکەین، ئەوا هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین، کە زۆرینەی خەڵکی ڕزگاریخواز و بەرهەڵستکار لە "باکوور" و "ڕۆژاوا" لەژێر کارایی تێڕوانینەکانی (پەکەکە)ن. هوشیاریی جێندەریی ژنان و ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتیی و مافیی و ئابووریی و سەربازییان لەو کاراییەوە سروشیوەرگرتووە و یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە جەزیرە شتێکی تازە نییە و دوو ساڵە لە کانتۆنکانی ڕۆژاوا کارییان پێدەکرێت، تەنیا جیاوازییەك کە ڕوویداوە، ڕاگەیاندنییەتی لە ئاستی جیهان و هەرێمییدا. دیسانەوە ئەوە نیشانەی نانێونەتەوەییبوونی چەپەکانی عیراق و ئێرانە، کە ئاگایان لە ڕووداو و گۆڕانەکانی کۆمەڵەکانی دراوسێ نییە، کە ئەو ئاگادارنەبووەش سەرەنجامی دۆگمای ڕامیاریی و گۆشەگیریی ئایدیۆلۆجییە، ئەگینا هیچ پاساوێکی دیکەی نییە.


بێجگە لەوە لە باکوور بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هێندە بەهێزن، کە بەراورد بە ئامانج و داخوازیی ئەوان، بڕگەکانی بەرنامەی (هەدەپە) بەشێکن لەوان. بەواتایەکی دیکە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە باکوور و ڕۆژاوا زۆر لەوە زیاترە، کە لە میدیای سانسسوورکراوی پارتییەکان و دەوڵەکانی ناوچەکەوە بە گوێی کوردانی باشوور دەگات. بۆ نموونە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین دەستەی لێکۆڵەر لە کەس و گروپە سۆشیالیستەکان سەردانی باکوور و ڕۆژاوا و چەندین کۆڕ و مشتومڕی بەردەوامیان بەڕێخستووە و وەك ئەزمونێکی شۆڕشگێرانەی پاش ئەزموونی زاپاتیستەکان دەیبینن و ئومێدی داهاتوویەکی گەش و بەردەوامیان پێوە گرێداوە. ئەوە چەپی کوردە، کە بێجگە لە پەرتووکە پیرۆزەکانی خۆی، بێجگە لە وتارە سواوە ڕامیارییەکانی خۆی، بێجگە لە بیرۆکە نەزۆکەکانی خۆی، بێجگە لە دروشم و تاکتیکە نادروستەکانی خۆی، لە دونیای دەرەوەی خۆی هیچ نابینێت. بەڕاستی بەدبەختییە کە دروشمی هاوپشتی جیهانی بەرزبکەیتەوە و لە ئەوە ئاگادارنەبیت کە لە چەند سەد کیلۆمەترێك ئەولای گوند و شارەکەی خۆت چی ڕوودەدات و چی هەیە!


"گەر بارودۆخ ئاسایی بێتەوە و پەكەكە دەسەڵات بگرێتە دەست لە كوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی كە وەك قارەمان دەناسران لە سەنگەرەكاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەكسانەیان دەبێت لە مەیدانە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەكاندا؟".

 


بەڕاستی پرسیارێکی سەیرە، ئەگەر کەسێکی ئەمەریکای لاتین یا ئەفەریکا نیوەی یەکەمی ئەم پرسیارەی بکردایە، کەمێك ئاسایی بەرچاودەکەوت. بەڵام بۆ کەسێك کە لە هەرێمێکدا لەدایکبووبێت و بژی، کە خەڵکەکەی هاوزمانی یا هاودەردی خەڵکی "ڕۆژاوا"ن، ئیدی پرسیارەکە لە شۆخیکردن یا خۆگێلکردن واوەتر دەچێت. ئاخر مەگەر لە ڕۆژاوا بێجگە لە باڵی ڕۆژاوای (پەکەکە / پەیەدە) کێ هەژموون و دەسەڵات و دەستپێشکەری هەیە، تاوەکو گومان و ئەگەری ئەوە بەگریمانە بگرین، کە پاش ئاساییبوونەوەی بار و دۆزخەکە بۆی هەیە (پەکەکە) دەسەڵاتی هەبێت و ژنانی جەنگاوەر بنێرێتەوە ماڵ؟


ھەرچەندە ئەم پرسیارە تازە نییە و لە داگیركردنی (شەنگال) و ھاتنی ھێزەكانی (یەپەژە) و دواتر لە بەرەنگاریكردنی ژنانی (كۆبانێ)دا چەندبارە بووەوە، بەڵام ئەگەر ئایدیۆلۆجیا بواری دیتنی كەتوارمان لێ نەگرێت، ئەوا ئەو پرسیارە زۆر نابەجێ و زیادەیە. چونكە ئەو گۆڕانە لەنێو خودی (پەكەكە)وە سەریھەڵداوە و پەیوەندی بە گۆڕانی بنەڕەتی بیركردنەوە و تێڕوانینی ئۆجەلان و (پەكەكە) ھەیە و لە (قەندیل) دەستیپێكردووە و چەند ساڵێك پێش ڕاپەڕینەكانی سوریە و ڕزگاربوونی "ڕۆژاوا" دەستپێكردووە. لەو بارەوە دەتوانین ھەم لە گۆڕانە ھزرییەكانی (ئۆجالان)دا كە خێراكەری ئەو گۆڕانانەن و ھەم لە پێكھاتنی لەشکری سەربەخۆی ژنان لە (قەندیل) بە تێڕوانینێكی فێمینیستی ئازادخوازانەوە و ھەم كۆڕی فێمینیستانی ئازادیخواز لە قەندیل، كە بە ھەزاران مایڵ و چەندین دەھە لە پێش فێمینیستانی ھەرێمی كوردستان بە ژنە كۆمونیستەكانیشەوەن، پێشینەی ئەو وەرچەرخانە پۆزەتیڤەی "ڕۆژاوا" ببینین، ئەگەر چاویلکەی یەكڕەنگبینی ئایدیۆلۆجی فرێبدەین.


سەرنجڕاكێشترین شت لەو پرسیارەدا ئەوەیە، كە ھەموو دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و ھەموو میدیای جیھانی لەسەر ئەوە پێداگریی دەکەن، کە (پەیەدە) یەکێکە لە باڵەکانی (پەکەکە) و ئەوەی لە "ڕۆژاوا" ڕوویداوە و ڕوودەدات، ئەزموونکردنی بیرۆکەکانی (ئۆجالان)ە و بەکردەوە جەنگاوەرانی (یەپەژە) سوێندی پابەندمانەوە بە بیرۆکەکانی "سەرۆك ئاپۆ" دووپاتدەکەنەوە، کەچی نووسەری ئەم پرسیارانە وەك لە ئەستێرەیەکی دیکەوە ھاتبێت، دەپرسێت " ئەگەر پەکەکە دەسەڵات بگرێتە دەست لە کوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی کە وەک قارەمان دەناسران لە سەنگەرەکاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەکسانەیان دەبێت لە مەیدانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەکاندا؟".


هەرچەندە پرسیارەکە لە ڕووی داڕشتن و ڕێزمانەوە هەڵەیە، من بەپێچەوانەی نووسەری ئەو پرسیارانە، بە جۆرێكی دیكە بە دروست دەزانم و دادڕێژمەوە؛ ئەگەر ئۆجالان بیركردنەوەی وەرگۆڕێ و لەو تێڕوانینە ئازادیخوازانە پاشگەزبێتەوە، ئایا زۆرینەی ئەو ژنانە هەر وەك ئێستا پابەندی ھەمان تێڕوانینی ئازادیخوازانە دەمێننەوە؟ ئەمە شتێکە کە من زۆر ترسم لێی هەیە، چونکە ئۆتوریتە و پارتایەتی هەردەم مەترسی گەورەن بۆ سەر بزووتنەوەکان و لە ڕێگەی هەژموونیانەوە توانای بەلاڕێدابردنیان هەیە، بۆ نموونە هەم تاڵەبانی - (ینک) و هەم ئۆجەلان – (پەکەکە) کاراییان لەسەر ڕاگرتن و پاشەکشێی خۆنیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٤ی کوردستانی بەشی عیراق و خۆنیشاندانەکانی ساڵی پاری کوردستانی بەشی تورکیە هەبوو، ئا لێرەوەیە من دژایەتی هەموو کارێزمابوون و هەموو پارتایەتییەك دەکەم. لەو بارەوە هەمووان دەزانن کە ڕامیاریی لەپێناو بەرژەوەندیدایە و بەرژەوەندیی کەسی و گروپی کەسەکانیش لە سەرووی هەمووانەوەیە.


ھەڵبەتە نامەوێت بڵێم ژنان بەخۆیان خۆھوشیار نین و ژنان لە "ڕۆژاوا" بەرکارن، نەخێر. بەپێچەوانەوە سەرەتاکانی گۆڕانی تێڕوانینی (ئۆجەلان) لەبارەی پرسی ستەمی ڕەگەزیی و ستەمی کولتووریی و ئێتنیی و دەوڵەتەوە زۆر ڕادیکاڵن و لە دۆگمای (لێنینیزم)ەوە بەرەو (ئازادیخوازیی) ڕۆییشتوون و هەر ئەوەشە بووەتە مەشخەڵی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، کە کوژاندنەوەی تەنانەت بۆ (پەکەکە)ش ئەستەمە. لەو بارەوە تەنیا گرفتێك کە بووەتە دڵەخورپەی من، كێشی كەسایەتی (ئۆجالان) و كارایی نیگەتڤیەتی لە باری وەرگۆڕان (وەرگەڕانەوە)دا، هەڵبەتە ئەمەش هەر ئاوا بەئاسانی نییە، چونکە پرسەکە بە چەند پاگەندە و خاڵێکی پەیڕەوی ناوخۆی پارتییەکەوە بەرتەسکنابێتەوە، بەڵکو بە کۆی گۆڕانی جیهانبینی (ئۆجەلان) و یارانییەوە پەیوەستە.


"ئایا گەر هەدەپە سەركەوتن بەست بێنی، لەبەرژەوەندی كۆمەڵگای كوردی دەێت بۆ دەستەبەركردنی ئازادی و یەكسانی و تا پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەوڵەتێكی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟".


ڕاستییەكەی من نووسەری ئەو پرسیارانەم ئاوا نەناسیوە و لە كردنی ئەم پرسیارە سەرمسووردەمێنێت. دەكرا تەنیا نیوەی یەكەمی پرسیارەكی بكات، كە بە تێڕوانینی من وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە فرە لایەنەیە و ناتوانرێت بە [ئا] و [نا] وەڵامبدرێتەوە. چونكە بەگوێرەی یاسای خۆھەڵبژاردنی پارتییەكان و كەسەكان خودی بەشداریكردنی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن (هەدەپە)وە قومارێكی زۆر گەورە و مەترسیدارە، لەبەرئەوەی كە لە دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوودا، پاش كودەتا سەربازییەكە بۆ بەربەستكردنی هەژموونی بەرەی چەپ لە توركیە، یاسای ڕێژەی پێویستی دەنگ بۆ چوونە پارلەمان و ھەروەھا گۆڕینی سەرۆك و سەرۆك شالیاران، (١٠%) دەنگ كرایە پێشمەرج، كە بەوەش نەبردنەوەی (ھەدەپە) دەبێتە گەورەترین دەستكەوت و پاڵپشت بۆ (ئاكەپە) و (ئەردۆگان) و بەوە دەنگەكانی (ھەدەپە)ش دەچنە سەر كۆی دەنگەكانی (ئاكەپە و ئەردۆگان) و ئەو كات ئیدی ئیمپراتۆر و پارتییەکەی بەئاسانی دەتوانن یاسای بنەڕەتی ئیسلامیزە بكەن و ڕووی كەمالیستەكان و كودەتاچییەكانی دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوو سپیبكەنەوە. هەرچەندە ئێستا دەربڕینی ئەم بۆچوونە ھەم سوودی نییە و ھەم درەنگە و دەشتوانێت لە خزمەتی كەمپانییەكەی (ئاكەپە) و (پدک) بێت، ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە پرسیارەكەی خاتوو (ھەڵاڵە)ش دەكەوێتە خزمەت ڕامیاریی و پاگەندەی (پدک) لە ھەرێمی كوردستاندا.


بە بۆچوونی من، جێكەوتەبوونی ئازادی و یەكسانی پەیوەندی بە بەدەسەڵاتگەییشتنی ڕامیاران و پارتییەكان و بردنەوەی دەنگدانەكان و كودەتای سەربازییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە خۆھوشیاری تاكی نەدار و بێدەسەڵاتەوە ھەیە، كە بە بایكۆتکردنی دەنگدانەكان و چۆڵكردنی ڕیزی پارتییەكان و خۆڕێكخستنی ھەرەوەزییانە و خۆبەڕێوەبەریی گەلیانە دێنەدی، واتە بە بەجێخستنی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ دینەدی. بەڵام لە بارەی بەشی دووەمی پرسیارەكەیەوە، منی تووشی سەرسوڕمانكردووە.


"تا پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟".


بەداخەوە کە خاتوو (ھەڵاڵە) لە ئامانجی ھێزە (پەکەکە)ییەکان چ لە شاخ و چ لە پارلەمان ئاگادار نییە، کە دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە و جیابوونەوەی کوردستانش بە تێگەییشتنی کلاسیکیانەی (پدک) و (ینک) و (حککک) ڕەتدەکەنەوە و ئەوان باوەڕیان بە پێکەوەژیانی گەلان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنی خۆبەرێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان (ئوۆتۆنۆمییەکان)دا ھەیە، کە ڕەتکردنەوەی دەوڵەتە چ ئایینی و چ سێکیولار، چونکە دەوڵەت تەنیا ئامرازی سەرکوتکردنە، نەك ڕزگارکردن بەو جۆرەی کە نووسەر لێی تێگەییشتووە.


لێرەدا نامەوێت بچمە سەر پرسیارکردن و قسەکردن لە " دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی " و بێبنەمایی و پووچگەرایی وەها پاگەندەیەك و کۆڵەکەبوونی ئایین بۆ هەموو دەوڵەتەکان تەنانەت لەو دەوڵەتانەشدا کە نووسەر جیا لە ئایین دەیانبینێت. بەڵام ئایا دەوڵەتە کرێکارییەکەی ئەوان لەوەدا کورتدەبێتەوە، کە " دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی " بێت؟ ئەی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتیی کرێکاران لەو "دەوڵەتەی پارتی پێشڕەو"دا چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی ئەگەر لە عیراق و سوریە و ئێراندا دەوڵەتێکی وەك دەوڵەتی سوید و بریاتانیا و ئاڵمانیا یا کوبا دامەزرا، ئایا پرسی چینایەتیی کۆمەڵ چارەسەردەبێت و ئیدی لە سایەی دەوڵەتە خوازراوەکەی نووسەردا گوڕگ و مەڕ دەبنە "برا"ی نەتەوەیی؟


ئەگەر لەو سەرنجانەی سەرەوەش بگوزەرێم، ئایا دەکرێت ئێمەش بزانین سیستەمی ئابووریی دەوڵەتەکەی نووسەر " دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی "، چۆنە و بە کامە مۆدیل و شێواز لە ڕێکخستنی ئابووریی / ژێرخانی کۆمەڵ پشتدەبەستێت؟


ئایا دەکرێت بزانین دابەشکردنی دەسەڵات لەو دەوڵەتەدا چۆنە، ڕۆڵی تاك چییە، ئازادی و یەکسانی تاکەکان و ئێتنییەکان و هەرێمەکان چی واتایەکیان دەبێت، میکانیزمەکانی ڕێکخستینی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ چین و چۆن دەبن، پارلەمانیی، سەربازیی، تاکپارتیی یا شتێکی دیکە دەبێت؟ جیاوازی ئەو دەوڵەتەی نووسەر لەتەك دەوڵەتی سێکیولاریستی تورکیە و دەوڵەتانی سێکیولاریستی ئەوروپا چییە؟


ھەڵبەتە بۆ خوێنەری ئازیزی ڕۆشنبکەمەوە، ئەم پرسیارانەی من لەبارەی دەوڵەتەکەی نووسەرەوە، کە وەك دروشمێکی ناوەڕۆك پووچی تاکتیکیی پارتییەکانی (ک.ک) تازە نین و ساڵی ١٩٩٦ لە کۆڕێکی تایبەت بە پێشنیارکردنی ئەو دەوڵەتە، ئەم پرسیارانەم ئاراستەی (خەسرەو سایە) کردن و لە وەڵامدا بێجگە لەوەی کە منی بە "چەپڕەوی منداڵانە" تۆمەتبارکرد، ھیچی نەگوت و تا ئێستاش ھەر بێوەڵام ماونەتەوە؟


"بۆچی یەکیەتی نیشتیمانی لایەنگری لە هەدەپە دەکەن؟".


ئەوە زۆر ڕۆشن و ئاشکرایە، لەوەتەی ڕامیاری و پارتایەتی ھەن ھەر ئاوا بووە، بۆ نموونە پێش ئەوەی (ینک) ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە بنکەی چەکداریی (حککع) بدات، زوومی گلەیی (حککع) لەسەر (پدک) و ناوچەی بادینان بوو، بەڵام پاش ئەو لێدانە و ڕەوکردنی ناچاریانەی (حککع) پاش جەنگێکی چەکداریی خۆتڕێن و چوونیان بۆ ھەولێر، ئیدی زوومی گلەیی (حککع) خرایە سەر (ینک) و (پدک) لە سایەیدا پاڵدایەوە و پرخەی بێخەمی دەستپێکرد.


بەڵێ ھەر لەسەر ھەمان بنەما و پێوەر (ینک)یش وەك ھەڵپەرستێك دەیەوێت (ڕۆژاوا و پەیەدە و ھەدەپە) بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت. بە بۆچوونی من ئەوە کڕۆکی ڕاستینەی پارتایەتییە لە ڕاسرتەوە بۆ چەپ، ئیدی ئەگەر هەلپەرستییە دروست و ڕەوا بێت، ئەوا دەبێت بۆ هەمووان دروست و ڕەوا بێت، ئەگەر نا، دەبێت بۆ هەمووان ناڕەوا بێت، نەك بانێك و دوو هەوا!


لەوە دەچێت، کە نووسەر ئاگاداری کۆبوونەوەی شەش لایەنە دەرکراوەکەی نێو (ئەنەکەسە) نەبێت، کە سەرانی (ینک) وەك هەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە، کەوتنە هەوڵی بانهێشتکردنیان بۆ سلێمانی، تاوەکو بە ڕەزامەندی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرەی سێیەمیان لێ دروستبکات و لە بەرانبەر (تەڤدەم)ی پەکەکە و (ئەنەکەسە)ی پارتیی، (یەنەکەسە)ی یەکێتی دروستبکرێت. دیسانەوە دەڵێی نووسەر هیچ کات و سەردەمێك لە هەرێمی کوردستاندا نەژیاوە و ئاگاداری ڕامیاریی زیاتر لە نیوسەدەی پارتییە ناسیونالیستەکان نییە، کە هەمیشە پشتیان بەو گوتە هەلپەرستانە و کۆنەپەرستانەیەی سەردەمی دەرەبەگایەتی بەستووە "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە"!


"ڕۆڵی ئێران لێرەدا چیە؟".


ڕۆڵی ئێران ئاشکرایە و پاراستنی هاوسەنگی هێزە لە بەرژەوەندی خۆی، لەلایەك لەتەك هەژموونی (ئاکەپە)ی سوننی کێشەی هەیە و لەلایەکی دیکەوە گرفتی لەتەك (پدک) بەرانبەر فەرمانداریی (شیعە) لە عیراق هەیە و بێجگە لەوەش پاراستنی ڕژێمی بەعسی سوری لە سوریە، یەکێکە لە پایەکانی ڕامیاریی ڕژێمی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوین.


ئەی ئێوە [پارتە پیشڕەوەکان] بۆ بەرگرتن بە هەژموون و پیلانگیڕیی و دەستتێوەردان و فشار و تەڕاتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا چیتانکردووە و چ هێزێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵخڕاندووە؟ ئەی ئێوە لە کوێی پرسەکانی ئەو هەرێمەدا وەستاون؟ ئێوە کە لە شوێنی ژیان و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتاندا بوون و هەژموونتان نییە، ئیدی کو دەتانەوێت "پڕۆلیتاریای جیهان ڕگاربکەن"؟


ئەی بۆچی پارتی دژایەتی هەدەپە دەکات؟


دیسانەوە ناچارم بڵێم پرسیارێکی نابەجێییە، چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت (پدک) وەك پارتییەکی ڕامیار لە هەژموون و هێزگرتن و کۆمەڵایەتییبونەوەی (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەت پاش هاتنی (هەپەگە) و (یەپەگە) و (یەپەژە) بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ و کاراییان لە پاراستنی خەڵکی ئاوارەبووی (شەنگال) و وەدەرنانی هێزەکانی داعش و بەرپەرجدانەوەی پیلانەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە لە هەرێمدا و سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و ڕاگەیاندنی یاسای یەکسانی ژن و پیا و یەکسانی هەموو کولتوور و ئێتنییەکان و ڕێکخستنی کۆمەڵ لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، (پدک) هەست بە مەترسییەکی کوشندە دەکات، هەروەها وەك دەسەڵات هاوپەیمانی و هاوبەرژەوەندیی لەتەك دەوڵەتی تورکیە و (ئاکەپە)ی فەرماندار هەیە و لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە بەشێکن لە سیستەمە جیهانییەیە، بەشێکن لە بازارئازادی نیئۆلیبراڵ، بەشێکن لە هاوکیشە ناوچەییەکان و حەسحەسی کۆمپانییەکانن. بێجگە لەوەش پێکهاتەی خێڵەکی سەرکردایەتی ئەو پارتییە، هەموو دەربازبوونێکی تاکەکان لە خێڵایەتی بە مەرگی خۆی دەبینێت.


پارتی دژایەتی (هەدەپە) دەکات، لەبەرئەوەی کە بردنەوەی (هەدەپە) بە واتای شکانی پایەیەکی ئیمپراتۆری نئیۆ-ئوسمانییەکان دێت و (پدک)یش وەك بەگلەرەکانی سەدەیەك لەمەوبەر، مانەوەیان بە مانەوەی ئیمپراتۆرییەکەوە بەستراوە. لەو بڕوایەشدام هەموو تاکێکی خۆهوشیار و وریای ئەو هەرێمە ئەو ڕاستییە دەزانێت و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە زۆرینەی نەیارانی (پدک) سیمبولی (هەدەپە) هەڵدەگرن.


"ئەوە بۆ لە پڕێکا پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە دەرگیربوون، وە ئایا ئەمە لەپڕێکایە یان پێشینەی هەیە؟ ئەم شەڕە بۆ ئەبێ ناوی براکوژی بێت؟ کەی برا بوون تا ئێستا براکوژی بکەن؟".


بە بۆچوونی من شەڕەکە کتوپڕ نییە و ئەگەر سەرنجی ڕووداوەکانی ساڵی پار بدەین و ڕووداوەکانی دەهەی ڕابوردوو و هەڵوێستەکان و بەرەکان و ئەمبەر و ئەوبەرکردنی لایەنەکان لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و هاوپەیمانییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەتەك دەوڵەتی ئێران و تورکیە و ڕژێمی بەعسی سوریە و هەڵوێستی (حدکا) و ڕۆڵی لە بەرانبەر ئەوەدا و بڕی چەند ملیۆنێك لەلایەن سەرۆكی هەرێم و پارتییەکەوە بۆ کەمپاینەکەی (ئاکەپە) و ڕۆڵی کاناڵەکانی (پدک) لەبارەی هەڵبژاردنەکان و کێشەکانی نێوان (تەڤدەم) و (ئەنەکەسە) و نێوان پارتییەکانی (ئەنەکەسە) و چوونی چەکدارانی (حدکا) بۆ سنووری هێزەکانی (پەکەکە)، بۆ تێگەییشتن لە پرسەکان و کێشە و گرفتەکان و پیلانەکان و دۆزینەوەی هۆکارەکان و هاندەرەکان و ڕێکەوتنەکانی پشتپەردە و ئامانجەکانی ئەو لەشکرکیشییەی (حدکا) لەم ساتەدا، زۆر سەرەداومان دەخەنە بەردەست.


بە بۆچوونی منیش ئەو جەنگە جەنگی "براکوژی" نییە، بەڵام بەو لێکدانەوەی خاتوو (هەڵاڵە) نا، نەخێر بە لێکدانەوەیەکی دیکە؛ یەکەم جەنگی خۆکوژیی ئەندامانی پارتییەکانە لەپێناو سەروەریی و بەرژەوەندیی چەند کەسێك لە سەرکردایەتی پارتییەکاندا، واتە جەنگی خۆکوژیی چەوساوانی ناهوشیارە. دووەم، لەو جەنگەدا تەنیا پیاوان قوربانی نین، بەڵکو ژنانیش قوربانین، هەرچەندە دەکرێت چەکدارانی (حدکا) تەنیا سمێڵبافڕان بن، بەڵام چەکدارانی (پەکەکە) ژنانیشن و بێجگە لەوەش لە هەموو جەنگێکدا قوربانی یەکەم ژنانن، کە دەبوو خاتوو (هەڵاڵە) زۆرترین ڕۆشنایی بخستایەتە سەر پیاوسالاریی ئەو ناونانەی جەنگەکان، نەك خۆماندووکردن بەوەی کە ئایا بەڕاستی ئەوانە "بران" یان "نابران"؟


بەڵێ ئەگەر مەبەست لە سەرانی پارتییەکان و ئەگەر مەبەست لە ئەندامانی ناهوشیاریی خوارەوەی پارتییەکانیش بن، ئەوا بە هەمان ڕادەی براکوژیی، خوشککوژیشە؛ خوشك-براکوژیی سەرانی پارتییەکانە وەك چین وتوێژی وردەبۆرجوازی، خوشک-برکوژیی ئەندامانی ناهوشیاریی پارتییەکانیشە وەك تاکی چینێکی چەوساوەی لەخشتەبراو. بەداخەوە کە بەڕێزی وەك فێمینیستێك نەیتوانیوە ڕەخنە لە کۆنەپەرستیی جیهانبینی پشت لێکدانەوەی ئەو جەنگانە بگرێت و دژە-ژنیی ناسیونالیزم بخاتەڕوو، کەچی ئەو هەوڵی سەلماندن و گلەییکردنە لە "نابرایەتی" ناسیونالیستی "برا" بەشەرهاتووەکان و خوشکە قوربانییەکانی لەبیردەکات.


"ئەی ڕۆڵی تورکیا لێرەدا چیە؟".


وابزانم پێویست ناکات، نە من و نە هیچ خوێنەرێکی بەڕێز خۆی بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەوە خەریکبکات، چونکە ڕۆڵی تورکیا لە هەموو هاوکیشە نێوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمییەکاندا دیارە و بردنەوە و دۆڕانی (هەدەپە) بە هەموو بارێکدا پەیوەندی بە تورکیە و ئەوانەشەوە هەیە، کە بەرژەوەندیی خۆیان بە ئیمپراتۆریی نیئۆ-ئوسمانییەکانەوە گرێداوە؛ لەوانە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی (پدک).


"ئەک پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان و گۆڕان چ بەرژەوەندیەکیان لەم هەموو سات و سەودایەدا هەیە؟".


ئەم پرسیارەش هەر دووبارەی پرسیارەکەی پێشووە و تەنیا ناوی (لیستی بەناوی گۆرانی) بۆ زیادکراوە، کە بە بۆچوونی من، ئەوانیش کەمتر لە ئیسلامییەکان و (پدک) وابەستەی دەسەڵات و بەرژەوەندی نیئۆ-ئوسمانییەکان لە تورکیە نین و ناشتوانن هەڵوێستێکی دیکەی جیاواز لەوەی (پدک)یان هەبێت، چونکە ئەوان هاوپەیمانی تازەی ستراتیجیی (پدک) و هاوپەیمانی بەرەیی ئیسلامییەکانیشن.


بەداخەوە، پەرەگرافی دواتر بازدانێکی ناپەیوستە لە پرسیارەوە بۆ لیكدانەوەی ئایدیۆلۆجیی و خۆپێشنیارکردن و نەیتوانیوە وەك درێژەی پێشنیارکردنی پرسیارەکان، بچێتە سەر وەڵامدانەوە یا ڕۆشناییخستنە سەر پرسیارەکان و گۆشە تاریکەکانی ئەو پرسانە. هەروەها ئەو دەربڕینانە تازەنین و لە پاگەندەی هەموو پارتییەکی ڕامیارییدا هەبوون و هەن و دەشبن. بەڵام ئەوەی کە دەکرێت جارێکی دیکە بگەرێمەوە سەری، ئەوەیە کە بەڕێزی وەك دڵسۆزییەك بۆ ناسیونالیزم و ناسیونالیستەکان گلەیی ئەوەیان ئاراستە دەکات، کە " هیچ کات هێزە کوردیەکان برا نەبوون تا شەڕەکانیان ناو بنێین شەڕی براکوژی".


من بەلامەوە سەیرە، کەسێك پاگەندەی کۆمونیستبوون بکات و لە "برایەتی" چینایەتی پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان تێنەگات و گومانی لەو "برایەتییە" سروشتییەی چینی بۆرجوا هەبێت. نووسەر ئەوە لەبیردەکات، کە کوژراوانی نێوان پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان، سەرانی پارتییەکان و سەرمایەداران و وردەبۆرجوازی نین، بەڵکو ڕۆڵەی کرێکاران و جوتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و بێکاران و زەحمەتکێشانن و ئەو قوربانییانە ئەگەر لە ڕووی چینایەتییەوە هوشیاربن، ئەوا خوشك و برای یەکدین و ئەو جەنگانەش جەنگی خۆکوژیی [خوشککوژیی و براکوژیی] ئەوانە و لە هەموو سەردەمەکانیشدا هەر ئەوان قوربانی بوون و بەبێ ناهوشیاریی و بەشداریی تاکە پڕۆلیتێرەکان، هیچ جەنگێك ڕووینەداوە و ڕوونادات و هیچ سەروەرییەك پێکنەهاتووە و بۆ ساتێكیش توانای خۆڕاگرتنی نابێت.


بەداخەوە، لەبەرئەوەی نووسەر خۆی گیرۆدەی لێکدانەوەی کەسانی دیکە یا دەستەواژەی ئامادە و سواو و ناوبژیوانی و سەرکۆنەی "نابرایەتی" سەرانی بۆرجوازیی کورد کردووە، لەتەك خۆیدا کەوتووەتە ناکۆکی " ... کەی و چۆن بەرژەوەندی دەسەڵات و ئابووریان خواستویەتی لە دۆخو کاتی جیاوازدا دوان دووان و سیان سیان پێکەوە بوون لە دژی ئەوانی تر، دوبارە لە کاتی تردا دەورەکانیان گۆڕاوەتەوە." و هەر لەبەرئەوەشە بۆ ئەوەی خۆی لەو ناکۆکییە لە لێکدانەوە و دیتندا ڕزگاربکات، ناچار دەستەواژەیەکی زۆر ناتەبای لەتەك سەرەتا و پرسیارەکان و کۆتایی بابەتەکەی هێناوەتەوە، کە بە بۆچوونی من، تەنیا دەستەواژەیەکی دروستە [بەڵام لە ڕووی ڕێزمانییەوە نادروستە] لە بابەتەکەیدا " باشترە لەدەرەوەی ئەو تەونی جاكجاڵۆکەیەدا بیربکەینەوەو کار بکەین"، هەر ئەمەیە، هەرچەندە ڕەتکردنەوەی سەرەتا و پرسیارەکان و سەرەنجامگیرییە ناکۆكەیەتی.


بە کورتی و بە کوردی، بۆ منی ئاگادار و چاودێری وەرگۆڕانەکانی ڕەوتی "کۆمونیزمی کرێکاری" لە "حکومەتی کرێکاری"ییەوە بۆ "کۆماری سۆشیالیستی" و لەوێوە بۆ "دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی "، تەنیا دەتوانم ئاوا لە ئامانجی نووسەر و کادێرانی دیکەی ئەو هێڵە ڕامیارییە [ک.ک] کە وەك گەلەکۆمەکێیەکی بەرنامەڕێژیکراو بەرانبەر (پەکەکە) هاتوونەتە دەنگ، سەرەنجامگیری لێ بکەم؛ هەژموونی (پەکەکە) و (خۆبەڕێوەبەریی "ڕۆژاوا") لەسەر تاك و کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئەو چەند دە ئەندامەی، کە دەرزەنە پارتییەکەی (کۆمونیزمی کرێکاری) لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا هەیانن، تەنگەتاوی کردوون و بەداخەوە دژایەتی (پەکەکە) و (ئەزموونی "ڕۆژاوا") بۆ بەرگرتن بە لەدەستدانی ئەندامانیان، خستوونییەتە سەنگەری پاگەندە و ڕاگەیاندنی (پدک) و (حدکا).


لێرەدا بۆ من وەك خوێنەرێك ئەوە پرسیارە؛ ئەرێ ئەی پارتییەکانی هێڵی (کۆمونیزمی کرێکاری)، مەیدانی چالاکی ئێوە وەك عیراقچی و کوردستانچی، عیراق و هەرێمی کوردستانە یا تورکیە و سوریە، چی کارتان بەسەر "ڕۆژاوا" و تورکیەوە هەیە، ئەنگۆ کە نە دژە-نەتەوە و نە نێو-نەتەوەیین، بۆ گێچەڵتان پێچاوەتە تورکیە و (هەدەپە)؟ ئایا بیرتان لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە، بەهۆی ئەو هەڵوێستیگیرییە ناڕۆشن و نابەجێییەتانەوە، خوێنەری سەرنجدار لێکدانەوەی جەنگی نوێنەرایەتیتان بۆ بکات؟


هیوادارم بەر لەوەی ڕکوکینەی هەر ئەندام-پارتییەك هەڵبچێت و تۆمەتی دوژمنایەتی بخاتە دوای من، کەمێك لە ئەدەبیاتی پارتییەکەی و قسە و بیرکردنەوەی کەسییەکانی خۆی لەنێوان ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ بچێتەوە و بەراوردی هەڵوێستەکان و تاکتیکەکان و ستراتیج و سەرەنجامەکان بکات، ئەوسا هەم گلەیی نا"برایەتی" لە (پەکەکە) بکا و هەم وەڵامی "دەمشکێنانە" بە کەسانی وەك من بداتەوە.
____________________________
خوێنەری هێژا، بۆ خویندنەوەی بابەتەکەی خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع)، سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:

www.hawpshti.com/ku/?p=5725
 

٢٨\٥\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک