په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٨\٢٠١٧

وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ لە چیڕۆکی منداڵاندا.


عەلی حەمەڕەشید   

 
جیھانی منداڵان جیھانێکی ناسک و ھەمەڕەنگ و خاوێنە، پڕیەتی لەپاکی و راستی و راستگۆیی و زەردەخەنە، منداڵیش خۆی بەچکە مرۆڤێکی پاک و پیرۆزو سادەو بێلەکەو خۆشەویست و ناسک و ھەست ناسکە، خاوەنی مێشکێکی ساف و دڵێکی بێگەردە بەردی بنچینەو سەرەتای کۆمەڵگایە. خونچە گوڵێکی بۆنخۆش و قەشەنگی ئێستاو ھیوایەکی بەرزو پیاوێکی مەزن و دایکێکی میھرەبانی دواڕۆژە. کەواتە دەبێت ئەدەبی منداڵ لەجیھانی منداڵان ناسکترو لەمنداڵیش پاکترو راستگۆترو پیرۆزتربێت و ھەرواش بنووسرێت، نووسەری ئەم بابەتە دەببێت بزانێت کەدەیەوێت چی بەمنداڵ بڵێت لەمیانەی ئەو چیرۆک یان شیعر یان ئۆپەرێت.. ھتد کەبۆمنداڵی دەنووسێت، شارەزایی بواری دەرونی منداڵ بێت، تایبەتییەکانی ئەدەبی منداڵ بزانێت و راستگۆبێت چونکە(ئەوکەسەی نەتوانێ لەگەڵ خۆی راستبێت ھەرگیز ناتوانێ بۆ منداڵ بنووسێت. چونکە منداڵ زوو دنیای درۆو ساختەو تەمسیل کردن دەناسنەوە، ئەمانە وامان لێدەکەن کەبڵێین نووسین بۆ منداڵان کارێکی خوڵقێنەرانەی گەورەیە وەک ھەرکارێکی خوڵقێنەرانەیتر، منداڵان ھەمیشە پێویستیان بەئەدەب و ھونەرێکە کەسەر بەجیھانی وەنەوشەیی خۆیان بێت )١. منداڵ خاوەنی دیاردەیەکی قوڵە کەئەویش پرسیارکردنە، ھەر پرسیارێکیش کەمنداڵ دەیکات پێویستی بەوەڵام ھەیە(وەڵام دانەوەی دایک و باوک بۆ ھەموو ئەو پرسیارانەی کەمنداڵ دەیکات شتێکی گرنگە، چونکە منداڵ لەڕێگای پرسیارکردنەوە جیھانی دەوروبەری بۆ دەخرێتەڕوو پرسیاری منداڵیش لەتەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی تر جیاوازە ھەروەھا پرسیاری کچ و کوڕیش جیاوازە، منداڵ زۆر پرسیاردەکات کاتێک کەلەش ساغ و نەخۆش نەبێت، پرسیاری وا کەزۆرجار گەورە سەرسامە لێی و دۆش دادەمێنێ بۆ وەڵام دانەوەی لەوەڵام دانەوەشدا دەبێت رەچاوی بیروتەمەنی منداڵەکە بکرێ و ترس و دوودڵی لەوەڵامەکەدا نەبێت. منداڵ (رۆژ بەرۆژ پرسیارەکانی روو لەبرەوی دەکەن.. تینویەتی نەزانینی خۆی بەو پرسیارانە دەشکێنێ خۆی ناھێڵێتەوە لەدوودڵی و نەزانیدا لەبەرئەوە وەڵامی ئەم لێشاوە پرسیارانە کارێکی ئێجگار گرنگ دەکەنەسەر پەروەردەکردنیان)٣ وەڵامی پرسیاری منداڵ لەشێوەی چیرۆکێکدا دابڕێژرێت منداڵەکە زیاتر قەناعەتی پێدەکات و لەمێشکیدا دەچەسپێت و جارێکیتر ئەو پرسیارە دووبارە ناکاتەوە جاری وا ھەیە منداڵێک پرسیارێک دووبارەو سێبارە دەکاتەوە کەئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەلەوەڵامەکە نەگەیشتووەو پێی رازی نییە(منداڵ حەزدەکات گشت پرسیارێک کەبەیادیابێت بیکات بۆ ھەموو پرسیارێک وەڵام ھەبێت بێگومان وەڵامیش لەباوان دەبیستێ و ھەر وەڵامێکیشیان لێ ببیستێ بەنەخشی سەربەردی دەزانێ)٤


ھەروەھا پێویستە ھەرکارو رەفتارێکی نابەجێمان لەمنداڵ بینی کەبەدڵمان نەبوو وەک درۆ، دزی، جنێودان، خۆدزینەوە لەقوتابخانە ھتد دەبێت بۆ راستکردنەوەی ئەم کردارە نابەجێیانە بەشێوەیەکی پەروەردەیی و لەدوو توێی چیرۆکێکدا ئەنجامی ئەوکارە خراپەیان بۆ روون بکەینەوە تاچارەسەری بکەین نەک بەلێدان و توڕەبوون لەمنداڵەکە چونکە سزادان کارێکی راستنیە بۆ چارەسەرکردنی منداڵ(ھەندێک لەدەرون ناسەکانیش وادەبینن کەوا لەئەنجامی شێوەی پەروەردەکردنی نەرم و بەکارنەھێنانی توندوتیژی و سزادان زیاتر منداڵەکە بەشێوەیەکی ئیجابی رادێت لەسەر رەوشتەکانی، بەڵام توندوتیژی و سزادان زیاتر منداڵەکە بەشێوەیەکی ئیجابی رادێت لەسەر رەوشتەکانی، بەڵام توندوتیژی و سزادان دەبنەھۆی راھێنانی سلبی)٥ مەرجیش نییە ئەو چیرۆکە خۆمان دروستی بکەین ئەمەیان بەپێی توانا، بەڵام دەتوانین لەو کتێب و نامیلکەو گۆڤارانەی کەبۆ منداڵ نووسراون لەسەر ئەو بابەتە چیرۆک ھەڵبژێرین و بۆی بگێڕینەوە
ئەوەی من مەبەستمە لەم نووسینەمدا ئەوەیە کە چیرۆکی منداڵ کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کەمنداڵ وەڵامی پرسیارەکانی خۆی تیا بدۆزێتەوە، ئەو پرسیارانەی کەپێویستیان بەوەڵامێکی زانستی و ڕێکوپێک ھەیە (چیرۆکیش وەک بەشێکی گرنگ لەئەدەبی منداڵاندا دەورێکی گەورە دەگێڕێت لەپێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵاندا چونکە منداڵ زۆر حەز بەگوێگرتن لەچیرۆک دەکات و بەتام و چێژەوە ئارەزووی لەوەیە بەدوای روداوەکانیدا ھەنگاو ھەڵبگرێت و لەگەڵ پاڵەوانەکانیدا بژی بزانێت ئەنجامی بەچی دەگات)٦ ئەگەر باش و پەسەندبوو ئەوە بێ گومان کاری تێدەکات ھەوڵ دەدات وەکو پاڵەوانەکە ئەمیش پاڵەوان بێت ئەمە کاتێک کەپاڵەوانی چیرۆکەکە خاوەن رەوشت و خویەکی باش و ئازاو زیرەک بێت، بەڵام ئەگەر بەھۆی کارێکی خراپەوە سزادراو ئازاری چەشت ئەوا ئەمیش ئەوکارەی لاپەسەند نییەو پشتگیری ناکات و لێی دوور دەکەوێتەوەو ھەر ھاوڕێیەکیشی ئەو کارە خراپەی کرد ئەم دێت چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوەو ئەویش وەک خۆی لەسەرکاری باش و جوان رادێنێ(چیرۆکی منداڵیش دەبێت لەبەرگێکی ناسک و قەشەنگدا دابڕێژرێ و لەگەڵ قۆناغەکانی منداڵی و خێرایی و پێویستییەکانی ئەمڕۆماندا بگونجێت)٧.


ھەروەھا چیرۆک دەروازەیەکی واڵایە تامنداڵ جیھانی دەوروبەری بناسێ و چاوی بکرێتەوە، لەپێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵ و بنیات نان و فراوانکردنی ئاسۆی بیرو ئەندێشەی منداڵ دا دەورێکی کاریگەری ھەیە، تۆوی چاکەو یارمەتیدان و رێزگرتن و بەزەیی و دادپەرستی و لەخۆبوردن و ئازایەتی و.. ھتد لەبیرو ھۆش و دڵی منداڵدا دەڕوێنێت، لێوەی پەرە بەفەرھەنگی وشەکانی دەدات، چونکە وشەی زیاتر فێردەبێت، ھەروەھا فێری زانیاری ھەمە چەشنە دەبێت لەپاڵ ھەموو ئەمانەشدا وەڵامی پرسیارەکانی تیا دەدۆزێتەوە، چونکە ئەو چیرۆکانەی کەبۆ منداڵ دەنووسرێن نابێت تەنھا گێڕانەوەبێت و بەس ھەر لەبەرئەوەی منداڵ دڵی پێخۆشبێت(ئامانجی ئەدەبی منداڵان تەنیا فراوانکردنی خەیاڵی منداڵ نییە)٨ بەڵکو ھۆیەکیشە بۆ فێربوون دەبێت وەڵامی پرسیارەکانی تیا چنگ بکەوێت و بیرو ھەستی منداڵ دەربخات و پەیوەندی بەو جیھانەی دەوری کەتیادەژی شیبکاتەوە.. نووسەر دەتوانێ سوود لەیادگاریەکانی منداڵی خۆیشی وەربگرێت لەگەڵ بەکارھێنانی فۆلکلۆر و پەندی پێشینان ئەوانەی کەلەگەڵ بیروتەمەنی ئەواندا دەگونجێن. لەگەڵ ئەوانەشدا(بیروڕای منداڵان لەڕووی خێرو خۆش و یەکسانی و مرۆڤایەتییەوە بەھێزبکات)٩.


ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین لەو چیرۆکانەی کەبۆ منداڵان نووسراون چ لەگۆڤارو رۆژنامە کوردییەکاندا یان لەو کتێب و نامیلکانەدا کەدڵسۆزانی ئەم ئەدەبە شیرین و ناسکەی منداڵان پێشکەش بەمنداڵانی کوردیان کردووە چەندان نموونەی سەرکەوتوومان چنگ دەکەوێت لەو چیرۆکە سەرکەوتووانەی کەکاتێک منداڵ خوێندییەوە یان بۆی خوێندرایەوە بەئاسانی وەڵامی پرسیارێکی خۆی تیادەدۆزێنەوە. دەستخۆشی بۆ چیرۆک نووسەکە دەنێرن..


ئێمە دەڵێین چیرۆکی منداڵ سەرکەوتوودەبێت و لەدڵی منداڵدا خۆی جێگیردەکات کاتێک وەڵامی پرسیارێکی تیا بەدی بکات کەدەمێکە چاوەڕوانیەتی پرسیارێک کەپێویستی بەوەڵامێکی زانستی ڕێکوپێک ھەیە ھەروەھا(دەبێت لەچیرۆکی منداڵاندا شتێک ڕووبدات، پێویستە ئەم رودانەش بەڕێگەی ھۆکاری پێکەوە بەستراوبێت، نەک وەڵامی پرسیاری دوای ئەوە چی ڕوویدابێت بەڵکو وەڵامی پرسیاری بۆچی بێت)١٠.


ئەگەر گەشتێک بەکتێبی (گوندەکەمان)١١ بکەین کەمامۆستا(تایەر ساڵح سەعید) بۆ منداڵانی نووسیوە لای چیرۆکی (مانگ و منداڵەکان) ھەڵوێستەیەک بکەین وەڵامێکی راست و سەرکەوتوومان چنگ دەکەوێت بۆ ئەوپرسیارەی کەمنداڵ دەیکات بۆچی مانگ ئەم ئێوارەیە ھەڵنەھات؟ یان پرسیاری مانگ گیران چییە؟


کەزۆرجار منداڵ ئەم شتانە دەبیستێ لەماڵ یان لەناو خەڵکدا یان بەھۆی رادیۆ یان تەلەفزیۆنەوە کەپێویستی بەوەھەیە ئەویش بزانێت ئەم دیاردەیە چییە؟


بەڵام ئەو لەوتەمەنەدا لەو وەڵامانە بەباشی ناگات کەلەرادیۆو تەلەفزیۆن یان کەسێکی نەشارەزای بواری دەرونی منداڵ دەیداتەوە بەڵام کاتێک ئەم چیرۆکە (مانگ و منداڵەکان)دەخوێنێتەوە یان بۆی دەخوێندرێتەوە زۆر بەجوانی بۆی روون دەبێتەوەو لێی تێدەگات ئەوەتا مامۆستا (تایەر) لەچیرۆکەکەدا دەڵێ(دوای ئەوەی منداڵەکان زۆر چاوەڕوانی مانگیان کرد لەپڕ لەدورەوە دەرکەوت تاوردە وردە رووی گەشاننەوەو کۆڵانەکانی گوندەکەی روناک کردەوە. حەمەی بچکۆلە لێی چووە پێشەوە پێیوت:


ئەی مانگی جوان زۆرمان بیرئەکردی زۆر ترساین ئیترنەگەڕێیتەوە ناومان. مانگ وتی: ئەی من بۆ ناڵێن دڵم ھەرلاتان بوو.


ئازاد پرسی:- ئەی بۆ دیارنەبووی؟ بۆ کوێ چوو بووی؟


مانگ وتی: بۆ ھیچ کوێیەک نەچووبووم تەنھا ئەوەندە ھەبوو زەوی بەری خۆری لێگرتبووم، روناکی خۆرم نەئەگەیشتێ ھەر کەڕێگام بۆ چۆڵ بوو ئیتر گورج روناکی خۆمم بۆ ناردنەوە تاکۆڵانەکانی ئاوایی و بەرچاوتان روناک بکەمەوە) مامۆستا تایەر لەم چیرۆکەدا بەڕوونی و بەشێوەیەکی زانستیانەو ھونەرییانە وەڵامی مانگ گیرانی بۆ منداڵ روونکردۆتەوە تا ئاسۆی بیرو ھۆشیان فراوان بێت و زانیاری لەم بارەیەوە پەیدابکات.


منداڵ چەند پێویستی بەخۆراک و پۆشاکی باش و جوان ھەیە ھێندەش پێویستی بەسەرپەرشتی وەڵام دانەوەی پرسیارەکانی ھەیە چونکە کەمتەرخەمی لەوەڵامدانەوەی منداڵدا دەبێتەھۆی رووخاندنی کەسایەتی منداڵ.


(با چییە؟) یان (ھەوا چییە)زۆرجار منداڵ ئەم پرسیارەی بەبیردادێت و لەکەسانی دەوروبەری دەکات دایک و باوک و کەسانی تر، بەڵام ئایا وەڵامی ھەموو کەسێک منداڵەکە رازی دەکات و لێی تی َدەگات بەتایبەتی کەدایک و باوکی نەخوێندەواربن.


بێگومان نەخێر. ئەم پرسیارە لای منداڵ گرنگە چونکە رۆژانە وشەی (با، ھەوا) دەبیستێ و ھەست بەبوونی دەکات بۆیە زیاتر حەزدەکات بزانێت با چییە؟ ببێت باشە یان نەبێت بەڵام کاتێک کتێبی(شەمامە)١٢ی مامۆستا (جەزا عەلی ئەمین) دەبینێ یەکە یەکە بۆنی گوڵەکانی دەکات کەچاوی بە چیرۆکی(چراو با)دەکەوێ جوان سەرنجی دەدات و بەوردی دەیخوێنێتەوە تالەکۆتایدا بەخۆشییەکی لەڕادە بەدەرەوە دڵنیادەبێ و وەڵامی ئەو پرسیارەی تیا چنگ دەکەوێت. ئەوەتا مامۆستا جەزا لەچیرۆکەکەدا دەڵێت:


(با وتی: ئەی نازانی من نەبم نەئادەمیزاد دەتوانێ بژی و نەمەل و باڵندەکان دەتوانن بفڕن، نەگژوگیاش شین دەبێت، من بەچاو نابینرێم بەڵام ھەموو بۆشایییەک پڕدەکەمەوە) کاتێک منداڵ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە یان دەیبیستێ کلیلی دەروازەی ئەو کیشوەرە ونە لەشەمامەی رەنگیندا دەخاتە گیرفانی بەڕاستی وەڵامێکی زانستی و سەرکەوتووە کورت و کەم و پوخت لەگەڵ بیروتەمەنی منداڵدا دەگونجێت.


شەمشەمە کوێرە ئەو باڵندەیەیە کەبەڕۆژ دەرناکەوێ تەنھا بەشەونەبێت زۆر منداڵی بلیمەت و وریا ھەن ھەست بەم نھێنییە دەکەن و دەیانەوێ بزانن نھێنی دەرنەکەوتنی شەمشەمە کوێرە بەڕۆژ چییە؟ بۆیە دەبێتە پرسیارێک و بەسەودای ئەوەوەن کەوەڵامێکی وایان دەستبکەوێت لێی تێبگەن بەڵام کاتێک کتێبی (شەمشەمە کوێرە)١٣ دەبینن کەمامۆستا(ئیسماعیل رۆژبەیانی)بۆ منداڵانی نووسیوە بەخولیاوە چیرۆکەکانی دەخوێننەوە یان بۆیان دەخوێندرێتەوە لەچیرۆکی(شەمشەمە کوێرە)دا ئەو نھێنییەیان بۆ ئاشکرادەبێت. بەڕاستی مامۆستا ئیسماعیل سەرکەوتووانە بەوەڵامێکی زانستی لەم چیرۆکەدا وەڵامی ئەو پرسیارەی خستۆتەڕوو لەپاڵ وەڵامەکەشدا بەشیکردنەوەیەکی ئەندێشەیی ئامۆژگاری و پەند پێشکەش بەمنداڵان دەکات ئەوەتا مامۆستا ئیسماعیل لەچیرۆکەکەدا دەڵێت:


(جارێکیان لەقوتابیانی پۆلی چوارەمم پرسی:
کێ دەزانێ بۆچی شەمشەمە کوێرە بەرۆژ دەرناکەوێ؟


سەرجەمیان وتیان چونکە چاوەکانی کزەو توانای خۆڕاگرتنی بەردەمی ھەتاوی نییە، ھەروەھا لەشی گۆشتێکی رووتەو ھیچ دای نەپۆشیوە تاوەکو بەرگەی سەرماو گەرما بگرێ) منداڵ بەم وەڵامە رازی دەبێت لەمێشکیدا دەچەسپێت و لەوانەیە پرسیار لەمنداڵانی تری ھاوڕێی بکات و ھەر لەبەرئەوەی ئەگەر نەیانزانی خۆی پێیان بڵێ و چیرۆکەکەیان بۆ بگێڕێتەوە.


جاری واھەیە منداڵ لەماڵ یان لەدەمی خەڵکی ترەوە ئەم پەندە کوردییە دەبیستێ(دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە) بەڵام لەبەرئەوەی بەئاسانی لێی تێناگات لای دەبێتە پرسیار لەوانە ئاڕاستەی کەسانی نزیکی بکات. بەڵام ئایا دەتوانن بەشێوەیەکی وا وەڵامی بدەنەوە کەلێی تێبگات و جارێکیتر ئەوپرسیارە دووبارەنەکاتەوە، ئەوەیان دەکەوێتە سەر ئاستی رۆشنبیری و شارەزایی دەرونی ئەوکەسەی کەوەڵامەکە دەداتەوە. ئەوەتا مامۆستا(لەتیف ھەڵمەت) لەچیرۆکی (ئیشکردن)١٤دا سەرکەوتووانە ئەم پەندەی خستۆتە روو شیکردۆتەوە کەلەگەڵ بیری منداڵدا دەگونجێ کاتێک منداڵ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە یان گوێی لێی دەبێت وەڵامی ئەوپرسیارەی دەستگیردەبێ و لەمێشکیدا دەچەسپێت تەنانەت لەژیانی ڕۆژانەشدا بەکاری دەھێنێت ئەوەتا مامۆستا لەتیف ھەڵمەت لەچیرۆکەکەدا دەڵێت:


(ورچێک ویستی سێوێ لەدارسێوێک بکاتەوەو بیخوات باخەوانەکە بەگاڵۆکێکەوە ھات و بەورچەکەی وت: ئەگەر سێوێک لێبکەیتەوە بیخۆی بەرگاڵۆکت دەدەم. ورچەکە وتی: برسیمەو حەزم لەسێوە.
باخەوانەکە گوتی: ئەگەر بتەوێ تێرببی دەبێ لەپێشدا ماندووببی ئەی نەت بیستووە دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە
ورچەکە گوتی: ئێستا من چی بکەم باشە.
باخەوانەکە گوتی: ھەموو رۆژێک ئەم دارسێوە ئاوبدەو بۆ خۆت سێوێکی گەورە لەلقەکەی بکەرەوە بیخۆ ئەگەر گەشتێک بەو چیرۆکانەدا بکەین کەبۆ منداڵان نووسراون چەندان نموونەی لەم چەشنەمان چنگ دەکەوێت من لێرەدا ئەو چوار چیرۆکەم کردووە بەنموونەو تەنھا لەپرسیارەکان دواوم ھیچیتر.


ھیوادارم بەم نووسینە کورتە توانیبێتم تیشکێک بخەمە سەر ئەوخاڵەی کەمەبەستم بووە.

_____________________________

سەرچاوەکان:

١- گۆڤاری بەیان ژمارە (٦٥)ئابی ١٩٨٠.
٢- مجلە طبیبک العدد (٢٧٥) کانون الاول (دیسمبر) ١٩٨٠.
٣- راژەنینی لانکی مرۆڤایەتی - ھیوا عومەر ئەحمەد چاپخانەی کامەرانی سلێمانی ١٩٧٧.
٤- ھەمان سەرچاوەی پێشوو.
٥- جەزا عەلی ئەمین (شەمامە) چیرۆک بۆ منداڵان دار الحریة للطباعة بغداد ١٩٨٧.
٦- ئیسماعیل ڕۆژبەیانی (شەمشەمە کوێرە)چیرۆک بۆ منداڵان مدیریة مطبعة الثقافة والشباب ١٩٨٨.
٧- لەتیف ھەڵمەت (ئیشکردن) چیرۆک بۆ منداڵان . رۆژنامەی ھاوکاری ژمارە (١١٠٠) دووشەممە ١٤-٨-١٩٨٩.
٨- گۆڤاری بەیان ژمارە(٤٦)ی ئازاری ١٩٧٨.
٩- ھەمان سەرچاوەی پێشوو.
١٠- جون ایکن ترجمة کاظم سعدالدین (کیف تکتب للاطفال دار الحریة للطباعة - بغداد ١٩٨٧.)
١١- تایەر ساڵح سەعید (گوندەکەمان) چیرۆک بۆ منداڵان مطبعة علاء بغداد ١٩٨٧.
١٢- جەزا عەلی ئەمین (شەمامە) چیرۆک بۆ منداڵان دار الحریة للطباعة بغداد ١٩٨٧.
١٣- ئیسماعیل ڕۆژبەیانی (شەمشەمە کوێرە)چیرۆک بۆ منداڵان مدیریة مطبعە الثقافة والشباب ١٩٨٨.
١٤- لەتیف ھەڵمەت (ئیشکردن) چیرۆک بۆ منداڵان . رۆژنامەی ھاوکاری ژمارە (١١٠٠) دووشەممە ١٤-٨-١٩٨٩.


سلێمانی
ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک